دوبەی لەبەردەم لافاودا

گۆران هەلەبجەیی
  2021-12-17     806

دوێنێ شەو  لافاوێکی بەھێز ھەوڵێر و دەورووبەری گرتەوە کە بووە ھۆی زیانی گیانی و ماڵی.
وەک راگەیاندنەکان باسی لێوە دەکەن، تا ئێستا ١٢ کەس گیانیانلەدەستداوە و چەندین کەسیش بێسەروشوێنن، ژمارەیەک گەڕەکیش، بە تایبەتی ھەژار نشینەکان زیانێکی زۆریان بەر کەوتووە، بەجۆرێک زۆر خێزان ھیچیان بۆ دەرنەچووە و بە بەرگەکانی بەریانەوە دەربازبوون.

ئاساییە لە زۆر دەڤەری جیھان دەمێک بارانێکی زۆر و بەخوور دەبارێت دەبێتە ھۆی لافاو، ئەمەش زەرەروزیان بە دووی خۆیدا دەھێنێت، نمونەش لافاوەکەی ئەمدواییەی وڵاتی ئەڵمانیایە.

لێ جیاوازی نێوان کوردستان و وڵاتانی دیکە لەم رووەوە ئەوەیە کە وڵاتانی خاوەن بەرنامەو خزمەتگوزاری، بیریان لەو حاڵەتانە کردوەتەوە و تەدابیریان بۆ داناوە و پاش روودانیشی بەھانای زیانلێکەوتوانەوە چوون و جۆرەھا ھاوکاریان کردوون.
بەڵام لە ھەرێم دۆخەکە تەواو جیاوازە، بەوەی ھەست بە کەمتەرخەمیەکی مەزن دەکرێت لە دەستەبەرکردنی پێداویستیەکانی بەرھەڵستی زریان و لافاو، وەک تۆڕی ئاوەڕۆ و مەنھۆڵ و کەرەستەکانی پێویست بەلافاو.

لە مێژە پارتی پڕوپاگەندەی بە "دوبەی" بوونی ھەولێر دەکات، بەڵام ٣٠ ساڵە نەیتوانیوە کارێک بکات زیانەکانی لافاو کەمبکاتەوە، بەوەی تۆڕێکی تۆکمەی ئاوەڕۆ درووست بکات. ئاخر لە کوێی جیھاندا ھەبووە گەڕەک بوونیاد بنرێت و ئاوەڕۆی بۆدرووست نەکرێت یان بەچەند بۆریەکی بچووک کێشەکە چارەسەر بکەن؟

من ئەندازیارنیم، بەڵام ئەوەی دەیزانم سیستەمی خانوو درووستکردن ئەوەیە کە بەر لە درووستکردنی گەڕەک تۆڕی ئاوەڕۆ، بۆری ئاو، تۆڕی غاز و ھەندێک پێداویستی گرنگ دادەمەزرێنرێت، ئەوجا دەست دەکرێت بە درووستکردنی خانوەکان.

لەماوەی ٣٠ ساڵدا  دەسەڵاتی کوردی و بەرپرسانی باژێڕی ھەوڵێر نەیانتوانیوە، یا نەیانویستوە، کارێک بکەن لە کاتی روودانی ئەم جۆرە کارەساتانەدا  زیان روونەدات، یان ئەگەر روویدا بە کەمترین  زیان لێی دەرچن.

ئەمە یەکەم جار نیە  لە ھەولێر ئەم جۆرە لافاوانە روودەدەن، چەند مانگێک لەمەوبەر ھەمان شت روویدا، پێشتریش ساڵی ٢٠١١ لافاوێکی لەم جۆرە روویدا، دەبوو پەند و ئەزموونیان لەو رووداوە وەربگرتایە و کاریان بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی بگرتایە، بەڵام نەیانکرد، تەنانەت تا ئێستاش قەرەبووی زیان لێکەوتوانی ئەو کاتەیان نەکردوەتەوە و بوودجەکەی دزرا.

بەدوبەی کردنی ھەولێر بەدرووستکردنی مۆڵی جوان و ئەپارتمەنی چەند نھۆمی و ھۆتێلی پێنج ئەستێرەی قەشەنگ و ڤێلای مەزنی  دەستڕۆشتوان و بەرپرسە گەندەڵەکان نابێت، دیارە خاوەنداریەتی ئەو شوێنانە دەگەڕێتەوە بۆ  چینە پارەدارەکان  کە بریتین لە بەرپرسانی حیزبی. کەواتە بە ھیچ جۆرێک لەخزمەتی خەڵکی ھەژاردانین و لە پێناوی ئەوانیشدا درووست نەکراون.

بە "دوبەی" کردنی ھەولێر یا ھەر باژێڕێک بە دابینکردنی پێداویستییە گرنگەکان دەبێت، کە پەیوەندی راستەوخۆیان بەژیانی خەڵکەوەھەیە، وەک ئاوی پاکژ بۆ خواردنەوە، کارەبا، ئاوەڕۆ، مەنھۆڵ، قیرتاوی کۆڵانەکان، خزمەتگوزاری تەندرووستی، خوێندنگای ھاوچەرخ و ھەندێک پێویستی دیکە.

بەدەر لەمانە ھەر بەرپرسێکی ئەو باژێڕە باسی "بەدووبەی " کردنی ھەولێر بکات، ئەوە بێ گومان دەخوازێت خەڵک بگەوجێنێت، بەڵام ئەم لافاوە بەڕوونی دەریخست کە چیتر ناتوانن بەو درووشمە نادرووست و ناواقیعیە خەڵک لەخشتەبەرن .

لە زۆر وڵاتانی جیھاندا روویداوە کە لەدەمی کارەساتە سرووشتیەکاندا ھێزی سوپا دێنە سەرخەت و ھاوکاری لێقەوماوان دەکەن و بەمەش زیانە مادی و مەعنەویەکانیان کەم دەکەنەوە، جا شوێنی خۆیەتی بپرسم، ھێزی زرێڤانی لە کوێیە بۆنایەن بەھانای ئەو خەڵکە زیان لێکەوتووەوە؟
گەر فەرمانی تەقەیان پێ نیە دژ بەداعش، خۆ بەلای کەمەوە دەتوانن بێن دوو خاکەناز بوەشێنن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×