حەقیقەتە سادەکان کامەن؟

عەبدوڵڵا موهتەدی
  2022-03-09     317

لێدوانێک لەسەر وتاری کاک برایمی عەلیزادە لە کۆنگرەی هەژدەدا

 

پێشەکی
کۆنگرەی هەژدەی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە گەرمەی ئاڵۆزی و ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئەو حیزبە لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباردا بەڕێوە چوو. بەستنی ئەو کۆنگرەیە بەنۆبەی خۆی بوو بە هۆکار، یان بە بیانوو، بۆ لێکترازان و لێکدابڕانی یەکجاری دوو باڵی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سازمانی کوردستانی ئەو حیزبە. بەڵام لەڕاستیدا، هەر وەکوو لە نووسراوە و وتارەکانی خۆیانڕا دەردەکەوێ، ناکۆکی و دووبەرەکایەتی نێوانیان مێژوویەکی چەند ساڵەی هەبووە. لایەک بەتەواوی لەسەر هەبوونی ناکۆکی فکری و سیاسی پێداگری دەکا و هەوڵ دەدا ئەو ناکۆکییە فۆرمولە بکات، لایەنەکەی دیکە ‌حاشای لێدەکا و لانی کەم باسێکی وەها بە پێشوەختە دەزانێ. تائێستا وا دیارە کە هیچ لایەنێکیان ئامادە نییە وەباڵی ئەم ئینشیعابە وەئەستۆ بگرێت و ئەمەش خۆی بۆتە مایەیەکی دیکەی ناکۆکی.  
ئەمن لێرەدا بەنیاز نیم لەسەر لایەنی رێکخراوەیی و نێوخۆیی ئەو کێشە و دابڕانە بدوێم و بچمە ناو وردەکاری ئەو بابەتە و داوەری لەسەر بکەم. نە ئەو چەشنە خۆتێهەڵقورتاندنە بۆ کەسی دەرەوەی حیزبەکە بەگونجاو دەزانم و نە پێشم وایە شتێک بۆ کۆمەڵگا و بۆ خوێنەر روون دەکاتەوە و خێرێک بە بزووتنەوەکە دەگەیەنێ. بە تەمای دڵ ئێشاندن، بەر تیروتوانج دان یان تۆڵە کردنەوە و کولاندنەوەی برینە کۆنەکانیش نیم. مەبەستی من بەتەواوی شتێکی جیاوازە.
کاک سەید برایمی عەلیزادە لە وتارێکی کۆنگرەکەیاندا کە خۆیان بڵاویان کردۆتەوە، بە پێشکەش کردنی باسێک لە روانگەی خۆیەوە جۆرە خەسارناسییەک دەکا و گرفتی خۆیان لە نەدیتن و ڕەچاو نەکردنی ‌حەقیقەتێکی سادەدا دەبینێتەوە کە گۆیا ئەگەر زووتر زاندرابا و پەیڕەو کرابا، لەوانە بوو ئەو گێرەوکێشە و ئینشیعابەش رووی نەدابا.
من لە نووسراوەیەکی دیکەدا دەپەرژێمە سەر بەڵگە و بڕیارەکانی کۆنگرەی هەژدە و بەتایبەتی پشکنینێک بۆ هەڵوێستیان لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد دەکەم. بەڵام لێرەدا بەپێویستی دەزانم، منیش لە روانگەی خۆمەوە، لەسەر وتارەکەی کاک سەید برایم لە کۆنگرەکەیاندا بدوێم و بە چاو پێداخشاندن بەو وتارە و بە لەبەر چاو گرتنی سەرجەمی ئەزموونی تا ئێستا، خوێندنەوەیەکی جیاواز لەمەڕ گرفتە سەرەکییەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سازمانی کوردستانەکەی بەدەستەوە بدەم. مەبەستمە هەم گرفتی قەوارەی سیاسی، واتا ئەو قەوارە ناواقیعی و ناتەندروستەی بەناوی "حیزبی کۆمۆنیستی ئێران" بەسەر خۆیانیاندا سەپاندووە باس بکەم و هەم چاوێک بەو گرفتە نەزەری و ئیدەئۆلۆژیکەدا بخشێنم کە لەمێژساڵە تانوپۆی بیری سیاسی هەردوک باڵی رێکخراوەکەیانی تەنیوە و تووشی چەقبەستووییەکی خنکێنەری کردوون. ئاشکرایە کە لە روانگەی منەوە بەبێ پێداچوونەوەیەکی بوێرانە و بەبێ تەسفیەحیسابێکی فرەلایەنی فکری و سیاسی و هاتنەدەر لەو جەغزە داخراوە، هیچکام لە گرفتەکانیان بەرۆکیان بەرنادات.
لەم لێدوانە رخنەگرانەیەشمدا نە وەک بێگانەیەکی نەناسیاو و بێدەربەست دەدوێم و نە وەکوو نەیارێکی بێپارێز و نادڵسۆز. من ئێستاش لەو کۆنە هاوڕێیانەی خۆم بێخەم نیم. ئێمە ساڵانێک پێش پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە هەڕەتی گەشە و نەشەی کۆمەڵەدا پێکەوە بووین، لە ریزێکدا لەو پەڕی پاکی و بێگەردی و خۆشەویستیدا لەپێناو کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی، لەپێناو ماف و ئازادی و بەختەوەری و ژیانی شیاوی ئینسان بۆ خەڵکەکەی، لەپێناو وشیار کردنەوە و ڕێکخستنی چینی مەزنی زەحمەتکێشی ئەم نیشتمانەدا، خەباتمان دەکرد و خەو و خۆشیمان لە خۆمان حەرام کردبوو و هەموو سەختی و ناخۆشییەکمان بەخۆمان ڕەوا دەبینی. دواتر و پاش چەند ساڵ لە بوونی هاوبەشمان لە حیزبی کۆمۆنیستدا، ئێمەمانانی خەتی ساغکردنەوەی کۆمەڵە قاوغی ئەو حیزبە و هەروەها ئیدەئۆلۆژییەکەشیمان بەجێ هێشت و گەڕاینەوە سەر بنچینەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ کە ناو و ناسێنەی مێژوویی و پڕ لە شانازی هاوبەشمان بوو. لەو قۆناغەشدا، هەر نەقشێکم هەبووبێت، مەبەستم نە رەنجاندنی کەس بووە و نە بۆ ململانێی شەخسی لەگەڵ کەس ئەو کارەم کردووە، بەڵکوو پێداچوونەوە رەخنەگرانەکەی ئەو کاتی من بەرهەمی ساڵەها خورد بوونەوە لە ئەزموونی خۆمان و دەوروبەرمان، خوێندن و خوێندنەوە و موتاڵای مێژووی هاوچەرخ و باس و بیرکردنەوە و جەدەل و ڕاگۆڕینەوە بوو و لە کانگای دڵمەوە هەڵدەقوڵی و لە قەناعەتی فکریمەوە سەرچاوەی دەگرت و بێ پێچ و پەناش لەگەڵ هاوڕێیانم دەمهێنایە گۆڕێ. ئەم باسەی ئێستاشم بەهەمان شێوە و بە مەبەستی شەریک کردنی هەموو دڵسۆزانی کۆمەڵە لەو ڕاستیانەیە کە بە ساڵان پێیان گەیشتووم. کوردیش وتەنی سەد حەکیم و دەردەدارێک. بەو هیوایەی بتوانێ ببێتە جێگەی سەرنج و وردبوونەوەیان.  
جا بەم پێشەکیە کورتەوە با بچمە سەر ئەسڵی بابەتەکەم.


ئیدەئۆلۆژی: هەم دەرد و هەم دەرمان
لە وتارەکەی کاک سەید برایمدا، بەداخەوە هیچ لیکدانەوەیەکی نەزەری و سیاسی لەسەر ئەو کێشە و قەیرانەی پێیەوە گیرۆدەن و هیچ رێگە دەربازبوونێکی تێدا بەرچاو ناکەوێ. لەم وتارەدا هیچ بیرێکی نوێ، هیچ تەگبیرێکی نوێ، هیچ ئاسۆیەکی نوێ، هیچ گۆڕانکارییەکی فکری و سیاسی بەدی ناکرێت. تەنانەت هیچ نیشانەیەک لە خۆماندوو کردنێک و تەقەلایەکی نەزەری نابیندرێ. بەڵکوو لەژێر ناوی "حەقیقەتێکی سادە" لەڕاستیدا هەمان دەرمانی بێخێری پێشوو بۆ هەمان نەخۆشی کۆنکەوتووی دەرماننەکراو دەنوێندرێت.
ئەو وتارە هەوڵ دەدا کۆمۆنیزم سادە و قبووڵەکەی سووک و هاسان کاتەوە. هەوڵ دەدا بڵێ کۆمۆنیزم ئیدەئۆلۆژی نیە، عیلمە، زانستە و لەم پەیوەندەدا ئاماژە بە فیزیک و مێکانیک و کوانتۆم و هتاد دەکا.
لەڕاستیدا ئەو لێدوانە، بەو شێوەی کاک سەید برایم فۆرمولە و بەیانی دەکا، زۆر ئاڵۆز و نادەقیقە. ئەو دەیتوانی و دروستتر ئەوە بوو بڵی ئەفکار و ئارای مارکس، بەپێچەوانەی ئایین، ناچن و نابێ بچنە خانەی ئیمانەوە، دەقی پیرۆز نین، بەڵکوو لە چوارچێوەی مەعریفەی مرۆڤ دان و وەکوو نەزەر و تێئۆری هەموو فەیلەسووف و ئابووریناس و کۆمەڵناس و بیرمەندێکی دیکە قابیلی لەسەر دوان، قابیلی رەخنە و تەفسیر، قابیلی ڕەد و داکۆکین. هەر وەکوو مارکس خۆشی دژی وشە و چەمکی ئیدەئۆلۆژی بوو و بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز ناوی لێ دەبرد و وەکوو وشیاری درۆیین دەیناساند. بەڵام لەمە واوەتر چوون و پێناسە کردنی کۆمۆنیزم وەکوو زانست واتا عیلم و بەراورد کردنی لەگەڵ فیزیک و مێکانیک و هتاد بەئاشکرا هەڵەیە.
کاک سەید برایم بە وتەی خۆی ڕاستییەک باس دەکا کە حەقیقەتێکی زۆر سادە و سەرەتاییە کە بەبڕوای ئەو ئەگەر لەبەر چاو بگیرایە لەوانە بوو قەت ئەو ئینشیعابە رووی نەدایە. ئەو تیدەکۆشێ لەجیاتی کۆمۆنیزمی ئیدەئۆلۆژیک، چەمکی کۆمۆنیزمی کۆمەڵایەتی بەرز کاتەوە و وادەگەیەنێ کە سەرچاوەی گرفتەکە لەوە دایە کە ئەم حەقیقەتە سادە نەبینراوە. بەڵام لێی ناکۆڵێتەوە و لەخۆی ناپرسێ ئەم کۆمۆنیزمە کۆمەڵایەتیە نائیدەئۆلۆژیکە بۆ لە حیزبەکەی ئەودا هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا هەرگیز نەهاتە دی؟ وە ئایا بۆخۆیان لەو بە ئیدەئۆلۆژیک کردنە تۆخەی هەموو تان و پۆی حیزبەکەیان بەرپرس نین؟  
وتەکانی کاک سەید برایم لەم بارەیەوە تەقریبەن کتومت لە کۆمۆنیزمی کرێکاری وەرگیراون. ئەوانیش رێک بەم ئیدیعایەوە هاتنە مەیدان، بەم ئیدیعایەوە جیابوونەوە و حیزبی خۆیانیان دروست کرد و لە سەنەدی بنەماکانی خۆشیاندا هەر وایان نووسی. ئەسڵەن هۆکاری ئەوەی جەماعەتی مەنسووری حیکمەت ناوی "کۆمۆنیزمی کرێکاری"یان لەخۆیان نا، ڕێک هەر ئەو ئیستیدلالە بوو کە لە کۆنگرەی هەژدەدا لەلایەن کاک سەید برایمەوە دووپات دەکرێتەوە، واتا دەیانەویست خۆیان لە کۆمۆنیزمی ئیدەئۆلۆژیک، لە کۆمۆنیزمی فیرقەیی و سێکتاریستی، لە کۆمۆنیزمی عەقێدەتی و ناکۆمەڵایەتی جیا کەنەوە و بۆ قەبڵاندنی ئیدیعاکەشیان وایان نواند کە لاپەڕەیەکی نوێیان لەو بووارەدا هەڵداوەتەوە و خۆیان کردووە بە رەوتیکی راستەقینەی کۆمەڵایەتی ناخی بزووتنەوەی کرێکاری. هەر لەو سۆنگەیەشەوە هەموو کرێکارانی ئێرانیان بە قەڵەم چەرخانێک وەکوو ئەندامی خۆیان ناونووس کرد. لەحاڵێکدا دیتمان کەسیش بە قەدەر ئەوان سێکتاریست، فیرقەگەرا، پەرت و ناکۆمەڵایەتی دەرنەچوون. کاک سەید برایم بۆ پێی وایە دووپات کردنەوەی سادەی ئەو چەمکە و ئەو ڕستانە ئەمجارە بەرهەمێکی جیاوازی دەبێت؟
یەکەم جار کە سی و چەند ساڵ لەوە پێش ئەو قسانە کران، وەک ئاسۆیەک بۆ هێنانە دەری حیزبی کۆمۆنیست لەو قەتیس مانەی کە هەموان هەستیان پێدەکرد، تا ڕادەیەک سەرنجڕاکێش بوو و وەکوو ڕێگەچارەیەک سەیر دەکرا، بەڵام ئێستا و دوای بینیی ئاکامی کارەساتباری کۆمۆنیزمی کرێکاری، دوای ئەو کاریگەرییە ڕووخێنەرەی لەسەر کۆمەڵەیان دانا، دوای تەقینەوەی ئەو بڵقە و ریسوا بوون و ئیفلاسی سیاسی و پەرەم پەرەم بوونی رێکخراوەیی کۆمۆنیزمی کرێکاری، دیسانیش دووپات کردنەوەی هەمان وەعدە و بەڵێنی بێ ئاکام، ئەوپەڕی بێ ئاسۆیی و دەستبەتاڵی نەزەری و سیاسی دەگەیەنێت و ئەوەش بەڕاستی جێگەی داخە.       
هەر وەها کاک سەید برایم بێگومان دەبوو ئەوەش روون کاتەوە کە ئەو بە ئیدەئۆلۆژی کردنەی کۆمۆنیزم کە ئەو بەدەستیەوە دەناڵێنێ، بۆچی نەک هەر لە حیزبەکەی ئەو و لە کێشە نێوخۆییەکانی ئەواندا، بەڵکوو لە زۆرێک لە جیهاندا و بە درێژایی هەموو سەدەی رابوردووش بوو بە نۆرم و قاعیدە و حەقیقەتە سادەکە رەچاو نەکرا؟
لەڕاستیدا کاک سەید برایم دەبینێ چ قەیرانێک حیزبەکەی داگرتووە و باشیش دەزانێ لەو کاتانەدا خەڵک دادەچڵەکێن، بەئاگا دێنەوە، بەخۆیاندا دەچنەوە، لە کۆنە دادەبڕێن و پەل بۆ ڕێگە چارەی نوێ دەکوتن، بیر لە گۆڕانکاری، بیر لە سیاسەت و رێبازی نوێ و ئینگلیسی وتەنی "بیر لە بیرنەکراوە" دەکەنەوە و لەوانە بیر لە پێویستی و ناپێویستی و بوون و نەبوونی حیزبی کۆمۆنیستیش دەکەنەوە. ئەو، بەپێچەوانە، دەیهەوێ هەموو هەوڵێک بۆ پێداچوونەوە، بۆ رەخنە، بۆ رێفۆرم، بۆ نوێگەری و بۆ گۆڕانکاری خاو کاتەوە و لەبار بەرێ و بە شێروڕێوی حەقیقەتی سادە جارێکی دیکە هەمووان بەرێتەوە بن باڵی هەمان ئیدەئۆلۆژی و هەمان قەوارەی حیزبی. بۆ ئەو مەبەستەش بەداخەوە کۆنەچاڵی خەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری هەڵدەداتەوە. وا دیارە بۆ کاک سەید برایم ئیدەئۆلۆژی هەر دەرد نییە، دەرمانیشە.


ئەخلاق و ئیدەئۆلۆژی
بەڵام لەوەش واوەتر و لە بڕگەیەکی دیکەی وتارەکەیدا، کاک سەید برایم دەڵێ ئەسڵەن کۆمۆنیزم ئەخلاق و ڕەفتاری چاکە، ڕەفتارت لەگەڵ هاوسەرەکەت چاک بێ، لەگەڵ دراوسێکەت میهرەبان بە، ژینگە پیس مەکە، لەگەڵ حەیوانانیش بەدڕەفتاری مەکە، ئەوە تۆ کۆمۆنیستی. با لەوە بگەڕێین کە شوبهاندن بە فیزیکی کوانتۆم لە کوێ و ئەو سادە و ساکار کردنەوەی کۆمۆنیزم لە کوێ، بەڵام لێرەدا دوو کێشە یان دوو هەڵەی گەورە بەدی دەکرێن:  
یەکەم، ئەخلاق نەبەستراوەتەوە بە کۆمۆنیزمەوە هەر وەکوو نەشبەستراوەتەوە بە ئایینەوە. ئیسلامگەراکان، هەر وەکوو زۆر خەڵکی  ئاساییش، باوەڕیان وایە کە ئەگەر ئایین و ئامۆژگارییەکانی نەبێ و بە زمانی ساکاری نێوخەڵک وتەنی ئەگەر ترس لە قەبر و قیامەت نەمێنێ خەڵک لە خراپە سڵ ناکەنەوە و ئەخلاق و چاکە و خێرخوازی و مرۆڤدۆستیش نامێنێ یان زۆر کز دەبێ. لەحاڵێکدا ئێمە دەزانین کە بەستراو بوون و گرێدراوی ئەخلاق بە ئایینەوە لەمێژە مەقبووڵ نەماوە و ئەخلاق لە سەردەمی ڕۆشنگەری بەملاوە پرەنسیپەکانی خۆی لە ئایین و لە دارولەلەی بەهەشت و جەهەنەمەوە هەڵناهێنجێ و لانی کەم خۆی پێیانەوە نابەستێتەوە.
کۆمۆنیزمیش وەکوو هەموو ئایین و مەدرەسە فکری و سیاسییە گەورەکانی جیهان، چەشنێک فەرهەنگ و ئەخلاق لەگەڵ خۆی پەرە پێدەدا، یان هیچ نەبێ بەشێوەیەکی ئارمانی خۆی بە چەشنێک ئەخلاقەوە پێناسە دەکا. ئیسلام و مەسیحییەت و ئاییەنەکانی دیکەش هەر بەم شێوەیە نموونەی ئەخلاقی ئارمانی بۆخۆیان پێناسە دەکەن کە زۆر جاریش پەێڕەوانی لە کردەوەدا بەڕێوەی نابەن، هەروەکوو کۆمۆنیستەکانیش هەمیشە بەپێی ئەو پێوەرە ئارمانیەی خۆیان ڕەفتار ناکەن. بەڵام کێشەی ئێمە لێرەدا ئەوە نییە کە ئایا ئەو ئەخلاقە ئارمانییانە پەیڕەو دەکرێن یان نا. مەبەست ئەوە بوو بڵێین پرەنسیپ و بەها ئەخلاقییەکان بە کۆمۆنیزمەوە نەبەستراونەتەوە و لە پاوانی کۆمۆنیستەکاندا نین، هەر وەکوو بە ئایینیشەوە نەبەستراونەتەوە و لە پاوانی ئیماندارانیشدا نین.
ئەخلاق بەر لەوەی بەسترابێتەوە بە ئایین یان ئیدەئۆلۆژییەکی تایبەتەوە، بەرهەمی چۆنیەتی کۆمەڵگا، قۆناغ و ئاستی گەشەی ئابووری و تێکنۆلۆژی و فەرهەنگی، ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوتە رۆشنبیری و فەلسەفییە باوەکانە و دیاردەیەکی نەگۆڕ و هەتاهەتاییش نییە و وێڕای گۆڕانگارییەکانی سەردەم تووشی ئاڵوگۆڕ دەبێت. ئایین و ئیدەئۆلۆژییەکانیش لەو چوارچێوەیەدا رۆڵ و کاریگەری پەیدا دەکەن.
بۆ بەڵگەی گەورە و مێژوویی بڕوانینە ئەزموونی ئوروپا و بەگشتی دنیای رۆژاوا لە دەیەکانی رابوردوودا. لەم نیو سەدەیەدا، رادەی بایەخدانان بۆ بەها مرۆییەکان، پاراستنی مافی مرۆڤ، مافەکانی تاک، مافەکانی کەمایەتییە ئایینی و زمانی و جینسییەکان، فەرهەنگی ژینگەپارێزی و چەمکی لەم بابەتە لە دنیا و بەتایبەتی لە دنیای رۆژاوا بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەڵکشاندا بووە لەحاڵێکدا هەر لەم دەورەیەدا ئایین و کۆمۆنیزم هەردوکیان لە کزی و داکشاندا بوون. واتا بەها ئەخلاقییەکان لە دەیەکانی رابوردوودا بەبێ هیچ پەیوەندێکی ئۆرگانیک لەگەڵ ئەو ئیدەئۆلۆژییە و لەڕاستیدا ڕێک لە جەنگەی کزی و هەڵوەشانەوی نیزامی کۆمۆنیستی و دەزگا ئیدەئۆلۆژیکەکەیدا لە گەشە و پەرەسەندندا بوون.  
کاک سەید برایم مافی خۆیەتی ئامۆژگاریی ئەخلاقی هاوحیزبییەکانی بکا بەڵام قەبڵاندنی ئەو چەند بابەتە ئەخلاقییە سەرەتاییە وەکوو بابەتگەلێک کە گرێدراوی کۆمۆنیزمن و بە یەکترەوە پێاسە دەکرێن، بەڕاستی ناخوات و جێگە ناگرێت.


نیزامە کۆمۆنیستەکان: ئەزموون و ئارەزوو
دووهەمین هەڵە ئەوەیە کە کۆمۆنیزم کۆمەڵێک ئەخلاقی چاک نیە، نیزامێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییە و بەرنامەیەکیشە بۆ گەیشتن بەو نیزامە. کاک سەید برایم یان هەر کەسێکی تر مافی خۆیەتی بیهەوێ لەو نیزامە و لەو بەرنامەیە داکۆکی بکات، بەڵام نەک لە رێگەی ئامۆژگارییە سادە ئەخلاقییەکانەوە بەڵکوو لەسەریەتی ئەو کارە بەشێوەیەکی زانستیانە و لۆژیکی بباتە پێشەوە و نیشانی بدا بۆچی و چلۆن ئەو نیزامە دەتوانێ و پێویستە بێتە سەر کار و دەبێتە هۆی خۆشبەختی کۆمەڵگا.  
ئەو کەسە لەسەریەتی وەڵامێک بەم حەقیقەتە سادەیەش بداتەوە کە بۆ هەموو دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان، یان بەناو کۆمۆنیستەکان، لە مێژوودا هەر هەموویان تاک حیزبین و لە فرەچەشنی و پلورالیزمی سیاسی بێگانەن، بۆچی هەموو نادێمۆکراتیکن، لەوەش واوەتر هەموو تۆتالیتێرن، هەموو پێشێلکاری مافی مرۆڤن؟ بۆ هەموویان رژیمگەلی بێ هەڵبژاردنی ئازاد و بێ رۆژنامە و ڕاگەیاندنی ئازادن؟ بۆ سیستمی دادپەروەری سەربەخۆ لە دەسەڵات، کە دەسکەوتێکی گەورەی مرۆڤایەتییە، لەواندا بوونی نییە و پۆلیسی نهێنی بێسنوور و بێدەربەست هەمەکارەیە و ترس و تۆقاندن زاڵە؟ بۆ مافی شارۆمەندان وەها بەرتەسک و دەسەڵاتی دەوڵەت وەها بێسنوور و ڕەهایە؟ ئایا ئەوانە هەموو بەهەڵکەوتن؟ داخۆ لەواندا چ حەقیقەتێکی سادە پشتگوێ خرابوو؟ بەڕاستی با حەقیقەتە سادەکان ببینین، با چیدی لەئاست حەقیقەتە مێژووییە روونەکان بێگوێ و نەبیستوو نەبین.
ئەو حیزب و لایەنەی کە ئەمڕۆ دەیهەوێ ئەو بەرنامەیە پەیڕەو بکا و بۆ هاتنە ئارای ئەو نیزامە تێبکۆشێت، لەسەریەتی کە لێکدانەوە و خەسارناسییەک لەو دیاردە گشتگیرەش پێشکەش بکات کە بۆ نزیکەی سەدەیەک لە ئاستی جیهانیدا نۆرمی زاڵ بووە.  
با ڕوونی کەمەوە. بەم وتانە، من نە ماتریالیزمی مێژوویی، نە مێتۆدی مارکس و نە لێکدانەوە و رەخنەکانی ئەو لە نیزامی ئابووری سەرمایەداری رەد دەکەمەوە. مارکس وەکوو بیرمەندێکی گەورەی رەخنەگری شوێندانەر کە کاریگەری حاشاهەڵنەگری لەسەر هزری کۆمەڵایەتی و سیاسی جیهان و لەسەر مێژووی پاش خۆی داناوە، شیاوی خوێندنەوە و لێکدانەوە و لێ فێربوونە، هەروەکوو قابیلی رەخنە و هەلسەنگاندنی رەخنەگرانەشە.
بابەتی رەخنەی من ئەو سیستمە جیهانییەیە کە بەناوی کۆمۆنیزم هاتە سەر کار و بەشی زۆری سەدەی بیستەمی بۆخۆی تەرخان کرد. من ئەو ئەزموونە جیهانییە باس دەکەم کە لە روسیا، ئوروپای رۆژهەڵات و چین و بەعزێک وڵاتانی تر هاتە ئاراوە. کاک سەید برایم مافی خۆیەتی ئیدیعا بکا نیزامی مەبەستی ئەو جیاوازە لەو ئەزموونە جیهانییەی کە رووی داوە، بەڵام لانی کەم دەبێ جیاوازییە ئابووری و سیاسی و ئیدەئۆلۆژیکەکانی خۆی روون بکاتەوە و سنووربەندییەکەی بەڕوونی باس بکا.


حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: بەرهەم و میرات
بابەتێکی گرینگی دیکەی گرفت و قەیران، لە روانگەی منەوە، بریتیە لە خودی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و چارەنووسەکەی. بەڵام ئەم بابەتە نە لە وتارەکەی کاک سەید برایمدا و نە لە بەڵگە و بڕیارەکانی کۆنگرەی هەژدەدا، هیچ ئاماژەیەکی پێناکرێت و هەموان وەک بابەتێکی مسۆگەر خۆی لێدەبوێرن. لەحاڵێکدا هێشتنەوەی ئەو ناوە زلە بۆ ئەو شارە وێرانە خۆی بەمانای نادیدە گرتنی هەموو ئەزموونەکانی تا ئێستا و نیشانەی دابڕانی هەرچی زیاترە لە راستییەکانی کۆمەڵگا.
من بیست و چەند ساڵە روانگە و لێکدانەوەی خۆم لەم بارەیەوە باس کردوە و نووسیومە و بەشداری کۆمەڵەم لە پرۆژەیەک بەناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران پێ هەڵەیەکی گەورە و کاریگەر بووە. من لەو بڕوایەدا بووم و هەم کە زۆرێک لە هەڵوەرینەکان، قەیرانەکان، دابڕانەکان و قین و قینکارییەکانی ساڵانی دواتر لە نێوان خۆماندا، لە راستیدا قۆرتەکانی ئەو بڕیارە هەڵەیەن کە منیش و سەید برایمیش و زۆر کەسی دیکەش، بەڕادە و جۆری جیاواز، تێیدا بەشدار بووین. لیکۆڵینەوەی تێروتەسەلی ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێ و پێشتریش لەسەری دواوم، بەڵام لێرەدا بەکورتی ئاماژە بە چەند خاڵ دەکەم.
یەکەم. پێشتریش باسم کردووە کە لە نەبوونی دەوڵەت و کیانی کوردیدا، حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، بێگومان کۆمەڵەش بەنۆبەی خۆی، مەرجەعی کوردن، لەچاوی کۆمەڵگاوە ئاڵتێرناتیڤی دەوڵەتی ناوەندین، نوێنەری ویست و ئیرادەی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانن، زمانحاڵی گەلن. هەر بۆیەش لەسەریانە لە جەنگ و لە ئاشتیدا، لە سیاسەت و لە حیزبایەتیدا، وەڵامدەر و نوێنگەی ئەو ویست و چاوەڕوانییە بن. پێویستە نەک هەر لە سیاسەتیاندا بەڵکوو لە قەوارەی رێکخراوەییشیاندا ئەو سەربەخۆییە رەنگ بداتەوە و بنوێندرێت. پێویستە ئەو دڵنیاییە بە خەڵکی کوردستان بدرێت و ئەو متمانەیەش لەوان وەربگیرێت کە بڕیارەکانی لەمەڕ ئەوان نە لە تاران و نە لە هیچ پایتەخت و شوێنێکی دیکە بەڵکوو لە نێوخۆی کوردستان، واتا کوردستانی رۆژهەڵات، گەڵاڵە دەکرێ و ساغ دەبێتەوە. لەڕاستیدا، پاراستنی ئەم سەربەخۆیی سیاسی و ریکخراوەییە، بەشێک لە قەڵەمڕەوی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردە و بە مانای پیادە کردنی ئەو پڕەنسیپەیە لە بواری قەوارەی رێکخراوەییدا.

لەم روانگەیەوە، کۆمەڵە نەدەبوو و نابێ ببێتە بەشێک لە هیچ حیزبێکی سەرتاسەری. هاوکاری و ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان لەپێناو کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراو و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، دەتوانێ بەکەڵک و گونجاو بێت، بەڵام بوون بە بەشێکی ئۆرگانیک، بە لقێک لە حیزبێکی دیکە، لەگەڵ ویست و چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نایەتەوە و لەگەڵ ڕاسپاردە و نەقشی مێژوویی و سیاسی کۆمەڵەش نەگونجاو و ناتەبایە. کۆمەڵە خۆی وەکوو حیزبی بەرپرس و وەڵامدەرەوەی کوردستانی رۆژهەڵات دەژمێرێت و لەو سۆنگەیەشەوە پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و رێکخراوەیی خۆئ ئەرکێکی حەتمییە و قابیلی سەودا پێکردن نییە.    
دووهەم. لە حاڵێکدا نیزامەکانی ناسراو بە کۆمۆنیزم لە دنیادا دەمێک بوو لە درەوشانەوە کەوتبوون، قەیرانەکانیان دەرکەوتبوو و روو لە کزی بوون و چەند ساڵ دوایەش بەشی زۆری ئەو سیستمە جیهانییە هەڵوەشایەوە، ئێمە تازە تێهەڵدەچووین. ئێمە نەک هەر بەگشتی نەدەبوو بچینە ناو هیچ حیزبێکی سەراسەری، بەتایبەتیش نەدەبوو بچینە پرۆژەی پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ئەو کات، وەکوو هەر حیزبێکی تریش، بێ کەموکووڕی نەبوو، بەڵام توانای راستکردنەوەی هەڵەکانی خۆی و پۆتانسیەلی رێفۆرمی سیاسی و رێکخراوەیی هەبوو، توانای ئاڵووێر لەگەڵ دنیای دەوروبەر و هەزمی گۆڕانکارییەکانی سەردەمی هەبوو. لەباری فکرییەوە سەربەخۆ بوو و هەر ئەوەش وای دەکرد رەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بە پەرۆشەوە موتاڵا بکا و بەرپرسانە رێگەچارە بۆ گرفتەکان بدۆزێتەوە. چەپ بوو بەڵام فاناتیک نەبوو، داهێنەر و پێشەنگ بوو، لەحاست بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەپەرۆش و هەستیار بوو، هەم لێیان فێر دەبوو و خۆی لەگەڵ دەگونجاندن و هەم پێشەنگایەتی دەکردن، ئەوەش وای دەکرد زۆر بەرپرس و واقیعبین بێت. بەرژەوەندی باڵای کوردستان و بزووتنەوەکەی بە ئەولەوییەت دادەنا و خۆی بە خاوەن و بەرپرس و ڕێبەری دەزانی و بەپێچەوانەی دیدی هەڵەی کاک سەید برایم و دۆستانی، دنیای کوردایەتی نەدەبەخشی بە خەڵکی دیکە و بەهەشتی کۆمۆنیستی هەڵنەدەگرت بۆخۆی.

حیزبی کۆمۆنیست، بەتایبەت لە کۆنگرەی شەشەمەوە، هەموو ئەو ڕەوتەی گۆڕی و کۆمەڵەی وردە وردە بردە دنیایەکی تەنگەبەری ئیدەئۆلۆژیک. بە چوونە ناو ئەو پرۆژەیەوە، ئێمە بەرە بەرە دەرگای دنیا و ئاڵوگۆڕەکانیمان بەڕووی خۆمان داخست، خۆمان قەتیس و لە ئیمکانی رێفۆرمی سەردەمیانە بێبەش کرد. ئەمانەش هەمووی خەساری گەورە بوون کە ئاسەواریان بە رۆژێک و دووان دەرنەدەکەوتن، بەڵام کاریگەری نەرێنی خۆیان بەساڵان دەنواند و نواندیشیان.
رەوتی ساغکردنەوەی کۆمەڵە بۆ وەستانەوە لە هەمبەر ئەو ئاراستە و ڕێبازە هەڵە و زیانبارە، بۆ بووژاندنەوەی کۆمەڵە و هێنانە دەری لە دنیای تەریک و نەزۆکی حیزبی کۆمۆنیست، بۆ کردنەوەی سەر لەنوێی دەروازەی گەشە و پەرەسەندن و بردنەوەی کۆمەڵە بۆ جێگەی شیاوی خۆی هاتە ئاراوە و بەخۆشییەوە توانی خزمەتێکی گەورەی مێژوویی بکات.
سێهەم. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەر لە رۆژی یەکەمەوە پێگە و بنەمای کۆمەڵایەتی پێویستی نەبوو. ئێمە لە سەردەمێکدا ئەو حیزبەمان دروست کرد کە رژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی نەیارانی خۆی سەرکوت و کەم جووڵە کردبوو، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو کرێکاران و ژنان و خوێندکاران بەزەبری توند و تیژی پەک خرابوون، تورکمەن سەحرا و خوزستان بەشیوەیەکی خوێناوی دامرکابوون، ئۆپۆزیسیۆن و لەوانە چەپ تا رادەیەکی زۆر تێکشکاو و پەڕەوازە بوو. هەموو ئەو بزووتنەوە جەماوەری و شۆڕشگێڕانە و دێمۆکراسیخوازانە کە دەیانتوانی بۆ وەها حیزبێک بنەما و بەستێن فەراهەم کەن، لە پاشەکشەیەکی ستراتێژیکدا بوون.
واتا، تەنانەت ئەگەر پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستیش بۆ ئێمە کارێکی دروست بوایە، کە نەبوو، هێشتا لە باری نەبوونی پێگە و بەستێنی کۆمەڵایەتی پیویست بۆ ئەو حیزبە و هەروەها لەڕووی کزی و بێتوانایی شەریکەکان و هێزە پێکهێنەرەکانیشیەوە، بەشداری کردنی کۆمەڵە لە پرۆژەیەکی وەهادا نادروست و زۆرتر لە رووی رۆمانتیزمی شۆڕشگێڕانەوە بوو تا لە رووی لێکدانەوەیەکی واقیعبینانە.


قەیرانی بێ بنەمایی و وەرچەرخانی کۆمۆنیزمی کرێکاری
هەموو دروشمەکانی مەنسووری حیکمەتیش لە قۆناغی یەکەمی خۆیدا لەمەڕ ستایشی کۆمەڵە و کردنی بە سەرمەشق بۆ بەشی سەرتاسەریی حیزبی کۆمۆنیست، رێک بەمانای تەئیدی ئەو بێ پێگەییە و هەوڵێک بوو بۆ بەکۆمەڵایەتی کردنی حیزبی کۆمۆنیست و دەرباز کردنی لەو تەنگژەیە. بەڵام ئەو هەوڵانە نەزۆک و ناسەرکەوتوو دەرچوون و جێگەوپێگەی بەشە سەرتاسەرییەکە، بەشە ئێرانییەکەی حیزبی کۆمۆنیست، لەوەش کە هەبوو کەمتر و بەرتەسکتر بووەوە و ئەو حیزبە رۆژ لەگەڵ رۆژ لە دەستەبەر کردنی پێگە و نفووزی جەماوەری و کۆمەڵایەتی دوورتر کەوتەوە. دیار بوو کە درەنگ یا زوو قەیرانێک روو لەو حیزبە دەکا و کاتی وەڵامدانەوەی مەنسووری حیکمەت و باقی بەرپرسەکانی بەشە بەناو سەرتاسەرییەکەی حیزبی کۆمۆنیست نزیکتر دەبێتەوە.
لێرەدا بوو کە لەجیاتی هێنانە ئارا و باسکردنی راستگۆیانەی گرفتەکە، ئەوان بوون بە تەڵەبکار و کۆمەڵە بوو بە خەتابار. کۆمەڵە لە نموونە و سەرمەشقی پێگەدار بوون و جەماوەری بوونەوە کرا بە بەربەست، کرا بە کۆسپی سەر رێگەی جەماوەری بوونی حیزبی کۆمۆنیست و بە بەشی دواکەوتووی تەشکیلاتەکە لە قەڵەم درا و کرا بە ئامانج و بەجێگەی رخنە و تیر و توانج.
لەڕاستیدا دەگونجا و دەبوایە ئەوکات کۆمەڵە لێکۆڵینەوە لەسەر بەشە بەناو سەرتاسەرییەکەی بکا و حیسابی لێیان بوێ و پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بەو شەریکایەتییە نابەرابەرە بکا و خۆی لەو جەغزە بێمانا و بێکەڵکە دەرباز بکا. بەداخەوە ئەوە رووی نەدا. قورسایی ئیدەئۆلۆژیکی حیزبی کۆمۆنیست و بە پیرۆز زانینی ئەو قەوارە و ئیدەئۆلۆژییە دۆگماوییە، رێگەی لە لێکدانەوەیەکی ژیرانە و واقیعبینانە لەسەر بنەمای عەقڵی سەلیم گرتبوو.   

 حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تڕوتۆپی زۆر بوو بەڵام هەر لە سەرەتاوە قەت نەیتوانی هیچ رێکخراوێکی کرێکاری لە ئێران پێکبێنێ یان بەشداری تێدا بکا. هەرگیز لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی هیچکام لە شارەکانی دەرەوەی کوردستان بچووکترین نفووز و پێگەیەکی پەیدا نەکرد، هەرگیز لەنێو خوێندکارانی هیچ زانستگایەک بچووکترین کۆڕوکۆمەڵێکی بۆ دەستەبەر نەکرا، هەرگیز لەنێو ژنان و بزووتنەوەکەیان دەرنەکەوت، لەگەڵ چالاکانی ئازادیخۆازی گەلانی دیکەی ئێران لە عەرەب و بەلووچ و ئەوانی دی هەرگیز بەلای یەکتریشدا نەچوون، هەرگیز لەنێو جووتیاران، موعەلیمان، پەرستاران، کارمەندان، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران، هونەرمەندان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا سەرێکی لەنێو سەران دەرنەهێنا. نوخبەی ئێرانیش هەرگیز ئەو حیزبەی بەجیدی وەرنەگرت. ئەو حیزبە بۆ ئێمە و تەنیا لەنێو ئێمەدا بوونی هەبوو.
رەنگە هەموو کەس ئەو راستییە نەزانێ کە چوونی کۆمەڵە بۆ نێو حیزبی کۆمۆنیست، نێوانی ئێمەی لەگەڵ چەپی ئێران و بەگشتی ئۆپۆزیسیۆنیش تێکدا و پەکی خست. پێش حیزبی کۆمۆنیست، هەموان ڕێز و خۆشەویستییەکی تایبەتیان بۆ کۆمەڵە هەبوو. بەڵام کە ئێمە هەگبەی حیزبی کۆمۆنیستمان بەکۆڵەوە گرت، هەموو دوژمنایەتی و شەڕەجنێوی شەریکە بێخێرەکانیشمان بۆخۆمان کڕی.
جا ئەوانە قسەی سی و چەند ساڵ لەوە پێشن، قسەی هەڕەتی بەهێزی حیزبی کۆمۆنیستن، ئەو وەختەی ناو و ناوبانگێکی هەبوو، گۆڤاری تێئۆریکی هەبوو، تین و تەوژمێک و سەروزمانێکی هەبوو. ئێستا و دوای ئەوەی بە چەندەها قۆناغ و بەهۆکاری جیاجیا بەشی هەرەزۆری دامەزرێنەر و کادر و ئەندامی ئەو حیزبە بەجێیان هێشتووە، دوای ئەوەی دەمێکە ئەو نەختۆکە نفووزەی جارانیشی نەماوەتەوە و بەتەواوی لە هەموو سیاسەت و خەبات و بزووتنەوەیەکی دنیای واقیع دابڕاوە و هیچ خاسیەت و کارکردێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دەرەوەی سنووری خودی رێکخراوەکەیدا نەماوەتەوە، دوای ئەوەی هیچ غەیرە کوردێکی، مەگەر بە دەگمەن و تاک و تەرا، تێدا نەماوەتەوە و هەر کوردەکانی خۆمانن کە وەکوو شانۆیەکی یەک ئاکتۆری هەر جارە بەرگێک دەپۆشن و بەناوێکی دیکەوە دێنە بەرچاوی بینەران، پاش قەیران و دابڕانەکەی ئەم دواییەش و دەرکەوتنی ئەو راستیانە بۆ دۆست و دوژمن، با کاک سەید برایم و دۆستانی لێکی بدەنەوە بزانن ئێستا قازانج و زەرەری راگرتنی حیزبی کۆمۆنیست چییە و چۆنیش لەگەڵ بانگەوازەکەیان بۆ کۆمۆنیزمی کۆمەڵایەتی نائیدەئۆلۆژیک دەیگونجێنن.


حیزبی کۆمۆنیست و چەند قۆناغ
بەکورتی، ئێمەی کۆمەڵە لە چەند قۆناغدا دەبوو خۆمان تووشی پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیست نەکەین یان زووتر  لە کۆڵ خۆمانی  کەینەوە:
هەر لە رۆژی یەکەمەوە نەدەبوو تەوقی حیزبی کۆمۆنیست بکەینە ملمانەوە. ئێمە دەمانتوانی چەپ بین، پێشکەوتنخواز بین، عەداڵەتخواز بین، شۆڕشگێڕ بین، بووشین، بەڵام پێویست نەبوو خۆمان بە وەها پرۆژەیەکەوە ببەستینەوە. شاراوەش نییە کە ئەو حیزبە کۆمۆنیستە دیاریکراوە، بەبێ بەشداری کۆمەڵە و بەبێ کەڵک وەرگرتن لە هێزی فراوانی ئینسانی و مادی و لە پرێستیژی سیاسی کۆمەڵە پێکنەدەهات. ئەرکی ئینسانی و ئەخلاقی و شۆڕشگێڕانەی ئێمە دەرهەق بەوان ئەوە بوو پەنایان بدەین، جێگە و شوێنیان بدەینێ و پارێزگاریان لێبکەین، دواتریش لەسەر داوای خۆیان بەڕێیان بکەین بۆ دەرەوەی وڵات.
پاشان لە قۆناغێکی دیکەشدا، ئەگەر قەیدوبەندی ئیدەئۆلۆژیکمان کەمتر بوایە، لە کاتی قووڵ بوونەوەی قەیرانی بێ پێگەیی حیزبی کۆمۆنیست کە خۆی لە وەرچەرخانی مەنسووری حیکمەت لە ستایشەوە بۆ تەخریبی کۆمەڵە دەرخست، دەکرا کیسەی خۆمان وەک کۆمەڵە لەو شەریکایەتییە بێخێرە جیا کەینەوە.
کاتی جیایی کۆمۆنیزمی کرێکاری و رۆیشتنیان لە حیزبی کۆمۆنیست، گونجاوترین و مەنتیقیترین دەرفەت بوو بۆ ئەوەی دەست لەو حیزبە هەڵگرین و ئەو تەوقە لە ملی خۆمان داماڵین. شەریکە ناڕەسەنەکانمان، وێڕای ژمارەیەکی بەرچاو کادر و ئەندامی کۆمەڵە، حیزبەکەیان بەجێ هێشتبوو. ئاشکرا بوو کە ئیتر بێجگە لە خۆمانی کۆمەڵە کەسی دیکە لەو حیزبەدا نەماوەتەوە، پاساوێک بۆ ڕاگرتنی نەمابوو، خەتاکەشی، ئەگەر خەتایەک لە ئارادا بوایە، نەدەکەوتە ئەستۆی ئێمە. ئەو فرسەتە چاکەمان، بە ئیسراری کاک سەید برایم و لەژێر کاریگەری زۆڕایەتی گەورەی ڕای گشتی و بە هەڵوێستی لێنەبڕاوانەی من و ژمارەیەکی دیکە لە هاوڕێیان  لەکیس چوو.
سەردەمی ساغکردنەوەی کۆمەڵە قۆناغێکی زۆر گونجاوی دیکە بوو. ئەو کات بەدوای چەندین ساڵ باس و سێمینار و لێکۆڵینەوە و نووسین ، تەسفیە حیسابێکی نەزەریی پڕاوپڕمان لەگەڵ هەموو ئاسەواری فکری و سیاسی کۆمۆنیزمی کرێکاری کرد کە لە شریتی کۆبوونەوە و سێمینارەکان و لە لاپەڕەی گۆڤارەکاندا تۆمار کراون. بەداخەوە کاک سەید برایم نە لەو پرۆسەیەدا هیچ بەشدارییەکی کرد و نە هەرگیز پشتی گرت. لەڕاستیدا، ئەو هەرگیز دابڕانێکی مەعریفی لەگەڵ ڕوانگەی مەنسووی حیکمەت تێپەڕ نەکرد و، بەبڕوای من، ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر بەو چەمکانە بیر دەکاتەوە.
بەهەر حاڵ، دواتر بەشێوەیەکی سروشتی کەوتینە سەر هەڵسەنگاندنی رەخنەگرانە لە خودی حیزبی کۆمۆنیست و ئەزموونەکەی و زۆرێک لەم باسانەی ئێستامان خستنە بەرچاوان و سەرەنجام ساڵی دووهەزار لەسەر وەلانانی حیزبی کۆمۆنیست ساغ بووینەوە. لێرەشدا دەتوانم بڵێم ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵ ئەو پێداچوونەوەیە و ئەو بڕیارە نەکەوتن و لە حیزبی کۆمۆنیستدا بەجێ مان، هەڵەیەکی گەورەیان کرد و ئەمجارەش دەرفەتێکی گەورەیان لەکیس دا. ئێمەمانان تەنیا پاش دڵنیا بوون لەوەی کە کاک سەید برایم و بەشێک لە کادرەکانی کۆمەڵە سەرەڕای هەموو هەوڵێکی ئێمە هێشتا دۆگمای حیزبی کۆمۆنیست بەری نەداون و بەداخەوە لە پرۆژەی ساغکردنەوەی کۆمەڵەدا دەستمان لەگەڵ نادەنێ، ئەوانمان بەجێ هێشت.
ئاخر دەرفەت بۆ فڕێدانی قاوغی بەتاڵی حیزبی کۆمۆنیست، لە کاتی قەیران و دابڕانی ئەم دواییانەیان هاتۆتە پێشەوە. ئەگەر هاوڕێیانی پێشوومان، ئێستا و پاش هەموو ئەو بەسەرهاتە تاڵانەش، پاش ئەو گشتە ئەزموونە ناسەرکەوتوو و بێدەسکەوتەی حیزبی کۆمۆنیست، دوای ئاخرین کێشە و قەیران و دابڕانەکانی نێو خۆشیان، لە ساڵی دووهەزار و بیست و دوو، بەدوای بینینی ئەو گشتە گۆڕانکارییە لە جیهاندا، بەدوای ئەو ئاڵوگۆڕە گەورەی کە لە کۆمەڵگای خۆمان و لە دەوروبەرماندا رووی داوە، لەم ئاخرین دەرفەتە بۆ خۆ رزگار کردن کەڵک وەرنەگرن و هێشتا بەتەما بن حیزبی کۆمۆنیستی ئێران خێرێکیان بۆ بداتەوە، بەڕاستی لە هەڵەیەکی گەورەتر لە جاران دان.  
ئەگەر جارانیش پاساوێک هەبوو، کە نەبوو، ئێستا دەمێکە ئەو حیزبە لە دنیای دەرەوەدا نەماوە و تەنیا پەڕۆیەکی سووریان پیوە هەڵواسیوە و کردوویانە بە شەخس و چاوەڕوانی موعجیزەی لێدەکەن. ئەمە ئیدی دەچێتە خانەی لەجاجەت لەگەڵ مێژوو و دڵنیاشم رۆژێک دێت کە لەم هەڵوێستەی ئێستایان پەشیمان دەبنەوە.


وتەی کۆتایی
ساڵەها لەوە پێش وتم حیزبی کۆمۆنیستی ئێران گۆڕی بە کۆمەڵی کادرەکانی کۆمەڵەیە. زۆر کەس لێم عاجز بوون، بەڵام بەڕاستی هیچ مەبەستی سووکایەتی یان گاڵتە پێکردنم نەبوو. بەپێچەوانە، داخ و حەسرەتی خۆم بەیان دەکرد.
کۆمەڵە زۆر حیزبێکی پڕکادر بوو. دەپرسم ئەگەر ئەزموونی ناتەندروستی حیزبی کۆمۆنیست نەبوایە، کۆمۆنیزمی کرێکاری لەکوێ دەخوڵقا و ئەو دوژمنایەتی و تەخریب و نەفرەت پژاندنە لەکوێ دەبوو بە باو و ئەو گشتە کادر و خەباتکارە چۆن لە کیسمان دەچوون و لە کەڵک دەکەوتن؟ دواتر سەرانی جەماعەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆخۆیان تێگەیشتن تازە لە ئیمامزادەی حیزبی کۆمۆنیست هیچ موعجیزەیەک هەڵناستێ، بۆیەش خۆیان باریک کردەوە و بۆی دەرچوون. دەپرسم ئەی ئێمەمانانی کە مابووینەوە، ئەگەر میراتە شڕەی ئەو حیزبە لەسەر مێشک و زەینمان قورسایی نەکردبایە و بەپێچەوانەی عەقڵ و مەنتیق و بەرژەوەندی سیاسی پێمان لەسەر هێشتنەوەی دانەگرتبایە، بۆ لە هیچ و  خۆڕایی لەنێو خۆماندا دەبووین بە نەیاری یەکتری و لە ساڵی دووهەزار لێک هەڵدەبڕاین؟ دیسان دەپرسم ئەگەر کاک سەید برایم و ئەوان، ئێمەمانانی خەتی ساغکردنەوەی کۆمەڵەیان ئاوا بە ڕق ئەستووری نەبوغزاندبایە، بۆ دەبوو ماوەی بیست و دوو ساڵ لەسەر ئەوەی بەردمان بە گونبەزی ئەو شەخسە دادابوو، بایکۆت بکرێین؟ هەر وەک پێشبینیمان کردبوو، بەو کارەش ئەوەندەی دیکە دەرگای حیزبی کۆمۆنیستیان لەسەر خۆیان گاڵە دا و ئیدەئۆلۆژییەکەیان لەوەش خەستتر کردەوە و خۆیان و ریزەکانیان لە باس و دیالۆگێکی لەسەرخۆ و بێگرژی بێبەش کرد. دەپرسم ئەی بۆ ئەمجارەش ئەوان و باڵی بەناو چەپیان بوونەتە نەیاری یەکتر و ئاوا بەگژ یەکدا دەچنەوە، لەحاڵێکدا بە وتەی خۆیان هێشتا ناکۆکییەکی سیاسی روون نەهاتۆتە ئاراوە؟ ئەم دەورە باتڵە بۆ هاتە نێومان و کەی کۆتایی پێ دێت؟
وەڵامی من روونە. هەمووی ئەوانە قابیلی پێشگیری بوون. ناکۆکی فکری و سیاسی و تەنانەت جاری وا هەیە دابڕانیش لە ئەحزابدا روو دەدات، بەڵام ئەو رادە لە دوژمنایەتی و قینکارییە فاناتیک و نەبڕاوەیە تەنیا بەرهەمی حیزبی کۆمۆنیست و ئیدەئۆلۆژییە توندڕەو و هەموو کەس بەدوژمن زانەکەیەتی.
با زۆر کەس ئەم ئاسۆیە بە نزیک نەزانێ، بەڵام لە روانگەی منەوە سەرەنجام وا دروستە لە کوردستاندا یەک کۆمەڵە هەبێت. کۆمەڵەیەک کە هەم نیشتمانپەروەر و ئاڵاهەڵگری بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد بێت و هەم پێشکەوتنخواز و عەداڵەتخواز، هەم سێکولار و مودێرن بێت و هەمیش خەباتکاری مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و هتد...
ئەگەر ئەو ئاسۆیەشمان لە بەرچاو نەبێت، خۆ ئێمە و ئێوە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لەنێوماندا شک دەبەین. بۆ سەهۆڵبەندانی نێوانمان نەتوێنینەوە و دیالۆگێکی دۆستانە و ڕاشکاوانە لە نێوان خۆماندا دەست پێنەکەین؟ بۆ دەستی هاوکارییەکی چڕوپڕ بۆ یەکتری درێژ نەکەین؟ وەک هەمووان دەزانن، ئێمە بەنۆبەی خۆمان دەمێکە رامانگەیاندووە کە بۆ هەڵگرتنی ئەو هەنگاوە و درێژ کردنی دەستی دۆستایەتی و هاوکاری ئامادەین. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×