ئایا ئەردۆغان دەبێتە گۆرباتشۆفی تورکیا؟

ئارام ره‌فعه‌ت
  2019-07-14     1060
ئەردۆغان هاوردنی ئێس-٤٠٠ی روسی دەسپێکرد. تەحەداکردنی ئەردۆغان بۆ ئەمریکا و ناتۆ و سوربوونی لەسەر هاوردنی ئێس-٤٠٠ پرسیارێک دێنێتە پێشەوە. ئەو دەمێکە سەرسامە بە پۆتین و دەیەوێت ببێتە پۆتینی تورکیا. رەنگە لە ئێستادا ئەردۆغان وەک پۆتینی تورکیا دەربکەوێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە، چەندە ئەگەرئ ئەوە هەیە، کە لە درێژ ماوەدا وەک پۆتینی تورکیا نەمێنێتەوە و ببێتە گۆرباتشۆڤی وڵاتەکەی؟واتە چەندە ئەگەری ئەوە هەیە کە چۆن لەسەر دەستی گۆرباتشۆڤ سۆڤییەت هەرەسی هێنا، ئاواش لەسەر دەستی ئەردۆغان تورکیا هەرەس بێنێت و دابڕوخێت؟

رەنگە لە ئێستادا ئەم ئەگەرە دوور بێتە پێشچاو. بەڵام مەلامیحەکانی ئەگەرەکە بە ئاسانی هەستی پێدەکرێت، لەوانەش:
یەکەم؛ زۆرێک لەشارەزایان باس لەئەگەری هەرەسهێنانی ئابوری تورکیا دەکەن. لەهەر وڵاتێکدا ئابوورییەکەی هەرەسی هێنا ئەگەر دەوڵەت و سیستەمەکەیشی هەرەسیش نەهێنێت ئەوا ئیفلیج دەبێت.

دووەم؛ مانەوەی تورکیا وەک وڵاتێکی یەکگرتووی خاوەن جۆرێک سەروەری و بەهێز بەهۆی مانەوەی و جێگە و پێگەی بەهێزی بوو لە ناتۆ. بەواتایەکی تر، تورکیا ئەگەر بەدیوە شاراوەکەیشیدا بێت، پارێزراو (مەحمی)یە نازدارەکەی ناتۆ بووە. بەشێکی مانەوەی تورکیا وەک وڵاتێکی یەکگرتوو بەهۆی پشتیوانی هەمەلایەنە (سەربازی،دارایی، سیاسی، لۆجیستی)یەوە بووە کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بۆ تورکییایان رەخساندبوو. لە ئێستاوە و دوای کڕینی ئێس-٤٠٠ ئەو وڵاتانە ئامادە نابن وەکو جاران پشتیوانی تورکیا بکەن.

سێیەم؛ خەریکە تورکیا دەچێتە خانەی ئەو وڵاتانەی کە رۆژاوا بەگشتی و یەکێتی ئەوروپا بەتایبەتی وەک وڵاتی نەیار ریزبەندییان کردوون (نموونەی ئێران و فەنزویللا و کۆریای باکور). رەنگە ئەم خاڵە بۆ زۆر کەس وەک زێدەڕۆیی و موبالەغەیەکی زۆر بێتە پێشچاو. بەڵام هەقیقەت ئاوایە ئێستا تورکیا لەبەردەم هەڕەشەی سزای هەمەلایەنەی ئابووری و سیاسی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادایە. ئاژانسەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە یەکێتی ئەوروپا پرۆژە یاسایەکی بۆ سزادانی تورکیا بەهۆی گەڕان بەدوای غاز لە دوورگەی قوبرس. هەرچەند ئەو سزایانە سنوردارن، بەڵام بایەخی گرنگییان هەیە لەبەر دوو هۆکار. 

لەلایەکەوە، یەکەم جارە ئەوروپییەکان لەپرسی قوبرسدا وا بە توندی و لەبەرژەوەندی قوبرسیەکاندا رەفتار لەگەڵ تورکیادا بکەن. لەلایەکی تریشەوە، ئەوروپییەکان هەڕەشەیان کردووە کە ئامادەن سزای زیاتر و هەمەلایەنتر بەسەر تورکیادا بسەپێنن.

بەدێژایی سەد ساڵی رابردوو هەمیشە و لەهەموو قەیرانەکاندا ئەوروپاییەکان فریادرەسی تورکیا بوون و ئەو وڵاتەیان پاراستووە. ئێستا و لەسایەی سیاسەتە هەڵە و شاشەکانی ئەردۆغان و خەونی بوونی بە پۆتینی تورکیا، ئەو فریادرەسە خۆی سەرچاوەی هەڕەشە و سزادانی تورکیایە. گڵۆڵەکەی تورکیاش لێرەوە دەکەوێتە لێژی. هەربۆێەشە پێدەچێت لەدرێژماوەدا ئەردۆغان لەبری ئەوەی ببێتە پۆتین دەبێتە گۆرباتشٶڤی تورکیا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×