چۆن دەتوانین یارمەتی رۆژاڤا بدەین؟

ئارام ره‌فعه‌ت
  2019-10-20     860
دەوڵەتی تورک دەیەوێت رۆژاڤا بە خەڵک و ناسنامەکەیەوە لەسەر نەخشە بسڕێتەوە. هەموو ئەوانەی لە خەمی رۆژاڤا دان لەبەردەم یەک پرسیارداین، دەتوانین چی بکەین بۆ ئەوەی نەهێڵین ئەم خەونە گڵاوە بێتە دی؟

توانا و بواری ئێمە (کورد لەناوخۆ و هەندەران) بۆ یارمەتیدانی رۆژاڤا زۆر نییە، بەڵام ئەگەر کارییان لەسەر بکرێت کاریگەری جدییان لەسەر هاوکێشەکان و بەرخۆدانی رۆژاڤا دەبێت. لە خوارەوە ئاماژە بەهەندێک لەو هەنگاوانە دەکەم کە دەتوانین دەسبەجێ بیگرینە بەر. 
یەکەم: 
کاریگەرترین کار، بەشداریکردنی راستەوخۆیە لە پاراستنی ئەمنییەت و ئاساییشی ئەو شار و شارۆچکانەی کە لە دەرەوەی بەرەکانی شەڕن. زۆربەی هێزە سەربازییەکانی رۆژاڤا لەو شار و شارۆچکانەدا کشاونەتەوە و لەبەرەکانی جەنگن و رەنگە بۆشاییەک لەوناوچانەدا دروست بووبێت، بەشداری راستەوخۆی ئەوانەی توانا و ئارەزووی بەرگرییان هەیە، هاوکار دەبێت بۆ پاراستنی ئاساییشی ئەو ناوچانە.
دووەم؛
فراوانکردن رێکخستنی کەمپینی کۆمەک بۆ کۆمەکی هەمەلایەنە (کۆمەكی مادی، دەرمان، لۆجیستی هتد..) بۆ رۆژاڤا، دەبێت کۆمەکەکان راستەوخۆ بگەنە ئیدارەی رۆژاڤا.
سێیەم؛
فراوانکردنی کەمپینی بایکۆت بەجۆرێک لە ئاستی تاک و گروپەوە بچێتەئاستی بایکۆتی میلی و لە کڕینی شتومەکو پێداویستیش تێپەڕێت و هەموو ئاست و رەهەندەکانی تری بایکۆتکردن بگرێتەوە. لەهەمانکاتدا، فشار هێنان بۆ حکومەت تا هەرچی زووە، ئەگەر کاتیش بێت، فرۆشتنی نەوت بە تورکیا رابگرێت. 
چوارەم: 
رەوەندی کوردی لە هەندەران دەبێت دەست بۆ هەموو کارتێک بەرێت، لەوانەش خۆپیشاندان، دیداری تەلەفزیۆنی، کەمپین و چالاکی جۆراوجۆر. رەوەندی کوردی دەتوانێت لە هەموو دەرگایەک بدات و هەموو ئیمکاناتێک بۆ لۆبیکردن بەکار بێنێت بۆ فشار هێنان بۆ دەسەڵاتدارانی وڵاتە خانەخوێکانییان تا رێگری لە داگیرکارییەکەی تورک بکەن. 
پێنجەم:
بەرپرس و پەرلەمانتارانی کورد لەبەغدا و دەبێت یەکدەنگ کاری جدی بکەن، تا پەرلەمان و حکومەتی عێراق بەفەرمی بێتە بەرەی ئەو وڵاتانەی کە دژی شەڕە سەپاوەکەی دەوڵەتی تورک بن و پەیوەست بێت بەو وڵاتانەی کە سزای ئابوری و سەربازییان خستۆتە سەر تورکیا. پێگەی فەرمی خۆشییان بەکار بێنن بۆ لۆبیکردن لەسەر ئاستی جیهانیدا بۆ رۆژاڤا، ناوبژیوانیکردن لەنێوان رۆژاڤا و تورک، هاندانی عێراق بۆ هاوکاریکردنی هەمەلایەنە بۆ رۆژاڤا.
شەشەم:
حکومەتی هەرێم و حیزبەکانی کوردستان، دەتوانن بەدەیان رێگای جۆراوجۆر هاوکار و پشتیون و رۆژاڤا بن. 
حەوتەم:
میدیای باشور دەبێت بەرپرسانە و نەتەوەییانە مامەڵە بکات. میدیای باشور دەتوانێت سەرچاوە و دەسپێشخەری گەیاندنی ئەو هەواڵانە بێت کە پێشێلکاری مافی مرۆڤن و مافی نەتەوە و گروپە دینییەکانن، بە ناوەندەکانی جیهانی. لەهەمانکاتدا، دەبێت پشتیوانی شەڕڤانان و گەلی رۆژاڤا بن لە رووی بەرز راگرتنی مۆڕاڵ و مەعنەویاتیانەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×