لای پارتی مەلیک ماوە

حاكم شێخ له‌تیف
  2021-02-02     1112
پارتی وەک حیزبی یەکەمی دەسەڵاتداری کوردستان، ئێستاش بەگیانێکی حیزبیانەی واھەڵسوکەوت دەکات وا دەزانێ ھەر سەرەتای نەوەدەکان‌و دووھەزارەکانە.

نازانێ خەڵک زۆر بێزارەو دابەشبونێکی گەورەی کۆمەڵگه‌یی و سیاسی لەکوردستان لەئەنجامی حوکمڕانی خراپی ئەوان و ھاوبەشەکانیەوە ھەیەو ھەرێم لەلێواری داروخانی ئابوری و سیاسیشە، کەچی لەجیاتی ئەوەی  ھەست بەدۆخەکە بکات‌و تۆزێک حیزبایەتی کاڵبکاتەوە، دێت تۆختری دەکات.

کادرێکی حیزبی تۆخ  وەک بەرێز ئومێد خۆشناو کاندید دەکات بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر. چونکە وەک ئاشکرایە ئەو بەرێزە لەسەر ھەڵۆکانی پارتی حیساب دەکرێ و زۆر بەگیانێکی توندی حیزبایەتی مامه‌ڵە لەگەڵ رکابەرە سیاسیەکانی لایەنەکانی تردا دەکات.

دەبوایە کەسێکی بێلایەنی میانڕەوی پرۆفیشناڵ کە مایەی رەزامەندی و کۆکردنەوەی ھێزە سیاسیەکان و کۆمەڵگه‌ی ھەولێر بێت کاندید بکات بۆ پۆستێکی گرنگی وەک پارێزگاری ھەولێرو بەراستی کاتی ئەوەش ھاتوە، نازانم دوای سی ساڵ لەبەحیزبیکردنی ھەموو کایەکانی کۆمەڵگه‌و ئاسەوارە نێگەتیفەکانی کاتی ئەوە نەھاتوە ئەو نەھجە بەعسیە تۆزێک بگۆڕدری؟ 

یان ئەگەر ھەر سورە لەسەر کاندیدکردنی پارتییەک ھیچ نەبێ با کەسایەتیەکی میانڕەوی وەک خوالێخۆشبو فرسەت سۆفی کاندید بکردایە، کەسایەتیەک کە کۆکەرەوە بێت و بەعەقڵی کراوەو بەلۆجیکی پیاوی دەوڵەت مامه‌ڵە بکات نەک حیزبی تۆخ و ببێتە ھۆی زیاتر دابەشکردنی کۆمەڵگه‌.

تێبینی: نوسینەکە پەیوەندی بەلایەنی کەسی بەرێز کاک ئومێد نیەو وەک شەخس لەنزیکەوە نایناسم رێزم بۆی ھەیە،  بەس لەمیدیاوە دیومەو حوکمی من لەسەر ھەڵوێستەکانیەتی‌و وەک کادرێکی حیزبی من ھیچ قسەیەکم نیە لەسەری.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×