پرۆژەیەک لەبارەی یاسای سەلامەتی شوێنی کارەوە

کاوە کەریم
  2021-07-26     1168

دەستپێک
ڕۆژانە بەهەزارەها لە کرێکاران لە جیهاندا دەبنە قوربانی خراپی شوێنی کارو ڕۆژ نییە هەواڵی دڵتەزێنی  ڕووداوی گیان لەدەستدان کرێکاران لە شوێنی کاریاندا نەبیستین. تەنانەت  ڕۆژ نەبووە کرێکاران تووشی ڕووداوی دڵتەزێن نەبن و ئەندامێکی جەستەیان لەدەست نەدابێت، یان بەهۆی ناسەلامەتی شوێنی کارەوە تووشی چەندەها نەخۆشی نەبوبن. 
مەسەلەی سەلامەتی شوێنی کار ودارشتنی یاسایەکی تایبەت بەم مەسەلەیە، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی سەرمایەداریەوە بەشێک بووە لە خواستی ملوێنی چینی کرێکار. داخوازی بۆ باشتربوونی هەلومەرجی کاری  کرێکاران وپارێزراوبوونی ژیانیان،  مێژوویەکی درێژخایەنی هەبووە و تا ئەم سەردەمەش وەک یەکێک لەو بابەتانەی کەبۆتە جێگای کێشمەکێشی نیوان خاوەن کارو کرێکاران درێژەی هەیە.  
بێگومان مانەوەی فیزیکی کریکاران و سەلامەتی ژیانیان بەشیوەیەکی گشتی هیچ کاتێک نەبۆتە بابەتێکی جیگای سەرنج وگرێنگی پێدانی خاوەنکارو دەوڵەتان، چونکە سەرمایەداری هێندەی چاوی لەکۆکردنەوەی قازانج وزیادکردنی سەرمایەکانیانە، هێندە ژیانی ئینسانی کرێکاریان بەڵاوە مەبەست نیە، هەربۆیە بەردەوام هەوڵدەدەن خۆیان لەم بابەتە بدزنەوە. ئەوەشی لەهەندی ولاتدا مەسەلەی سەلامەتی شوێنیکار کراوە بەیاسا، وە یا لەیاسای کاردا جێگای بۆکراوەتەوە، بەرئەنجامی خەباتی چینی کرێکار خۆیانە، کە توانیویان کۆمەڵیک خواست بسەپێنن بەسەر سەرمایەداران و خاوەن کاردا و لەیاسادا جێگیری، کە تاڕادەیەک کرێکارانی پاراستووە لەمەترسیەکانی ڕووداوی نەخوازراوی شوێنی کارو ئەو نەخۆشیانەی کەبەهۆی بارخراپی هەلومەرجی کارەوە کرێکاران گیرۆدە دەکەن.  
یاسای سەلامەتی کار چەند لایەنێکی گرنگ لەخۆ دەگرێت کەڕاستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی کرێکارانەوەیە، بۆیەدەبێت بەشیوەیەکی ستاندارد و هەمەلایەنە لەلایەن خاوەن کارو کۆمپانیاکان و دەوڵەتانەوە پەیڕەوی لیبکرێت و ناچار بکرێن بەکارپیکردنی هەموو بەندەکانی وەک خۆی. لەلایەکیتروە یاسای سەلامەتی کار نابێت بەتەنها حوکمەت و پەرلەمان و دەزگا قەزاییەکان یەکلایەنە بڕیاری لێبدەن وبیکەن بەیاسای فەرمی، بەڵکو دەبێت ئەم یاسایەو هەموو بڕگەو بەند وماددەکانی بەبەشداری نوێنەرانی کرێکاران وڕیکخراوەکانی ئەوانەوە گەڵاڵەبکرێ وڕای لەسەربدرێت، چونکە ئەم یاسایە لەتەرەفێکی سەرەکیدا پەیوەندی بەژیانی کڕیکارانەوە هەیە ولەم ڕواانگەیەشەوە دەبی وەک لایەنێکی سەرەکی مافی بەشداریپێکردنیان لەنویسن وبریارلیدانی یاسەکەدا بەڕەسمی بۆ بناسرێت.  
لە کوردستان هەزاران کرێکاران بەهۆی خراپی شوێنی کارەوە تائێستا بونەتە قوربانی، لەکاتێکدا دەکراو دەتوانرا بەربەم کوشتارەی کرێکاران بگیرێت. ئەگەر دۆخی کارو ژیانی کرێکارانی کوردستان بەراورد بکەین بەزۆرێک لە وولاتانی تر، دەبینین کرێکاران سەرەڕای ئەوەی بە دەست بێکاری فراوان و کەمی کرێ و لێبڕین لەکرێکانیان و نەبوونی ئازادی ڕیکخراوبوون ودەیان موسیبەتی ترەوە دەناڵێنن،  هاوکات لەکوردستان یاسای کارێک لەئارادانییە کە پەیوەندیەکانی نیوان خاوەنکارو کرێکاران لەچوارچیوەیەکی یاساییدا بەڕەسمی بناسێنیت، بەتایبەتیش کەلەم سالانەی دواییدا کەرتی تایبەت باڵادەستی پەیداکردووە، مەسەلەی دۆخی ژیان و کاری کرێکارانی کوردستان سپێردراوە بە ڕکابەرایەتی بازاڕی کۆمپانیاکان وبڕیاری یەکلایەنەی خاوەنکارەکانەوە. لە دۆخێکیشدا شوێنی کاری کرێکاران بۆتە مەیدانێک بۆ لەناوچوون و پەکەوتەبوونی ڕۆژانەی کرێکاران وحوکمەت ووەزارەتی کاریش بەڕادەیەک دۆخەکەی بەفەرامۆشی سپاردەوە، کە هیچ کۆمپانیا وخاوەنکارێک، بەخاتری کەمکردنەوەی خەرجی وزۆرکردنی قازانجدا، گوێ نەدەن بەسەلامەتی گیانی وجەستەیی کرێکاران وڕەچاوی کەمترین پیوانەو پێداویستیەکانی پاراستی شوینی کار نەکەن. هەربۆیە مەسەلەی پاراستنی سەلامەتی شوینیکار بۆتە مەیدانێکی گرنگی خەباتی کرێکارانی کوردستان لەڕاستای باشکردنی دۆخی کارو ژیانیاندا و دەبێ یەخەی خاوەنکارودەسەڵاتدارانی لەسەر بۆبگرن. بەواتایەکی تر دەبێت کرێکاران  لە خەباتی ڕۆژانەیاندا مەسەلەی سەلامەتی شوینیکار و دابینکردنی پێداویستیەکانی یەکێک لەو بابەتانە بێت کەبۆی تێبکۆشن و لەهەوڵدابن بەسەر سەرمایەداران ودەسەڵاتدا فەرز بکەن و بیکەنە یاسا. یاسای سەلامەتی شوێنی کار، مافێکی سەرەتای هەموو کرێکاران وکەسێکی ئامادەبەکارە، کاتێک دەچێتە مەیدانی کارەوە، بۆیە دەبێت شوێنی کارەکەی ئامن و سەلامەت بێت.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت  بیخەمەڕوو پێشنیارێکە بۆ یاساکە وئەو لایەنە گرنگانەی کەئەم یاسایە لەخۆی دەگرێت. دیارە ئەم نوسراوەیە چوارچیوەیەکی گشتیەو وەک پڕۆژەیەک بۆ گفتوگۆی نێوان کرێکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکاریی وئەوانەی کەموهتەمن بەژیانو مەسەلەکانی کرێکارانەوە، بەدەستەوە بگیرێ و لەئەنجامدا لەلایەن پسپۆڕانێکی یاساییەوە، لەڕەشنوسیکدا گەڵاڵەبکرێتەوە ودواتر خەبات بۆ جێگیرکردنی بکرێت.



  

پڕۆژە یاسای سەلامەتی شوێنی کار

 یاسەکە بە گشتی:§ 
١- ئامانج لەم یاسایە بەرگرتنە بە ڕووداوی نەخوازراو، تەندروستی نادروست لە شوێنی کار، هینانە کایەی ژینگەی  سەلامەت و تەندروست بۆ کرێکاران .
٢- یاساکە تەواوی کرێکاران لە کەرتی گشتی و تایبەتیدا دەگرێتەوە. 
٣- ئەم یاسایە هەموو مەیدانەکانی شوێنی کار دەگرێتەوە ، لەکارکردن لە کارخانە و کارگەکان، لە شوێنە خزمەت گوزاریەکان ، لە ئوفیس و دائیرەکان، لە مەیدانی بارهەڵگرتن و شوفێری، لە دوکان و چێشتخانە و هوتێلەکان  ......هتد
٤- ئەم یاسایە خاوەن کارەکان و کۆمپانیاکان، بەرپرسانی پڕۆژە ئابوریەکان، چ حکومی بن وچ سەربەکەرتی تایبەت بن،  لە هەموو مەیدانەکانی کاردا دەبێ پابەند وجێبەجێ کەری ئەم یاسایەبن، ئەوان بەرپرسیار دەبن لە هەموو خاڵەکانی یاساکە و بەرپرسیارێتی تەواو دەکەوێتە سەرشانیان.
٥-حکومەت ئەرکی سەرپرشتی گشتی دەگرێتە ئەستۆ لە جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکانی یاساکە و چاودێریکردن و گۆرینی یاساکە بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنی بازاڕی کار و گۆڕانکاری لە ژینگەی شوێنی کاردا.
٦-نوێنەرانەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران لەگەڵ نوێنەری خاوەن کار و بەرپرسیاری چاودێرێ بۆ کاری یاساکە دەکەن لە شوێنی کاردا.

§  سروشتی ژینگەی کار
1. دەبێت ژینگەی کارکردن ئەوپەڕی تەندروست وپارێزراو بێت، بۆئەم مەبەستەش دەستکەوتەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و تەکنیکی بخرێتە خزمەتە کۆمەڵگاوە. ئەمانەش چەند لایەنێک لە خۆ دەگرێت:
• هەلومەرجی کارکردن دەبێت بەشێوەیەک بگونجی کە ڕەچاوی توانا فیزیکی و دەرونیەکانی مرۆڤەکان  بکات ولەبەرچاویان بگرێت.
• هەلومەرجی کار دەبێت ئەومافە بە کرێکاران بدات  کە بەشداربن لە ڕێکخستنی جێگای کارو ژینگەی کاریان، هەروەها لەپەیوەند بەهەر ئاڵوگۆڕ وپێشکەوتنێک کەلە شوێنیکاردا دێتەکایەوە. 
• تەکنیک، ڕێکخستنی کار ، شێوەکانی کارکردن دەبێت بەشێوەیەک ڕێکبخرێت کە نەبێتە هۆی زیان پێدانی  فیزیکی و نەفسی بە کرێکاران، یان ئەرکیان  زیاتر قورس بکات و ببێتە هۆی ڕوودانی ڕووداوی نەخوازارو یان نەخۆش کەوتن یان تێکچوونی لەشی کرێکاران. ئەگەر هەر جۆرێك لەکارکردن بەهەر هۆیەکەوە نەتوانرا ئەم مەرجەنەی تیا پەیرەوبکرێت ئەوا دەبێت ساعاتکاری کەمتر بەهەقدەستی زیاترەوە، بۆکرێکاران بەڕەسمی بناسرێت.
• دەبێت بەرنامەڕێژی و ڕێکخستنی کار بە شێوەیەک بێت کە بتوانرێ لە ژینگەی تەندروست و سەلامەتدا ئەنجام بدرێ.
٢-شوێنی کارکردن لە ناو بیناو هۆڵدا دەبێت هەموو مەرجەکانی سەلامەتی و ژینگەی تەندروستی تێدا بێت. لایەنەکانی ئەم بڕگەیەش ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
• مەرجی پاکوتەمیزی پیشەیی (حرفی) ئەوەی پەیوەندی هەیە بە ڕۆشنایی، هەوای پاک ، هەوای گەرمی و ساری دەبێت هەمیشە فەراهەم بکرێت.
• هەموو باڵەخانەیک و هۆڵی کارکردن دەبێت پارێزارو بێت لە بەرانبەر ڕوخان، ئاگرکەوتنەوە، تەقینەوە، هەڵەی کارەبایی ، دەرگای دەرچوون ...  هتد
٣- پێویستە هەموو جۆرە پێداویستیەک دابین بکرێت لەناو شوێنی هۆڵ و باڵەخانەی کارکردندا بۆ ئامادەکاری بۆ ڕووداوی نەخوازراو.
٤-هەموو جۆرە مادەیەک کە کاریگەرو هۆکار بێت لەسەر سەلامەتی کرێکاران  و کارمەندان دەبێت  پارێزراو بێت لە شوێنی تایبەتیدا ، لە کاتی بەکارهێنانیدا دەبێت تەواو ئامادەکاری بکرێت بۆ پاراستنی ژیانی کرێکارەکان.
٥-ئامێرەکانی خۆپاراستن و جلوبەرگی تایبەت، کڵاو ماسک ، و چاویلەکەی تایبەتی دەبێت فەراهەم کرابێت لە شوێنی کاردا.
٦- پێویستە شوێنی پاکردنەوەوە و فریاگوزاری تەندروستی خێرا، پێداویستی کرێکاران فەراهەم بکرێت لە شوێنی کاردا. 
٧-هۆڵی کارکردن و باڵەخانەی کارکردن پێش وەخت دەبێت لەژێر سەرپەرشتی فەرمانگە پەیوەنیدارەکاندا پشکنینی بۆبکرێت وەکو فەرمانگەی ئاگرکوژانەوە و شارەوانی ، تەندروستی و ژینگە. 


§ بەرپرسیارێتە گشتیەکان
١- کرێکاران و خاوەنکارەکان  هاوکاری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ژینگەیەکی تەندروست و سەلامەت بۆ کرێکاران.
٢-لەسەرخاوەن کار پێویستە وە یان مولزەمە هەموو ئامادەکاریەکی پێش وەخت بکات بۆ رووداوە نەخوازراوەکان کە کار دەکاتە سەر سەلامەتی ژیانی کرێکاران لەهەموو بارێکەوە.
٣-خاوەن کار پێویستە مەترسیەکانی ڕووداو تەندروستی بگرێتە ئەستۆ لە کاتی کارکردنی تەنیایی کرێکارێک لە شوێنێکی تایبەتی.

§خاوەن کار
١-خاوەن کار بەرپرسیارێتی تەواوی سەلامەتی هەموو تاکێکی کرێکارانی لەسەر شانە.
-خاوەن کار دەبێت هەمیشە بەرنامەڕێژی و پلان دابنێت بۆ ئەوەی کۆنترولی کارەکانی بکات لە شوێنی کاردا، بۆ ئەوەی ژینگەی باش و سەلامەت فەراهام بکات بۆ کارکردن و هەموو ئەو مەترسیانە یان ئەگەرانە لابەرێت کە دەبێتە هۆی نا سەلامەتی ژیانی کرێکاران.
٢- خاوەن کار دەبێت ڕاپورتی نووسراوی وەرزانەی هەبێت کە هەموو مەیدانەکانی ژینگەی کار لەخۆ بگرێت و پێشکەشی دەزگا پەیوەندیدارەکانی بکات.
٣- بەرنامەی خۆڕێکخستنەوە یان جارێکیتر هاتنەوە سەرکار دەبێت لە پلانی خاوەنکار و کۆمپانیاکاندا هەبێت بۆ ئەو کرێکارانەی بەشێوەیەک لە شێوەکان نەخۆشکەوتون یان تووشی ڕووداوێک بوون. 
٤- کۆمپانیا و کارگەکان و کارخانەکان دەبێت کەسی تایبەتی پرۆفیشناڵیان ئامادەکردبێت بۆ ئەم پرسە.
٥- خاوەنکار پێویستە لەکەمترین ماوەدا دەزگا بەرپرسەکان ئاگاداربکاتەوە لە کاتی برینداربوونی کرێکارێک یان مردنی کرێکارێک لە شوێنی کاردا، ڕاپۆرتی تایبەتی لەسەر ڕووداوەکە بنێرێت.
٦- خاوەنکار دەبێت هەموو ئەو داواکاریانە جێبەجێ بکات بۆ تەواوکاری ژینگەی تەندروست ، کەلەلایەن دەزگا پەیوەندی دارەکانەوە ڕێنمایی دەکرێت. 
٧- ئەو شوێنانەی کەلەلایەن کەسێکەوە یان خێزانێکەوە بەڕێوە دەبرێن  واتە هەر خۆیان کاری تێدا دەکەن ، دەبێت بەهەمان شێوە مەرجەکانی سەلامەتی تێدا دابین کرابێت ، لەهەمەوو ڕووداوێک دەبێت لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکرێنەوە.
٨- لە کاتی هێنانی ئامێرێکی  نوێ بۆ بەکارهێنان لە شوێنیکی کاردا ، دبێت زانیاری تەواو لەسەر ئامێرەکە و بەکارهێنانی ئامێرەکە و مەترسیەکانی بە هەڵە بەکارهێنانی ئامێرەکە بدرێت بەو کرێکارانەی کاری لەسەر دەکەن، پاشان دەبێت تەواوی پێداویستی سەلامەتی ئامادەبکرێت بۆ کرێکاران ، پێش لە بەکار هێنانی ئامێرەکە .
٩- بەستنی ئامێرێ نوێ یان دانانی ئامێرەکان دەبێت لەلایەن کەسی شارەزاوە بێت ، نابێت ئەو هێزەی ئەو کرێکارانە بەکاربهێنرێ کە شارەزایان لەو کارەدا نییە.
١٠- لە کاتی بەرهەمێنانی هەندێ مادەدا ، بە تایبەتی ماددەی کییمایی، کە لە کۆتا قوناغدا دەخرێتە  کارتۆنەوە ، دەبێت تەواوی پێداویستی دابین بکرێت بەو ئەو کرێکارانە کە پێویستە ، بۆ نمونە دەستکێش و ماسک ، ئامێرێ هەناسە ، جلوبەرگی تایبەتی.

 §مەرجەکانی شوێنی کار لە ناو کارخانەو هۆڵەکاندا
١- فەراهەمکردنی کەشوهەوای تەندروست لەناوەی کارخانەکاندا.
٢-دابینکردنی جلوبەرگی پێویست  و بەپێ شوێنی کارەکە بۆ تەواوی کرێکاران .
٣-فەراهەمکردنی ئامێرەکانی هەڵگرتن و بارکردن و گواستنەوە ، خۆ دوورخستنەوە لە بەکارهێنانی هێزی کرێکاران بۆ ئەو مەبەستانە.
٤-قەدەغەکردنی بەکارهێنای گروپی سیکوریتی بەسەرکرێکارانەوە.
٥-بەکارهێنانی کورسی و مێزی تایبەتی بۆ ئەو کرێکار یان کارمەندی کە بەردەوام  کاری لەسەر کورسی و مێزە.
٦-دانانی پشووی کورت بۆ چەند خولەکێک بۆ ڕاهێنانی وەرزشی .
٧-دابینکردنی شوێنی خواردن و حەسانەوەی کرێکاران، کەمەرجەکانی تەندروستی تێدا بێت.
٨-دابینکردنی بنکەی فریاکەوتنی خێرا.
٩-فەراهەمکردنی هەموو جۆرە ئامێڕ و  پێویستیەک  بۆ سەلامەتی کرێکاران لەکاتی بەکارهێنانی ماددەی کییمایی یان ئامێری تیشک دان یان هەر شتێک کە زیان بە تەندروستی کرێکاران بگەیەنێ. 
١٠-کارکردن بۆ ئەو کرێکارانەی لەماوەی کارکردندا هەمان کار دووبارە دەکەنەوە ، دەبێت شیفت یان بە سەعات ، یان پشووی زیاتریان هەبێت.
١١-دابینکردنی ووزەی پاک بۆ بەکارهێنان و خۆلادان لەبەکارهێنانی ووزەی پیس، وەکو گازو گازویل 
١٢-دانانی ئامێری ئاگادارکردنەوە  لەتەواوی شوێنەکاندا ، لەکاتی ئەگەری ڕووداوێکدا. 
١٣-دانانی چەنەد دەرگای دەرچوون لەناو هۆڵ و باڵەخانەکاندا،  بۆ دەرچوون لەکاتی ئاگرکەوتنەوە یان ڕووداوی تردا.
١٤-دانانی تەواوی پێوستیەکانی ئاگرکوژانەوە لە شوێنی کاردا....

§ کارکردن لە شوێنی تایبەتیدا ، کە مەترسی هەیە بۆ نەخۆشی یان تەندروستی کرێکاران
١-کارکردن لە خستەخانە و شوێنی تەندروستی نەخۆشی تایبەتدا، یان ئەوانەی لەو شوێنانەدا کاردەکەن کە ئامێری تیشکی تێدایە کە لەو بەشانەدا ئەگەری زۆرتری هەیە بۆ سەر ئەو کرێکارو کارمەندەی کە تووش ببن. لێرەدا دەبێت بەرنامەی تایبەت لەبەردەستدا بێت ، بۆ کەمکردنەوەی یان نەهێشتنی ئەو ئەگەرانە.
٢-کرێکارانی ئەو بەشە دەبێت مانگانە پشکنینیان بۆ بکرێت.
٣-کرێکاران دەبێت لەهەموو پێداویستی تایبەت ، لەجلوبەرگ و ئامێرەکانی خۆپاراستن بەهرەمەندبن.
٤-کاتی کارکردنی ئەو کرێکارانە دەبێت بە بەرنامە بێت ، شێوەی سەعاتی کارکردنیان دەبێت تایبەت بێت.
٥-دەرماڵەی تایبەتی بۆ ئەو کەسانە دیاری بکرێت ، بۆ ڕێکاری لە دوورکەوتنەوەی هەر مەترسیەک.
٦-ژینگەی شوێنی کارکردنیان دەبێت زۆر پاک و سەڵامەت بێت.
-

§ کارکردن لە کانەکان و بیرە نەوتی و گازیەکاندا
١-تەواوی پێداویستی کارکردن لە جلوبەرگەوە تا دەگاتە کڵاوی تایبەتی و ئامێری هەناسەدان و فلتەری هەوا دەبێت بۆ کرێکاران دابین بکرێت.
٢-بوونی کەسانی شارازا و پسپۆڕ بۆ دەستنیشانکردن و لێکۆڵینەوە لەسەر مەترسی ڕووداوەکان ، پێش دەستکردن بەکارکردن لەو شوێنانەدا.
٣-تەواوی ئامادەکاری کردن بۆ سەلامەتی کرێکاران لەکاتی بەکارهێنانی مادەی تەقینەوە یان مادەی کیمیایی تر.
٤-بوونی شوێنی تەندروستی گونجاو بۆ پشوو و نانخواردن و حەوانەوە.
٥-خۆڵادان لەکاری بەردەوام لەیەک ڕۆژدا، دانانی پشووی دوو سەعات جارێ بۆ کرێکاران.
٦-کارکردن بەشێوەی شیفت بێت و هەر شیفەتەی لە چوار سەعات زیاتر نەبێت.
٧-کانەکان دەبێت لە تەواوی پێداویستیەکانی سەلامەتی کرێکاران لەلایەن کەسانی پسپۆڕە فەرهەم بکرێت.
٧-دانانی کۆرسی تایبەتی بۆ کرێکاران، بۆ ئامادەکاری بۆ تەواوی ڕووداوە نەخوازراوەکان.
٨-کرێکارانی بەشی گواستنەوە لەو بوارانەدا، دەبێت کارەکەیان بەشێوەیەک ڕێک بخرێت، کەکار نەکاتە سەر هیلاکی و باری دەروونیان.
٩-تەواوی ئامێری هەڵگرتن و گواستنەوە و بارکردن دەبێت فەراهەم کرابێت، و هێزی کاری دەستی بەکارنەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانە.
١٠-هیچ کارێک پێش وەخت یان کارێکی نوێ نابێت ئەنجام بدرێت، بەبی ئەوەی پێشتر ڕەزامەندی لەسەر نەدرابێت لەلایەن دەستگای پەیوەندیدارەوە.
١١-هەموو کرێکارێک پێویستە مانگانە پشکنینی تەندروستی تایبەتی بۆ ئەنجام بدرێت.
١٢-خۆلادان لە سەعاتی کاری زیادە و ئۆڤەرتایم.
١٣-دانانی پشووی مانگانە و ساڵانەی تایبەتی بۆ کرێکاران.
١٤-نوێنەری کرێکاران بۆ ئەم پرسە ، دەبێت بنێرێت بۆ کۆرس و خوێندنی تایبەتی ، هەروەها کاتی بۆ بڕەخسێنرێ بۆ سەرپرشتی پرسەکە.
١٥-وەستانی کاری مەترسیدار کە پێش وەخت تەواوی لێکۆڵىنەوەی لەسەر نەکرابێت.


§ مەرجەکانی شوێنی کار لەدەرەوەی هۆڵ و بینای کارکردن
ئەو کرێکارەی لە دەرەوەی هۆڵ و بینای کارخانە کار دەکەن ، کە هەمیشە زیاتر بەرەوڕووی ڕووداوی نەخوازراو دەبنەوە، دەبێت ئەم مەرجانەی خوارە زۆر بەووردی پیاد بکرێت:

١-دانینکردنی جلوبەرگی تایبەتی بۆ کرێکاران بە کوالیتی باش کە بەرگەی سەرما و گەرما و ئاگر بگریت.
٢-بەکارهێنانی کڵاوی تایبەتی بۆ هەموو کرێکارەکان.
٣-دوورخستنەوەی تەواوی هاتوچۆی ئوتومبیل لەو شوێنەی کرێکاران کاری تێدا دەکەن، یان سوود وەرگرتن لە پۆلیسی هاتوچوو بۆ رێکخستنی هاتوچوو تاوەکو مەترسی لەسەر ژیانی کرێکاران کەمبکاتەوە.
٤-لەهەموو باڵەخانەیەک کە لە دوو مەتر بەرزتر بێت، دەبێت ئەسکلە بەکاربهێنرێ بۆ کارکردن. 
لەکاتی بەکارهێنانی ئەسکلەلەدا دەبێت ئامێری خۆبەستنەوە بەکاربهێنرێ، بۆ ئەوەی مەترسی کەوتنە خوارەوە کەمتر بێت.
٥- پێویستە سوود لە ئامێرەکان وەربگیرێ بۆ بەرزکردنەوە و داگرتن و هەڵگرتنی شتومەک و موادەکان، نابێت لە باڵەخانەی بەرزدا بەهیچ شێوەیەک کرێکار بەکاربهێنرێ بۆ هەڵگرتن و داگرتن و بەرزکردنەوە. 
٦- پێویستە شوێنی  کاتی بو خواردن  و حەوانەوەی کرێکاران ئامادە بکرێت لەو شوێنەی کاری تێدا دەکەن، کە مەرجەکانی تەندروستی تایبەتی تێدا بێت. 
٧- پێویستە لەهەموو ئەو شوێنانەدا، پێداویستیەکانی فریاکەوتنی خێرا دابین بکرێت.
دەبێت پلاکارت و هێماکان و و داخستنی شەقامەکان یان کەمکردنەوەی خێرای ئوتومبیل  بەکاربهێنرێ لەکاتی پاککردنەوە و چاکردنی شەقامەکاندا .
٨-لە کاری شەوانەدا یان کاتێک دنیا تاریک،  دەبێت بەتەوای شوێن کارەکە ڕووناک بکرێتەوە .
٩-لەکاتی قیرتاوکردندا یان بەکارهێنانی موادی کیمیایی تایبەتدا، دەبێت تەواوی کرێکارەکان ئامێری هەناسە و ماسک بەکاربهێنن. 
١٠-کارکردن دەبێت بە شەفت یان بە سەعات بێت بۆ ئەو کرێکارانەی هەمان کار دەکەن ، بۆ نمونە کرێکارک ئامێرک بەتەنیا بە دەست بەکار دەهێنی، دەبێت تاو تاو پشووی بدرێتێ بۆ ئەوەی ئەندامەکانی  لەشی پشوو بدات. 

§ کارکردن بە کەسانی ژێر هەژدە ساڵ
لەڕاستید دەبێت کارکردن بە منداڵان و گەنجانی ژێی هەژدە سال قەدەغە بکرێت، بەڵام لە زۆر ووڵاتدا بۆ ماوەی کاتی لاوانی ژێر هەژدە سال  ئەوانەی شانزدە ساڵی تەواو کردوە دەتوان بۆ ماوەی کاتی  کاربکەن . یان لەکاتی پشووی هاوینەدا.  ئێمە لێرەدا قسەمان لە لاوانی  سەرو شازدە ساڵیە تاکو هەژدە ساڵ.
١-بەهیچ شێوەیک نابێت کاری بەردەوام  واتە بۆ ماوەی درێژ بدرێت بەو لاوانە. واتە کارێک بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە لە مانگێکدا. 
٢-دەبێت ڕچاوی ئەو خوێندنەی ئەو کەسە بکرێت ، بو نمونە زۆرێک لەو کەسانە دەخوێنن و کاردەکەن، نابێت بەهیچ شێوەیەک خشتەی کارکردنی کاربکاتە سەر کاتی خۆێندنەکەی. 
٣-دەبێت ڕچاوی فیزیکی ئەو کەسانە بکرێت ، کاری گونجاویان پێبکرێت.
٤-ئەو کەسانە دەبێت کاری قورسی هەڵگرتن و بارکردن و گۆاستنەوایان پێنەکرێت.
٥-هەموو مەرجێکی سەلامەتی کاریان بۆ دابین بکرێت.
٦-کاری زیاد واتە ئوڤەرتایم قەدەغەیە بۆ ئەمانە. 
٧-لەکاتی کارکردن بەم توێژە، دەبێت هەمان مافی کرێکارانی تریان هەبێت.

 §ماوەی کارکردن
بەپێ ئەوەی ئێستا هەیە ، هەر بەپێ ی ئەو یاسایەی کاری پێدەکرێت ، هەرچەندە ماوەی کارکردن درێژە و ساڵەهای ساڵە وەکو خۆی ماوەتەوە. تا ئەو یاسایە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، دەبێت ڕچاوی ئەم بەشانەی خوارە بکرێت:
١-ماوەی کارکردن دەبێت پێنچ ڕۆژ بێت ، دوو ڕۆژ پشوو ، ماوەی کارکردنیش نابێت لە ٨ سەعات زیاتر بێت.
٢-ماوەی پشووی دەبێت دیاری بکرێت ، بەوەی لەماوەی ئەو ٨ سەعاتەدا ، دوو پشووی کورتی ١٥ خولەکەی ، لەگەل پشوویەکەی ٤٥ خولەکی هەبێت بۆ نان خواردن. 
٣-کاری زیادە ، دەبێت بە ڕێکەوتن بێت لەگەڵ کرێکاراندا، بە زیادە مووچەی دووئەوەندە بێت بۆ ئەو سەعاتی زیادانە. 
٤-کاری شەوانە دەبێت کرێکەی بەلایەنی کەم لەسەدا سی زیاتر بێت بەراورد لەگەڵ کاری ڕۆژانە.
٥-کاری شەوانە دەبێت ئارەزوومەندانە بێت.
٦-ئەو کەسەی بەردەوام کاری شەوانە دەکات دەبێت چوار ڕۆژ کاربکەن.  
٧-پشووی ساڵانەی چوار هەفتە دەبێت بەڕەسمی بناسرێ.
٨-لە کاتی نەخۆش کەوتن یان ڕووداودا لە شوێنی کار، کرێکاران مافی ئەوەیان هەیە لە ماڵەوە بمێننەوە بۆ ماوەی پێویست بە مووچەی تەواوەوە.

 §گێچەڵی سێکسی
١-گێچەڵی سێکسی بەهەموو شێوەیەک قدەغەیە ، جا گێچەڵەکە فیزیکی بێت یان بە قسەکردن و توانج.
٢-هەرخاوەن کارێک گێچەڵ بە کارمەندانی یان کرێکارانی بکات دەچێتە سزای تاوانەوە.

 §نوێنەری کرێکاران بۆ پاراستنی یاساکانی تایبەت بە کارو باری کرێکاران
١-لەهەموو مەیدانێکی کاردا ، دەبێت دوو نوێنەر دیاری بکرێت لە لەلایەن کرێکارانەوە بۆ بەدادواچوون، یان ڕێکەوتن و دانیشتن لەگەل خاوەن کاردا.
٢-نوێنەرەکان مافی بڕیاردان و بەوداچوونیان هەیە لەسەر هەموو بڕگەکەکان.
٣-نوێنەرەکان هەموو ڕووداوێک یان داواکاریەک و یان پێشنیهادێک بە نووسراوەیی دەگەیەنن بە دەست خاون کار و لایەنە بەرپرسیارەکان.
٤-لە ساڵێکدا جارێک یان دوو جار لە کوبونەوەی گشتی کرێکاراندا ئەم نوێنەرانە دیاری دەکرێن.
٥-ماوەی کارکردنی ئەم نوێنەرانە بەپێ کارەکانیان لەو مەیدانەدا کەمدەکرێتەوە. واتە هەفتەی چەند سەعاتیان پێویستە بۆ کارکردن لەو بوارەدا یان دانووسان  لەگەڵ خاوەن کاردا لە کاری ڕۆژانەیان کەمدەکرێتەوە ، یان وەکو کاری ڕۆژانە بۆیان دەژمێرێت ، لە گەڵ  دابینکردنی هەندی دەرماڵەی تایبەتی بۆیان.
٦-نوێنەران دەبێت لەلایەن خاوەن کارەوە بنێرێدرێن بۆ خوێندنی تایبەتی یان کورسی تایبەتی بۆ فێربوونی بڕگەکانی یاساکە.
٧-نوێنەرەکان دبێت مافی مانەوەیان لەسەر کار پارێزارو بێت.
٨-نوێنەرەکان بە هیچ شێوەیەک نابێت لەژێر هەڕەشەی خاوەن کاردا بن.
٩-لەکاتی نەگەشتن بە رێکەوتن یان سەرپێچی لەلایەن خاوەن کارەوە ، نوێنەرەکان دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن لەلای لایەنی پەیوەندیدار.
١٠-نوێنەرەکان دەبێت ئاسایترین سەرپێچی یان ڕووداو تۆمار بکەن ، بیگەیننە جێگای مەبەست.
١١-خاوەن کار دەبێت نوێنەری هەڵبژێراو بەڕەسمی بناسێ .
١٢-مانگانە نوێنەرەکان لەگەل خاوەنکار کۆدەبنەوە .
١٣-نوێنەرەکان گازندەو داواکاری و  قسەی کرێکاران  لەو مەیدانەدا دەگەیەنن بە خاوەن کار.
١٤-نوێنەرەکان زانیاری پێویست لەسەر سەلامەتی شوێنی کارو یاساکە دەگەیەنن بە کرێکارو کارمەندان.
١٥-نوێنەرەکان نابێت هیچ ڕێگایەکیان لێبگیری، یان بەربەست بخرێتە بەردەمیان بۆ کارەکانیان.

§ نوێنەرانی کرێکاران و خاوەنکار
١-مانگانە هەردوولایەن کۆبونەوەی تایبەتی ئاسایی ئەنجام دەدەن.
٢-لەکاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێکدا کۆبونەوەی نائاسایی لە نێوان هەردوولادا ئەنجام دەدرێ.
٣-نوێنەری کرێکاران، ساکاڵاو داواکاری کرێکاران بە نووسراوی پێشکەشی خاوەنکار دەکات.
٤-لەکاتی بەئەنجام نەگشتی هەردوولا لەسەر پرسەکان، نوێنەری کرێکاران ساکاڵا لای لایەنی پەیوەندیدار تۆمار دەکات.
٥-لەکاتی گەیشتنی هەر ساکاڵایەک بۆ دادگاکان، خاوەنکار تەواوی مەسرەفی پارێزەرو دادگا لە ئەستۆ دەگرێت.
٦-نوێنەری کرێکاران مۆڵەتی پێدەدرێت ، بۆ کاتی چوونی بۆ تۆمارکردنی ساکاڵاو و بینینی پارێزەرو ئامادەیی لە دادگاکاندا.
٧-لە هەموو کۆبونەوە مانگانەکاندا ، دەبێت ڕاپورتی ژینگەی کار ئامادەکرابێت. 

§ لە کاتی نەبوونی نوێنەری کرێکاران 
لە شوێنی کارێکدا کاتێک کرێکاران نوێنەریان هەڵنەبژاردوە یاخود نیانە ، یان لە کاتێکدا ژمارەی کرێکاران لەو شوێنی کاردا کەمن یان تاکن .
١-کرێکاران لە کاتی سەرپێچی لە بڕگەکانی یاساکەدا لەلایەن خاوەن کارەوە، دەتوانن ڕاستەوخۆ سکاڵا لای لایەنی پەیوەندی دار تۆمار بکەن.
٢-تەواوی بڕگەکاکانی یاساکە کە لە شوێنەکانی تری کاردا  هەن  ئەم بەشەش لە کرێکاران و خاوەن کار دەگرێتەوە .


§ قەرەبۆکان
١-لەکاتی ڕووداوێکی نەخوازراودا جا مردن بێت یان بریندار بوون ، فیزیکی یان زهنی، خاوەن کار دەبێت قەرەبووی ئەو کرێکارە یان کارمەندە بکاتەوە.
٢-قەرەبوو دەبێت لەئاستی ڕووداوەکە بێت. قەرەبووەکە بڕی پارەیەکی بە کۆمەڵە دەدرێ بەو کەسە، یان خێزانی.
٣-دەبێت بڕی ئەو پارەیە بە پێ شێوەی ڕووداوەکە لەیاسای کاردا دانرابێ.
٤-لە کاتی نەخۆشی بەهۆی شوێنی کارەوە، یان بەهۆی ڕووداو لەشوێنی کاردا، دەبێت پشوو بدرێ بەو کەسە ، وە بە مووچەی تەواوەوە.
٥-تەواوی چارەسەری دەرمان و دکتۆر دەکەوێتە سەر شانی خاوەنکار.
٦-لەکاتی ڕازی نەبوونی کەسەکە بەو بڕە قەرەبووە ، لەڕێگای نوێنەرەکەیەوە دەتوانی سکاڵا تۆمار بکات. 
٧-لەکاتی ڕوودانی مردندا، دەبێت خاوەنکار مووچەی مانگانە بۆ خێزانی ئەو کەسە دابین بکات، ئەگەر کرێکارەکە لەکەرتی تایبەتدا کاری کرد.

 §سزاکان
١-خاوەن کار لە کاتی فەرهام نەکردنی  یەکێک  لە بڕگەکەکانی  یاساکەی جێبەجێ نەکرد ، لە پاش ئاگادارکردنەوەی یەکەمی،  بەڕەووڕووی سزا دەبێتەوە. جا سزاکە داخستنی شوێنەکە بێت یان سزای مادی بێت.
٢-ئەگەر نوێنەری کرێکاران هەڕەشە یان بەبەربەست بخرێتە سەرکارەکەی ، خاوەن کار سزا دەدرێت بە بڕی مادی.
٣-ئەگەر خاوەنکار ئامادە نەبێت پابەند بێت بە دانی قەرەبوو، ئەوا سزای مادی زیاتر دەدرێت یان شوێنەکی پێدادەخرێت.
٤-ئەگەر خاوەنکار ساختەکاری بکات لە یەکێک لە  بڕگەکانی یاساکە.ئەوا بەرەوڕووی دادگا دەبێتەوە، شوێنەکی پێدادەخرێت.
٥-ئەگەر خاوەنکار ڕاپورتی ناڕاست بدات لەسەر ژینگەی شوێنی کار، ئەوا بەرەوڕووی سزای دادگا دەبێتەوە، شوێنەکی پێدادەخرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×