ژن وەک ئایکۆنی بەرخودان لە ڕۆژهەڵات

ئازاد شکور
  2022-10-05     231

لەم چەند ڕۆژەی دوایدا، عەرشی یەکێک لە ستەمکارترین ڕژێمی ناوچەکە کەوتە لەرزین، کە ئەویش ڕژێمی مەزهەبگەرای ئێرانە. ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی بومەلەرزەیەکی کۆمەڵایەتی نێوخۆی بووە، ڕابوون و بەرخودانی کوردانی ڕۆژهەڵات کە دواتر  پەلیهاویشت بۆ زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی ئێران، هاوکات ئەم بەرخودانە بووە چقڵێک لە نێو چاوی دەستەڵاتە تاکڕەویەکەی تاران و هێندەی دی شەرمەزاری کرد. ئەم ڕابوونە بەرمەبنای شەهید کردنی کچە کوردێک بوو بە نێوی "ژینا ئەمینی"، بە بیانووی نەکردنی لەچک و پۆشاکی ئیسلامی، دوای ئازاردان و ئەشکەنجەیەکی توندی  زۆر لە لایەن "پۆلیسی ئەخلاقی ئێران"ەوە دوای چەند کاژێرێک لە ژێر فشاری ئەو ئازارەی بەریکەوتبوو گیانی لەدەستدا، ئەمەش  ناڕەزایەتی کوردانی ڕۆژهەڵات و  گەلانی تری ژێر دەسەڵاتی ئێرانی لێکەوتەوە.

هەڵبەت  ئاین یان نەتەوە یان هەر پیرۆزیەکی تر هەمیشە ئامرازێک بوون بەدەست  دەسەڵاتدارانی ستەمکارەوە بۆ زیاتر مانەوەی خۆیان، هەمیشەش لە هەوڵی ئەوەدابوون ئاین و پیرۆزیەکان بکەنە بیانوویەک بۆ زیاتر بە کۆیلەکردن و ڕامکردنی ڕەهای کۆمەڵگە. لە کاتێکی وەهادا و لە دۆخێکی وەک ئەوەی ئێستای ئێراندا، بۆ ئینسانی هۆشمەند و زرنگ ئەوە گرنگە دوورە پەرێز بێت لەو جۆرە خوێندنەوانەی  کە پێیان وایە ئەمە شەڕی ئاینە لەگەڵ مەدەنیەت، بەڵکو ئەو تۆپەڵە ئاگرە پیرۆزەی کە گڕی بەرداوەتە دەسەڵاتە ستەمکارەکەی ئێران شەڕی مۆڕاڵ و ئاین نییە، بەڵکو شەڕی نەبوونی سەربەستی و ئازادی و یەکسانی و دادگەریە، بۆیە ئەرکی سەرشانی ئازادیخوازانە خوێندنەوەیەکی پراگماتیانە  بۆ دۆخەکە بکەن، دوور بکەونەوە لە خوێندنەوەی ڕوکەشانەو سەرپێیانە، بەڵکو ئەوەی ئێستا  ڕوودەدات دەرئەنجامی شەڕێکی مێژوویی و کەلتوری و نەتەوەیی و فکریە کە بەدێژایی مێژوو دەوڵەتی سەرکوتکاری  مەزهەبگەرایی  ئێرانی، هەمیشە درێغی نەکردووە لە سەرکوتکردن و داپڵۆسین، لەهەمبەر گەلانی ژێر دەستی خۆیدا ، دیارترین ئەو چەوساندنەوانەش بەر کورد کەوتووە.

گەلانی ژێردەسەڵاتی ئێران هاوشێوەی کورد هەمان موعانات و هەمان دۆخیان هەیە، هەموویان لە ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتێکی مەزهەبی پۆلیسیەوەن کە هەموو دەرگایەکیان بە ڕووی ئازادیەکان و مافە گشتیەکان داخستووە، بە شێوەیەک دەسەڵاتە مەزهەبگەرایەکەی تاران هێندە ئازادیەکانی بەرتەسک کردووەتە بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی خەڵکی سفیل و مەدەنی، بە توندترین شێوە و بە نا مرۆڤانەترین و نا ئەخلاقیانەترین شێواز ڕووبەڕوی خەڵکی سیڤیل بووەتەوە و دەبێت، بە درێژایی مێژووش هەروا بووە ئەمە شتێکی نوێ نییە بۆ دەوڵەتە ستەمکارەکەی ئێران و هاوشێوەکانی، گەرچی لێرەو لەوێ هەندێ ڕووداوی نەخوازراو ڕوویاندا، لە دەرئەنجامی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و ئەو کاردانەوە توندانەی ئازادیخوازان کە بووە هۆی سوتاندنی لەچک وەک ڕموزێکی ئاینی، ئەمەش وای کرد، کورد لەنێو خۆیدا دابەشی دووجۆر بۆچوون بێت، بوچونێکی ئاینیانە و بۆچونێک کە تێڕوانێکی نادینیانەیان هەیە بەدوای سەربەستی و ئازادیدا وێڵن، هەڵبەت ئەمە جۆرێک لە ناتێەگەیشتنی دروستکرد و بووە دووڕێیانێکی درێژوو دوور لە پێش دۆسیە ڕەواکەی کورد، کە ئەویش بە دەستهێنانی ئازادی و دادگەری و داننان بوو بە مافەکانی هاوڵاتیان، دەتوانین بڵێن ئەو لەچک سووتانە شەڕێک نیە دژ بە ئیسلام و ئاین بەڵکو بەرخودان و ڕابوونە دژی دەوڵەتێکی مەزهەبی ئاینی، کە ئازادیەکانی بەرتەسک کردووەتەوە و ڕێگا بە هیچ تاک و لایەنێک نادات پراکتیزەی ئازادیەکانی خۆی بکات وەک هەبوویەکی سەربەخۆی نێو جڤات.

گەرچی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی کارەساتێکی خەمناک و دڵتەزێنە، بەڵام هاوکات ئاسۆیەکی ڕوونیشە، بۆ زیاتر ئاشنا بوونی ژنان بە بەدەستهێنانی مافە بنچینەییەکانی خۆیان و سەرەتایەکی نوێشە بۆ پچڕان و دەربازبوون لە ڕێسا سونەتیەکان و گەیشتن بە خاوەندارێتی خود. وێستەگەیەکی گرنگیشە کە پرسی ژن زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت، چونکە ژنان  خۆیان داینەمۆی ئەم ڕابوونەن. هەروەها دەبێتە هۆکارێکیش کە ژنان لە ڕووی ڕیزبەندی کۆمەڵایەتییەوە دۆخیان بگۆڕدرێت، ژن هەمیشە لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا وەک ڕەگەزی دووەم مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، ئەمەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوەی نەرێنی تاکەکان، کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتوریەوە بۆیان ماوەتەوە، بۆیە مێینەیی سیفەتێکی بۆماوەیی نییە، بەڵکو بەرئەنجامی ئەو پرۆسە کۆمەڵایەتییەیە کە تاکەکان فێری بوون، ئەوە پیاوانن دەیانەوێت وێنەی خۆیان وەک خاوەندار و هەیبەت زاڵ بهێڵنەوە لە هەمبەر ژناندا، بەدرێژای مێژووش هەروا بووە.
هەمیشە پیاوان وەها مامەڵەیان لەگەڵ ژناندا کردووە وەک کاڵایەک بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان و لە پەیوەست بە چێژە جەستەییەکانەوە بەکار هێنراون. ژنان لەڕووی مێژووییەوە،  مافی  کەمتریان هەبووە و کاریگەری کەمتریان لەسەر جڤات و ڕای گشتی هەبووە، زۆرجار هاوشێوەی بوکەڵەیەک مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە وەک لەوەی مرۆڤێک بن خودان ماف و کەسێتی تایبەت، واتا زیاتر هەوڵدراوە ناسنامەیەکی دەستکردیان پێ ببەخشن، ئەو ناسنامەیەش کە هەڵگری خەسڵەتێکی تەواو نێرانەیە و بە دیدێکی چێژویستانەوە دانراوە، هەوڵدراوە شێوازی پەسەندکراوی ژن ببەستێتە شێوازی خۆڕازاندنەوە و ئەو جوانکارییانەی دیکەوە کە شتی ڕووکەشانەی نێو ژیانن و هیچ ڕێزێک لە خواستە ناوەکیەکانی ژن ناگرن. کچان فێر دەبن خۆیان نیشان بدەن بەو شێوازەی کە پیاوان و نێرینەکان دەیانەوێت، بوکەڵەی بێ دەسەڵات، ڕۆڵی ئەوەیە جل و بەرگ دەکرێتە بەری چێژی لێوەردەگیرێت، ڕادەهێنرێت گوێ لە چیرۆک و نهێنی خاوەنەکەی دەگرێت، ئاسوده دەبن کاتێک لە ماڵ یان لە قوتابخانەن، کاتێکیش کچان گەورە دەبن هەمان ئەو ڕۆڵەی بە بوکەڵەکە دراوە لە ژناندا بەرجەستە دەکرێت، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی جوانیەکەوە سەرنجی پیاوەکەی بدات و دڵنیا بێتەوە کە هاوسەرەکەی دەستبەرداری نابێت، تەنانەت ئەکەر ژنێک هاوسەرگیریش نەکات ناچار دەکرێت لە ژێر سایە و هەیمەنەی نێرینەدا هەڵسوکەوت بکات، لەژێر پەستانی دەرەکی وەک جل و بەرگ و سەرجێی و مۆدێل و کابان و هتدد دەبنە یاریدەدەرێکی باش بۆ نیشاندانی وێنەی نەریتی ژنان.

- ژن و ئازادی

هەموو ئەو ئەوانەی کە باس کران چیرۆک یان ڕووداوێکی کۆنی نێو ئەفسانەکان و یان هەڵهێنجنانی خەیاڵ و بیرکردنەوەی یۆتۆپیایی نییە، بەڵکو واقیعی حاڵی ژنان کچانی ئێمەیە، بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لەو بۆتەو تەوقەی کە که بە گەردنیان ئاڵێنراوە دەبێت خۆیان و ئازادیخوازانیش هەوڵی پچڕاندنی ئەو زنجیر و کەلەپچەیە بدەن وا لە گەردنیان ئاڵێنراوە، هەڵبەت ئەوەش دەزانین کە زۆرجار ئاین و کەلتورو خێزان هۆکاری سەرەکی پشت ئەو ئازارانەن کە بەرانبەر ژنان ئەنجام دەدرێت. دەبێت ژنان دانیان پێدا بنرێت لە لایەن نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە، تەنها ئەو کاتەش دەتوانن ئازادی بە دەستبهێنن کە خۆیان بڕیار لەسەر سەربەخۆیی و چارەنووسی خۆیان بدەن. بۆ ئەم مەبەستە  فەیلەسووف و نوسەر و بوونخوازی بەناوبانگی فەرەنسی "سیمۆن دی بۆڤوار"، لە کتێبی "ڕەگەزی دووەم" بەم شێوەیە لە مەڕ گرفتەکانی ژنان دەئاخفێت و دەڵێت: (هیچ ژنێک بە ژنی لە دایک نابێت، بەڵکو دەکرێت بەژن.)١
لێرەدا مەبەستی نووسەر لەم دەربڕینەی ئەوەیە کە پێش ئەوەی ژن بکرێتە ژن ئەوا مرۆڤە، ئەویش هاوشانی ڕەگەزی نێر شایەنی ژیانە، ئەویش خاوەن میتۆدو بیرکردنەوەی خۆیەتی وەک پیاو مافی ئەوەی هەیە تێڕوانینی تایبەت بەخۆی هەبێت و خۆی ببێت و سەر بەخۆ بێت، نەکەوێتە ژێر هەژموونی هیچ کەسێکەوە، بەڵام کاتێک نۆڕمە ئاینی و کۆمەڵاتیەکان و ڕێساکان و کەلتور زاڵ دەبن ئیتر ئەو ئازادی و سەربەستیەی لێوەردەگیرێتەوە دەکرێتە کەل و پەل و وەک ئامراز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لەو سەروبەندەشدا دەکەوێتە نێوان هەردوو بەرداشی ڕێسا سونەتیەکان و جیهانی سەرمایەداریەوە کەهەردولا بەکاڵایان دەکەن و ژنان دەکەنە بەردەبازێک بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیەکان و حەز و خواستەکانی خۆیان. زۆر جاریش لە یادی جیهانی ڕۆژی ژناندا لە لەلایەن کۆنەپارێزەکانەوە بە شێوازێکی گاڵتە جاڕیانە بەر وشەگەلێک دەکەوین، وەک: ژنان چیان دەوێت، ئێمەی پیاو بۆ ئەوان ماندوو دەبین و بۆ ئەوان دەکۆشین و ...هتد. ئێستا ئەو ڕابوونەی کە لە ڕۆژهەڵات دەگوزرێت بە یەکەم گورزی کەمەر شکێن دادەنرێت بەرەو کامڵ بوونی خودی ژنان  و خۆ دەربازکردن لەو بچوککردنەوەیەی کە پیاوان و سیستەم بە سەریاندا سەپاندوون، خۆ دەربازبوونیشە لە تارای بوکێنی، مەبەستیش لە تارای بوکێنی  گوزارشتە لەو ژنانەی کە تەنها ڕۆڵیان  کابانی ماڵ و پێکهێنانی خێزان و حەزی تایبەتی پیاوان، ئەم جۆرە میتافۆرەش خۆراک و ئۆکسجین لە کەلتوورو ئاین و کەلتور و نەریتەوە وەردەگرن. ئەم ڕابوونە دەرچوونە لەو میتافۆرە و توڕدانی ئەو بەهاو نرخانەیە کە بەسەریاندا سەپێنراون،  بزاڤ و ڕابوونەکەیان ئازادبوونی به دەستهێنانی مرۆڤبوونی خۆیانە، کە خۆیان بتەکێینن لەو تۆز و خۆڵەی  کۆنە پارێزانی کۆمەڵگاو نەریت، گەیشتن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، بەشێوەیەک کە گوزارشت لە خواست و جەوهەری ڕاستەقینەی ژن بکات، کە ڕیشەکەی لەگەڵ ڕیشەی مرۆڤایەتیدایە.

هەرچەند ئەم پرسەی ژنان لەلایەن کەمینەیەکەوە پشتیوانی لێدەکرێت، کە کۆمەڵێکی حاڵی و کامڵن، بڕوایان بە ئازادی و سەربەستی ژنان هەیە، دەبێت هەر لە لایەن ئەو کەمینەیەشەوە هەمیشە فشار و هەڵوێست و کەمپین  زیاتر چڕبکرێتەوە  بۆ خزمەتکردنی زیاتری دۆزی ژنان ، ئەمە ئەرکە و کارێکی ئەخلاقیە، وەک چۆن ئەم کەمینەیە لە باشور بۆ خۆی پێی خۆشە ژنان لێرە ئازاد بن، ئەوا دەبێت بە هەمان شێوە بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتیش پشتیوان بن و دژ بەو پەلاماردانانەی خەڵکی ئێرە بوەستنەوە، بەهۆی ئەوەی ئێمە لەناو کۆمەڵدا دەژێین ئەو ئەرکە لەسەرمانە جگە لەغەمی خۆمان ئەوا دەبێت غەمی هاو زمانەکەیشمان بین.

  ئەو دۆخەی لە ڕۆهەڵات دەگوزەرێت و ڕوودەدات گەورەترە لەوەی ببسترێتەوە بەڕووداوێک یان ڕەگەزێکەوە بەڵکو ئێستا ڕابوونێکی تەواو کۆیی گشتاندن هەیە، ئەویش هەڵهاتنه لەو دۆزەخەی کە دەسەڵاتی مەزهەبگەرایی لەڕێگای دەزگا سەرکوتکارەکانیەوە بۆ گەلەکەی خۆی خوڵقاندووە، کەوایە پرسەکە پرسێکی تەواو جودایە لەوەی کە میدیاو نەیاران و نا تێگەیشتووان وێنایان کردوون، ئەو پرسە چارەنووسسازەش پرسی ئازادی و سەربەخۆییە، پرسی سەربەخۆبوونە، بازدانە لە پرسێکی تاکڕەهەندیەوە بۆ پرسێکی فرە ڕەهەند. ئەمەی لە ڕۆژهەڵات ڕوودەدات گرنگە پشتیوانی لێبکرێت لەلایەن خەڵکی باشوورەوە، ئەوە جێگەی ئەسەفە کاتێک دەبینین هەندێک لە فێمێنیست و ژنە چالاک و ئازادیخوازەکانی ڕۆژهەڵات بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە گلەیی و گازندە لە هاوزمانانی خۆی دەکات لە باشووری کوردستان کەوەک پێویست لە غەمی پرسی ڕۆژهەڵاتیەکاندا نین و لە دۆخەکەیان تێناگەن و پشتیوانیان ناکەن، هەڵبەت دەزانین لەمەشدا هۆکار زۆرن، یەکێک لە هۆکارەکانی پشت پشتیوان نەکردنەکەی باشوور بۆ ڕۆژهەڵات پەیوەستە بە ئەو پەیوەندییە سیاسی و مێژوویەی دەسەڵاتی کوردی دەگەڕێتەوە چ لەگەڵ ئێران یان لەگەڵ تورکیا، بۆیە خەڵکی باشوور لەوە گەیشتوون هەر هەڵوێستێک یان هەر پشتیوانیەک دەبێتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی کوردی بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی خۆی بێتەوە و سەرکوتیان بکات، چونکی خەڵکی باشوور  ئەمە بە نمونەیە کردارەکی بۆ ساخکراوەتەوە کە چۆن دەسەڵاتی کوردی ڕووبەڕووی هاونشتیمانیانی خۆی بووەتەوە هەرکاتێک داوای مافێکی سەرەتای خۆی کردووە، ئەمە وادەکات لەمپەرێکی گەورەی لە پێش هاونشتیمانیانی باشوور درووست کردووە کە نەتوانن هاوڕای براو خوشکەکانیان بن لە ڕۆژهەڵات.
هۆکارێکی تری پشت هاوڕانەبوونەکە بۆ خراپی مامەڵەی دەسەڵاتی ناوخۆی کوردانی باشوور دەگەڕێتەوە کە ئەو سەرکوتکاری و ستەمەی کە دەوڵەتانی تۆتالیتار لە هەمبەر گەلەکەیانی دەکەن ئەوا بە زیادەوە دەسەڵاتی کوردی بەرانبەر هاونشتیمانیانی دەکەن، هێندە حوکمی عورفیان لە بەرانبەر هاونشتیمانیان بەکار هێناوە خەڵکی بوێری ئەوەی تێدا نییە تەنانەت لە سەر قوت و ئازادیەکانی خۆی بە جواب بێت، چ جای بگات پارچەکانی تری کوردستان!  ڕوونە ئەگەر گەلێک خۆی لە ژێر ستەم و جەوردا بێت قورسە هەوڵ بۆ ئازادکردنی خەڵکی دی بدات، ستەمکاری کوردی هێندە پۆلیسیانە مامەڵە دەکات ئەو خەڵکەی کە ڕۆژانێک ماڵ و نێرینەیان خستبووە خزمەتی شۆڕشی کوردیەوە، به مەبەستی ڕزگار بوون لە ژێر دەسەڵاتی عەرەب و ڕژێمی بەعس،  کاتێک باشوور سەربەخۆی وەرگرت خۆی خاوەندارێتی لە خۆی دەکرد، دەسەڵاتی خۆماڵی هەمان مامەڵەی دەسەڵاتی پێشووی لەگەڵ هاونشتیمانیان دەکرد، ئەمەش جۆرێک لە بێ ئومێدی و بێ هیوایی درووست کرد، وای لێهات خەڵکی باشوور خۆزگە بەدەسەڵاتی پێشووی عێراق قڕکەری کوردان و ئەنفالکەری کوردان بخوازن، ئەمەش کاریگەریەکی نێگەتیڤی لە سەر دەروونی تاکی کوردی درووستکرد کە بڵێن ئەگەر ببنە خاوەن دەسەڵاتێکی خۆماڵیش ئەوا بارودۆختان باشتر نابێت لە باشووری عێراق، هەرچەند ئامە ڕاستیەکی تاڵە بەڵام ناکرێت ئەمە بکەینە پێوەرێک بۆ نا هەڵوێستی و نائومێدی، بەڵکو گەورەتر لە دۆخەکە بڕوانیین وەک بنەمایەکی مرۆیی و ئەخلاقی مامەڵە بکەین. بۆ ئەوەی کردەیەک ببێتە کردەیەکی ئەخلاقی نابێت هیچ مەرجێک یان هیچ بیانوویەک بە پێوەر دابنرێت بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکێک، هەمیشە یەکێک لەو ڕێگایەنەی کە مرۆڤی ڕەسەن لە مرۆڤی ناڕەسەن جیادەکاتەوە هەڵوێست و هاوڕابوونە لە بەرانبەر ئەوانەی کە پێویستیان پێیەتی، ئەگەر لەو پەڕی دونیا بێت،  چ جای بگاتە کۆمەڵگایەک کە هاوزمان و هاونەتەوەی خۆت بێت.



ژێدەر:

ڕەگەزی دووەم، سیمۆن دی بۆڤوار، و: (کارزان کاوسێن - ژیار سابیر- کارزان غەفور)، چاپی یەکەم، سلێمانی-٢٠٢١

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×