چاڵەکانی بەردەم پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی

مەعروف کەعبی
  2020-12-17     619

خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە بە درووستی وەک ناڕەزایەتی گشتی بەرامبەر بە گەندەڵی و بێ‌کەفایەتی سیاسی حزبە دەسەڵاتدارەکان پێناسە کراوە. سەرەڕای ئەمە، ئەو جۆرە عەیبانە تەنها نیشانەکانی مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی-ئابووریی و سیاسییە کە پێشتر تاقیکراونەتەوە. ئەم خاڵە گرینگە کەمتر لە وتارەکان سەبارەت بە بارودۆخی قەیراناویی هەرێم دراوەتە بەر باس.

سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم لە هەموو بەشەکانی ژیانی کۆمەڵگادا بەشێکی جیانەکراوەن لە نوێسازییەکی نادێمۆکراتیک کە پێشتر لە لایەن دەوڵەت‌نەتەوەکانی ناوچەکەوە بەتایبەت بەدوای شەڕی دووهەمدا تاقی کراونەتەوە یا درێژەیان هەیە. ئاکامەکانی نوێسازییەکی 'سکولار' و ناوەندگەرا وەک دەوڵەتانی عەرەبی (بۆ وێنە میسر و عێراق) و تورکیا و ئێرانی ژێردەست بنەماڵەی پەهلەوی (١٩٧٩-١٩٢٥)، گۆڕانکاری خێرای ئابووری-کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی/کوڵتووری و هەروەها ڕاپەڕین و کودیتاکان بوون کە ڕیزە کێوێک گرفتی چارەسەرنەکراویان بەدوای خۆیاندا بەجێهێشت. دیکتاتۆری، توندوتیژی دینی، ناسەقامگیری سیاسی و سەرکوت و داپڵۆسین و هەروەها کۆچی بەربلاو بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی هەر ئێستا پێناسەکانی دەوڵەتەکانی ئەو ناوچەن کە بە 'ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست' ناوی دەرکردوە. پێکهاتەکانی ئەم دەوڵەتانە ئاکامی بەڕێوەبردنی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی-ئابووریی دەوڵەتانی پێشووی خۆیانن. ئەوە تەعنەی ڕۆژگارە کە نەتەوەگەرێتی 'سکولار'، کە هەم خۆپارێزە لە بەرامبەر نیهادە دینییە دەسەڵاتدارەکان هەم سەرکوتگەرە بەرامبەر بە دینی خەڵک و باوەڕی دینییان، ئاکامی وەک ڕاپەڕینی ئسیلامی ئێران و گەشەی بزووتنەوە ئایینییەکانی وەک ئەخوانەکان و تاڵیبان و ئەلقاعیدە و داعەشیان بەدواوە هات. دیارە ئەمانە هەمووی وەک نین و نەبوون و گرووهی دینیی واش هەیە کە هەوڵی داوە بەدیلێکی ئینسانیتر بۆ هەلومەرجی دژواری ناوچەکە شوێن بگرێت. دەوڵەتە نوێکان لە هەمان کاتدا دەستیان دایە داپڵۆسینی بزووتنەوە خەڵکییەکان کە لە پێناو هاوچەرخ‌بوونێکی دمۆکراتیکدا هەوڵیان دەدا. خانەخانەکردنی خەڵکەکان (وەک کەمایەتی و زۆرینە)، پێکهێنانی سنووری نوێی سیاسی و فەرهەنگی، سەرکەوتنی شایان لە پێکهێنانی دەسگای پۆلیسی نهێنی وەک ئیستیخبارات و ساواک و تیکنیکی ئەشکەنجە و زیندان، دابەزاندنی ناسنامە و سەربەخۆیی بە هەبوونی پاسپۆڕت و جۆرەکانی دیکەی ناسنامە (کە وەک ژنەشاعیری ئێرانی فۆرووغ فەڕۆخزاد لە ساڵەکانی ١٩٦٠دا هوشداری دابوو) یا بە هەبوونی تەیارەخانە و ڕیزی درێژی ئاڵاکان پێناسەی ئەو دەوڵەتانەی پێک هێنا. لە هەمان کاتدا، ورەی تاک‌پەرستی، پیاوانی ئێسکۆرت‌کراوی ناو ئۆتۆمۆبیلەکان و فلاش لێدانیان یا دانیشتوو لە پشت مێزە گەورەکان و گەمارۆدراو لە چوارلاوە بە ئاڵاکان، بوروکراسییەکی بەرین واتە ژێر هەرەسی ئیدارە خستنی تاکەکان و بێ‌حورمەتی ئێداریی پێیان و هتد، هەرچی زۆرتر فەزای گشتی و خوسوسی تاکەکانیان داگیر کرد. تاکەکان لەو کاتەی وا کەرەسەکانی ڕاگەیاندنی وێنە وەک تەلەڤیزیۆن بەرتەسک بوون، مەجبوور بوون گوێ بۆ نوتقی چەند ساعەتەی ڕێبەران و سەرکردەکان بگرن. خوێندن و فەرهەنگیش لە خزمەت گروهێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی و بە زیانی گروهە فەرهەنگییەکانی دیکەی ناو وڵات بەنەتەوەیی یا بەفەرمی کران. خەمخۆری ئەو دەولەتانە بۆ پرسی ژنان زۆرتر بۆ ئەوە بوو پیشانی بدەن کە قیتاری 'پێشکەوتن' لە سەر ڕیگائاسنی دیاریکراوی خۆیەتی یا بۆ پیشاندانی ڕواڵەتێکی 'ڕۆژاوایی' وڵاتەکەیان بەکار دەهێنرا. بە کورتی ئەو دەوڵەتانە مۆدێلێکی ئابووری-کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و تێکنۆلۆژییانەی نوێسازی خستە ڕوو کە ورە و تین‌ و تەوژمی خۆیان لە تیۆرییەکانی نوێسازی و گەشە وەردەگرت کە بە دوای جەنگی جیهانی دووهەم و بۆ 'پێشخستنی' وڵاتانی ئاسیایی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریقایی بوونە باو.
بە کورتی، ئەو مۆدێلە پێشوە بریتی بوو لە سیستەمێکی سیاسی کە ئامانجەکانی لە نەتەوەگەرێتییەکی 'سکولار' دەردەکێشا  کە خزمەتی تاقە گرووهێکی کۆمەڵایەتی یا قەومی/نەتەوەیی دەکرد. لە باری ئابوری-کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە، ئەو سیستەمە ئیدارەی نوێسازییەکی دەکرد کە بناغەکانی لە سەر (جۆرێکی تایبەت یا خوێندنەوەیەکی تایبەتی) مۆدێڵەکانی ئورووپا و ئامریکای ڕۆژاوا دادەمەزرا. سەردەمی هاوچەرخ دوو ڕێگای بنەڕەتی بۆ بەهاوچەرخ‌کردن و بەهاوچەرخ‌بوون خستە ڕوو. یەکەم، بەهاوچەرخ کردن لە ڕێگای عەقڵانییەت و زانستەوە. دووهەم، کە پەیوەندی بە بابەتەکەی ئێمەوە هەیە، بەهاوچەرخ‌کردنێکی کۆمەڵناسانە لە ڕێگای بەرنامە ئابوری-کۆمەڵایەتییەکان. ئەگەر تیشکێک بخەینە سەر لایەنی دووهەم، زۆر هۆکاری وەک بەپیشەیی‌کردن، شارسازی، گەشەی بواری تەندرووستی، بە‌سکولار (بەعیلمانی) کردنی کۆمەڵگا، خوێندنی هاوچەرخ، حکوومەتی ناوەندگرا و بەسیاسی‌کردنی کۆمەڵگاکان، لەو هۆکارانە بوون کە ڕوانینی کۆمەڵناسانە وەک مەرجی بەهاوچەرخ‌بوون پێناسەی کردن. دیارە ڕەخنە لەو ڕوانینە بەو مانا نییە کە ئەو جۆرە هۆکارانە بە هیچ بگرین. بەڵام گرفتەکە پەیوەندی نێوان ئەو هۆکارانە و چۆنییەتی جێخستنیان لە کۆمەڵگاکانی وەک عێراق و ئێران بوو کە لە باری فەرهەنگی و مێژووییەوە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژاوایی گەلێک جیاواز و تایبەتمەندی خۆیان هەبوو. چاوپۆشین لە پەیوەندی نێوان هۆکارەکان، نەخوێندنەوەی ئاکامەکان و ئەو جیاوازییە لە نێوان کۆمەڵگاکانی جیهانی خاڵی لاواز یا کەموکوڕی بنەڕەتیی تیۆرییەکانی نوێسازی و گەشەیان پێک دەهێنا. ئەوە ڕووداوێکی بەهەڵکەوت یا تەنها پێناسەی وڵاتانی بە 'ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست' ناوزڕکراو نییە کە ئەو ناوچە بوە شاهیدی دەسەڵاتی یەک لە دوای یەکی دیکتاتۆرەکان. بەهاوچەرخ‌کردنی خێرا پێویستی بە دەسەڵاتی سەرکوتگەر هەیە تا دەنگی ناڕەزایەتی و بەدیلەکان خەفە بکات؛ حکومەتی ناوەندگەرا و سەرکوتگەر پێویست کرا تا بەرژەوەندی لایەنێک لە دژی لایەنێکی دیکە بپارێزرێت؛ ئەو بیرۆکە جێ کەوت کە پیشەیی کردنی کۆمەڵگا و گەشەی میدیا دەتوانێت بەجۆرێکی ئۆتۆماتیک کۆمەڵگا 'سکولار' بکات و دین (کە نەک وەک دیاردەیەکی فەرهەنگی یا شێوەی ژیانی خەڵک بەڵام وەک خورافات و دواکەوتویی پێناسە دەکرا) لە کۆمەڵگا و ڕەوتی مێژوودا بسڕێتەوە (کەچی کاتێک دەسەڵاتدارن کەوتنە تەنگانەوە، اللە و اکبر یان لە ئاڵاکان دا یا خۆیان وەک سێبەری خوا لە سەر زەوی بەخەڵک دەناساند)؛ ئەو جۆرە حکومەتانە دووڕووییان کردە پیشە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە لەخوارەوە هەوڵیان بۆ چاکسازیی و پێشخستنی کۆمەڵگا دەدا، سەرکوت دەکرد (هەر وەک چۆن ئاتاتورک و ڕەزا شا بزووتنەوەی ژنانیان لە خوارەوە سەرکوت یا بەرتەسک کرد)، و لە پەیوەندی نێونەتەوییشدا تەنها قازانجی دەسەڵاتی سیاسییان لە پێش چاو دەگرت. ئەم شیکردنەوە دەتوانێت تیشک بخاتە سەر ئەو مۆدێلەی نوێسازیی کە لەم وتارەدا ئاماژەی پێ دەکرێ.

کەوابوو، کاتێک کە نۆبەی کورد هات دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت، حکومەتی هەرێم ئەو مۆدێلانەی پیشووی نوێسازی بە میرات برد و بۆی گرینگ نەبوو ئاوڕێک بۆ دەسکەوتی بوارەکانی توێژینە وەک بواری ئابووریی-سیاسی لەو بارەوە بداتەوە تا بەرنامە یا ئامانجێک بۆ مۆدێلی نوێ ڕەچاو بکات کە هەمەبەرهەمی ئابووریش (واتە نەک پشت‌بەستن بە یەک بەرهەمی نەوت) بەشێکی گرینگی ئەو بەرنامە بگرێتە خۆ. لە باری کۆمەڵایەتی-ئابوورییەوە، نوێسازیی بەمیرات‌گەیشتو لە هەرێم بە ڕادەیەکی زۆر سەرنجی ڕێگا و بان و نوێسازییەکی تێکنۆلۆژییانە بوو. ئەو نوێسازییە بەخێرایی بوە خاوەن ئەم پێناسانە: بەرزبوونەوەی حەزی گشتی بۆ تێکنۆلۆژی بەڵام دا بەزینی فەرهەنگ و خوێندنەوە؛ شارسازییەکی ڕەها؛ ئابوورییەکی ناوخۆیی پشت‌گوێ خراو و زەرەر‌لێکەوتوو لە ئاکامی هاوردەی کالا سەرەتاییەکان لە تورکیا و ئێرانەوە بێ ئەوەی لێهاتوویی هەناردە گەشە پێ بدرێت؛ گەورەبوونەوەی بۆشایی داهات لە ڕێگای دەوڵەمەندکردنی بەرچاوی توێژێکی کۆمەڵگا؛ دابەزانی ئاستی بواری خوێندن و فەرهەنگ و ژیانی سیاسیی کۆمەڵگا. لە ئاکامی ئەمەدا و لە لایەکی دیکەوە، بەشداری سیاسیی خەڵک لە ڕەوتی گۆڕانی ئابووریی و کۆمەڵایەتی هەرچی زیاتر بەرتەسک کرایەوە، ڕەخنە لە ڕێگای بەکارهێنانی زەبروزەنگەوە جواب دەدرایەوە، ئۆتۆمۆبیلەکان بوونە فۆربایفۆڕ وفلاشەکانیان ڕەنگاوڕەنگتر بوون و ئاڵای سەر مێزەکانیش زلتر، کەسانی پاس‌کۆنترۆل لە تەیارەخانە (نیشانەیەکی 'سەربەخۆیی') و لە ئاسایشەکان هەرچی زۆرتر ڕەزاگران و بەشکوگومان‌تر بوون. ئەوە ئەرکێکی زەحمەت نەبوو کە ئەو جۆرە عەیبانە زووتریش ببینرێن. چاڵەکانی بەردەم پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوە و ئاکامە خراپەکانی بڕیارە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان لە 'ئێستا کچێک نیشتمانمە' بە زەقی ڕەنگ دەدەنەوە. لەوێدا بێکەس ئێمە دەباتە سەردەمی دوا-نیشتمان یا وەک فرانز فانۆن دەڵێت سەردەمێک کە چاڵەکانی بەردەم وشیاریی نەتەوایەتیی و پێکهێنانی دەوڵەتی خۆ لە بەر پێمان خۆیان دەردەخەن. بێکەس ڕەخنەیەکی توند بەرامبەر ڕەوتی نوێسازییەکی پیاوانە دەکاتەوە کە تێیدا فەرهەنگ و ئەدەبیات بێ‌نرخ کراون و مادییات بوونەتە هەموو شتێک؛ 'شۆڕشگێڕانی پێشوو لە یونیفۆڕمی نەوت‌دا دەردەکەون و لە گەڵ ژنی دووهەم و سێهەمییان لە پارکی ئازادی پیاسە ئەکەن'. بێکەس 'نیشتمانی سمێل'ی لە بەرامبەر نیشتمانی کچێک دانا کە بە تاک و بێ پەنا کەوتوەتەوە لە ململانێێ لە دژی فەرهەنگێکی پیاوانە و نیهاد و پێکهاتە سەرکوتگەرەکانی کۆمەڵگا. بۆشایی توێژینەوە لە ڕەوتی نوێسازی لە هەرێم خالێکی زەقە لە بواری توێژینەوەی کوردیی بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات کە زۆرتر بە خەمی تورکیا و نەک ناوچەکانی دیکەی کوردستانەوەیە.
ڕووخانی سەدام حوسەین لە ساڵی ٢٠٠٣ ئاسۆیەکی خستە بەردەم خەڵکی کورد لە عێراق. حکومەتی هەرێم ڕەوتێکی دەست پێ کرد کە لانیکەم ساڵەکانی یەکەمی بە سەقامگیریی و پێشکەوتنی بوارەکان پێناسە دەکرا. لە کردەوەدا و بە پشت‌گیریی چاڵە نەوتەکان و بودجەیەکی زەبەلاح، حکومەتی هەرێم بەرەو سەربەخۆییەکی سیاسی لانیکەم لە کرداردا دەچوو. ڕەوتی گۆڕانکاریی لە هەرێم بەلام هەرچی زۆرتر بە پێکهێنانی ڕێگا و بان، ڕەوتێکی تێکنۆلۆژییانە تا کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و زلکردنەوەی بەشی حکوومی لە ڕێگای دامەزراندنی خەڵکەوە پێناسە دەکرا (زلکردنەوەی بەشی حکوومی و ڕژاندنی پارە هەمان هەڵەی سەرکردەکانی میسر پیش بەهاری عەرەبی بوو کە لەکاتی قەیراندا ئیتر پارەیان لانیکەم بۆ خەڵک بەدەستەوە نەمابوو). لانیکەم تا ٢٠١٠، وا هەست دەکرا کە ئازارەکانی پێشوو دەسکەوتی خۆیان داوەتەوە، کە ئەنفال و بۆمبارانی کیمیایی و ئیستێخبارات و هەژاریی و پلەی دووهەمی شارۆمەندی دیاردەکانی پێشوون؛ لە بەرامبەردا تەنها دواڕۆژێکی پر لە بەختەوەریی و کامەرانی بەدی دەکرا. ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچکردوەکانی ئورووپا گەڕانەوە و ژمارەیەکی زۆرتریش بەو هیوایە لە گەڵ منداڵ و هاسەرکانیان بەرنامەیان بۆ دواڕۆژیان دادەڕێژیی. دەیان کۆمپانیای نێودەوڵەتی ڕوویان کردە هەرێم و ئەو ناوچە بوە جێگای دەیان ڕێکخراوی نێونەتەوەیی دیکە کە لە ڕێگای یارمەتی ماددی و کارمەندەکانیانەوە هەوڵیان داوە ڕەوتی چاکسازییەکان هەموارتر بکەن.
دەبێ ئەو ڕاستییە بسەلمێنرێت کە کۆمەڵگای کوردەواری لە هەرێم تایبەتمەندییەکانی خۆی هەیە. بە پێچەوانەی کۆمەڵگای کورد لە ئێران، خاوەن پێکهاتێکی عەشیرەییە و وەک زۆربەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان،سیاسەت لە هەرێم‌دا بە مێژووێکی چەکدارانە و خوێناویی و پڕ لە توندوتیژیی قەوارەی گرتوە. تورکیا و ئێران هەروەها لە ڕێگای حیزبە سەرەکییەکانەوە دەورێکی زۆر دەگێڕن. هەرێم بەشێکی عێراقی فیدراڵە و هەر هەوڵێک بۆ سەربەخۆیی بەخێرایی لەبەرامبەر حەرەشە و گوڕەشەی دەوڵەتانی هاوسێدا خۆی دەبینێتەوە. بێ‌گومان وەها هەلومەرجێکی دژوار ئاستێکی یەکجار بەرزی وشیاریی و لێهاتوویی سیاسی پێویستە. حکومەتی هەرێم بە ڕادەیەکی زۆر داییمە لەم بابەتەوە بەپێچەوانەکەی پیشان داوە. ئەم ئیدیعایە دەتوانین بەم جۆرە بسەلمێنین کە حکومەت بوەتە نیهادێک بۆ بەرهەمهێنانی قەیران نەک چارەسەرکردنی قەیرانەکان. ئەمە بە باشی لە سەروبەندی هێرشی داعەش بۆ عێراقدا خۆی دەرخست. ئەو هێرشە هەلی زۆری بۆ هەرێم خۆلقاند تا دەسەڵاتی ناوچەیی خۆی پەرە پێ بدات. لە کاتێکدا کە حکومەتی ناوەندی بەرامبەر گرفتێکی گەورە ببوەوە و هێزەکان بەشێوەیەکی خراپ موسڵیان بەجێهێشت، هێزەکانی کورد بە سەربەرزییەوە لە ڕووی تەلویزیۆنەکانی بە پانتایی جیهان دەردەکەوتن و ڕێزێکی زۆریان بۆ خەڵکی کورد بەدیاری هێنا. وا هاتە پێش چاو کە کاتی سەربەخۆیی ئاشکرا و بەفەرمیش هاتوە و کۆمەڵگای نێونەتەوەییش پشتگری دەکات. کەچی گشت‌پرسییەکی سێپتامبری ٢٠١٧ خۆشباوەڕیی سیاسی نەک ژیریی و وشیاریی سیاسی دەرخست ئەویش لە کاتێکدا کە زۆر لایەن و کەسایەتی هوشداریان دا کە ئەو هەوڵە زۆرتر قازانجی لایەنێکی سیاسی مەبەستە. دلخۆش‌کردن بە تورکیا و بە کەسی وەک ترامپ نیشانەیەکی دیکەی وەها خۆشباوەڕییەکی سیاسی بوون. دیارە زۆر لایەن ڕەخنەیان لە بەڕێوەبردنی وەها گشت‌پرسییەک گرت بەلام ناچاربوون پشتی بکەون تا لە لایەن فاڵانژەکانەوە وەک دژی کورد نەناسرێن. زۆرێک لە توێژەران و چالاکوانانی کوردی بەشەکانی دیکە کوردستان کە لە دەرەوە دەژیان لە ڕێگای تۆماری ئیمزاکراوە پشتیوانی خۆیان ڕاگەیاند و لەو خۆشباوەڕییە سیاسییەدا خۆیان شەریک کرد. بەدوای گشت‌پرسییەکە، دەسەڵاتی هەرێم لە زۆرێک لە ناوچەکان سڕایەوە و کەرکوکیش بوە موسڵ بۆ کورد؛ تەیارەخانەکان داخران و حکومەت بوە سێبەرەکەی پێشووی خۆی. بۆیە حکومەت ئێستا نابێ گلەیی لەوە بکات کە ڕێزی لای خەڵک ئەوەندە دابەزیوە. لە ئاکامدا، حکومەت و هەرێم خۆیان لە قەیرانێکی گەورەتردا بینییەوە و دووبەرەکایەتییەکانیش زیادیان کرد. لە هەمان کاتدا ناڕەزایەتی گشتی و خۆپیشاندان و مانگرتنەکان پەرەیان سەند و توندوتیژییشیان لێ کەوتەوە. لە بەرامبەر هەموو ئەمەدا کەچی حکومەت سەرکوتگەرتر بوەتەوە نەک هێمن‌تر. بۆ وێنە بە پێی ڕاپۆڕتەکانی سەندیکای ڕۆژنامەوانان ، بەرتەسک‌کردنەوەی ئازادی دەربڕینی بیروباوەر زۆرتر بووە، شێوەکانی کاراتری کۆنتڕۆڵی میدیا بەکار دەگیرێن، ڕۆژنامەوانان دەسبەسەر دەکرێن و دەکوژرێن، خۆپیشاندەران بەرگوللە دەدرێن، هەموو ئەمانە لە کاتێکدا کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە ناڕەزایەتی گشتی خۆیان غافڵ کردوە و خەتای بارودۆخەکەیان خستوەتە سەرشان حکومەتی ناوەندی. پەتای کۆوید-١٩ دیاردەیەکی کوتوپڕی دیکە بۆ حکومەتی نەک زۆر تازە بەڵکو تەمەن‌ سی‌ساڵەی خاوەن سەرچاوەی لێشاویی ماددی و ئابووریی لانیکەم لە ٢٠٠٣ بەملاوە بوو. (کەسێکی وەک ڕەزا شای ئێران لە ساڵەکانی ١٩٢٠دا تەنها دەیتوانی خەون بەو جۆرە ئاستە لە سەرچاوەکانەوە ببینێت). پەتاکە قەیرانی ئابووریی و سیاسیی قووڵتر کردەوە.
خۆپیشاندانەکانی ئەم ڕۆژانە لووتکەی قەیرانی ئابووری و سیاسی حکومەتێکە کە هەرچی زۆرتر لاسار و نەساز و بەرهەڵستی گۆڕانکاریی و چاکسازییە. لە بەر ئەمەیە کە کەسانێک لە خەڵک ئاوات بۆ سەردەمی سەددام دەخوازن و حکومەتدارانی ئەمڕۆ لە گەڵ ئەو و قەزافی بەراوەرد دەکەن، ئەمە لە ڕاستید خاڵێک نییە لە خۆڕا سەری هەڵدابێت. ئێمە دەزانین کە وێناکردنی ئێستای هەرێم و سەردەمی سەددام هەڵەیە و لە گەڵ ڕاستی نایێتەوە. بەڵام ئێمە چۆن دەتوانین ئەو حەزە نابەجێیە بۆ ڕابردوویەکی یەکجار دڕندە و نائینسانی بخوێنینەوە؟ ئەمە ڕێک ئەو جێگایە کە وشیاری مێژوویی و بیری گشتی کۆمەڵگا لە بەرامبەر یەکتردا خۆیان دەبیننەوە. بیری گشتی بەتایبەت وا لە جیلی نوێ دەکات کە ئارەزوو بۆ چوارچێوەی سیاسی پێشوو بخۆن کە پێشتر شۆڕشێک یا ڕووداوێک هەڵیوەشاندوەتەوە. (ئەمە لە ئێرانیش وایە ئەگەرچی ڕادەیەک ڕاستی تێدایە). سەرەڕای ئەمە ڕژیمێکی یەکجار دڕندەتر (وەک ئێستای ئێڕان) و حکومەتێک کە بۆ گەندەڵی ڕخنەی لە سەرە (وەک ئەوەی هەرێم) هاندەری خەڵکە بۆ ئەوەی ڕێگاچارە یا بەدیل بۆ دواڕۆژ لە ڕابردوودا ببینێتەوە. بیری گشتیمان لەوانەیە یارمەتیمان بکات لەم بوارەدا بەڵام ئەمە بە زیانی وشیاری مێژووییمان ئەشکێتەوە.

کەوابوو، خوێندنەوەی مێژوویی ڕەوتی پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوە لە هەرێم ئێمە بەرەو ئەو خاڵە دەبات کە جەخت بخەینە سەر دوو خاڵی گرینگ. یەکەم، زەقکردنەوەی ڕەوتەکانی پێکهێنانی دەوڵەت‌نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژایی سەدەی بیستەم بەتەواوەتی خوێندنەوەیەکی جیاوازە لەوەی کە بۆچوونی ڕۆژهەڵاتناسییانە و زاتگەرایی دەیخەنە بەردەممان. بۆچوونی ڕۆژهەڵاتناسییانە هێشتا تێگەیشتنی خەڵک سەبارەت بە قەیرانەکانی ناوچەکە، شەڕ و ئاڵۆزییەکان بە پانتایی ناوچەکە بە گشتی و لە عێراق و سوریا بە تایبەتی درێژە پێ دەدات. ئەو بۆچوونە خاڵێکی هاوبەشی گەڵیک بیروباوەڕی جیاوازە لە ڕاستەوە تا چەپ کە بۆ خوێندنەوەی ئەمرۆ حەزیان لێیە چەندین و چەندین سەدە بچنە دواوە و خەتاکاری ئەم دۆخە لە دین و فەرهەنگ و داب و نەریتێکی کۆندا بدۆزنەوە، واتە خەڵک خۆیان خەتابار دەکەن. دیارە ئەو مێژووە دوورە و ئاکامەکانی کاریگەری خۆیان هەیە. سەرەڕای ئەمە، ئەو ڕاستییەی کە نیشانەکان و نەک مۆدێلەکە یا سیندرۆمەکە خۆی دراوەتە بەر هێرش، دەبێ ئاماژە بێت بەوەی کە پێویستمان بە خوێندنەوەی چڕوپڕ و قووڵتری ڕابردوویەکی نزیکتر هەیە تا بە پشتیوانی دەسکەوتەکانی بواری جۆربەجۆری توێژینەوە بتوانرێت مۆدێلەکانی پێشو کە بۆ حکومەتی هەرێم بە میرات گەیشت بدرێنە بەر ڕەخنە.
دووهەم خال بریتییە لە پرسی بەدیل و چارەسەر. ڕەخنەی مۆدێلەکانی پێشووی نەتەوەگەرێتی 'سکولار' ئێمە تووشی هەڵەی پێش‌بینی و نوسخەپێچانەوە بۆ دواڕۆژ ناکات بەڵکوو وشیاریی سیاسی و ئێداریی و مێژووییمان بەرز دەکاتەوە و لە ململانێ لە گەڵ قەیرانەکان لێهاتووترمان دەکات. ئەو ڕەخنە دەبێ پیشانمان بدات کە بەڕێوەبردنی کاریگەری ئابووریی و کۆمەڵگا دەکرێ، ئەویش لە ڕێگای بەدیمۆکراتیک‌کردنی کۆمەڵگا و حکومەتەوە. لایەنێکی گرینگی ڕەوتی پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی لە هەرێم هەبوونی بەدیلی جۆربەجۆر بوە کە بۆ وێنە لە هەوڵی ئازایانەی بوارەکانی ڕۆژنامەوانی و ئەدەبی و ڕووناکبیری‌دا داییمە ڕەنگی داوەتەوە. هاوکات دەبێ ئاماژەش بکرێت بە گەلێک سەرچاوەی میدیایی وەک ئێسگەکانی تی‌ڤی‌ و ڕادیۆ، ماڵپەڕەکان و گەڵیک ڕۆژنامە و گۆڤار  کە تێکرا بۆ پاراستنی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ لە هەرێم یەکجار بەبایەخ بوون.   ئەمانە هەمووی لابەن چی لە ئازادی و دێمۆکراسی لە هەرێمدا دەمێنێتەوە؟ ئەمە هەروەها ئەو بزووتنەوانە لە خوارەوە دەگرێتەوە کە هەوڵیان داوە جوابی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بدەنەوە. زۆرێک ڕێکخراوی نێونەتەویی ماڤی مرۆڤ و تاکی ڕۆژنامەوان کات و ژیانی خۆیان بۆ باشترکردنی کۆمەڵگای کورد لە هەرێم تەرخان کردوە. حکومەتی هەرێم بەردەوام فشاری چالاکییەکانی هەموو ئەمانەی سەرەوەی لە سەر بوە. بە درێژایی ساڵەکانی ڕابردوو، خەڵک هەزاران کەس ئاوارەی شەڕی لە باوەش گرتوە و فشاریان لە سەر حکومەت بوە بۆ ئەوەی دەورێکی چالاکتر لە شەڕ لە گەڵ داعەش بگێڕێت. بەهەمان ڕادە گرینگ دەیان پارلەمانتار هەن کە کەموکوڕیی و هەڵە سیاسیی و داراییەکانیان لە قاو داوە و بیرۆکەی پاڕلەمانیان ڕاگرتوە. بە کورتی، کۆمەڵگای هەرێم بە ڕادەیەکی زۆرتر لە جاران ڕێکخراوتر و لە باری سیاسی و مێژووییەوە ئاگاترە. کەوابوو، بەدیل بۆ ئەمڕۆ بۆ بەدیهێنانی دواڕۆژێکی باشتر ئەوەتا چاوی بڕیوەتە چاومان هەر لە ئێستادا و پێویست ناکات خەم بۆ ڕابردوویەکی تاقیکراو و دڕندەتر بخۆین. بەدیلی دێمۆکراتیک دەبێ دەسەڵاتی ڕەها و سیستەمی پۆلیسی و ئاسایش کۆتایی پێ بهێنێت، دەسەڵات بگوازێتەوە بۆ پاڕلەمان و بەردەوامیی حکومەتی نوێنەرانی خەڵک زەمانەت بکات. بەدیلەکان ئیبدا‌ع ناکرێن بەڵکوو خۆیان بەشێکن لە هەمان ڕەوتی گۆڕانکاریی کۆمەڵگا. بەدیمۆکراتیک‌کردن ئەو مەجالە دەرەخسێنێت تا جوابی کاریگەرتر بۆ قەیران و گرفتەکان بدۆزرێنەوە.


نووسەر خاوەن دۆکتۆرایە لە بواری مێژوو لە زانکۆی سەینت ئاندرووسی بریتانیا. بواری توێژینەوەی پەیوەندی هەیە بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و کورد. بۆ وتارەکانی بە زمانی ئینگلیزی دەتوانن بڕواننە ئەم لینکە
https://st-andrews.academia.edu/MaroufCabi

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×