سەد رۆژ بەسەر حکومەتەکەی کازمیدا تێپەڕی

ئارام ره‌فعه‌ت
  2020-08-15     657
مستەفا کازمی لە ٧ی ئایاردا پۆستی سەرەک وەزیرانی وەرگرت و ئێتسا ١٠٠ رۆژ بەسەر دەسبەکاربوونیدا تێدەپەڕی. لەهەموو دونیادا ١٠٠ رۆژی یەکەم دەکرێتە پێوانە بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکەوتن و فاشیلی هەر حکومەتێک و هەر یەک لە بەرەی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئەساسی ئەو ١٠٠ رۆژەی یەکەمدا پلان و بەرنامەی داهاتووی خۆیان دادەرێژن. لەسەر ئەم بنەمایەش، بۆهەموو سەرەک وەزیرێکی ئەم دونیایە، ١٠٠ رۆژی یەکەم  چارەنووسازترین ماوەی حوکمرانییەتی هەموو هێز و توانای خۆی تەرخان دەکات بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەلماندنی شیاوی و سەرکەوتوویی خۆی. ئەگەر ئەم رێسای ١٠٠ رۆژی یەکەمە جارێک بۆ بۆ هەر حکومەتێکی دونیا راست بێت کە لەرێگای هەڵبژاردنی راستەوخۆ و کوتلەی زۆرینە پێک دێت و تا وادەی هەڵبژاردنێکی تر چوار ساڵی لەبەردەمدایە، ئەوا بۆ کەسێکی تەعینکراوی وەک کازمی، کە تەنها ساڵێکی لەبەردەمە و لەماوەی ئەو ساڵەشدا دەیەوێت حیزب پێکبێنێت و بچێتە ململانێی هەڵبژاردن چەندان جار راستە.
بەڵام بزانین کازمی لە ماوەی ئەم ١٠٠ رۆژەدا چەندە سەرکەوتوو بووە؟
کازمی بە چوار بەڵێنەوە وەک سەرەک وەزیر دەستبەکار بوو، کە پەیوەستن بە دۆسییەگەلی ئابووری و ئاساییش و خزمەتگوزاری و سیاسی.  لەوانەش هەڵبژاردنی پێشوەخت لەماوەی ساڵێکدا، مەلەفی فەساد، سنوردانان بۆ حەشدی شەعبئ، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و باشترکردنی کارەبا و خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی هەژاری.
هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێکە لەو بەڵێنانەی کازمی، کە جێبەجێی کردووە و بەجدی کاری بۆ دەکات و رۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ی وەک رۆژی هەڵبژاردن دیاری کرد.
لە پرسی فەساددا، لەم ١٠٠ رۆژەدا هیچ کارێکی بەرچاو نەکراوە، کە ئاماژە بێت بۆ لانی کەم تەحجیم کردنی ئەو فەسادەی کە هەموو جومگە و کایەکانی حوکمرانی لە عێڕاقدا تەنیوە. بەگوێرەی سەرچاوە عێڕاقییەکان، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠٢٠ زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلار بەهۆی گەندەڵییەوە بەهەدەر دراوە. یەکێک لەهەوڵەکانی کازمی گۆڕێنی ئەمینداری بەغدایە. ئەم هەوڵە گرنگە بۆ تێگەییشتن لەوەی چی لە پرۆسەی دژایەتی فەساد لە عێڕاقدا روو دەدات. بەگوێرە سەرچاوە عێڕاقیەیکان، کوتلە شیعییەکان ململانێیانە لەسەر دیاریکردنی کەسانی سەر بە کوتلەکانییان لەو پۆستەدا و ئەم پۆستە خراوەتە بازاڕی کڕین و فرۆشتنەوە. نرخی پۆستی وەکیلی ئامانەتی بەغدا گەییشتۆتە ١٠ ملیۆن دۆلار. یەکێک لە گەندەڵییە مەترسیدارەکانی لەم ١٠٠ رۆژەی حکومەتەەکی کازمی مۆڵەتدانی کۆنتراکتی تەلەفۆن و مۆبایل بووە، کە لەرێگای بەرتیلکاری و نیپۆتیزمەوە.
پرسی دەرهێنانی دەروازە سنوورییەکانە لەدەستی میلیشیاکانی حەشد یەکێکە لەو کارە پۆزەتیڤانەی ئەم سەد رۆژەی کازمی. ئەم هەنگاوەی دەمانباتە ناو مەلەفی دووەم ئەویش سنووردارکردنی حەشدی شەعبی و باڵادەست کردنی سوپایە. لەم ١٠٠ رۆژەدا کۆمەڵێک دەروازەی سنووری لە ژێر کۆنتڕۆڵی حەشد دەرکراون و سوپای عێڕاقی لێ نیشتەجێ کراوە. دەروازە سنوورییەکان، دوای نەوت بە دووەم سەرچاوەی دارایی عێڕاق هەژمار دەکرێت و مەزەندە دەکرێت زیاتر لە ١٠٪ی داهاتی عێڕاق پێک بێنێت. بەڵام، چاودێرە عێڕاقییەکان دەڵێن تەنها ئەو دەروازە سنووریانەی کۆنترۆڵ کردووە کە لاوەکین و سەرەکی نین و کاریگەری ئەوتۆیان نییە لەسەر گێڕانەوەی سامانی گشتی. جگە لەوە، لگەندەڵی بە تەواوی سوپاسی عێڕاقی فەلەج کردووە و سەرجەم پلەدارانی ئەو سوپایە سەر بەیەکێک لە مەرجەع و حیزبە شیعییەکان و میلیشیاکانییان، بۆیە لادانی حەشد و دانانی سوپا لە دەروازەکان بە مانای سنوردارکردنی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی نایەت. لەوەش خراپتر، تەنها مانگێک لەمەو بەر و لەەگرمەی کەمپینی راگەیاندنی کازمی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازەکان، کەتائیبی حیزبوڵلا دەستی بەسەر دەروازەی قائیمی نێوان سوریا و عێڕاقدا گرت، کە یەکێکە لەدەروازە سەرەکییەکانی عێڕاق. یەکێک لەدەروازە سەرەکییەکانی بەسرە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکییەکاندایە.
پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نەک هەر ئاسایی نەبۆتەوە، بەڵکو لەهیچ سەردەمێکدا وەک ئێستا خراپ نەبووە. کازمی ململانێکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا قووڵتر کردۆتەوە. کۆتایی بەو کەمە موچەیە هێنا کە لەسەردەمی عەبدولمەهدیدا دەنێردرا، بە شیعاراتی موزەیەفی دژە دەسەڵاتی هەرێم ختوکەی فاشیزمی شیعی و ناسیونالیزمی عێڕاقی دەدات و جگە لە چالاک کردنی ئەو تۆڕەی کە لەسەردەمی سەرۆکایەتی هەواڵگری عێڕاقیدا لە کوردستاندا دروستی کردووە.
لە پرسی سنووردارکردنی هەژاری و باشترکردنی دۆخ و گوزەرانی خەڵکدا، خاڵێکی ئیجابی بۆ کازمی ئەوەیە کە دەسکاری موچەی خانەنشینانی نەکردووە. جگە لەوە، وەک سەردەمی عەبدولمەهدی موچە بەبەردەوامی دراوە. بەڵام، بەگوێرەی عادل رەکابی، کە یەکێکە لەوەزیرەکانی کابینەکەی کازمی، لەم ماوەیەدا رێژەی هەژاری بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرزبۆتەوە و پێشتر ٢٢٠٪ بوو ئێستا گەییشتۆتە ٣٤٪.
پرسی کۆڕۆنا یەکێکە لەو مەلەفانەی کە دەکرێت وەک تێستێکی سەرەکی بۆ کازمی دابنرێت. ئەگەر، لە مەلەفەکانی تردا، بیانووی رێگری دەوڵەتی قووڵی شیعەکان هەبێت، ئەوا لە کۆنترۆڵکردنی کۆڕۆنادا ئەم بیانووە نییە. دۆخی کۆڕۆنا لەسەردەمی کابینەکەی کازمیدا بۆ ئاستێکی مەترسیدار هەڵکشاوە. بۆ نموونە، رۆژی هەینی، ١٤ی ئاب، بۆ یەکەم جار رێژەی توشبوانی کۆڕۆنا گەییشتە سەرووی ٤،٠٠٠ کەس و کە ئەەمش ئاماژەیە بۆ فەشەلی کابینەکەی کازمی لەو بوارەدا.
چاودێرە عێڕاقییەکان پێیان وایە، جگە لەمەلەفی هەڵبژاردن بۆ هیچ مەلەفێکی تری بەجدی کاری نەکردووە، هەندێک لە چاودێران وەک کاراکتەرێکی میدیایی و سۆشیال میدییای پێناسەی کازمی دەکەن و هەندێکی تریش وەک بەشێک لە دەوڵەتی قووڵی شیعەکان دەیناسێنن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×