لیژنەی فەتوا، تکایە دەست بەفەتواوە بگرن!

عەبدوڵا رێشاوی‌
  2020-06-30     562
جاران لەکۆمەڵگەی ئێمەدا فەتوا قورسایی‌و پیرۆزیی خۆی ھەبو، سامی ھەبو،فەتوا نەئەدرا ئەگەر ئیلزامیی و پابەندبون پێوەی نەبوایە، بەڵام ماوەیەکە خەریکە فەتوا وەک کارتی سوتاوی لێدێت، بێ ئەوەی ھیچ دەسەڵاتێکی ئیلزامیی لەپشتەوە بێت ھەروا لەخۆڕا فەتوایەک فڕێ ئەدرێتە ساحەکەوە، بێ رەچاوکردنی فیدباک و وردەکاریی مەسەلەکان، بێ ئەوەش کە حکومەت و دەسەڵاتێک لەپشت ئەو فەتوایەوە بێت تابیچەسپێنێت و خەڵکی پێوە پابەندکات.

ئاخر جیاوازی زۆرە لەنێوان فەتواو بۆچون و ئامۆژگاریدا، فەتوا سروشتێکی ئیلزامیی ھەیە جا یا کەسێک داوای فەتواکەی کردوەو دەیەوێت پابەند بێت یاخود دەسەڵاتێک بەسەر خەڵکەکەدا دەیچەسپێنێت..

پێم باشە لەمەودوا لیژنەی فەتوا ئەو بەیاننامانەی دەریدەکەن ناوی بۆچون، یا ئامۆژگاری لێبدەن نەک فەتوا، لەماوەی رابردودا چەند فەتوا دران و ھەروا بێ لێپرسینەوەو کارپێکردن خەسار بون و پێچرانەوە:
فەتوای حەرامی پۆپچی
فەتوای حەرامی پارەی ئەلکترۆنی
وائێستاش فەتوای معاشی بندیواری ھاتە پاڵ
ئەمە جگە لەوردە فەتوای تر کە ڕۆژانە لەم تەلەفزیۆن و لەم ڕادیۆوە گوێمان لێ دەبێت.

ئاخر معقولە تۆ چاوەڕێ بکەی کابرا حکومەت موچەی بۆ بڕیوەتەوە بڵێ لەمەودوا نامەوێ لیژنەی فەتوا حەرامی کردوە!

موچەیەک ئەگەر کابرا بەھەقی خۆی نەزانێ بێگومان چەند ساڵە وەریناگرێ، لیژنەی فەتواو ھەرکەسی تر ئەبێ لەم بابەتانەدا رو لەحکومەت بکەن.

ئەوە حکومەتە بەرپرسە لەوەی چۆن کاروباری ئیداری ودارایی ڕێکدەخات، نەک تاک.. کاتێک کەسێک شایستەی موچەیەک نیە ئەوە حکومەت و یاسای ئیلزامیی دیاری ئەکەن، یەک کەس نیە لەم دنیایا ئەو موچەیەی حکومەت دەیداتێ بەھەقی خۆی نەزانێ!
بۆیە ئەوە حکومەتە کە دەبێ بزانێ موچە بەکێ دەدات نەک تۆبێی خەڵکەکە والێبکەی موچەکەی لەدایرەکە لای مودیرەکە بێت ئەم بڵێ نامەوێ!!
کێشە لێرا فەتواکە نیە بەقەدەر ئەوەی خەسار بونی فەتواکەیە و جماعەتیش باش ئەمەدەزانن.

بەگشتی ئەگەر ئاوا بڕوات فەتوای دینی لەوڵاتی ئێمەدا وەک بەیاننامەی حیزبەکانی لێدێ ، ئەبێ بەکۆمەڵێ دەقی بێگیانی ناواقیعی و کاخەزەکەشی دەکرێت بە لولەی گڵۆبەڕۆژە و زەرفی پاقلە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×