جەنابی سەرۆک ئەزانی بۆ کوێ چوین؟

سالار جاف
  2021-11-11     459
ڕۆشتین چونکە زانیمان لەو وڵاتەی ئێوەی شۆڕشگێڕەکانی شاخ و بازرگانەکانی شار نەک هاوڵاتی پلە یەک پلە سەدیش نەبوین، بە مناڵیی لە مناڵەکانتان ئەترساین نەک لەبەرئەوەی خۆیان بەهێزبوبن، بەڵکو لەو شەقوەشێنانە ئەترساین پاساری ماڵی باوانیان ئەکردن، کە گەورەبوین بە سەد دەردەسەریی و ڕەزیلی ئۆتۆمبێلێکی شڕمان دەکڕی تا بمانگەیەنێتە شوێنی کارەکەمان، بەڵام شیڕەی ئەکسۆزی مناڵەکانی ئێوە ترافیکێکی پەک دەخست و هیچ هێزێک نەیدەتوانی ڕێگە لە هەوساربچڕاوییان بگرێ و ئێمەش بە هۆی پۆزی کوڕەکانی ئێوەوە درەنگ دەگەشتینە شوێنی کارمان و ترسی دەرکردنمان هەبو لە ئیشەکەمان بە هۆی حەزە شێتانەکانی کوڕەکانی ئێوە.
ڕۆشتین چونکە بەهاران لەبەر مەزرەعە و باغەکانی ئێوە و کوڕەکانتان شوێنێکی دڵگیر نەمابو بۆ گەشتکردنمان، لەهەر شوێنێک لامان دەدا چەکدارێکی توڕەی بوغزاوی بە تۆنێکی پڕ لە ڕق ئەینەڕاند کە شوێنەکە چۆڵکەین چونکە تایبەتە بە حەوانەوەی ئێوە و مناڵەکانتان، سەرمان بکردایە بە هەر کافتریایەکی ئەستێرەدار کە سەیری جلوبەرگیان دەکردین دەیانزانی لە کام چینین و هەر لە دەرگاکەوە ڕێگەیان نەدەدا بچینە ژورەوە چونکە ڕوخسار و بەرگمان مناڵەکانی ئێوەی بێزار ئەکرد کە لە گەڵ کەمەرباریکێک و پیاوەکانی نیوەی کافتریاکەیان داگیرکردبو.
جەنابی سەرۆک یانی نازانی ئێمە بۆ کوێ ئەچین و بۆ ئەچین؟
ڕۆشتین چونکە لە تاو کوڕ و پیاوەکانی ئێوە تەنها شتێک مابومان کەمێک کەرامەت بو، ترساین لە سەر فول لایتێک یان تێپەڕاندنی ئۆتۆمبێلی مناڵەکانتان دامانگرن و ئەو تۆزە کەرامەتەشمان نەهێڵن، ترساین کوڕەکانتان دوای مەستبونیان لە باخەکانیان و دابەزینیان بە سەرخۆشی بۆ ناوشار لە پێناو دامرکاندنەوەی حەزی وەحشییانەی مەستییان بە فیشەکێک خەرمانی چەند ساڵەی دایک و باوکمان بدەن بە دەم بای ئەجەلێکی ساختە.
ئێمە ڕۆشتین چونکە ئێوە بە پاسپۆرتەکانتان ئاسمان و بە پارەکانتان زەوی و بە چەکەکانتان ژیانتان قۆرخ کردبو، ئێوە زانکۆ و کۆمپانیا و مۆڵ و گوندی گەشتیاری و بیرە نەوتەکانتان لە سەر کوڕەکانتان تاپۆکرد و تەنها دەست لە سنگدان بۆ ئێمە مابویەوە، ئەبو یان هەڵبێین و نیشتمان بۆ ئێوە و کوڕەکانتان جێبهێڵین یان ببینە دەڵاڵی شەوانەی حەزی کوڕ و پیاوەکانتان، ئای پیاوەکانتان... ! ئەوە تەنها گوناهی ئێوە نییە کە نازانن بۆ ئەڕۆین و کێشەمان چییە؟ بەڵکو تاوانی ئەو پیاوە مل ئەستورانەی چواردەورتانە کە لە پێناو مشتێک پارە ناسنامە و کەسایەتیی خۆیان فڕێداوە و پاسی ئێۆە دەکەن، ئەگینا ئێمەیەک کە بە بەرد ڕوبەڕوی فیشەکی ئێوە دەبوینەوە مناڵەکانتان کە بێ پیاوەکانیان ناوێرن بچنە بەردەم سینەماکان بۆ خواردنی لەفەیەک یان بچنە مەلەوانگەیەکی گشتی یان تۆزێک بە تەنیا لە جادەی قیر لادەن هی ئەوە نین ئێمە لێیان بترسین.
نازانی بۆ ڕۆشتین؟
ڕۆشتین چونکە دوای ساڵانێک خوێندن بە کارگوزاریش پێمان ڕازی نەئەبون لەو زانکۆیانەی کوڕەکانتان بێ بڕوانامە سەرۆکی بون، ڕۆشتین چونکە وەک پاسەوانیش لە کۆمپانیای کوڕەکانتان وەرتاننەئەگرتین، لەبەرئەوەی ئێمە ئەمانویست دەوام و کارێکی ڕەوامان هەبێ، بەڵام ئێوە تەنها ئەوانەتان ئەویست کە شەوانەش کاری ترتان بۆ بکات و ئێمەش پیاوی ئەو کارە حەیابەرە نەبوین.
کوڕەکانی ئێوە لە کاتی نەخۆشی و ناخۆشی و شەڕ و جەژن و بۆنەکاندا بە پاسپۆرتەکانیان دەچونە ڕاقیترین دیسکۆکانی ئەوروپا و شەوی سوریان بەڕێئەکرد نەتانپرسی چی ئەکەن و بۆ کوێ ئەڕۆن، بەڵام ئێستا کە ئێمە دەرچەیەکمان دۆزیوەتەوە و ئەمانەوێت لەو قەفەسە ڕەشەی ئێوە ڕزکارمان بێت و بە ئارەقەی ناوچاومان یارمەتی کەسوکارمان بدەین ئەپرسی بۆ کوێ ئەچین؟
ئەزانی بۆ کوێ ئەچین؟
بۆ زەوییەک کۆتایی مانگ من و سەرۆکەکەی لە یەک کاتدا موچە وەردەگرین، بۆ زەمینێک من و سەرۆکەکەی وەک یەک کارەبا و ئاوی سارد و گەرممان هەیە، ئێمە و کوڕەکانی سەرۆک یەکسانین و ناتوانێت بڵێت پشتی چاومان برۆیە چونکە یاسایەک هەیە بۆ هەموان وەک یەکە، نەک وەک یاساکەی ئێوە کە وەک تۆڕی ڕاوکردنە و ماسییە بچوکەکان ئەگرێت و گەورەکانی وەک ئێوەش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرەچن.
وازمان لێبێنە بۆ کوێ ئەچین سەرۆک!
باوک و باپیرتان تەمەنی باوک و باپیری ئێمەی برد، خۆتان ئەو تەمەنەتان بردین لە کوردستان بەڕێمانکرد ئێستا ئەتانەوێ مناڵەکانیشمان ببێتە خزمەتکاری مناڵەکانتان؟ نا سەهوی جەنابی سەرۆک، ئیتر دروشمەکانتان سوا، دەستەکەتان کەشف بو، ئیتر سەرمان کاسبو بە بەڵێنە پوچەکانتان، بۆیە هەرگیز ئێمە و ئێوە لە ژێر ئاسمان و سەر زەوی یەک نیشتیمان جێگەمان نابێتەوە، چاوەڕێ دەکەین زەمانە شەقێک لە تەخت و تاراجتان هەڵدات ئەوکات بەدەم سرودی ئەم ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە خۆمان دێینەوە بۆ وڵات.
جەنابی سەرۆک! ئێمە ئەزانین خەمی ئێوە بۆ ئێمە نییە وەک گەنج! بەڵکو ئەترسن کوڕەکانتان بێ خزمەتکار و ئەزبەنی بمێننەوە، بەڵام مەترسە بەشی ئەوە هەر بۆ ئێوە ماوە، ئەگینا سەیرە کەسێک ئەربابی ئێوە نەبێت و بە حکومڕانیتان ڕازی بێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×