جەژنی کرسمس و بۆڵەی مەلاکان

د. شیروان نوری غه‌فور
  2021-12-17     500

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنەکانی کرسیمس، بەشێک لەمەلاکان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە،  لە سۆشیاڵ میدیاکانەوە، لە چاوپێکەوتنەکانیاندا هەروەک ساڵانی پێشو، ئەم جارە زۆر بە زیادەوە، زۆر ناڕەوایانە حاڵیان لێهاتووە و دەستیانکردۆتەوە بە ڕادەربڕین و بیروبۆچون و ووتەی قێزەون و ناشرین بەرامبەر ئەو کۆمەڵگایانەی کە کریستیان نین و یادی جەژنی کرسمس ئەکەنەوە ..

کرسمس بە فەرمی جەژنی یادی بوونی عیسای کوڕی مریەمە کە هەموو کرستیانەکانی جیهان وەک رۆحی خودا لەشێوەی مەسیحدا سەیری دەکەن.. ئەگەر بەدواداچونێکیش بکەین لەسەر شەخسیەت و ژیانی مەسیح بۆمان دەردەکەوێت کە حەزرەتی مەسیح  ٣٣ ساڵ ژیاوە  و ووتە بەنرخەکانی لەلایەن هاوەڵەکانیەوە کۆکراوەتەوە و دواتر لە پەرتووکی ئینجیلی پیرۆزدا نوسراوەتەوە.. ئەم مرۆڤە یاخود وەک کریستیانیەکان دەڵێن کوڕی خوا، ڕۆژێک لە ڕۆژان درۆیەکی نەکردوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو پەیامانەی گەیاندوێتی بۆ سوودی خۆی بەکارنەهێناوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان گێچەڵی بەکەس نەکردوە، بەزۆر کەسی نەکردوە بە کریستیان، هیچ عەشیرەت و کۆمەڵگایەکی بەزۆرە ملی و تەهدیدی عەسکەری و ضرب الرقاب نەکردوە بە کریستیان..دەستی  تەماعی مادی و مەعنەوی و سێکسی درێژنەکردۆتە سەر ماڵ و حاڵی کەس .. گێچەڵی سێکسی ووتەی ناڕەوای بە هیچ ئافرەتێک نەووتوە.. لە ووتەی خێر و جوان زیاتر  هیچی تری نەووتوە.. ووتەکانی هەرچۆنێک لێکی دەدەیتەوە بۆنی سیاسەت و تەداخول و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی لێنایەت.. ووتەکانی هەر هەمووی ئامۆژگاری و خۆشەویستی و ڕێزگرتنی یەکترە کە ڕەنگدانەوەی خواستی خوایە..

لەبەر ئەو هۆیانەیە کە شەخسی مەسیح خۆشەویستە لەناو ئەو کۆمەڵگا و کەسانەی کریستیان نین و یادی بوونی دەکەنەوە بە جوانترین شێواز شانبەشانی کریستیانەکان و بگرە زیاتریش.. هۆیەکی سەرەکی تر ئەوەیە کە جەژنەکانی کرسمس ئێستا لە جەژنێکی ئاینی دەرچووە و بۆتە کەڵتوور..

ئەوانەی یادی ئەم بۆنەیە دەکەنەوە لە ئەوروپا و ئەمریکا و ووڵاتانی بەناو کریستیانەکان وەک کەڵتورێکی جوان بۆیان ماوەتەوە و زۆریان هەر لە سەرەتای مانگی دوانزەوە دەستدەکەن بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو ڕۆژە و کڕینی قەل و خواردنی بەتام و پەیوەندیکردن بە خزم و خێزانەوە و کڕینی دیاری  هەر یەکەو بە پێی گیرفانی خۆی.. لەو ماوەیەدا زۆرترین چوونەدەرەوە بۆ بازاڕ و ڕێستورانتەکان و باڕەکان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش بە دڵپاکی و دڵخۆشی تۆمارکراون..

ئەوانەی کە کریستیان نین و ئەم بۆنەیە وەک کەڵتوورێکی جوان یاد دەکەنەوە و درەختی کرسمس لە ماڵەکانیان دادەنێن و دیاری جوان لەناو بۆکسی ڕەنگاوڕەنگدا لەژێر درەختەکە دادەنێن بۆ منداڵ و کەسوکار و برادەرەکانیان، بە ڕاستی نابێت بکەونە ژێر شاڵاوی مامۆستا موعەقەدە ئیسلامیەکان.. 

خۆزگە ڕەخنەگرەکان جارێک ئەو یادەیان ئەکردەوە، ئینجا بۆیان دەردەکەوت لەو ماوەیدا منداڵەکانیان چەند بە جۆش و خرۆشەوە چاوەڕوانی سەرلەبەیانی ڕۆژی کرسمس دەکەن بۆ کردنەوەی دیاریەکانیان.. ئای چەند خۆشە دڵی منداڵ و هاوڕێ و کەسوکارت خۆشکەیت بە ئاهەنگ و کۆبوونەوە لەم بۆنانەدا وەک کرسمس و جەژنی نەورۆز و جەژنی لەدایک بوون..   لەسەروو هەمویانەوە جەژنەکانی رەمەزان و قوربانیش.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×