رۆشنبیری دەستلەكاركێشانەوە.. 

فەرهاد رەشید
  2022-07-28     418

 دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، لە وڵاتانی رۆژئاوا،بەردەوام گوێبیستی هەواڵی دەست لەكار كێشانەوەی چەندین سەرۆك پارت‌و رێكخراو دەبین كە زۆر راشكاوانە شكستی حیزبەكە‌و خراپی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەخەنە ئەستۆی خۆیان‌و داوای لێبووردن لە لایەنگران‌و دەنگدەرانیان دەكەن‌و  بڕیاری چۆڵكردنی جێگەكانیان دەدەن بۆ كەسانێكی تر بۆ بەدیهێنانی ئەوەی كە ئەوان نەیانتوانی بەدی بهێنن.
یەكێك لە جوانیەكانی پرۆسەی دیموكراسی لە رۆژئاوادا،رۆشنبیری دەستلەكاركێشانەوەو داننانە بە شكستەكان نەك هەر پاش شكست بەڵكو زۆرجار پاش سەركەوتنیش،چونكە بڕوایان بە‌و بنەمایە هەیە كە دەڵێت ،پارێزگاری لە دەسكەوت زۆر قورسترە لە بەدەستهێنانی، هەروەها پێیان وایە مانەوەی كەسەكان بۆ ماوەیەكی زۆر لە پۆستێكدا، دەبێتە هۆی دروستبوونی دكتاتۆر‌و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات،وە ئەگەر كەسەكە خۆی دەست لەكارنەكێشێتەوە،ئەواجەماوەر ناچاری دەكات، وەك لە بەریتانیای ساڵی(1991) كاتێك لایەنگرانی پارتی پارێزگاران توانیان(مارگریت تاتشەر) ناچار بكەن بۆ دەستلەكاركێشانەوە سەرەڕای ئەوەی نزیكبوو لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بەڵام لایەنگرانی حیزب ریگرێیان لێكرد بەو پێیەی یانزە ساڵ فەرمانڕەوا بووە‌و بەرەو دكتاتۆریەت دەچێت.
 هەروەها لە هەندێ‌ وڵاتی تر، دەستوور رێگرە لەبەردەم  هەڵبژاردنەوەی رابەر یان سەرۆكی وڵات بۆ زیاتر لە چەند خوولێك،وەك ئەمەریكا كە سەرۆك بۆی نیە زیاتر لە دووخوول سەرۆك بێت‌و بە هیچ جۆرێكیش دەستوور بوار نادات بۆ سازان یان سازشكردن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی بەجۆرێك ببێتە پاساو بۆ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیەكەی.
هەرچی جیهانی سێیەمە،رەوشەكان تەواو پێچەوانەن، لێرە سەرۆك یان رابەر پیرۆزی خۆی هەیە‌و هەر باسكردنێك لە لابردنی بە خیانەت‌و كودەتا‌و تۆمەتەكانی وەك تابووری پێنج‌و..هتد. لێكدەدرێتەوە‌و سەرۆك كردەوە نایاسایی‌و هەڵە كوشندەكانی‌و شكستەكانیشی هەر بە دەسكەوتی نەتەوەیی لێكدەدرێنەوە‌و چەمكی سەركردەی زەرورەت زاڵە‌و سەرۆكەكان‌و بازنەی دەوروبەریان بەردەوام وا لە جەماوەر تێدەگەیەنن كە بە رۆیشتنی ئەو، وڵات‌و هەموو دامودەزگاكانی دەپووكێنەوە‌و پێویستیەكانی ژیانیش تەنها دیاری ئەون بۆ رەعیەتەكەی ، هەر ئەوانەش هۆكاری سەرەكی كەڵەكەبوونی قەیرانەكانن لە چەندین وڵاتی وەك هەرێم‌و عیراق‌و هاوشێوەكانیان .
لە عیراقیش، لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، ئەو سیناریۆ  كوشندانە بە چەندین شێوەی ترسناك دووبارە بوونەتەوە،لەوانە پێشبرَكێ‌ بۆ دابەشكردنی پۆست‌و دەسكەوت بەپێی بنەمای خزمایەتی‌و زۆرجار فرۆشتنی پۆستەكانیش،هەروەها كەس خۆی بە هۆكاری شكستەكان نازانێت‌و هەمووی دەخاتە ئەستۆی ركابەرەكانی بۆ نموونە(مالیكی) ئێستاش خۆی بە هۆكاری شكستە سەربازیەكان یان پرۆسەی سیاسی نازانێت لە عیراقدا،لە مێژووی چەندین كابینەی پێكهێنراویش، تا ئێستا تەنها یەكجار لیستێك وەزیرەكانی خۆی كێشاوەتەوە بۆ دەرفەتدان بە سەرۆك وەزیران بۆ دانانی خەڵكی بێلایەن‌و تەكنۆكرات لە جێگایان ئەویش رەوتی سەدر بوو.
لە هەرێمی كوردستانیش، سەرەڕای كەڵەكەبوونی قەیرانەكان‌و خراپبوونی بەردەوامی بارودۆخی وڵات، تا ئێستا هەموو لایەنەكان خۆیان بە سەركەوتوو دادەنێن‌و قەیرانی دارایی‌و نەهاتنی بووجەیان كردۆتە پاسا‌و بۆ لاوازی ئەدای حكوومەت هەروەها كابینەی بنكەفراوان تا ئێستا نەیتوانیوە چارەسەری گونجاو بۆ زۆربەی زۆری كێشەكان بدۆزێتەوە، هۆكاری سەرەكیش بۆ كەم ئەزموونی‌و غەمی زۆرێك لە لایەنەكان لە كاتی پێكهێنانی كابینەكەدا بۆ دانی پۆست بەكەسانێك كە خۆیان مەبەستیان بوو زیاتر لە رەچاوكردنی تواناو لێهاتوویی،سەرەڕای هەموو ئەمانەش تا ئێستا كەس خۆی بەلێپرسراوی ئەم دۆخەی هەرێم نازانێت‌و ئامادە نیە دەستلەكاربكێشێتەوە،دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردەكانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عیراق‌و شكستی چەندین لایەن،دیسانەوە سەرۆكەكانیان ئامادە نین دان بە شكستەكانیان  بنێن لە ئیدارەدانی پارتەكانیان‌و هەڵە كوشندەكانیان هەر لە دەستەوسان بوون لە چارەسەری كێشەكان‌وسازدانی جەماوەری حیزب‌و داڕشتنی بەرنامەی گونجا‌و هەروەها سازشكردن لەسەر پرەنسیپەكان‌و لەمپەری راست بۆ ئەوپەڕی چەپ هەموویان پاساوی بێ‌ بنەما دەهێننەوە،بێئەوەی ئامادەبن خاڵەكان لەسەر پیتەكان دابنێن‌و دان بە هەڵەكانیان بنێن.   
لێپرسراوەتی ئەوەی لە هەرێم‌و وڵاتانی هاوشێوەی روودەدات، دەگەرَیتەوە بۆ چەند هۆكارێك، لەوانە رای گشتی،كە زیاتر لەژێر كاریگەری سۆزدایە هەروەها رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی تا ئێستا نەیانتوانیوە رۆڵی خۆیان لە هۆشیاركردنەوەی جەماوەردا ببینن،هەروەها سەركردەو رابەرەكانی ئەم ناوچەیەش پێیانوایە بە دووركەوتنەوەیان لە دەسەڵات، ئیتر هیچ رۆڵێكیان نامێَنێت لە ژیاندا‌و ئەوەی بەدەستی هێناوە لە دەستی دەدات، بۆیە ئومێدەوارین ئێمەی كورد لەم هەزارەی سێیەمەدا بتوانین كلتوری چەسپ بوون بە دەسەڵات وەلا بنێین‌و هەروەك چۆن سوود لە داهێنانەكانی تری جیهانی رۆژئاوا دەبینین، ئاوهاش سوود لە رۆشنبیری‌و ئەزموونە حوكمڕانیان وەربگرین‌و تەنها ئەوانە جێبەجێ‌ نەكەین كە لە بەرژەوەندی شەخسیمانن‌و ئەوانی تر وەلا بنێین،بە تایبەنی ئومێدەوارم پرەنسیپی رۆشنبیری دەستلەكاركێشانەوە‌و سەروەری یاسا لای ئێمەش پەیڕەو بكرێن بۆ سنووردانان بۆ شكستەكان‌و دەرفەتدان بە نەوەی نوێ‌ بۆ چاككردنەوەی ئەوەی پێش ئەوان شێوێندراوە. 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×