نەوەی دوەمی تاڵەبانی!

شوان حەمە
  2020-12-07     1031

جاری یەکەم نییە لەهەرێمی کوردستان بەهێزی سەربازی میدیاکان بێدەنگ دەکرێن!

تەنها یەکساڵ دوای پێکهێنانی پەرلەمانی کورردستان و یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم، مامۆستا شیرکۆ بێکەس، وەک یەکەمین وەزیری ڕۆشنبیری، بەهۆی داخستنی ڕۆژنامەی وڵات لەهەولێر، دەستی لەکارکێشایەوە!

لەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ەدا، جارێکیتر لەشاری سلێمانی، بە هێزی سەربازیی چەندین میدیا داخران.

داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و میدیاکانی چەتر هۆکارگەلێکی زۆریان لەپشتە. ڕەنگە ترس لەخەباتی دیموکراتی و ڕای گشتی گرنگترین هۆکار بن!

راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە بێدەنگکردنی دەنگی جیاواز بەشێکی بونیادی و کلتوریی پێكهاتەی دنیابینی دەسەڵاتدارانی هەرێمن!

کێشەکانی ئێمە تەنها لەپاوانخوازی و چاوچنۆکی حیزبەکاندا کۆنەبونەتەوە، بەڵکو بەتەنیشت کێشەی دەسەڵاتەوە، ئێمە گیرۆدەی چەندین کێشەیترین، لەوانە: کێشەی لایەنگیری و چوارچێوەبەندی و هەڵوێستە پێشوەختەکانی نوخبەی کوردی!

بۆ ئەوەی دیوە کۆمیدیەکەی داخستنی میدیاکان لەسلێمانی بدۆزینەوە، پێویستە لەهەڵوێست و شرۆڤەی بەشێک لەنوسەران و چالاکوانان بڕوانین!

یەکێک لەکۆمیدیترین شرۆڤەکان، ئەو دیدەیە کە پێیوایە داخستنی میدیاکانی سلێمانی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خواستی پارتی و تورکیاوە هەیە!

با لەوە بگەڕێین کە ئەم خوێندنەوەیە پێگەیەکی لاوازو کەمبەها بۆ دەسەڵاتی زۆنی سەوز دەهێڵێتەوەو ڕاستەوخۆ دەیکاتە پاشکۆی سیاسەتەکانی پارتی و تورکیا!

با پرسیار بکەین:

ئایا پێشتریش تورکیاو پارتی خواست و داواکارییان لە زۆنی سەوز نەبوە؟

ئایا پێشتریش پەلاماری میدیا نەدراوە؟

ئایا پێشتریش لەهەردو زۆنەکە ڕۆژنامەنوسان تیرۆر نەکراون؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە لای زۆرمان ئاشکران، بەڵام پرسیاری نوێ و گرنگ ئەوەیە: ئایا نەوەی دوەمی تاڵەبانی چییان دەوێت؟

ئایا داخستنی میدیاکان لەسلێمانی هەوڵێک نییە بۆ دروستکردنی بیدەنگی لەزۆنی سەوز؟ نەک بەخواستی پارتی و تورکیا، بەڵکو بەخواستی نەوەی دوەمی تاڵەبانییەکان!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×