چ خزمەتکاریی و شاگردییەکیتر ماوە یەکێتی بۆ پارتی بکات؟

شاسوار عەبدولواحید
  2020-12-14     516
لە هەرێمی کوردستاندا تاکە دەسەڵات کە لە سەدا سەد بە دەست پارتییەوە نییە دەسەڵاتی چوارەمە(واتا: میدیا)، ئەویش لە ئێستادا یەکێتی کەوتۆتە هەوڵی داخستنی کاریگەرتریین میدیا و تاکە میدیایە کە هاوڵاتییان بە گشتیی تێیدا دەردەکەون و لە ژێر رکێفی دەسەڵاتدا نییە یاخود لە دەسەڵات ناترسێت و لەژێر هەژموونی پارتیدا نییە.
تاکە شت لە هەرێمی کوردستان و لەم زۆنەدا NRTیە کە کاریگەرە و بەدەست پارتییەوە نییە. بەڵام ئێستا یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی بە هەر سێ کارەکتەرەکەی ناو بنەماڵە (لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) هەستاون بە داخستنی کەناڵی NRT لە پێناو خزمەتی میدیای پارتی و نەمانی رکابەر بۆ میدیاکانی پارتی.
ئافەرم یەکێتی، تۆ بڵێی چ سوکایەتی و خزمەتکاری و شاگردییەکیتر مابێت تا بۆ پارتی بکەن؟
سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتتان تەسلیم بە پارتی کرد، دەستەی ئەنجوومەنی دادوەری و زۆرینەی ئەنجوومەنەکەتان تەسلیم بە پارتی کرد، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانتانتان تەسلیم بە پارتی کرد، تاکە شت، تاکە نوزە لە هەرێمی کوردستاندا کە ماوە، بریتیە لە میدیا و بە تایبەت NRT، ئەوە ئەویشتان داخست لە پێناو خزمەتکردن بە پارتی.
داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم، هەر کەسێک پێیوایە کەناڵی ئێن ئار تی دەنگ و رەنگی ئەو بووە، ئەوا لە چەند رۆژی داهاتودا گردبونەوەیەکی گەورە ئەنجام دەدرێت لەبەردەم کەناڵەکەدا، ئەوەی کە دەیەوێت دیفاع لە حەق و دەنگی ئازاد بکات و نەهێڵێت تاکە دەسەڵات کە میدیایە بکەوێتە دەست پارتی، ئەوە با لە کاتی دیاریکراودا بەشدار بێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×