قسەیەکی تر لەسەر ھەوڵی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان

حاكم شێخ له‌تیف
  2020-09-15     1370

گرنگ ئەوەنیە کام لە « شۆڕشگێڕەکان»  کردویانە؟ ئەوەی ئەکیدە کە ئەو ھەوڵە دراوە.
کوڕی خوالێخۆشبو شەوکەتی حاجی موشیریش جەختدەکاتەوە کە کراوەو بەبڕیاری بەرەش بوە، بەقسەی ئەوبێ بەبڕیاری فەرەیدون عەبدولقادرو بەجێبەجێکردنی مەحمود سەنگاوی بوە،  وەک تۆڵە سەندنەوەیەک لە رژێمی بەعس.

قسەکە لەسەر ئەوەیە ئەگەر سەری بگرتایە ئاکامەکانی چی دەبوون؟
ھەموومان دەزانین ڕژئمی بەعس ڕژێمێکی شۆڤێنی دڕندەبوو، لەتۆڵەکردنەوەدا بەزەیی نەبو بۆ نمونە:

- رائید صباح الحەمدانی ئەفسەری ئاسایشی سەر بەڕژێمی بەعس لەبەرنامەی شەھادات دەڵێ  لەکاتی ئەنفالەکان نزیکەی١٧ ھەزار خەڵکی گوندەکان ھێنرابوونە سەربازگەیەکی تکریت، بڕیار بوو ئازاد بکرێن، بەڵام لەوکاتەدا یەکێتی دووچالاکی دژ بە دووگوندی تەعریب کراولەپردێ و کفری ئەنجامداو نزیکەی ١٠٠ ژن و منداڵ و خەڵکی  عەرەبی ھێنراوی ئەودوو گوندە کوژران، بۆیە بەفەرمانی عەلی حەسەن مەجیدو لەتۆڵەی ئەواندا بڕیاری لەناوبردنی ١٧ ھەزار گوند نشینە کوردەکە دراو ھەمویان کوژران.

- دوای ئەوەی پێش لەشکری ئێران کەوتن و لەچاڵە نەوتەکانی کەرکوکیان دا رژێمی بەعس دوای ئاگادار کردنەوە کە ئەوە ھێڵی سوورە بڕیاری ئەنفالی کوردیدا ، بەڵام بۆ ماوەی مانگێک ئاگاداری خەڵکی دەکردەوە کە ئەو ناوچانە چۆڵ کەن ، ئەگەر نەیکەن ھەموویان حیسابی پێشمەرگە « موخەریب» یان بۆ دەکرێ، پێشمەرگەش لەجیاتی رێخۆشکردن بۆ خەلکی مەدەنی بۆ راکردن لەو ناوچانە رێگریان دەکرد بەتایبەتی لەگەرمیان، بۆیە قوربانیەکان لەوێ یەکجار زۆرتر بوون لە ناوچەکانی دی. 

-ئاشکرایە کە لێدانی ھەڵەبجەش بەچەکی کیمیاوی‌و شەھید بوونی بەکۆمەڵی شارەکە دەرەنجامی پەلکێشکردن و  پێشکەوتنی پاسداری ئێرانی بوو بۆ ناو ھەڵەبجە.

جا ئەگەر ئەو ھەوڵە سەریبگرتایەو بەراستی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەتایبەتی عەرەب تیابچونایە بەدڵنیاییەوە پەرچەکرداری بەعس لەئەنفال‌و ھەڵەبجەش دژی خەڵکی مەدەنی کورد زیاتر دەبو، بەتایبەتی کە دەستی کرابۆوە بۆ سەرکوتکردنی راپەرینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ وە شەرعیەتێکی نێودەوڵەتیشی بۆ کارەکەی وەردەگرت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×