بۆچی ئەنجومەنی باڵای فەتواو یەکێتی زانایان دژی بایکۆتن؟

گۆران هەلەبجەیی
  2019-11-24     961
پاش لەشکرکێشیەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، کە ئاکامەکەی  وێرانکاریی‌و  کوشتن‌و داگیرکردن‌و ئاوارەو سەرگەردان بوونی پتر لە [٣٠٠] ھەزار خەڵک بوو، جیھان ھەمووی ھاتە دەنگ، شەقامەکانی زۆربەی  باژێڕەکانی جیھان  پڕبون لەمرۆڤدۆستان‌و پرۆتەستی ڕژێمەکەی ئەردۆغانیان کردو  پشتگیری خۆیان بۆ خەباتی کوردانی ڕۆژئاوا دەربڕی. ھاوکات ئەردۆغانیان وەک تەرۆریست، داگیرکەر، کوردکوژ پێناسە کرد. کوردانیش لەھەموو جیھان ڕابون‌و ڕێپێوان‌و چالاکیەکانیان بونە جگەی سەرنجی جیھان.

ھەر لەم سەروبەندەدا زۆرێک لە کوردە دڵسۆزەکان  لە باشوور  و ھەندەران ،شێوازێکی نوێی تێکۆشانیان دۆزیەوە کە ھەم شارساتنی و ھەمیش کاریگەر، ئەویش بایکۆتی شمەک و کاڵای تورکی و سەفەرنەکردنە بۆ تورکیا.

 ئەم بیرۆکەیە زۆر بەخێرایی چووە بواری جێبەجێکردنەوە ،چەندین گرووپ لە باژێڕەکانی باشوور و ھەندەران  پەیدابوون کە دانەیەکیان پتر لە ٣٠٠ ھەزار ئەندامی ھەیە لە فەیسبووک .شایانی ئاماژەیە ئەم گرووپانە  زۆر پرۆفیشیۆناڵانە کاردەکەن.

تەنانەت کاریگەری ئەم ھەلمەتە پەڕیەوە بۆ کوردانی ڕۆژھەڵات و ئەوانیش دەستیان بەم کارە پیرۆزە کرد. لە باژێڕەکانی باشوور گەنجانی سەر بەم گرووپانە بە جۆرەھا چالاکی برەویان بەم ھەڵمەتەداو  کاراکتەری کارابوون بۆ بڵاوکردنەوەی.

لەگەڵ ھەوڵ و پڕوپاگەندەی  ھەندێک کەنالی نزیک لە دەسەڵات و بڕێک لە مەلاکان بۆ بەکەم سەیرکردنی  ئەم کارەو بێ  بەھا  کردنی کاریگەریەکانی ،لێ بەپێی  بۆچوونی خەڵکان و ھەندێک لە ئامارەکان، ئەم ھەڵمەتە کاریگەری خۆی لەسەر ئابووری تورکیا جێھێشتووە.

بەجۆرێک باڵوێزی تورکیا لە عێڕاق ھاتە ھەریم بۆ وەستاندنی ئەو ھەڵمەتە.بەڵام دەرکەت ھیچی پێ نەکرا چونکە ئەوە بڕیاری خەڵک بوو نەک  حیزب و دەسەڵات.

ئا لەم کاتەدا ھەموو چاوەڕێ بووین کە توێژێکی ئاینی نێو کۆمەڵگا کە بریتیە لە مەلاو بانگخوازەکان بێنە ژێر دەورای ئەم کارە پیرۆزەو  ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و خەڵکی ئیماندار ھانبدەن بۆ ھاتنە نێو ئەم پرۆسەیە، بەڵام بەداخەوە نەک ھەر ئەوەیان نەکرد بەڵکو بە سلبیانەش دەیانڕوانیە ئەو کارە و لە ڕێگەی میدیاکان و سۆشیال میدیاوە بە بۆچونە ھەڵەو نالۆژیکەکانیان ھەوڵی ساردکردنەوەی خەلکیان دەدا. ناکرێ ھەڵوێستی ھەندێک لەمەلاو بانگخواز نادیدە بکەین کە بەداخەوە ژمارەیان کەمە بەڵام ھەڵوێستیان جوامێرانە بوو  چ لە  پرۆتەست  کردنی رژێمی تورکیا وەچ لە بایکۆتدا ، کە شایەنی ستایشن.

[ یەکێتی زانایانی ئیسلام] و { لیژنەی فەتوا} ، دوو ئۆرگانانن کە  مرۆڤە ئاینیە پۆستدارەکان کۆدەکاتەوە  ،کە لە ڕاستیدا وەک  یەک ئۆرگان کاردەکەن ،بە جیاوازیەکی کەمەوە و یەک  بارەگاشیان ھەیە  لە ھەولێر . لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم دوو ئۆرگانە  ھێندە بەیاننامەو فەتوا و ڕێنماییان دەرکردوە، کە کورد واتەنی [لە تام دەرچووە]. زۆربەی ئەو فەتواو بەیاننامانە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ بووە لە  ژیانی خەڵکدا، چوونە ناو وردەکاری ژیانی ڕۆژانەی تاک و خێزان و کۆمەڵگەبووە .زۆر بەدەگمەن ڕوویداوە فەتوایەک یا بەیاننامەیەک بۆ بەرژەوەندی خاک و نیشتمان و مەسەلەیەکی نەتەوایەتی دەرکرابێت.

ھەر بە باشوورەوە نەوەستان بەڵکو مداخەلەکانیان پەڕیوە بۆ ڕۆژئاواو دژی دەرکردنی یاسا مەدەنیەکانی کانتۆنەکانی ئەوی بە بەیاننامە ژیان وەستانەوە، گوایە [دەستکاری یاساکانی خودایان کردوە]

دەمێک  بابەتی بایکۆتی کاڵا و شمەکی تورکی ھاتە ئاراوە ،خەڵکانێکی زۆر لەناوەووە ھەندەران پێوەی پەیوەست بوون.ھاوکات ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ،ھونەرمەندان،پیشەوەران، خاوەن سوپەرماکیت و دوکاندارەکان کەم  تازۆر ئەم بایکۆتەیان جێبەجێکرد.

چاوەڕێم دەکرد یەکێتی زانایانی  ئیسلامیش وەک ئەرکیکی ئاینی و نیشتمانی لەو بارەوە بەئەرکی خۆیان ھەستن و ئیمانداران ھانبدەن کە بایکۆتەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام مەخابن خۆیان لێ بێدەنگ کردو لە بەیاننامەیەکی لاواز بەولاوە کە  [نیگەرانن] لە ھیرشکاری تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا کە تێیدا  تەنھا جارێک ناوی تورکیا ھێنراوە ، ئیدی لەوە بەولاوە ھیچ ھەڵویستیکیان نەبوو.

سەیرە لیژنەکە  بۆ ڕانگرتنی سەگ لەماڵدا فەتوا دەردەکات کە وێرای ئەوەی کاری ئەوان نیە ھاوکات شتێکی لاوەکی و بێ ماناشە ،کەچی  ئەم لیژنەیە ئامادە نیە فەتوایەک ،بەیاننامەیەک بۆ پشتگیری لە مەسەکەیەکی وا گرنگی نەتەوەیی دەربکات.

بۆئەم مەبەستە بەتەلەفۆن پەیوەندیم کرد بەسەرۆکی لیژنەی فەتوا بەڕێز {دکتۆر حەسەن موفتی} و سەرۆکی یەکیتی زانایانی ئیسلام بەڕێز {عەبدوڵا وەیسی} ،پرساری ئەوەم کرد لێێان کە ئایا بەنیاز نین پشتگیری لەم ھەڵمەتە بکەن؟سەیر ئەوە بوو نەک ھەر لەگەڵ پشتگیریدا نەبوون ، بەڵکو بە قسەکانیاندا بۆم دەرکەوت کە دژی ئەو بایکۆتەن و بە پاساوی بێ بنەماو نالۆژیک دەیانویست وا نیشان بدەن ئەم بایکۆتە بێ بەرھەمە. بۆ نمونە ئەم بایکۆتە کاریگەری بۆ سەر  ئابووری تورکیا نابیت ، ئیمە ئەڵتەرناتیڤمان نیە، زۆربەی  خەڵک  ئیلتزامی پێوە ناکەن و ئاگاشیان لێی نیە، دووکاندار گەر کاڵای تورکی نەفرۆشێت چی بفرۆشێت و زۆر قسەی دیکە.

 ئەز ئەم ھەڵوێستە دژو  سلبیەی ئەم دوو لایەنە دوو جۆر لێکدانەوەی بۆ دەکەم،یەکەم کە بەھیزترە ئەوەیە بەھۆی ئیلتزامی ئاینیانەوە ناخوازن کاریک بکەن زیان بە ڕژێمەکەی ئەردۆغان بگەیەنن، دیارە  ئەم دیدە ئاینیە زاڵە بەسەر ھەستە نەتەوەیی و ئینسانیەکەیاندا . ئەوان ئەردۆغان بە موسوڵمانیکی پاک و دڵسۆزی ئیسلام و ئومیدی ئایندەو  و خەلیفەی موسوڵمانان دەزانن و سەرسا من بە کەسایەتیەکەی. جا بەدەر لەمانە ئەردۆغان چۆن مامەلە لەگەل کورددا دەکات، ئەوە دەکرێ چاوی لیبپۆشن، چونکە ئەو لایەنە گرنگ نیە لە کنیان..

دووەم ھۆکار نزیکی ئەم  دوو ناوەندەیە لە پارتیەوە ، بەھۆی بوونی ئۆفیسی ئەم  ئۆرگانانە لە ھەولیر دەتوانین بڵێین پارتی ھەژموونی خۆی بەسەریاندا ھەیە وھەردوولا موراعاتی یەکتر دەکەن.ھەروەھا  زۆرێک لە مەلاو بانگخوازەکان کە لە  لەزۆنی زەرددا نشتەجین ،گەر ئەندام نەبن ئەوە ھەودرای پارتین و موچەکانیان  لە ڕێگەی وەزارەتی ئەقافەوە  دەبەخشرێت کە وەزیرەکەی پارتیەو بە ڕێنمایی پارتی کاردەکات. بۆ ئەوەی بەدڵی پارتی بجوڵێنەوە، دیارە  پاریتیش لە بەرامبەردا  لە  پێدانی ئیمتیازاتدا کەمتەرخەمی ناکات.

خاڵی دووەم دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە مادام پارتی وەک حیزب ،وەک دەسەڵات لەگەڵ بایکۆتدا نیە و ناخوازێت تورکیا لەخۆی بڕەنجێنێت ،کەواتە  ئەو دوو ئۆرگانەش کۆدەکانی پارتی دەخویننەوە  و لەو ڕوەوە کاریک ناکەن کە پارتیان لێ بڕەنجێت..

بەوە کۆتایی پێدەھینم دەڵێم  ، گەر رێکخراویک یا ھەر دامەزراوەیەک  ئاکاری کارکردنی ھەرچی بێت ،سود بە گەل و نیشتمان نەگەیەنێت،لەگەڵ ئازارو مەینەتی نەتەوەکەیدا نەبێت،دەنگی ھەق دژی ناھەق و ستەم بەرزنەکاتەوە ، یاخود  خۆیان بە جۆرە کارێکەوە خەریک بکەن کە  شتی لاوەکین  و گرنگیان لە ژیانی خەڵکدا نیەو ھیچ گۆڕانکاریەکی ئیجابی درووست ناکەن ، ئەوە  نەبوونیان  لە بوونیان باشترە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×