هادی عەلی [یەکگرتوو] باسی چ سەرکەوتنێکی حەماس دەکات؟

گۆران هەلەبجەیی
  2021-05-24     553
پاش ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس ،ڕەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان بەتایبەت یەکگرتوو کەوتنە خۆیان و ئەم ئاگربەستەیان بە سەرکەوتنی حەماس پێناس کرد ، ئەوەتا هادی عەلی ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو  دەڵێت حەماس سەرکەوت بەسەر ئیسرائیلدا  و ئەمەش بە سەرکەوتنی موسوڵمانانی جیهان هەژماردەکرێت.
سەرکەوتن یا شکستی ،لە مەیدانی جەنگدا دەخەمڵێنرێت،نەک بە قسەی ئەم وئەو.
واتە بردنەوەی جەنگ  بە دەسکەوتی مەیدانی دەپێورێت و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیار دەدرێت چ لایەنێک براوەیە.
لە جەنگدا دوو جۆر دەستکەوت هەیە،یەک دەسکەوتی جوگرافی ،واتە داگیرکردنی پانتایی زەوی،کەدەشێت گوندو باژێریش بگرێتەوە،ئەمەش لەحاڵەتێکدا ڕوودەدات کە دوو هێز یا دووسوپا بەرامبەر بەیەکتر لەجەنگی بەرەیدابن.
جۆری دووەم جەنگی ڕاکێت و فڕۆکەو تۆپی دوورهاوێژە ،کە ئەمەی نێوان حەمەس و ئیسرائیل ئەم شێوەیان بوو.
دەسکەوت یا سەرکەوتنی ئەم جەنگەش بە شکستپێهێان و زیانی ماڵی و ئابوری و کۆمەڵایەتی مەزەنەدەکرێت.
جا بۆ نزیکبوونەوە لە دیاری کردنی دۆڕاو یا براوە، داتا و وێنەو لێدوانی کەسان و لایەنەکانی نێو یا نزیک جەنگەکە باشترین بەڵگەن ،بۆیە منیش هەوڵەدەم بەداتا زیانەکانی هەردوولا بخەمەڕوو ، کە لە چەند سەرچاوەیەکی پەیوەندیدار بە جەنگەکەوە وەرمگرتوون ،ئەوجا خۆتان حکوم بدەن.
سەرچاوەکان هەمەجۆرەن وەک وەزارەتی تەندرووستی غەزە،وەزارەتی نیشتەجێکردنی سەر بەحەماس،ڕێکخراوی{ئۆنروا} سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان ، ڕۆژنامەنووسانی نیشتەجێی غەزە و چەندین ڕێکخراوی مرۆیی. 
ئەولایەنانە بەم جۆرەیە زیانەکانیان مەزەنەکردووە:
+ 232کەس کوژراو و 1910 بریندار
+ 150ملیۆن دۆلار زیانی مادی 
+ 75000 فەلەستینی بێ لانەبوون
+ 40 ملیۆن دۆلار  زیانی کەرتی پیشەسازی
+22 ملیۆن دۆلار زیانی کەرتی وزە
+ 27ملیۆن دۆلار زیانی کەرتی کشتوکاڵی،داڕمانی 490 دامەزراوەی کشتوکاڵی و ئاژەڵی.
+75 نووسینگەو بارەگای حکومی دامەزراوەی گشتی ڕوخاو یا زیانی گەورەیان بەرکەوتوە.
+68 خوێندنگاو بنکەی تەندرووستی وێران بوون.
+تۆڕەکانی ئاوەڕۆ  پێویستیان بە درووستکردنەوە هەیە.
+3 مزگەوت و کلیسایەک تەختبوونیان لەگەڵ زەوی و 40مزگەوتی دیکەش زیانیان بەرکەوتوە.
+ 300 دامەزراوەی ئابوری ،پیشەسازی ،بازرگانی بۆنمونە  داڕمانی 7کارگە، 60 بنکەو شوێنی گەشتیاری،31 محاویلەی کارەبایی ،پچڕانی 9 هێڵی وزەی سەرەکی.
+545 سەیارەو ئامرازی گواستنەوە
+ 1041خانوو داڕمان بەتەواوەتی
+768 خانووی گەورە و بینا زیانیان بەرکەوتوە
+15000یەکەی نیشتەجێ بوون بەجۆرێک زیانیان بەرکەوتوە کە بەکەڵکی نیشتەجێبوون نایەن.
+300 ساروخ نەتەقیونەتەوەو مەترسین بۆسەر خەڵک.
+800000 خەڵک بێبەش بوون لە ئاوی خواردنەوە.
+ پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن بۆ ئەمساڵ  بەهۆی داڕمان یا بەرکەوتنی زیان بە خوێندنگاکان.
+ ئەزمەی کەمبوونەوەی شمەک و خۆراک
وێرای زیانی مرۆیی و ئابوری زیانی دەروونیش کاریگەری سەلبی لەسەر دەروونی زۆرێک لە خەڵکی غەزە کردوە، کە ئەستەمە ئاسەوارەکانی بە ئاسانی سارێژ بکرێن ،بەتایبەتی منداڵان کە بۆ ماوەی [11] ڕۆژ لە نێوترس و دڵەڕاوکێدا ژیاون.
گەر لێکدانەوەیەکی سەرپێیی بۆ دۆخی دوای وەستانی جەنگ بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە ئەستەمە غەزەییەکان بتوانن وەک پێشتر درێژە بە ژیان بدەن ،چ لەڕووی ئابوری چ لەڕووی کۆمەڵایەتی و دەرونیەوە.
خۆگەر باس لە بوونیاتنانەوە بکرێت ئەوە زۆر دوورەدەستەو بەدیهاتنی ئەستەمە،بەتایبەت دەمێک حەماس دەخوازێت هاوکاریەکان بگات بەخۆیان و خۆیان تەسەڕوفی پێوەبکەن،لەبەرامبەردا هاوکاران ناخوازن بەو جۆرە بێت ،بەڵکو دەخوازن لەڕێگەی دەسەڵاتی فەلەستین لە بەرەی ڕۆژئاوا یا نەتەوەیەکگرتوەکانەوە پرۆسەکە بەڕێوە بچێت.

بابزانین زیانەکانی ئیسرائیل چیبوون؟
+ 12 کوژراو  و 335 بریندار
+زیانی ئابوری 166 ملیۆن دۆلار
+ داڕمانی چەند بیناو دوکانێک  و چەند بینایەکیش زیانیان بەرکەوتوە.
 هەر پاش وەستانی جەنگ بە دووڕۆژ ژیان لە ئیسرائیل ئاسایی بوویەوە،بە پێچەوانەی غەزەوە کە ئەستەمە تا چەندساڵێکی تر بکەوێتەوە سەرپێی خۆی.
بۆئەوەی ئیخوانیەکانی کوردستان و هەودارانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بەدحاڵ نەبن و  بەهەوداری ئیسرائیل لێم تێنەگەن، دەڵێم نەفرەت لە هەردوولای جەنگ،هەردوو بریتین لە دوو هێزی ڕاستڕەو و تاسەر ئێسقان دواکەوتوو و دژە ئینسانیەت .ئەوەی ڕوونە حەماس بەفیت و پلانی پاسداران دەجولێتەوە ،ئەوەی لەبەرچاوەی دەگرێت  جێبەجیکردنی ئەجندەو فەرمانەکانی ئێرانە.ناتانیاهۆی شەڕانگیزیش دەخوازێت هێزە ئاینیە تووندڕەوەکانی جولەکە لەخۆی رازی بکات تا لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا پشتگیری بکەن.
پێدەچێت پێناسەکردنی شکستی بەسەرکەوتن ،نەخۆشیەکی ڕۆژهەڵاتیبێت ،لەم ڕووەوە نمونە زۆرە ،بەڵام تەنها ڕژێمە فاشیە کەوتوەکەی سەدام بەنمونە دەهێنمەوە ، کە شکستی لە دووجەنگدا  بە سەرکەوتن لەقەڵەمدا ،ئەویش جەنگی عێراق - ئێران و جەنگی کوێت بوو.
نەفرەت لە جەنگ و لە هەڵگیرسێنەرانی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×