یادەوەریم لەگەڵ فوئادی برام

سەباح یاسین
  2022-09-02     2705

فوئادی برام کردگاریانە ژیانی خۆی کرد تا ئەو دەمەی لە ناویان برد. فوئاد بەمانا مرۆڤیەکە جەربەزە، پارەنەویست، دەسەڵاتخواز نەبوو. فوئاد بەو جۆەر ژیاو لەناوبرا.

 

بەمەزەندەی من لەنێوان ساڵەکانی ١٩٥٦-١٩٥٧ لەقوتابخانە ناونووسکرا. قوتابخانەکەی ناوی گۆیژە بوو، لەجێی کتێبخانەی ئەندیشەی ئێستا بوو. لەبیرمە فوئاد رۆژگاری سەرەتایی خوێندنەوە، سەرسام بو بەیەکێک لەمامۆستاکانی کە ئەویش مامۆستا یاسین بوو، مامۆستای وەرزشیان بوو، ئەم مامۆستایە بووە بووە سەرمەشق بۆ ئەوەی فوئادی برام خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ وەرزش‌و یاریکردن هەبێت. مامۆستا یاسین یەکێک بوو، لەباشترین یاریزانەکانی ئەو سەردەمە، هەر ئەویش دەستی فوئادی گرت‌و بردی بۆ ناو یاری تۆپی پێ. مامۆستا یاسین لەکوشتارەکەی ٩ی ١٩٦٣دا لەسلێمانی شەهید کرا.

ئەو چارەنوسە رەش‌و ناهەقییە ٥٨ ساڵ دواتر روبەڕوی فوئادی براشم بوەوە، جا فوئاد چۆن ئەو ناهەقیە کە دەرهەقی کر، لای من زانراو نییەو ئەمەش گڕ کوێرەیەکی گەورەیە.

 ئەوەی دەیزانم فوئاد لەو منداڵیەوە دڵشکاو بوو. کاتێک باس لەپەیوەندی فوئادو مامۆستا یاسین دەکەم، نازانم ئەو ماموستایە چەند کاریگەری لەسەر فوئاد وەک مرۆڤیک لەمنداڵیدا هەبووە، بەڵام دەزانم کە فوئاد هەر لەمنداڵییەوە تا دەگات بەهەرزەکاریی‌و گەنجێتی‌و دوا ساتی لەناوبردنی سرەوت‌و وەستانی بۆ نەبوو.  ئێستا فوئاد نەماوە، بەڵام کارەکان‌و بیرەکانی لەگەڵ ئەوانەدا دەژی کە فوئادیان ناسیوە. ئەوانەی کەس‌و هاوڕێی فوئاد بوون‌و باش دەزانن فوئاد لەپێناوی بەرز راگرتنی بەها مرۆییەکاندا ژیاو هەر لەو پێناوەشدا گیانی سپارد.

تیرۆر کردن‌و شەهید کردنی مامۆستا یاسین بووە مەبنای فکرو بیرکردنەوەی فوئادو بەدرێژایی ژیانی بۆ ئەوە تێکۆشا کە کەس بەناهەق نەکوژرێ‌و مافی ژیانی لێزەوت نەکرێ.

هاوکات فوئاد هەر بەمیراتیش مانای هەق‌و ناهەقی لەدایکیەوە وەرگرتبوو،  دایکمان سەر بەخێزانی پیرانی کەرکوک بوو. پابیرە گەورەم بەحەکیم (ژیر) ناسرا بوو، لەم باوباپیر و داپیرانیەوە جوامێریی‌و راستگۆیی‌و حەقبێژیی‌و متمانە بەخۆکردن بۆ مابووە و فێر بووبوو.

 فوئاد تا بۆی بکرایە پشتی بەخۆی دەبەست‌و هانی هاوڕیکانیشی دەدا کە کۆڵنەدەرانە پشت بەخۆیان ببەستن، دایکیشم هەر بەو جۆرە  ئێمەی پێگەیاندبوو.

کاتێک کە فوئاد لەناوچوو، ژانێکی گەورە بەدڵی دایکمدا چوو، کە لەدواڕۆژەکانی تەمەنیدا بوو، مەرگی ناوەختی فوئاد تروسکایی خۆشی لەژیانی دایکیدا وەک مومێک کوژاییەوە. ئەگەرچی دایکم بەردەوام دەیوت حەزم لەگۆڕی تەنگ نییە، بەڵام لەساوەختی بیستنی مەرگی فوئادەوە، هێواش هێواش دایکیشم مرد، کە سێ مانگ بەدەم ئازارەوە بێدەنگانە خۆی دەخواردەوە.

فوئاد لەمنداڵیەوە  بەفوئادە رەش ناسرابوو، ئەم ناوەش عەزە رەشی پاسکیلچی بەسەریدا دابڕی، لەبەر بزێویی‌و رووخۆشی‌و دەم بەپێکەنینیی هەمیشەیی فوئاد. عەزە رەشی پاسکیلچی هاوڕێی عومەری پورزای دایکم بوو، کابرایەکی رەشتاڵەی بەجەستە لاوازو تابڵێی نوکتەباز بوو، ئەو نازناوەکەی خۆی بەسەر فوئایشدا دابڕی.

لەبیرمە هیشتا منداڵ بووین، دەبوو بچین بۆ سەر ئیشی تەنەکەچێتی لەهاویناندا رۆژێکیان فوئاد دەستیگرتم، وتی وەرە با بۆ تەکەنە (حامیە)ی عەسکەری بچین، کە نمایشی سەربازیی‌و موزیک لێدان بوو. ئەو بەیانیە ئێمە بۆ دوکانی تەنەکەچێتییەکە نەچووین، وەستا کەسێکی بۆ ماڵەوە ناردبوو، تا بزانێت بۆچی نەچووین. کە من و فوئاد پاش نێوەڕۆ  بۆ ماڵەوە گەڕاینەوە. دایکم بانگی کردین. وتی راستم پێبڵێن بۆ کوێ چوون. ئەگەر راستم پێم بڵێن، لێتان نادەم. منیش بەبێ یەک و دوو بۆ کوێ چووبوین، چیم دیبوو دڵخۆشانە بۆم گێڕایەوە. فوئاد هیچی نەوت. دایکم وەڵامەکەی منی لا پەسەندبوو، وتی "سەباح قسەی دڵێ خۆی دەکات". ئەو رۆژە بۆ من قسەکردن بەو مانایە وانەیەک‌و  رێگەخۆشکەری ژیانم بوو.  بەداخەوە نازانم بۆ فوئاد  مانای  چی هەبوو، ئەوەی دەزانم فوئاد لەو رووە باسی خۆی‌و تێگەیشتنی خۆی نەدەکرد.

 لەبیرمە فوئاد لەتەمەنی سیانزە ساڵیدا بوو، باوکم هەڕەشەی داخ کردنی کردو فوئادا بۆ خۆی دەستی خۆی خستە سەر عەلادینەکە، بە باوکمی وت "تۆ من بە داخ کردن دەترسێنیت".

باوکم بەخێرایی دەستی فوئادی لاداو بێدەنگانە کۆتایی بەهەڕەشە =و گوڕەشە هێنا.

بزێویی‌و جەربەزەیی فوئاد وایکرد کە تا ساڵانی ١٩٧٦ دوای بکەوم‌و بەگوێی بکەم. بەڵام لەدوای ئەو ساڵانەوە هەوڵم دەدا لەگەڵیدا گفتوگۆو رێکەوتن دروستبکەم. ویستی فوئاد وایدەکرد کە هەندێک جار رێکنەکەوین. لەگەڵ ئەوەشدا بەدڵ یەکترمان خۆشویستووەو بەرادەیەکیش ئاگامان لەیەکتر بووە.  بۆ خۆم هەندێکجار فوئادم بەتاکڕەو ناوبردووەو لەگەڵیدا دەنگە دەنگم کردوە. ئەوەش فوئادی توڕە دەکرد، کە توڕەش دەبوو، لێبوردنی نەبوو، سووربوو لەسەر ئەو هەقەی کە خۆی پێوەری بۆ دانابوو.  لەو خاڵەدا من‌و فوئاد لەدایکم جیاواز بووین، دایکم بەگشتی هەقی وەک پارسەنگی چاو دەبینی‌و هەر دەمە بەئێمەی دەوت خۆتان، خۆتان و یەکتر دەبینین. نازانم هۆکاری ئەو لێنەبووردنەی فوئاد بۆ  کەللەڕەقی یان جێنیە مرۆیەکە دەگەڕایەوە یان ئازارو سزای قوتابخانە وایلێکردبوو؟!  فوئاد هەمیشە باسی لەلێدان‌و فەلاقەی بەڕێوەبەرو هەندێ لەمامۆستاکانی قوتابخانەی دەکرد کە لەسەر وانە ئامادە نەکردن‌و بزێویی لێیان دابوو.

خەسڵەتێکی گرنگی دیکەی فوئاد ئەوە بوو کە حەزی بەئایدولوجیای تاک‌و گروپی سیاسی نەبوو. فوئاد دەیوت کەسانی سیاسی‌و دیینی زۆر دەڵێن‌و بەکردەوەش هیچ ناکەن. ئەم جیهانبینییە وایکرد کە فوئاد لەدوای ساڵی ١٩٧٨ دەستبەرداری ئەقلی حیزبایەتی ببێت، هەرچەندە نەیتوانی بەتەواویی خۆی لەفیڵبازی سیاسیەکان بەدوور بگرێت. فوئاد تا مرد "کار"ی لە"بیرکردنەوە" لا گرنگتر بوو. ئەمەش جیاوازی نێوان من‌و فوئاد بوو.

لەبیرمە لەساڵی ١٩٦٣-١٩٦٤دا ژنێکی دراوسیمان کە کرێچی ماڵی ئامە ئێرانی بوو، لەماڵەکە دەریانکرد، چونکە پارەی کرێی نەبوو،  مێردەکەی کە ناوی ساڵح بوو،  لەحامییەی سلێمانی سجن بوو. دایکم ئەو ژنەی بۆ ماڵی خۆمان هانی‌و بەمن‌و فوئادی وت کەلوپەلەکانی بۆ ژووری سەر داڵانەکە بهێنین. ژنەکە ناوی فەهیم بوو، دوو منداڵی بچوکی هەبوو. ماڵی باوکی فەهیم لەگوندێکی بناری قەرەداخ بوو. فەهیم ناوی گوندەکەی بەفوئاد وتبوو، فوئادیش ئاسایی ملی بۆ ئەو گوندە نابوو، بەبێ ئەوە بەدایکم بڵێت، پاش دوو ڕۆژ لەگەڵ باوکی فەهیم بەبارێک ئاردو ساوەرو و شەکری کەلەی ئێرانی بۆ ماڵەوە گەڕاییەوە.  لەو دەمەشدا زەعیم سدیق  هاتووچۆی لەناو سلێمانیدا قەدەغە کردبوو.

کاری هەروەزی (سولێداریەتی) فوئاد بەو جۆرە سەرەتاکەی لەگیانی و رۆحیدا چەسپی بوو.  

قادری هاورێی فوئاد کە ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی  هەولێر رائیدە، دەیگێڕایەوە لەساڵەکانی ١٩٦٣- ١٩٦٤ تەمەنیان لەدەوری سیانزەو چواردە ساڵاندا بووە. فوئاد دوو جار  ئەوو حەمەی سەبری بۆ قەرەداخ فریوداوە تا ببن بەپێشمەرگە، یەکەمجار کە پیشمەرگەکان لەگەڵە زەردە بینیویان، بۆ سلێمانی گەڕاندبونیانەوە.  فوئاد بۆ جارێکی تر هانی ئەو دوو هاوڕێیەی خۆی دابۆوە،  بۆ قەرەداخ گەڕاوبوونەوە.  پیشمەرگەکان کە جاری دووهەم دەیانبینەوە، چەند دارو زلەیەک لەقادر و حەمەی سەبری دەدەن، بە قادر دەڵێن بۆ  ئەم منداڵەتان (فوئاد) لەگەڵ خۆتاندا فریوداوە. قادرو حەمە لەفوئاد باڵایان بەرزتر بوو.  قادر  بەپیشمەرگەکانی وتبوو "وەڵا ئەو بچوکە ئێمەی هەڵخەڵەتاندووەو بۆ ئێرەی هێناوین".

کورد کە ماوە، مانەوەکەی بۆ زمان و کولتورە هەرەوەزیەکەی دەگەڕێتەوە، سعودی، خلیجیەکان و تورکیا  خوازیارن کە ئەو کولتور لەناوبەرن  و ئەو ئەقڵە کۆیلەییە هان بدەن کە لەبەرژەوەندی ئەواندایەو ئایین بەکاردەهێنن بۆ گەیشتنە ئامانجەکەیان.

لەبیرمە من‌و فوئاد ساڵی ١٩٦٧-١٩٧٠ لەناو رێکخستنی پارتی (باڵی ئیبراهیم ئەحمەد) کارمان بۆ حیزب دەکرد، نەک بۆ  ئەو کولتورە کە دایکم بەکولتوری دایکی ناوی دەبردو لەسەر ئەو بنەمایە ئەندامی دەستەی ژنانی پارتی ئەو ساڵانە بوو. دایکم لەروانگەی خۆیەوە دەرگای سیاسەتکردنی  بۆ ئێمە  واڵاکردبوو، بەڵام ئێمە لەمانای کولتوری دایکایەتی کە پێگەیاندنی نەوەیە تێنەگەیشتبووین. دایکم لەساڵانی ١٩٦١ من و فوئادی دوای خۆی دەخست و ئارد، گەنم، برنج و شەکر و چای لەهەندێک ماڵ وەردەگرت، بۆ ماڵی شەهید و قوربانی پارتی دەبرد. سەرەتای چوونە ناو سیاسەت بۆ من و فوئاد بەو جۆر دریژەدان بوو بەکولتوری هەرەوەزی کە هۆزە دێرینەکانی کوردستان مانا کولتورییەکەیان داهێنەرانە لەڕابردووی نەزانراوی جوتیاران و نیشتەجێ دێرینەکانی کوردستانەوە هێنابوو.

ئێمەش کە چووینە ناو ئەو رێکخستنەی پارتیەوە کە سەرەتا یەک باڵ بوو، دوای بوو بە دوو باڵی جەلالی و مەلایی و لە ١٩٧٠ بوونەوە بەیەک باڵ و تا لەساڵانی١٩٧٥ درێژەی بەهەڵگرتن چەک لەشاخ داو لەدوای ١٩٧٥ ئاشبەتاڵیان لێکرد.

فوئاد لەگەڵ کاری سیاسی و قوتابخانە هەر لەمنداڵیەوە خەریکی یاری تۆپی پێ بوو، دوای  بوو بەیاریزانی باسکە،  لەساڵانی ١٩٧٠- ١٩٧٤ یەکێک بوو لەیاریزانە باشەکانی "یانەی سیروان".  لەساڵی ١٩٧٤ کە شەڕی نێوان دەوڵەت‌و بارزانی دەستیپیکردووە.  من و فوئاد وەک زۆرینەی کوردی شارەکان  پێکەوە روومان لەشاخ کرد.

فوئاد چاو نەترس‌و  بیر تیژی خۆڕسک بوو، ساڵی ١٩٧٣-١٩٧٤ کەسیکی سەربازی  بەرێکەوت لەناو شاردا ناسیبوو، ئەو کەسە لە دەزگای زانیار سەربازی عیراقی،  حامیەی سلێمانی وەک سەربازی دوو خەت کاری دەکرد. قەناعەتی بەو سەربازەکردبوو، کە هەواڵی نهێنی بەینی دەزگاکەی خۆیان و پارتی بۆ بهێنێت. فوئاد ئەو هەواڵانەی کە لەو سەربازە وەردەگرد،  دەیگەیاندە دەست محێدینی برای خاڵە حاجی، لەو دەمەدا ئەو بەرپرسی ناوچەی پارتی بوو.

فوئاد بۆ ناسینی خەڵکی هەستی شەشەمی هەبوو، لەبیرمە شەوێک لەساڵی ١٩٧٤ فوئاد هاتە لامەوە،  باسی سیخوڕو پیاوخراپی ناو پارتی  بۆکردم، وتی ئەزانیتخەلک هەیە لەناو بارەگای بارزانی جاسوسی بۆ عیراق دەکەن، کەچی بەرپرسی ناوچەی پارتیم لەوە ئاگادار کردۆتەوە، تا ئێستا ئەوانە ئەو کەسانەیان نەگرتووە.

فوئاد ئەو شەوە بەدرێژی چیرۆکی خۆی‌و ئەو سەربازەی بۆ گیڕامەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوی ئەو کەسانەی نەوت جاسوویان بۆ دەوڵەتی عێراق کردووە. منیش پێموت باشە بۆچی خۆت بۆ لای بەرزانی ناچی، بە خۆی بڵێیت.

لەساڵی ١٩٧٤ بۆ پێشمەرگایەتی روومان لەماوەت بۆ  پێشمەرگایەتی کرد، لقی چواری پارتی ئەوسا لەماوەت دادەنیشتن. ئەوان  کیتابیان بۆ ئێمە کرد تا بۆ مەکتەبی عەسکەری بچین. مەکتەبی عەسکەری پێشمەرگە لەچۆمان بوون.  کە چووینە چۆمان فوئاد لەجێی ئەوەی بۆ مەکتەبی عەسکەر لەگەڵمدا بێت، بەمنی وت ، تۆ بۆ مەکتەبی عەسکەری بچو، منیش بۆ بارەگای بەرزانی دەچم. فوئاد تا ئەو رۆژە گەشتینە چۆمان پێینەوتم، کە نامەی پێیە. نامەکە زانیاریی دەزگای ئستیخباراتی سەربازی عێراقی بوو.  فوئاد دواتر بۆی گێڕامەوە کە نامەی ئەو سەربازەی بە بەرپرسی ناوچەی سلێمانی پارتی نەداوە، لەگەڵ خۆیدا هێناوێەتی‌و دەیبات بۆ بارەگای بەرزانی. بۆ بەیانی فوئاد بۆ بارەگایی بەرزان چوو، منیش بۆ بارەگای عەبدولوەهاب ئەتروشی چووم. عەبدولوەهاب ئەتروشی  بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری شۆڕشی ئەو سەردەمەی پارتی بوو.  کارکردن لەرێزەکانی پارتی (جەلالی و مەلایی)  گەر وەک هەڵە تێبگەیشتینایە، کارێگەری ئەرێنی دەبوو، بەڵام کە تێنەگەیشتین کاریگەری نەرێنی و سەرلێشواندن  و پێنەگەیووی لەسەرمان هەبوو. کوردایەتی ئەوساڵانەی ناو هەر دوو باڵەکە درێژە کولتوری دایکم یان کوردی رەسەن نەبوو، دایكم لەساڵی ١٩٦٧ەوە لەوە تێگەیشبوو، وازی لەکاری رێکخستن هێنابوو.

 ساڵی ١٩٧٦ من و فوئاد بیرمان لە دروستکردنی رێکخستنێکی جیاواز لەپارتی یان ئەو دوو باڵە پەککەوتەیەی ڕابردووی خۆمان دەکردەوە. فوئاد رۆژێک جەمال تاهیری بینی بوو. شەو لەماڵەوە پێووتم، کاک جەمال باسی لەدروستکردنی رێکخستنی یەکیتی وەک چەتریک بۆ کۆکردنەوەی کورد کردووەو دوو گروپی کۆمەڵەو بزوتنەوە هەنگاوی یەکەمیان بۆ ئەو کارە ناوەو دەستپێسخەریی کارەکەش  بۆ هەوڵی مام جەلال دەگەڕێتەوە. مام جەلال بەحسابی جەمال تاهیر ئەندامی شەرەفی یەکیتی بوو. ئەوسا کەس باسی لەسکرتێر، سەرۆکی تاک و تەنها نەدەکرد و کەس غیرەتی ئەوەی نەبوو، خۆی باس لەخۆی بکات و ئەوەی باس دەکرا هاوکاری و بەرگری بوو. ئەوەش بۆ فوئاد و من سەرمایە و مانای کولتوری هەرەوزی و بەرگری هەبوو.   منیش  فوئادم خۆش دەویست و ئاسان بە گوێم دەکرد.  پێموت باشتر لەوەی خۆمان شتیک دروست بکەین و کاک جەمال لەئێمە زیاتر دەزانێت و چاکە لەگەڵ ئەواندا کاربکەین. 

دوای ئەو قسانەی بەینی من و فوئاد، فوئاد لەگەڵ  کاک جەمال و مەلا بەختیار قسەیان کردبوو.  لەسەر ئەوە رێک کەوتبوون، کە لیژنەیەک بە ناوی یەکیتی لەسلێمانی  پێکبهینن. لیژنەکە لەچوار کەس پێکدێت.  فوئاد و مەلا بەختیار سەرپەرشتی سەربازی بکەن، من کاک جەمال سەرپەرشتی رێکخستنی سیاسی بکەین. ئەوەی لەبیرم بێت، هیچ کەسیک لەئێمە بێ لەئەزمونی خۆی بۆ کارو رێکخستن تێگەیشتن تا ئەو دەمانە کەس تێگەیشتنی فەلسەفەی (دونیابینین بەرونی)، ستراتیژی سیاسی (لەهێزی خۆی و بەرامبەرکەی تێبگات و بەگوێرە ئەو تێگەیشتنە، پلانی بۆ کاری ئێستاو داهاتوو هەبێت)و ئەوسا وەک ئێستاش دەستەبژێری سیاسی کوردی تێگەیشتن بۆ هێزو لاوازی کولتوری و شەڕی پارتیزانی نەبوو.  بەواتایەکی تر ئەوسا وەکو ئیستا زۆرینەی مرۆڤی ئێمە چۆن لەخۆی تێناگات ئاواش لەکولتور، لەدین، لەخۆیان و لە خودا تێناگەن و نازانم  رێکخستنی ئەمڕۆی کۆمەلایەتیان بە چ ئاراستەیەکە ڕاپێچیان دەکات.

لەساڵی ١٩٧٦ فوئاد کە چەند مانگێک بوو، وەک کارمەند لەزانکۆی سلێمانی دامەزرا بوو، لەدەست ساڵح عانی رایکرد. راکردنەکەی بۆ تەقکردن لەپارێزگاری ئەوکاتی سلێمانی دەگەڕایەوە. چەند هەفتەیەک بوو، تەقە لەپارێزگار کرابوو، فوئاد لەلایەن جەمال تاهێرە بەفوئاد مخطط ناونرابوو. ئەو ناوبردنە بە دەم ئەمن گەیشتبووە.  فوئاد لەو دەمەدا کە لەدەست ساڵح عانی رایکردبوو، ئێمە گیراین و ئەو شەوەی گیراین، ئەمنێک کە منی لە خەو هەستان بەفوئاد مخطط بانگی کردم. یەکێک لەهاوڕێکانی فوئاد لەو رێکخستنەدا بوو، کە فوئاد بۆ خۆی رێکیخستبوو،  ناوی تایەر موراد بوو، لەشاخ بە هاوڕێ ناسرابوو، ئەو ساڵح عانی کوشت، کە بەرپرسی زانکۆو ئەندامی شوعبەی حیزبی بەعسی سلێمانی بوو. دوای ئەو کارە  تایەر‌و فوئاد بەیەکەوە رویانکردە شاخ‌و پێشمەرگایەتی کە چەند مانگێک بوو، پیشمەرگایەتی و  شۆڕشی یەکێتی ناوی پەیدا کرد. فوئاد لەشاخ خۆی ناونابوو هەژارو تایەر مورادیش خۆی بەهاوڕێ ناساندبوو،  کە منیش رومکردە لایان، فوئادو هاوڕێم بینی، فوئاد ناوی نام جوتیار.

ئەوکاتەی کە تازە لەشاخ بووین و وەک دوو براو هاوڕێ ناسرابووین، لە بیرمە  کەریمی دادەمەنە بەجووتە بانگی دەکردین‌، بەڕاستیش لەشاخ ئێمە جووتە برابووین.  فوئاد بەگوێرەی قسەی دایکم، تەمەنی ساڵ‌و نیوێک لەمن گەورەتر بوو. ئێستا لام جێی داخەوە کە قەد فوئادم بەکاک بانگ نەکردوە، نازانم بۆچی؟ رابردووی من و فوئاد  هەر چونێک بووبێت، شادم بەوەی کە بیر لەفوئاد وەکو  رەچەشکێنێک لەژیاندا دەکەمەوە. چونکە فوئاد بەو مانایە بۆ من و زۆر کەسی تر هاندەر بوو کە خۆمان بەدور لە پەکەوتەیی و خۆ دەرخستن بە دور بگرین.

بەنمونە  لێژنەی یەکەمی یەکیتی کە چوارکەس بەردی بناغەی رێکخستنەکەی  لەسلێمانی دانا، فوئاد لەناو ئەو چوارەدا بە کردەوە چالاکترینیان بوو.  ئەگەر  هەر کەسێک بچێت سەیری کارکردن‌و سەرەتای دورستکردنی یەکێتی و چالاکی پیشمەرگە بکات، ئەوسا دەزانێت، بەچوونی فوئاد بۆ شاخ لەناو شاری سلێمانیدا هێچ نەکراوەو ئەو کەسانەش کە لاف‌و گەزاف بەو سەردەمەوە لێدەدەن، بۆ خۆیان هێچ نەک بە دەستی خۆیانم بەڵکو بەبیریی خۆشیان هیچیان نەکردووە.

کاتێک کە وا دەڵێم، لەو روانگەیەوە دەیڵیم و دەزانم تا فوئاد تەقەکردن لە پاریزگاری سلێمانی و کوشتنی ساڵح عانی رێکنەخستبوو، یەکێتی و پێشمەرگە ناویان لەلای خەڵکی سلێمانی و ناوچەی سلێمانی نەبوو. لە بیرمە کە لەسجن رامکردو شەو جەمال تاهیرم دی، باوەشی پێداکردم و وتی "ئەزانی راکردنەکەی تۆ لەسلێمانی‌و دەرەوەی سلێمانی دەنگی داوەتەوە". 

لەوەش زیاتر  یەکیتی بەکردەوە بیرۆکەی مام جەلال  و نەوشیروان بووە، سلیمانی و کەسانی وەک فوئادیش رێگەیان بۆ ئەوان خۆشکرد کە سەرکردایەتی بکەن.  ئەگەرنا خەڵکانێکی تر دەبوونە سەرکردە. واشی بۆ دەچم مام جەلال و نەوشیروان  فوئاد چاک دەناسن و هەر یەکەیان بەجۆری خۆیان رێزیان لێدەنا. لەبیرمە مام جەلال چەند جارێک حەمە چاوشینی بۆ لای فوئاد ناردبوو و جارێک تاپۆی خانوویەکی گرانبەهای بەنەوشیروان موستەفادا بۆ فوئاد ناردبوو. فوئادا نەچوو بۆ لای و تاپۆکەشی لەنەوشیروان موستەفا وەرنەگرتبوو. 

 ئێستا کە فوئاد نەماوە لام دروستە پلانی تەقەکردنی لەپارێزگاری سلێمانی ساڵی  ١٩٧٦ وەکو خۆی لێرەدا بەشەکەی فوئاد بگێڕمەوە. چونکە فوئاد پلانداڕێژەرو ئەنوەری تۆفیق هەورامی تەقەکەر بوون، هەردوکیشیان لەشاخ  عەمەلەیەکەیان بەفاشیل ناو دەبرد. ئەو رۆژەش کە ئەنوەر و فاخیر لەسەربانی مزگەوتەکە بوون.  فوئاد تەلەفون بۆ دوکانی نەجەمەدین خەیات کردبوو، بەلام  ئەکرەمی (دلێر)ی سەید مەجید کە دەبوو تەلەفونەکە هەڵگرێت، بۆ لای نەجمەدین خەیات نەچووبوو. کە من لەسجن رامکرد، ئەوەم زانی و زۆرینەی کەسەکان و بەتایبەتی ئەوانەی کە خۆیان لا شت بوو، گلەییان لەمام جەلال هەبوو، کە پەیمانی ناردنی پارە و چەکی داوەو هیچ لەو پەیمانە تا منیش چوومە شاخ، هیچی لێ سەوز نەبوو.  

لەبیرمە رۆژیک دوای ساڵی ٢٠٠٧  فوئاد بۆ ماڵەوە هاتەوەو وتی مەلا بەختیار ئەو تەقەکردنەی بۆ خۆی کردووە بەسێبەرو سجن و فەلاقەی خۆی لەلایەن یەکیتی لەبیر کردووە. منیش پێموت بۆ تۆ باسی ئەو تەقەکردنە ناکەیت تا مەلا بەختیاریش بۆ خۆی بەئارەزوی خۆی بیکات بەسەروەری خۆی. فوئاد لەوەڵامدا پێیوتم مەلا لەسەرەتاوە لەناو یەکێتی هەوڵی داوە کە خۆی وەک سەرکردە نمایش بکاو تا ئەمڕۆ پێینەگەیشتووەو لەهەمانکاتدا ئەوەندەی ئازاری بەدەست یەکێتییەوە چەشتوە کە بەراستی لام ناخۆشە لەو کەمە خەیاڵەی خۆی بێبەشی بکەم، ئەگەرنا لەوانەیە ئەو بزانێت کە دەنگۆی فوئاد مخطط چۆن بەدەم ئەم گەیشتووە.  

وەک وتم  فوئاد پێش ئەو تەقکردنە لەپارێزگاری سلیمانی بۆ خۆی پلانی تەقەکردن‌و جێبەجیکردنی داڕشتبوو، کە خۆی تەقەکان بکات‌و چاوەڕی بوو لەشاخەوە كڵاشینکۆفێکی بۆ رەوانە بکەن. هەروەک چۆن لەساڵی ١٩٧٣دا فوئاد نامەی بۆ لقی پارتی لەسلێمانی نووسی بوو، کە دەچن بۆ بەغداو ئامادەیە تەقە لەئەحمەد حسن بەکر بکات.

 لەکۆتایی ساڵی ١٩٧٦ کە تازە مەفرەزەی پیشمەرگە لەشاخ لەناو دۆستانی یەکیتی زانراوبوو.  پێنچ پێشمەرگە (ئەنوەری تۆفیق هەورامی، عومەری هەیلکە، غەریبی خۆلەی ئەمین بوک، فەتاح و فاخیر)، بەهاندانی عوسمانی قالە منەوەر بۆ شار هاتبوون، لەماڵی ئەحمەدی ئەندازیار لایان دابوو. ئەو پێنج پیشمەرگەیە بۆ خۆیان لەسەر ئەوە رێکەوتبوون کە شەو بچنە ناو نادی ماموستایانەوە، تەقە لەکۆمەڵێک قومارچی بکەن. گوایە ئەو قومارچیانە بەرپرسی بەعسی سلێمانین. سەرچاوەی زانیارەکەشیان عوسمانی قالە منەوەر  بوو. عوسمان لەشاخ  ئەوەی بۆ گێڕامەوە. ئەو پێنج  پێشمەرگەیە کە شەو لەماڵی ئەحمەدی موهەندیس بوون، هەر ئەو شەوە ئەنوەری تۆفیق هەورامی و غەریبی خولەی ئەمینی بوک دەبێت بەشەڕیان. شەوی دواتر  فوئاد، ئەنوەر و فاخیری بۆ ماڵەوە هێنا. فوئاد کە  لەوەوبەر بەرنامەڕێژی بۆ تەقەکردن لەپاریزگاری سلێمانی دانابوو.  پلان داڕشتنەکەی فوئادو زانیاری لەسەر کاتی دەرچوونی پارێزگار لە ماڵی خۆمان بۆ چەند هەفتەیەک پێش تەقەکردنە دەگەڕێتەوە.  

فۆئاد چەند جارێک بەئوتومبێلەکەی باوکم، دوای پارێزگاری سلێمانی کەوتبوو،  زانیبووی کەی لەماڵەوە دەردەچێت و بە چ رێگایەدا بۆ پارێزگا دەچێت. ئەوسا پارێزگا لەسەرای سلێمانی دادەنیشت. هەروەها فوئاد چەند جارێک بەیانیان پیش نوێژ بۆ سەر سەربانی مزگەوتەکە چووبوو تا لەهاتووچۆی نوێژکەر، مەلاو مجەور  بەئاگا بێت.

ئەنوەری تۆفیق هەورامی و فاخیریش لەماڵی خۆمان بوون، دوو جار هەردووکیانی بۆ سەربانی ئەو مزگەتە بردبوو، بۆی باسکردبوون کە کەی پاریزگار دەردەچێت، کە دەردەچێت بۆ خۆی کەسێک لەم ناوە ئاگادار دەکاتەوەو ئەو دەچێتە ئەو شوستەیەی ئەوبەرەو و هاتوو چۆ دەکات و ئەوەش مانای وایە کە پارێزگار لەماڵ دەرچووە و دوای چارەکێ یان بیست دەقە دەگاتە جادەکە و دەبێت ئەوان لەپێشەوە تەقەی لێبکەن. جا کە تەقەکردنەکە لای ئەنوەر و فوئاد بە فاشیل ناو دەبرا، بۆ بەشدار نەبوونی ئەکرەمی سەید مەجید (دلێری سەید مەجید) دەگەڕێتەوە. جا بۆ ئەو بەشدری نەکردووە؟ کە لەشاخ بووم، نەمدەبینی فوئاد یان ئەنورەر گوێ بەوە بدەن.

ئەنوەر و فاخیر کە کەس لەسەر شۆستەکە وەک کاتەکەی کە فوئاد پێیوتبوون، نابینن. ئەنوەر بە سنگەخشکێ دەچێتە پێشەوەی سەربانەکەو سەیری جادەکە دەکات. لەو دەمەدا ئەنوەر ئوتومبێل و ماتورەکەی پارێزگار دەبینێت کە تێپەڕ دەبن. ئەنوەر  هەر بەپاڵکەوتنەوە وەک خۆی باسیکرد، تفەنگەکەی رادەکێشیت و سەڵیەیەک فیشەک بەئاڕاستەی پشتی ئوتومبێلەکەی پاریزگار دەتەقێنیت و هەڵدەستێت و رادەکەن و فاخیریش بەدوایدا رادەکات.

لەئێستادا سەربانی مزگەوتەکە  ناوی "تەلاری مەولەوی"ی لێنراوە. لەگەڵ ڕاکردنی  ئەنوەر و فاخیر بۆ لای ئوتومبێلەکە عەبەی خورشە دەشڵەژیت و ئەنوەر ناچار دادەبەزێت. ئوتومبێلەکە لێدەخوڕێت. ئەوەی کە سەیرو جێی داخە تا ئەمڕۆ  فاخیر و دلێری سەید مەجید وەکو فوئاد هیچ قسەیەکیان لەسەر ئەو روودانە نەکردووە.

ئەوەش بۆ من تا ئەمڕۆ گرێ کوێرەیە، چونکە دەزانم نهێنیەکانی ئەمن و بەگرتدانی ئێمە و بەکوشت چوونی ئەحمەدی موهەندیس و کۆمەڵیک کەسی تر بەهۆی ئەو چالاکییە فاشیلەوە بوو.  بەلام تا ئەمڕۆ دەزگای زانیاریەکانی کوردو عیراق هیچ لەو زانیارییانە بڵاوناکەنەوە کە باس لەو رۆژانە دەکەن.

فوئاد لەدروستکردنی یەکەم لیژنەی یەکێتی لەسلێمانی ئەندام بووە، لەتەقەکردن  پارێزگاری سلێمانی نەخشەکێش بووە، لەدانانی قادری حاجی عەلی وەکو چاودێر بۆ ساڵح عانی، پلانداڕێژەری کوشتنەکەی بووە. کە چووە شاخیش لە دەستەی یەکەمی ئەو پێشمەرگانە بوو، کە مام جەلالیان لەسێگۆشەی سنوورییەوە بۆ ناو کوردستان هێناوەتەوە. دوایش لەگەڵ نەوشیروان یەکەم پەنجا تفەنگیان لەسنوری تورکیاوە بۆ خڕی ناوزەنگ هێناوە. فوئاد لە ناو ئەوانەی ماون تەنها کەس بوو کە زەوی، پارەی خانەنشینی و پۆستی وەرنەگرت، درێژەی بەکاری هەرەوزی و خێرخوازیە دا کە لەمنداڵیەوە لەدایکیەوە فێریبوو. فێربوونی منداڵ بەو مانایە مێژوو دروست دەکات. فوئادا بەو مانایە درێژە بەمێژووی هەرەوزی و کاری مرڤانەی باوانی خۆی دا.

فوئاد کە لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردودا دڵی لەشۆڕش‌‌و حزبایەتی شکا، رویکردە دەرەوەی وڵات‌و چەند ساڵێک لەوڵاتی سوید نیشتەجێ بوو.

لەدوای کۆڕەوەکەوە رێکخراوی هەرەوەزی (سولیداری) لەسوید دروستکردو لەبەهاری ساڵی ١٩٩١  بەپارەی گیرفانی خۆی  وەک وەفایەک بۆ منداڵی ناوچەی چنگیان و هەڵەبجە دوو قوتابخانەی دروستکرد، سەرپەرشتی ئاوەدانکردنەوەی زیاتر لەچل گوندی گەرمیان کردو سەرپەشتی تیمەکان مین هەڵگرتنەوەی ناوچەی شارباژێری کردو  ٤٥٠٠ کەسی لەسلێمانیدا لەنەوەدەکانی سەدەی رابردودا فێر بەکارهێنانی کۆمپیتەر کرد.

قادری حاجی عەلی  لەساڵی ٢٠٠٧دالەسەر خۆرسکی فوئاد بۆی گیرامەوە کە کەس لەرەنگی فوئاد نییە. وتم چۆن؟ وتی لەساڵی ١٩٧٤ بەتالوینەکەمان لەشاخی زۆزک شەڕی مردن و ژیانی دەکرد، کەچی ئازوقەی رۆژانەمان نەبوو. رۆژیک فوئاد وتی دەچم ئازوقە پەیدا دەکەم.  فوئاد رۆیشت بۆ چۆمان بۆ  بەیانیەکەی  بەخواردنی مانگیکی زیاترەوە، لەگەڵ چەند مەڕو بزنێکدا هاتەوە. 

قادر وتی "کاک نوری کە ئامر بەتالوێنمان بوو، پرسی فوئاد ئەم ئازوقە و ئاژەڵانەت لەکوێ هێناوە. فوئاد لەو دەمانەدا بەڕیوەبەری ئیداری بەتالوینی چوار بووو قادر بەرپرسی دارای بەتالوینەکەیان بوو.   فوئادا لەوەڵامدا وتی کە چووم بۆ چۆمان پرسیارم کرد، کێ بەرپرسە لەپارەی پێشمەرگە، پیان وتووم، عەبدولمهیمەن.  فوئاد بۆ ماڵی عەبدول مهیمەن چووبوو، پێیوتبوو: بەڕیشی تۆ رەوایە ئێمە لەشەڕدابین و سکمان لەبرسا قۆڕەی بێت. دوای ئەوە عەبدول مهەیمەن فەرمانی بەکەسێکی لای خۆی دەدات، فوئاد داوای چی دەکات، بۆ جێبەجێ بکەن.

لەبیرمە لەسەرەتای دامەزرانی گۆڕان و تەلەفیزونی knn دا، فوئاد لەگەڵ دایکم قسەی دەکرد، دایکم وتی ئێستا پارەم لەدەستا بوایە "دەهەزار دۆلارم بەنەوشیروان موستەفا" دەدا. فوئاد لەدوای ئەو رۆژە نەک هەر دە هەزار دۆلاری بە ناوی دایکمەوە بەنەوشیروان موستەفا دا،  بەڵکو هەستابوو، بە کۆکردنەوە پارە بۆ گۆڕان. لە ماوەی چەند رۆژیکدا٢٦٥٥٠ دۆلار و ١٨٦٥٠٠٠٠ دیناری بۆ  دامەزارندنی knn  لە هاوڕی و دۆستەکانی سلێمانی کۆکردبووە.

لێرەدا گونجاوە بڵێین، چیای کوڕی نەوشیروان موستەفا زۆرینە ی فایڵەکانی  ئەمنی سلێمانی و کەرکوکی بە میرات لەباوکیەوە بۆ ماوەتەوە.  لە ئێستادا ئەو غەدر لەرابردووی ئەم شارە دەکات،  کە ئەو فایڵانە بڵاو ناکاتەوە. چونکە باوکی  بەشێکی لەفایلەکانی ئەمنی سلێمانی و کەرکوکی زەوتکردوەو  هەندێک لەوانەی بەشێوەیەک بڵاودەکردەوە  تا لەو رێگەیەوە هەڕەشە لەوانە بکات کە بەگوێی ناکەن.

فوئاد دوای ئەوە لە گۆڕان و لەنەوشیروان مستەفا بێ هیوابوو، لەفێربوونی زماندا  توانایەکی بەرچاوی هەبوو، لەلاویشدا هەوڵی هۆنینەوەو نوسینی هەبوو. لەو رووەشەوە تا مردن لە هەوڵی خۆ فیرکردنی زمان و خوێندنەوەی بابەتە زانست نەکەوتبوو. فوئاد زمانی کوردی، عەرەبی، سویدی، ئینگلیزی‌و ئیتاڵی دەزانی،  هەوڵی فێربوونی کرمانیجیشی دەدا و ئەوەش وایکرد کە بیر لە هاوکاری رۆژئاوای کوردستان وەک درێژەدان بە رێبازی خۆی بکاتەوە.

رێبازی فوئاد کارکردن بوو وەک ئەوەی خۆ تێگەیشتبوو یان پێگەیشتبوو. لە ٢٠١٥  بۆ ٢٠٢١ بە شانی خۆی  ٣٤٠ لاپتوپ و ٤٠ ئامرازی سلایدی داتاشوپی بۆ  رۆژئاوای کوردستان برد. فوئاد بەو مانایە کەم وێنە و درێژە  رۆحی دایکی و  شارە خوێن ڕژاوەکەی بوو.  کەچی تا ئێستا نە خەڵکی گەرمیان، نەشارباژیر، نەسلێمانی، نەیەکیتی، نە گۆڕان، نە رۆژئاوا، نە پەکەکە و نەپارتی هێچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەکوشتنی فوئاد نەکردوە، ئەوەش زەنگی مەترسیداری کولتورییە و باڵادەستی زاڵمی و پەکەکەوتەیی مرۆیی دەردەخات.  

دوای کوشتنی فوئاد دایکم گێڕایەوە لەشەشی مانگی هاوینی ٢٠٢١ کە لەگەڵ فوئاد بۆ دێری چووبوون. لە هەورازەکانی نزیک گوندی دێرێی سەرەوە،  دوو تفەنگ بەدەست رێگەیان پێگرتبوون. فوئاد بەدایکمی وتبوو،  کە ئەوانە ئاسایش بوون. چەند مانگێ دوای نەمانی فوئاد هاوڕێیەکی فوئادم بینی، ئەو لەدەمی فوئادەوە گێڕایەوە: کە فوئاد وتوویەتی دوو کڵاشینکۆف بەدەست بوون،  خەڵکی ناوچەی شارباژێر نەبوون، ئەوان وەستاندویانە، داوای هەویەیان لێ کردبوو.

بەدوری نازانم، هەر ئەو دوو کەسەی کە خەڵکی ناوچەکە نەبوون، رۆژی ٣-٩-٢٠٢١ لەجێگەیەکی بەینی تازە دێ، یان لەدوکانی کەباب فرۆشەکە یان لەدەرەوەی دوکانەکە یان لەبازگەی باسنێ وەستاندویانەو دوای ئەشکەنجەو کوشتنی لەو یاڵەوە پێش گوندی دێری فڕێیان داوەتە خوارەوە.  

کاتێک بەو جۆرە گومان دەکەم، لەو بڕوایەدام کە پۆلیسی باسنێ و چوارتا تا بە دەزگاکانی یەکێتی نیشتمانی دەگات هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان نەکرد.  

فوئاد لەرۆژی (٣-٩-٢٠٢١) ماڵەوەی جێهیشتووەو لەنووسینی راپورتەکەید نووسراوە کە فوئاد (٤-٩-٢٠٢١) مردووە. هەروەها تەرمەکەی لە ٨-٩-٢٠٢١ لەدادگای پزیشکی بووە. دەبوو پاش دوو شەو پێست، ئێسک و شلەمەنی لەگیاین فوئاد وەرگیرێت و بۆ تاقیگە بنێریت. ئەو رۆژە کە تەرمەکەی فوئادم ڕادەستی پزیشکی دادوەری کرد وەهایان پێوتم.  دوای ئەوە کە پۆلیسی باسنێ ئوتومبێلەکەیان بردە بەردەم دەرگای بنکەی پولیس. کە سەیری ئوتومبێلەکەم کرد. خوێنم  لەسەر کوشن، سوکان، بەرپێ و سەقفی سەیارەکەی فوئادا بەدی نەکرد. لەخۆم پرسی باشە ئوتومبێلێک چەند تەقلەیەک بدا لەیاڵێکی تەواو سەر بەرەو ژێرەوە و لە بەرزایی بیست مەترەوە ئەستونیانە بۆ شیوێک کە تەنیشتەکانی وەک دیوار داتاشراوە،  بکەوێتە خوارەوەو مرۆڤێک کە هەموو گیانی ماسولکە بێت، باشە خوێنەکەی بۆ کوێ چووە؟

 ئەوە وایکرد کە نەک گومان، بەڵکو رەهایانە دەڵیم کە فوئاد رۆژیک یان دوو رۆژ پاش دەرچوونی لەماڵەوە کوژراوە، جا کوشتنەکە بەژەهر بووە لەکەبابخانەکەی تازە دێ یان  پەڕۆی ژەهر نراوە بەدەم و لوتیەوە و هەناسەی تاساندووە یان دوای کوشتنی بەچەند کاتژمێرێ یان رۆژیک دوای بەئوتومبێلەکەیەوە لەیاڵەکەوە بەردراوەتە خوارەوە.  ئەوەش وام لێدەکات وەک داوای رونکردنەوەی زیاتر لەبنکەی پۆلیسی باسنێ و بەرپرسی بنکەی پۆلیسی چوارتا رائید ئەکرەم بکەم و بپرسم باشە چۆن لە ڕاپۆرتەکەتاندا نووسیوتانە کە رۆژی "٣-٩-٢٠٢١" ون بووە و رۆژی "٤-٣-٢٠٢١" مردووە؟

تەنانەت رائید ئەکرەم لەڕاپۆرتی پۆلیسدا ئەم داوایانەی لەپزیشکی دادوەری هەبووە:

١/  دیاریکردنی رۆژی مردنەکەی بەکات و رۆژ.

 ٢/ هۆکاری مردنی راستەقینە.

٣/ ئایا پێش رووداوەکە ناوبراو جەڵدەی دڵ لێیداوە یان جەڵدەی  دەماغ.

٤/ هەر شتیك کە سودی هەبێت بۆ لێکۆڵینەوە.

 بۆ خۆشم پاش چەند هەفتەیەک ئەم داوایەم نوسی:

فوئاد لە(٣-٩-٢٠٢١) لەماڵەوە دەرچووە، ئوتومبێلەکەی بەژیر کامێراکانی تونیلەکەی ئەزمەڕو بەڕێگای قەڵاچوالاندا تێپەڕیوە، چ ئوتومبێلێکی تر  لەپێش و  پشتیەوە هەیە، پێوستە بزانرێت و  بۆ خۆم حەز دەکەم بیانبینم، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە کە بزانم کێن.

لەهەمانکاتدا داوام کرد کە تەلەفونی ئاسیاسێل  دەزانن ئەو رۆژە چ تەلەفونێک لەنزیک جێی کەوتنە خوارەوەی ئوتومبێلەکەوە، پەیوەندی بەبورجی پشتی دێرێیەوە کردووە.

 بەواتایەکی تر کوشتنەکەی فوئاد بەپلان بوە، کێن ئەوانەی کە کەسێکی وەک فوئاد دەکوژن بۆ ژیانی ئەم شارەو داهاتووی ئەم شارە و کورد گرنگە بزانرێت. چونکە فوئاد بەهەموو مانایەک نەوەی ئەم شارەو  خۆشەویستی ئەم شارە بووە.  وای بۆ دەچم گەر مام جەلال‌و نەوشیروان  لەژیاندا بمانایە ئەو تاوانەیان لەئەستوی خۆیان دەردەکردو رووی تاونبارەکە هەر کەسێک یان رێکخراویکی نهێنی و سیاسی بوایە ئاشکرا دەکرد.  

پاش چەند مانگێک دوای کوشتنی فوئادا لەگەڵ دکتور هەژار عوسماندا بۆ لای دکتۆر بەرزان، پزیشکی دادوەری چووم. بەدوای چوونە ژوورەوەمدا دوو کەس بەناوی ئاسایشەوە هاتنە ژوورەوە، یەکێکیان تەلەفونێکی بەدەستەوە بوو. وابزانم چی وترا، بەتەلەفونەکەی تۆماریان کرد. لەو بەیەک گەیشتنەدا هەستم کرد کە دکتور بەرزان پشت بە بەهانەی سەیرو سەمەرە دەبەستیت کە بۆچی دوو رۆژ تەرمەکەی فوئادی لەپزیشکی دادوەری نەهێشتەوەتەوەو بەپەلە بۆ ماڵەوەی رەوان کرد تا بە خاک بسپێریت.

دکتۆر بەرزان کە لێمپرسی بۆ تەرمەکەت فەحس نەکرد؟ لەوەڵامدا وتی پەنجا کەس تەلەفونیان بۆ کردوم. وتم باشە ئەرکی تۆ ئەو ئەوە نییە کە بزانین چۆن مردووە؟. لە وەڵامدا وتی ناکرێت گوێ بەداوسی پەنجا کەس نەدەیت. لەدوایدا لێم پرسی باشە کە شکاتمان کرد و حاکم نامەی بۆ ناردیت، بۆچی بەهانەی ترتان دۆزیەوەو رێگریتان کرد لەدەرهێنانی تەرمەکەی؟ لەوەڵامدا وتی ئێمە توانای تاقیکردنەوەی ژەهرمان  نییە. وتم ئەو کەسەی کاغەزەکەی بۆ نوسیم، بۆ خۆی حاکم بووەو دەزانێت کە حەڤدە ساڵ لەمەوبەر مردویان لەگۆڕدا دەرهیناوە، لەگیانی مردوو یان خاکەکەدا زەهر دۆزراوەتەوە. لەوەڵامدا دکتۆر بەرزان وتی تۆ نازانیت هەشت گروپی ژەهر هەیە و هەر گروپیکیشیان چەند ژهری جیاوازن و ئێمە تەنها توانای تاقیکردنەوەی یەک جۆر لەو ژەهرانەمان هەیە. وتم ئەی بۆ رێگەت نەدا تەرمەکە بێتە دەرەوەو بزانیت، ئەو کوشتنە بەو ژەهرە کراوە کە ئێوە توانای تاقیکردنەوەیتان هەیە یان نا؟ نازانم چ بەهانەیەکی هێنایەوە، ئەوەش وایکرد کە تاقەتی قسەم نەبێت‌و جێگاکە جێبهێڵم.   

ئێستا کە فوئاد نەماوە هەوڵی خۆ فێرکردنی لەسەر هارد دیسکەکانی دەبینم. فوئاد لەرێگەی خۆفیرکردنەوە مەبەستی تێگەیشتن بوو، درێژەدان بوو بەپێگەیاندانی خۆی و گەشەدان بە  زانیاری بوو،  بەوجۆرە  هەوڵی گەیاندنی ئەو زانینانە دەدات تا لەو رێگەیەوە رێ لە پەکەوتەیی نەوەکان بگرێت و هانیان بدا کە ئەوانیش وەکو خۆی ڕێگەی خۆیان لەژیاندا بدۆزنەوە.

.................................................................................................................................

 

 

نووسینەکانی خوارەوە بەشێک لەچالاكی گشتی کاری‌ ڕێكخراوی کوردستان‌ سۆڵیدارێتیەت-ە کە فوئاد سەرپەشتی کارەکانی کردووە.

بابه‌ت/ كارو چالاكی‌ ڕێكخراوی‌ سۆڵیدارێتی

‌ئه‌وا له‌ خواره‌وه‌ به‌ كورتی‌ كارو چالاكی‌ ڕێكخراوه‌كه‌مانتان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ له‌ به‌هاری‌ 1991 وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ ئه‌نجام دراوه‌ . له‌ گه‌ڵ‌ ڕێزی‌ بێپایانمان بۆتان.

1- دابه‌ش كردنی‌ جل و به‌رگ به‌ سه‌ر كورده‌ ئاواره‌كانی‌ سه‌ر سنور له‌ كۆڕه‌وی‌ به‌ هاری‌ 1991

2- دروستكردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ 32 گوند له‌ ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان (گەرانەوە خەڵکی ئەنفاڵ لە چەمچەماڵ و ئۆردوگای شورش بۆ ناوچەکانی دەوری سەنگاو ناوچەی زەنگەنە بۆ دەوری باسەرە و ناچەی جاف بۆ دەوروبەری ئاوە سپی)  له‌ 1992 – 1996

3- دروستكردنی‌ 11 خوێندنگا له‌ گه‌رمیان له‌ 1992 – 1996   وه‌ دابین كردنی‌ مامۆستا و پێویستی‌ قوتابخانه‌كان

4- دروستكردنی‌ 5 نه‌خۆشخانه‌ له‌ گه‌رمیان و گوندی‌ دێرێ‌و چگنیان و هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید  له‌ 1991 – 1996 وه‌ دابین كردنی‌        یاریده‌ده‌ری‌ پزیشكی‌ و یارمه‌تی‌ دانیان به‌ موچه‌

5- دروستكردنی‌  10 دوكان له‌ سه‌نگاو له‌ 1994  بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ دانیشتوانی‌

6- ‌پڕۆژه‌یەکی ئاوی خواردنەوە لە شاخی ئاژداخەوە  بۆ گوندی کارێزەی دەلۆ بە درێژایی هەشت کیلومەتر‌ له‌ گه‌رمیان له‌ 1994

7- دابه‌ش كردنی‌ ئاژەل به‌سه‌ر 856 خێزانی‌ ئه‌نفالا بۆ هه‌رخێزانێ4 سەر کار و4بەرخ، بۆ هەندێ هەژایش ٣ سەر بزن

8-  كردنه‌وه‌ی‌ خولی‌ نه‌هێشتنی‌ نه‌خوێنده‌واری‌ له‌ 10 خوێندنگا بۆ ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان له‌ 1997 –  2000

9- كێڵانی‌ زه‌وی‌ بۆ جوتیاره‌ هه‌ژاره‌كان و دابه‌ش كردنی‌ بنه‌ تۆو به‌سه‌ریاندا له‌ گه‌رمیان 4199 – 6199

10- كردنه‌وه‌ی‌ 18 خولی‌ كۆمپیوته‌ر بۆ دوکتور و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی 1998-1996

11- کردنەوەی 122 خولی کۆمپیوتەر هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ كه‌ 4500 فه‌رمانبه‌رو و خۆیندکای زانكۆو په‌یمانگاكان ئامادەیەکان لێ سودمەندبون، خولەکان بریتیبون لە پرۆگرامەکانی مایکرۆسوفت و ئادوب. ئاوتۆکاد و جی ئای ئێس.

12- پاكردنه‌وه‌ی‌ 180 كێڵگه‌ مین كه‌ پانتایه‌كه‌یان 4229311 م2 وه‌ له‌ناوبردنی‌ 44901 مینی‌ جۆراوجۆر  له‌ 1996 -2001

13- له‌ناوبردنی‌ 13853 ته‌قه‌مه‌نی‌ جۆراوجۆر له‌ 19962002-

14- كێڵانی‌ ئه‌وزه‌ویانه‌ی‌ له‌ مین پاكراونه‌ته‌وه‌و بۆ كشتو كاڵ‌ به‌كاردێن له‌ 1996--2200

15- كڕینی‌ دوو كۆمپیوته‌ر بۆ هەریەک لە فه‌رمانگه‌ی‌ ئاماری قه‌زای‌ ڕانیه‌و قه‌زای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید بۆ یارمه‌تی‌دان و ئاسان        كردنی كاره‌ ئاماریه‌كان وه‌هەروەها فێركردنی‌ دوو فه‌رمانبه‌ر بۆ هه‌ریه‌كه‌یان و پێ‌دانی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ 100 دینار بۆ ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵ‌.

16- دروستكردنی‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ ئاو له‌ گوندی‌ كانی‌ سپیكه‌ی‌ په‌رخ

17- لە ١٩٩٢ وە ساڵانە بە خوێن هاوکاریکردنی منداڵانی‌ توش بوو به‌ تالاسیمامان کردوە هەر جارە بە‌ نزیکەی زیاتر لە ٣٠کەس خۆێنی بەخشیوە.

18- چاكردنه‌وه‌ی‌ هۆڵێك بۆ كۆلیژی‌ زانستی‌ له‌ زانكۆی‌ سلێمانی 1996‌

19- نۆژەنکردنەوەی 24 خوێندنگا لە ناو شاری‌ سلێمانی بە دەرگاوپەنجەرە، ئاو و ئاوەرۆ، سەقفی سەربان، گەچکاری و بۆیاخکردن‌

20- بە هاناچونی بەندینخانەی سلێمانی، چاكردنه‌وه‌ی‌ شۆینی حەواننەوە بەندەکان و نۆیکردنەوە و دروستکردنی ئاودەست و حەمام، چاکردنی کارەبا، و ئاو و ئاوەرؤ بۆ به‌ندینخانەکە‌ و یارمه‌تی دانی‌ به‌ندكراوه‌كان بۆ باشتر كردنی‌ گوزه‌رانیان له‌ ناوبەندینخانەکەدا، دروستکردنی نانەوخانە، و وەرشەی دارتاشی بۆ دروستکردنی کورسی میزی خۆیندنگاکانی سلێمانی، وەرشەی خەیاتی بۆ ٢٤ ژنی بەندکراو 1993-1996

21- بوژاندنه‌وه‌ی‌ سامانی‌ ئاژه‌ڵ‌ و هاوكاری‌ كردنی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ ڤێتێرنێری‌ سلێمانی‌ و دروستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ڤێتێرنێری‌ له‌ ناحیه‌ی‌ سه‌نگاو وفەرمانگەیەکیش لە ماوه‌ت له‌ گه‌ڵ‌ دروستكردنی‌ ماڵی‌ فه‌رمانبه‌ر 1993-1994

22- یارمه‌تی‌ 52 خوێنداری‌ گه‌رمیان مانگی‌ پەنجا دۆلار بۆ ئه‌وه‌ی‌ خوێندکارەکان بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، و خوێندنی ناوه‌ندی‌ و دواناوه‌ندی‌ تەواوبکە، بۆ بەد بەختی له‌ گونده‌كانی‌ خۆیان خوێندنگه‌ی‌ ناوه‌ندی‌ فرسەتی گەشەکردنی خۆیندنیان نەبوو، 2001 -2002

23- كردنه‌وه‌ی‌ خولی‌ فێربونی‌ زمانی‌ 28 خوی فێربون بە ئاستی جیاجیا له 1998‌ 2002 دا

24- كرینی‌ كۆمپیوته‌ر بۆ فه‌رمانگه‌ی‌ ئاماری هەڵەبجەی تازە و دروستکردنی خوێندنگایەک لە کانی عاشقان و خۆیندنگایەک لە قامیشانی قەرەداغ

25- پاکسازی مین و عبوە ناسیفە لە گوندی دێ کۆن دوای لێدانی جنود ئیسلام لە خورماڵ

26- كردنه‌وه‌ی‌ یه‌ك خولی جاکردنی‌ مۆبایل كه‌ 12 هاووڵاتی‌ تیا به‌شدار بوون له‌ 2002.

27- کردنەوەی ٧ خولی فێربونی مۆسیقا بە سەرپەرشتی زانای محمود هەژار 2001-2006

28- كردنه‌وه‌ی‌ خولی‌ به‌هێزكردن بۆ خوێندكارانی‌ شه‌شه‌می‌ ئاماده‌یی‌ له‌ گشت وانه‌كاندا كه‌ 462 خوێندكار تیا به‌شدار بوون له‌ 2002

29-  كردنه‌وه‌ی‌ 18 خولی‌ په‌ره‌پێدانی‌ زمانی‌ ئنگلیزی‌ كه‌ 234 هاووڵاتی‌ تیا به‌شدار بوون له‌ 2002 دا.

30- كردنه‌وه‌ی‌ 182خوال بۆ بەهێزکردنی زمانی ئینگلیزی و خولی‌ كۆمپیوته‌رword + Excel+ Access+ PowerPoint كه‌ 1874 هاووڵاتی‌ تیا به‌شدار بون له‌ ساڵی‌ 2001 – 2013

31- هاوکاری کردی و کۆمەککردنی ئاوارەی یەزیدی و کوردانی رۆژئاوا لە کامپەکانی عەربەت و باریکە، بە خۆراک و جلوبەرگ ساڵی 2016-2014

32-کردنەوەی 7 خولی راهینانی پرۆگرامەکانی ئادوب فوتوشوپ و پرێمێر بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوی کوردستان لە کامپی باریکە و تا بەشداربونان بتوانن بە وینە و فلیم ژیانی ئاوارەی خۆیان بگێرنەوە2015

33- کرینی 30 لاپ تۆپ و ٨ پرۆجێکتەر بۆ ئیدار و خۆیندنگاکانی کوبانی2016-2015

34- کرینی بای 30سی هەزار دولار مەر بۆ دانیشتوە هەژارەکانی گوندەکانی دەوروبەری کوبانی2015

35- چاندنی و سەوزکزکردنی گردی مشتەنور لە کوبانی و بەشداریکردنی بۆ دروستکردنی شەتڵگەیەکی نەمام بۆ سەوزکردنی ژینگەی کوبانی ساڵی 2015

36-راهینان و فێرکردنی چەندگروپێک لە فەرمانبەرانی ئیدارەی کوبانی بە پرۆگرامەکانی   Power Point, Word, Excel ساڵی2015-2016.

نووسینەکەی سەرەوە لە ئارشیفی فوئادەوە وەرمگرتووە (سەباح).

 

زانیاری نووسینی خوارەوە  لە زمناکوی ئەلکترۆنیک وەرگرتووە.  فوئاد لە ساڵەکانی٢٠١٥ بۆ ٢٠٢١  ئەو شتانەی خوارەیی لە زمناکۆ کڕیوە و  بۆ رۆژئاوای بردووە.

٣٠٨ لاپتۆپ، ٣٧ داتاشۆ و ٢١ سپیکەری بە رێگەی قاچاخ هاوکاری و بە هەندێک برادەری بۆ رۆژئاوای کوردستانی بردون.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×