کۆچ و بار !

دڵشاد ئەنوەر
  2021-11-11     164
بەشێک لەبەرپرسانی هەرێمی کوردستان، کۆچ و باری بەکۆمەڵی هاونیشتیمانیان بۆ دەرەوەی وڵات بە ئاسایی ناودەبەن، بەبیانووی ئەوەی کۆچ حاڵەتێکی نۆرماڵە و لەهەموو دونیادا باوە!
ئەم قسانە هێندە پوچ و بێ مانان، مەگەر تەنها لەبەرپرسی بێ مۆراڵ و ناهۆشیار و بێ ئاگای کورد بوەشێتەوە، گەر نا، کۆچی بەکۆمەڵ و بەلێشاوی کوردانی باشور، هێندە حاڵەتێکی شۆکهێنەرە، ڕاگەیاندنی باری نائاسایی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە و یەکلاکەرەوەی دەوێت.
کۆچ کاتێک حاڵەتێکی ئاساییە، سنوردار بێت، نەک بەلێشاو زۆر لەسەرووی حاڵەتە چاوەڕوانکراوەکانەوە بێت، ڕۆژانە هەزاران گەنج بنەوبارگە دەپێچنەوە و وڵات جێدەهێڵن، ئەوانەشی دەمێننەوە، ڕۆیشتنیان لەسەر کات وەستاوە و بیری کۆچ لە مێشکیاندا دەخولێتەوە، چی لەمە مەترسیدارترە؟
کۆچ کاتێک حاڵەتێکی ئاساییە، هۆکارەکەشی ئاسایی بێت، لە ئەنجامی ڕووداوێکی سروشتی یاخود ئاژاوەیەکی کاتی بێت، نەک هۆکارەکەی نائومێدی بێت لە ئایندەی وڵات، بێزاری بێت لەدەم و چاوە حوکمڕانەکانی، نەک نائومێدی بێت لە سەقامگیربوونی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی.
کۆچ گەڕانە بەدوای ژیانێکی باشتر، گەڕانە بەدوای سەقامگیری و دڵنیایی، ڕاکردنە لە نیزام و سستمی خراپ و گەندەڵ، هەڵاتنە لە حوکمڕانی ناشیرین و بێزراو، نەمانی متمانەیە بەرامبەر داهاتووی وڵات لەسایەی مافیاگەری و چەتەگەریدا، هەر بۆیە کۆچی بەلێشاو تەنها ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە حوکمڕانەکانی خراپن.
مایەی گاڵتەجاڕیە، کۆچ بەتەنها ببەسترێتەوە بە پارەو لایەنی مادیەوە، گوایە کۆچبەران پارەدارن، لە وڵاتيکدا گەر خاوەنی چەندین ملیۆن دۆلاریش بیت، بەڵام گەر لە ئایندەت دڵنیا نەبیت، گەندەڵی و خراپەکاری و ناعەدالەتی لە ترۆپکدا بێت، کەی پارە دەبێتە مایەی خۆشبەختی؟!
ئەو پارە جگە لەبەکارهێنانی بۆ کڕینی چپسی پەتاتەو تەماتەو خەیار، چ سودێکی تری هەیە؟
لە وڵاتێکدا دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی کار لەسەر ورد و خاشکردنی لایەنی دەروونیت بکەن، لە وڵاتێکدا ئەخلاق و بەها کاڵ بێتەوە، بە پارە چی بەدەست دەهێنرێت؟
با ملیارەها دۆلارت هەبێت، بەڵام کاتێک لە نێو بازاڕدا کوڕە بەرپرسێکی ڕەزا گرانی بێ بەهرەی یاریچی سەر پارەی میللەت دەبینیت، یاخود لە میدیاکان باوکە دەم و چاو ناشیرینەکانیان لایەنی دەروونیت دەهاڕن، ئیتر پارە کەی هۆکاری خۆشبەختیە؟
با بەگونی پارەت لەماڵ ئاخنی بێت، کاتێک بانگەشەی بەرپرسانی حکومی و حیزبی دەبینیت، سوریش دەزانیت درۆ دەکەن، یاخود کاتێک مناڵێکی چاو سەوزی وەک ئەوەی بادینان دەبینیت لەدووری باوکی بە ناحەق دەستگیرکراوی فرمێسک دەڕێژێت، یان کوڕ و کچە هەژارێکی دەرچووی زانکۆ دەبینیت لەبەر بێ واستەیی لە بنی ماڵەوە دەردەدار بووە، ئیتر پارە لە کوێ و خۆشبەختی لە کوێ؟
ئاخر چ دڵێکت بە وڵات خۆش بێت، چۆن متمانەت بە ئاییندەی هەبێت، کاتێک داواکاری گشتیەکەت( داواکاری پێشووی سلێمانی ) بە ئاشکرا بڵێت؛ یاسا درۆیە!
لەم وڵاتەدا پارەت هەبێت خۆشە، بەو مەرجەی بێ شعور بیت، بێ ویژدان بیت، تەنها بۆ خۆت بژیت و گوێ بەدەوروبەر نەدەی، گوێ بە زوڵم و نادادی نەدەی، وەک ئاژەڵ بخۆیت و بخەویت، ئەگینا خۆشبەختی گرێدراوی پارە نیە بۆ ویژداندار، بەڵکو گرێدراوی ژینگەیەکی پڕ لەیەکسانی و عەدالەت و سەقامگیریە.
بۆیە کۆچ گەڕان نیە بەدوای پارەدا، ئەگینا ئەو پارەی لەم جەنگەڵەی ئێرە ڕژاوە لەهیچ کوێ نیە، ئەو دەفتەر دۆلارەی منداڵێک لە نێو بازاڕدا بەسوک و ئاسان لەسەر زاریەتی، ڕەنگە ئەوروپیەک خەونی پێوە ببینێت، کەچی تاکی ئێرە ژینگە لە پڕ لەپارەکەی جێدەهێڵێ و تێیدا ئاسودە نیە.
بۆیە پارە هۆکاری کۆچ نیە، بەڵکو کۆچ گەڕانە بەدوای سەقامگیری و عەدالەت دا، کۆچ ڕاکردنە لە جەنگەڵ و ڕۆیشتنە بۆ ژێر چەتری یاسا وسەقامگیری، ڕەنگە بپرسرێ چۆن؟
دەیان و سەدان نمونەی ئینسانی لادەری کوردمان هەیە، تا لێرە بوون، چێژیان لەهەموو کردەیەکی نایاسایی دەبینی، بەڵام دوای کۆچ و گەڕانەوە، هەر لەبەر دەرگای ماڵ، قایشی سەلامەتی دەبەستن، فێری پابەندبوون بە یاسا کراون…
یەکسانی، عەدالەت، سەقامگیری، گەر بۆ هەمووان بێت، کەس لێی ڕاناکات و وڵاتی خۆی جێناهێڵێت، باشترین نمونەشمان ساڵانی دوای ٢٠٠٥ ە، کاتێک دۆخی هەرێم کەمێک باشبوو، گەڕانەوە دەستیپێکرد.
بۆیە دەکرێت بڵێین، مانەوە لە کەشی ساردی سنورەکانی پۆڵۆنیا و هەڵبژاردنی مردن، ڕاکردنە لە دۆخی خراپ و پڕ لە ناعەدالەتی هەرێم، ڕاکردنە لە جەنگەڵ، ستەمە مەسەلەکە لە لایەنی مادی و شتی تردا کورت بکرێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×