تێگەییشتنی رێکەوتنەکەی ئەمریکا-تورک لەرێگەی پەرچەکردارەکانەوە

ئارام ره‌فعه‌ت
  2019-10-18     944

ئارام رەفعەت

 

رێککەوتننامەکەی ئەمریکا-تورک جۆرێک لە نارۆشنی تێدایە. نارۆشنییەکە لەوەدایە، کە هەموو خواستەکانی تورکی لەخۆگرتووە هەم لەسەر ئاستی رۆژاڤا، هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بێ ئەوەی بیانخاتە ژێر هیچ جۆرە ئیلتیزاماتێکەوە. لەهەمانکاتدا، کۆمەڵێک تەنازولی بەسەر کوردا سەپاندووە، بێ ئەوەی لەبەرامبەردا هیچ گەرەنتی و بچوکترین دەسکەوتی ئەوانی تێدابێت. لەوەش سەیرتر، ئەمریکا لەم رێککەوتنەدا نە هیچ ئیلتیزامێکی لەسەر و نە هیچ دەسکەوت و رۆڵێکیش. هەموو ئەگەرەکان لە نێوان دابینکردنی هەموو خواستی تورکەکان لەماوەی ١٢٠ سەعاتدا، یان گەرانەوە بۆ خاڵی سفر و شەڕ و هێرشی داگیرکاری تورک بۆ سر رۆژاڤا و بەردەوامی سزا شەرمنانەکەی ئەمریکا بۆ سەر تورکەکان.
چوار لایەن مەعنین بە رێکەوتنەکەی ئەمریکا و تورکەکان، ئەویش هەر یەک لە ئەمریکییەکان، تورک، کورد و روسیا-سوریا. ڕوماڵێکی خێرای پەرچەکردارەکانی ئەم چوار لایەنە رەنگە هەندێک ئاسانکاری بکات بۆ تێگەییشتی رێککەوتننامەکە. 

 

ئەمریکا
پێش رێککەوتنەکە، ئەمریکا لەسەر هێرشی تورک بۆ سەر رۆژاڤا دابەشی دوو بەرە ببوو. کەمینەیەک، کە بەرەی ترەمپ بوون، لەراستیدا ترەمپ بە تەنیا بوو. ئەم کەمینەیە، بەجۆرێک لە جۆرەکان پاساوییان بۆ هێرشەکانی تورک و پشت کردنە کورد دەهێنایەوە. 
بەرەی دووەمیش کە زۆرینەی کۆنگرێس و سێنات و لەهەردوو لایەنی کۆمارییەکان (حیزبەکەی ترەمپ) وە دیموکراتەکان پێکهاتبووە. ئەم بەرەیە بەتەواوی دژی شەڕ بوو هەموو هەوڵ و جوهدێکییان بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری بەتەنیا جێهێشتنی کورد و سەپاندنی سزا و گەمارۆی جۆراو جۆر بەسەر تورکدا بەگەڕ خستبوو.
ئەم بەرەیە، بەگشتی هیچ لە هەڵوێستەکانییان نەگۆڕاوە، رەنگە لەداهاتوودا و بەهۆی رێککەوتنەکەوە هەندێکییان پشتیوانی ترەمپ بکەن. بەڵام رابەرە دیارەکانی ئەو هەڵمەتە، لەوانەش لیندسی گراهام، بە حەزەر و نیگەرانییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو رێککەوتنەدا دەکەن. سیناتۆر مارتین هەنریچ پێی وایە ئەم رێککەوتنە جگە لە دوو بژاردە هیچی تری بۆ کورد نەهێشتۆتەوە یان خاکەکەیان بەجێ بێلن یان رووبەرووی پاکتاوی رەگەزی ببنەوە. 
بە گوێرەی سکای نیوزی عەرەبی، هەر یەک لە لیندسی گراهام (کۆماری) و ڤان هۆڵن (دیموکرات) کە رابەرایەتی بەرەی دژە هێرشەکەی تورکییان دەکرد و پرۆەیاسای سزادانی تورکییان پێشکەشی کۆنگرێس کرد دەڵێن سەرەرای رێککەوتنەکە، ئەوان بەردەوام دەبن لە فشار هێنان بۆ دەرکردنی یاسای سزادانی تورکیا. ئەمەش ئاماژەیەکی ترە بۆ رەتکردنەوە یان حەزەر بوون لە رێککەوتنەکە.

 

تورک
تورکەکان لەم رێککەوتنەدا خۆیان وەک لایەنی سەرکەوتوو نماییش دەکەن و لەراستیشدا ئەوان تاکە براوەی ئەم رێککەوتنەن. مەولود چاوەشئۆغلۆی وەزیری تورک دەڵێت رێککەوتنەکە رێک ئەو شتەی تێدایە کە دەمانەوێت. ئەو دەڵێت ئێمە وەک ویستمان ناوچەی ئارام دروست دەکەین و لەو سێ ملیۆن و نیو ئاوارەی سورییە خەڵک ئارەزومەندانە لەوێ نیشتە جێ دەکەین. هەروەها ئەو دەڵێت، ئەوەی هەیە ئاگر بەست نییە و ناوبڕێکی شەڕە، چونکە ئاگربەست لەنێوان دوو هێزی شەرعیدا دەبێت و ئێمە هەرگیز ئاگربەست لەگەڵ تیرۆریستەکاندا ناکەین. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی جەنگی تورک تەنانەت دوای کشانەوەی شەرڤانان لە هەر ٣٢ کیلۆمەترەکە و بەدرێژایی سنووری نێوان کۆبانێ و سنوری باشور. جەیمس جیفری، نێردەی تایبەتی ئەمریکاش هەمان قسەی چاوەشئۆغلۆی دوپات کردەوە کە ئەوە ناوبڕە نەک ئاگربەست.
چاوەش ئۆغلۆ هیچ موبالەغەی نەکردووە لە قسەکانیدا و لەراستیدا پێدەچێت مایک پێنسی جێگری ترەمپ کاغەزێکی سپی واژۆکراوی دابێتە تورکەکان و ئەوانیش رێککەوتننامەکەیان بەئارەزووی خۆیان لەسەر کاغەزەکە نوسیبێت.

 

کورد
کوردانی رۆژاڤا دوو پەرچەکرداری تا رادەیەک جیاوازیان هەبووە. پەرچەکرداری یەکەم لەسەر زاری، مەزڵوم کۆبانێی، فەرماندەی گشتی هەسەدەوە بوو. بە گوێرەی مەزڵوم کۆبانێ، لایەنی کوردی ئاگادار و تارادەیەکیش رەزامەندی رێککەوتنەکەیە. ئەو دەڵێت، ماوەی سێ رۆژە ئێمە دانوسان بۆ ئاگربەست دەکەین. ئەو دەڵێت، ئەو ناوچە ئارامە تەنها نێوانی سەرێکانیێ تا گرێ سپی دەگرێتەوە. 
بە پێچەوانەی مەزڵوم کۆبانێ، هەر یەک لە ساڵح موسلیم و ئاڵدار خەلیل، دوو لە کاریگەرترین رایەدارەکانی رۆژاڤا، جۆرێک لە تەحەدا و رەتکردنەوەیان بۆ رێککەوتنەکە نیشان داوە. ساڵح موسلیم، وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی رێککەوتنەکە دەڵێت "ئاگربەست شتێکە و تەسلیمبوون شتێکی تر. ئێمە داگیرکردنی باکوری سوریا قەبوڵ ناکەین". بەهەمان شێوە، ئاڵدار خەلیل دەڵێت "ئێمە پێشتریش رامانگەیاندووە کە پرۆژەی تورکی بۆ هاتنی ٣٠ کم بۆ ناو قوڵایی خاکی سوریا رەتدەکەینەوە.

 


سوریا

رژێمی سوری لەدوو راگەیاندنی جیاوازدا رای خۆیان دەربڕیوە. حکومەتی سوری، راستەوراست رێککەوتنەکە رەتناکاتەوە و دەڵێت ئەوەی واشنتۆن و ئەنقەرە لەسەری رێککەوتوون مەرج نییە روسیا و سوریاش لەسەری رازی بن. راگەیاندنەکەی دووەمی لەلایەن یەکێک لە راوێژکارەکانی ئەسەدەوەیە و دەڵێت ناوچەی ئارام هەڵەیە و ئەوە داگیرکردنە.
بەهەر حاڵ پێنچ رۆژی چارەنووساز لەبەردەم خەڵکی کوردستاندایە و لەماوەی ئەو پێنج رۆژەدا، رایەدارانی رۆژاڤا هەر بڕیارێک بدەن کاریگەرییەکی ریشەیی و مێژوویی کەم وێنەی لەسەر چارەنووسی ستاتۆی رۆژاڤا و بوونی کورد لەو پارچەیەی کوردستاندا دەبێت 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×