بۆچی رکم لەئەردۆگان نییە!

هاوڕێ باخەوان
  2020-08-18     1883
نەک هەر رکم لێی نییە، بەڵکو زۆرجاریش لەبەرخۆمەوە دەڵێم ئافەرین جمهور باشکەندە! هەر پایەداربیت...
رەجەب، "تورک"ێکی ئیخوانییە، سەرۆکی پارتی رەگەزپەرستی تورک ئاک پارتییە، لە دوای مستەفا کەمالەوە بە سەرسەختترین دوژمنی کورد دادەنرێت. لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی ئەمدا تورکیا و باکووری کوردستان تاریکترین سەردەمەکانی بەڕێکردووە. بەهۆی ئەم رەجەبەوە سەدان هەزار خەڵکی کورد لە باکوور، رۆژاوا و باشووری کوردستان کوژراو، بریندار و ئاوارەبوون.
رەجەب لەنێو ناوەندە جیهانییەکاندا بە سووکترین و بێ-مۆڕاڵترین سەرکردەکانی دونیا ناودەبرێت.. لێ من هەر خۆشم دەوێت!
ئیخوانییەکان، دەیان ساڵە کار بۆ زیندووکردنەوەی شکۆی لەناوچووی عوسمانییەکان دەکەن.. نەجمەدین ئەربەکان و عەبدوڵڵا گوڵ پێشتر کارئاسانیی زۆریان بۆ ئەردۆگان کرد تاوەکو ئەمیان بە ئاشکرا باسوخواسی شکۆی لەناوچووی عوسمانییەکان و زیندووکردنەوەی دەستەڵاتیان بهێنەوە یادی تورک و رای گشتیی جیهانی.. گۆڕینی ناوی پارتی ئیخوانییەکان لە تورکیا هەر تاکتیکێک بووە و هیچی تر.. تا لە کۆتاییدا بەناوی ئەکەپەوە گیرساوەتەوە.. ئەگیان نە پارتی رەفا و ئەوانی تر و نە پارتی ئاک لە ستراتیژی بیری تۆرانی و زیندووکردنەوەی سەڵتەنەتی عوسمانی بە موو جیاوازییان نەبووە و نییە!
ئەردۆگان، بەو کۆنسێپتەوە تورکی سەرخۆش و گەشکە کردووە.. بەهۆیەوە ئەو دیموکراتی و مافی مرۆڤ و هەموو ئەو درۆیانەی تر کە لە تورکیادا بانگەشەی بۆ دەکرا، روویان ئاشکرا بوو.. هەر بەهۆی ئەم کۆنسێپتەشەوە بوو کە ئابووریی تورکیا لەوپەڕی بەهێزییەوە داڕما و رۆژانەش نرخی لیرە لە خوارییە.. برسێتی و گرانییەکی سەیر رووی لەو وڵاتە کردووە کە بەراییی هەمان ئەو بارودۆخەی دوا رۆژانی ئیمپراتۆری عوسمانییە!
گۆڕانکاریی ریشەیی، هەڵچوون و داچوونی ئابووری، رووخانی دەوڵەت و هەڵگیرسانی جەنگ بە هۆکارێک و دووان و سیان بەدی نایەت! کۆمەڵێک هۆکار و لە کۆتاییشدا شا-هۆکارێکی گرنگ هەموو ئەو هۆکارانە دەکاتە داینەمۆی گۆڕانکاریی ریشەیی.. پێشکەوتن یان داڕمانی ئابووری.. رووخانی دەوڵەت یا دابەشبوونی یان هەڵگیرسانی جەنگ..
تورک لە سەروبەری کۆتاییی دەستەڵاتی عوسمانییەکان، بەهۆی زۆر هۆکارەوە کە زۆر باسکراون، نزیکەی مەڵۆ بۆ خەرمانێکی ئیمپراتۆرەکەی نەمایەوە.. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستەڵاتی تورکەکانی خزاندە ئەو ناوچەیەی کە ئێستا پێی دەڵێن تورکیا و دیارە پێشتریش خاکی گریک، ئەرمەنی، کورد، لاز و ئەوانی تربوون و بە زۆری زۆرداری داگیرکرابوون..
ئەردۆگان و هاوبیرانی، دەمێکە خەریکی کۆکردنەوەی هۆکارەکانی گۆڕانکاری یان جەنگن.. گرنگترینیان بە بەردبارانکردن و رێپێگرتنی هێزەکانی ئەمریکا بوو تاوەکو لەڕێی موسڵەوە نەیەنە خاکی "ئێراق"ەوە.. ئەوە سەرەتای گەشکەی تورک بوو بە هێزی خۆی لە ناوچەکەدا کە رێ لە گەورەترین هێزی جیهان بگرێت بە خاکەکە"ی"دا تێپەڕێت!.. تورک بە بەردبارانکردنی هێزکانی ئەمریکاشەوە نەوەستان، بەڵکو لە پەڕڵەمانی تورکیا بە فەڕمی رێگریان لە هێزەکانی ئەمریکا کرد تاوەکو خاکی "تورکیا"، باکووری کوردستان بەکارنەهێنێت بۆ لێدانی ئێڕاق!
پاشتریش لە زۆر بۆنە و کۆنفلیکتی تری نێوان تورکیا و ئەمریکا هەڕەشەی داخستن یان دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایان لە بنکەی سەربازیی ئنچەرلیکی ئامەد کردووە..
ساڵانێکی زۆرە تورک، بە راست و بە چەپ، لاقی ئەم و ئەو دەگرێت لە ناوچەکەدا.. لێدانی کورد هەردەم لە گیرفاندا بووە و ساڵانێکە هەر بە کوردی باکوورەوە ناوەستێت.. رۆژاوای وێرانکرد.. باشووری وێرانکرد.. تەنانەت گەریلاکانی پژاکیش دەکوژێ و چنگیشی گەییشتۆتە رۆژهەڵاتی کوردستان.. گەر بێهێزیی ئێران هاوشێوەی ئێڕاق و سووریا بووایە، ئەوا دەمێک بوو هێرشی سەربازیشی کردبووەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان.
پێشتریش بەدڵنیاییەوە لەدەستدانی کاراباخ و ناوچە کوردنشینەکانی نێوان ئەرمەنستان و ئازربایجان هەر بەهۆی سیاسەت و پاڵپشتی تورک بووە.. هەڕەشە بەردەوامەکانیان بۆ ئەرمەنستان، یۆنان و قوبروس و وڵاتانی بەڵکانیش یەکێکە لە کارە بەردەوامەکانی تورک لەم چەند ساڵەی دوواییدا.
زۆرجار پرسیارێک دەکرێت کە زۆر گرنگە! تورک بۆ وادەکات! بۆچی لە ناوچەکەدا جگە لە ئازربایجان یەک دۆستی نییە! لە کۆمەڵگانی نێودەوڵەتی جگە لە بەرژەوەندیی ئابووری و سەربازی تەنها لەگەڵ قەتەر و پاکستاندا نێوانی باشە! تەنانەت زۆرینەی ئەندامانی پەیمانی ناتۆش دژی تورکن!
وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو هۆکارگەلەن کە تورک بەم دەیان ساڵەی دوایی کۆیی کردوونەتەوە بۆ گۆڕانکاری، جەنگ یان دابەشبوونی تورکیا. ئەو هۆکارانەی کە تورک خۆی لە هەموو کەس باشتر دەزانێت چین و چییان داوە بەدەست ئەرمەنستان، گریک، وڵاتانی بەڵکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو هەڵوێستێکی هاوبەش لە پاشەڕۆژدا لە دژی بنوێنن.. بەراییی ئەو هەڵوێستە لەو بانگهێشتەی ساڵی ٢٠١٩ی ئەمریکا بوو بۆ ئەردۆگانی خۆشەویستی من، لەوێ ئەردۆگان رسواکرا، لێی تووڕەبوون، گوێیان بادا و زۆری تر کە هێشتا ئێمە نایزانین!
لە لایەکی تریشەوە، رووسیا بە هەمان شێوەی ئەمریکییەکان لە تورکیا پڕە، هەموومان ئەو سووکایەتییەی پوتینی سەرۆکی رووسیامان بە ئەردۆگان بینی کە چەندین خولەک بە مەبەستەوە و بۆ سوکایەتیپێکردنی ئەردۆگان بەبەرچاوی کامێراکانەوە، لەژێر تابلۆی گەورەترین دوژمنی تورک و عوسمانی، لە چاوەڕوانیی ئەودا بوو.!
هەر کات تورکیا یان ئەردۆگان لە رووداوێکدا کەرێتییەک دەنوێنن، من شاگەشکەدەبم دەڵێم ئافەرین جمهور باشکەندە.. ئەوە هۆکارێکی تریشت دایە دەستەوە..
تەنانەت کە کۆشکی جانکایای تەواوکرد و بەسەر پلیکانەکاندا بە نێوان جەنگاوەرەکانی قەرە قۆینلۆ و ئاق قۆینلۆ و سەلجوقیدا سەرکەوت.. من پیرۆزباییم لێیکرد.. ئەو کۆشکەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی گۆڕانکاری.. ئەو کۆشکە سەلماندی کە ئەوان بە دڵنیاییەوە خەریکی نوێکردنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی و داگیرکاریی نوێن! هەر لەو کۆشکەشدا بوو بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا نەخشەی پەیمانی میللی هەڵواسرا، کە رۆژاوای کوردستان و باشووری کوردستانی بە موسڵ و کەرکوکیشەوە لەسەرە!
ماوەیەکە ئەردۆگان بە وڵاتانی چواردەوری خۆیەوە نەوەستاوە پەلیشی کێشاوە بۆ وڵاتانی دەریای ناوەڕاست! لە لیبیا دەستێوەردانی سەربازی و لەلایەکەوە خەریکی پشکنینی گاز و نەوتە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کە یۆنان و وڵاتانی ئەوروپای هارکردووە.. ئەمیش دەبێت هۆکارێک تر و وردە وردە ئارامیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستدەدات! کۆنتڕۆڵ لەدەستدانی زلهێزێکی ئەوروپیی وەک فەڕەنسا بەئاشکرا دیارە و ناکۆکییەکانیان زۆر لەوە قوڵترە کە ئێمە لە میدیاکاندا دەیبینین!
ئێمە پەلەمانە، زۆریش پەلەمانە! لەوەشدا ناهەقمان نییە، چونکە هیچ نەتەوەیەک وەک ئێمە بەدەست تورکەوە خوێن و فرمێسکی نەڕشتووە! تەنانەت ئەوەی ئێمە لەوەی ئەرمەنییەکانیش خراترە! ئەوان چ نەبێت بوونە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان و ئێستا بە هەموو پێوەرێک لە ئێمە بەختەوەرترن.. بەڵام کارەساتی ئێمە بەدەست تورکەوە هەر بەردەوامە.. لەم کاتەدا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، لەوانەیە فڕۆکەکانی تورک جەرگی دایکێکی کورد یان زۆرتر بسووتێنن!
گەشبینم، تا ئەردۆگانمان هەبێت هۆکارەکانی گۆڕانکاری زۆرتر دەبن و ئەمجاریش تورک یەک لەسەر دەی خاکەکەی دەمێنێتەوە! دەستەڵاتیشی وەک ئەوەی دوای رووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی کەمدەبێتەوە..
ئەوەیە نهێنیی خۆشەویستیی من بۆ ئەردۆگان.. پایەداربێت جمهور باشکەندە.. هەر تەمەندرێژ بیت بۆ ئافراندنی هۆکاری زۆرتری هەڵوەشاندەوەی تورکیا!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×