سەبارەت بە شکۆداری

ئازاد شکور
  2023-10-25     457

(تێڕامانێکی فەلسەفی لە هێزە ناوەکیەکەی مرۆڤ)



تا ئەندازەیەکی زۆر کارێکی  ئەستەم و گرانە ئەگەر بمانەوێت لە ڕووی فەلسەفیەوە، پێناسەیەکی  ڕوون و ڕەوان  بۆ "شکۆداری" بە گشتی و  "شکۆی مرۆڤ" بە تایبەتی بدۆزینەوە، چونکی لە هەر ڕوویەکەوە سەیری ئەم زاراوەیە بکەین جۆرێک لە ناتەبایی و دژبەری و ناجۆری بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام لە هەمان دەمیشدا ژ بەر چەند هۆکارگەلێکی کردەیی تر، ناچارین دەرگیریمان لەگەڵ ئەم پرسەدا هەبێت کە بەلامانەوە گونجاوترن بۆ ئەم چەمکانە، ئاخر جڤات پێویستی بەوە هەیە لەوە تێبگات، کە داخۆ شکۆی مرۆڤ بریتییە لەچی؟ هەروەتر پرسی "شکۆ" بە یەکێک لە پرسە خودیە  نامۆ و ناڕوونەکان  دادەنرێت، نەخاسمە لەڕووی هزریی و فەلسەفیەوە، تا ڕادەیەک بە تەواوی نازانرێت ناواخنەکەی چییە و پایەکانی ڕاگرتنی کامانەن؟ واتا جۆرێک لە تەم و مژاوی لە خۆ دەگرێت، کاتێک لەسەر شەقام یان لە شوێنە گشتیەکان یاخود لە دەمی ئەوانەوە گوێمان لێ دەبێت کە هەڵوێستدارن لە هەمبەر نادادیەکانی سیستەمی سیاسی وڵات، کاتێک دەبینین چۆن لەناو فەزای گشتیدا باس لە نەمانی شکۆ و داڕمانی بەهای ناوەکی  کۆمەڵ دەکرێت، بەڵام  بە ڕوونی ناتوانرێت ئەوە دیاری بکرێت کە مەبەست لەم پرسە چییە و چ شتێک دەگرێتەوە؟ بۆچی بوونی مرۆڤ دەبەسترێتە ماهیەتیەکی پێدراوی وەک پرسی شکۆوە، بە جۆرێک وێنەی بۆ  دەکێشرێت  کە بە نەمانی ئەو شکۆیە ئەو پایانەش کە هۆکار و بنەڕەتن لە بۆ  ڕاگرتنی شکۆی تاکەکان بەرەو کەوتن و تەفروتونا بوون دەچن؟

ئەم نادیارییە، ئەم ناڕوونیە، ئەم خۆبەدەستەوە نەدانە بۆ مانای ڕووت، وایکردووە کە هەمیشە شکۆ وەک بابەتێکی گرنگ بۆ تێڕامانی فەلسەفی دابنرێت، فەلسەفە درک بەوە دەکات کە شکۆ پرسێکی ئێجگار گرنگە و پەیوەستدارە بەو سیستەمە گشتگیرەی کە کۆمەڵگاکان دەباتە ڕێوە، بینیی بەهاداری شکۆ لە نێو سیستەمە گشتیەکەی کۆمەڵگاشدا ئەوەندە کارێکی گران نیە، تەنها ئەوە بەسە ئاوڕێک لە گرفتەکانی نێو کۆمەڵ و ئەو کێشانە بدەینەوە کە تاکەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن، بۆ نموونە ئێمە وەک بینەرێک کاتێک لە کەناڵێکی  میدیاییەوە بینەری گردبوونەوەی ژمارەیەک مانگر و خۆپیشاندەری خانەنشین دەبین، کە بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە دڵپڕ و نیگەرانن، لەکاتی لێدوانی یەکێکیاندا، کە لەوانەیە مانگرێکی بەساڵاچووی ڕووخسار شێواوی  پشت چەماوە و دەست و پێ لەرزۆک بێت، بە دەربڕینێکی سادەوە و دوور لە ئەجێندا و هیچ ویستێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و خۆئامادەکردن، بەدڵێکی پاکەوە، بەدەنگێکەوە کە تێکەڵە لە دڵشکان و تێکشکانی مرۆیی ئەو، هاوار دەکات و بە پەیامنێرەکە دەڵێت: ( کاکە برا ئێمە شکۆمان نەماوە و ئێمە شکومان شکێنراوە، بەداخەوە  ئەوەی لە ڕابردوودا توانیمان بە هەزاران بەرگری و  ڕووحیەتی بەرخودانی و خۆشەویستی، پایەکانی شکۆی خۆمان و خاک و نەتەوەش  ڕابگرین، بەڵام وا ئێستا هێزگەلێکی خۆماڵی شکۆیان پێ نەهێڵاین!) کاتێک پەیامنێرەکەش دەیەوێت هۆکاری  نەمانی شکۆ یان لەناوچوونی ئەو بەهایانە  بزانێت پیرەمێردی دڵشکاو دێتەگۆ و لە وەڵامیدا دەڵێت: (ئەگەر دەسەڵاتێک ڕێز لە ماندووبوونی خەڵکە ڕەسەنەکەی خۆی نەگرێت و بێباک بێت لە هەمبەریان، کە ئێمە و مانان بە تەمەنێکی هەڵچوو و بەتەندرووستیەکی نا جێگیرەوە، ئەو   هەمووە  لە ژێرهەتاوێکی گەرمی بێزارکەر و تاقەتپڕکێندا، بۆ چەند ڕۆژێکە  داوای  مافێکی زۆر سادەو سەرەتایی خۆمان دەکەین، لەکاتێکدا چەندین هاوڕێی مانگرمان بەهۆی تینی گەرماوە بووراونەتەوە و تەنانەت مردنیشی لێکەوتووەتەوەتەوە، کەچی هێشتاش  ئەو مووچە کەمەش   بەشیاوی ئێمەی نازانن،  ئیدی ئەی ئەمە مەگەر  شکاندنی شکۆ نیە! ئەگەر ئەم کردەیەی دەسەڵاتدارانی ئێمە شکاندنی قیەم و بەهاکان نەبێت ئیدی چیە؟!) لەم قسە سادانەوە، فەلسەفە دەتوانێت وردتر لەم کێشە ئەخلاقی و مرۆییە بڕوانێت، بۆیە بە گرنگ و پێویستی دەزانین بە یاریدەی  ئەم ئاکت و ڕوانینە سادە و خۆماڵیە، خۆمان بخزێنینە نێو پرسێکی گرنگ و گەورەی وەک شکۆوە، پرسی پەیوەستی شکۆداری بە ڕەهەندە ئابورییەکەی شکۆوە تاوتوێ بکەین و بەرگێکی فکری و کامڵتری بە بەردا بکەین؛ خوێندنەوەیەکی نوێتر و ڕەسەنانەتری بۆ بکەین، چونکی شکۆ  بەهایەکی ناوەکی زۆر گەورەی مرۆڤە، پەیوەندی بە ناواخنی تاک بەتاکی مرۆڤەوە هەیە، هەوڵ دەدەین ئەم پرسە دەوڵەمەند بکەین بە تێڕوانین و بۆچوونی گەورە بیرمەندانی بواری ئاکارناسی. پێتڤیە  شیکردنەوە و وردکردنەوە  لەمەڕ پرسێکی گرنگی جڤاکی و چارەنووسسازی وەک پرسی شکۆ بخەینە بەرباس و لێکی بدەینەوە و لەنێو کۆمەڵدا پایەکانی ڕێزلێگیڕاوتر و پتەوتر بکەین، بۆ ئەوەی هیچ هێز و ڕەوت و لەرزینێک توانایی هەڵتەکاندنی نەبێت، بەڵکو بۆ هەتا هەتایە بە جێگیری و دامەزراوەیی بمێنێتەوە.

ئێمە بۆ ئەوەی لە کرۆکی پرسی شکۆ تێبگەین، دەبێت بپرسین چۆن پارێزگاری لە شکۆی تاکەکان دەکرێت؟ ئایا کێن ئەوانەی دەیانەوێت ئەو بەهایە لەناو خەڵکدا بەرەو لەناو چوون  و داڕمان ببەن؟ ئامانجی پشت ئەو داڕووخانە چییە؟  ڕۆڵی دەسەڵات وەک خاوەندارێکی ئابوری و سیاسی چ دەبێت؟ هەمووان تەباو کۆکن لەسەر ئەوەی کە شکۆی مرۆ پرسێکی تەواو ناوەکی و خودیە، پەیوەندی تەواوەتی بە هێزی ناوەوەی مرۆڤەکانەوە هەیە، ئەوە شوناس و ناسنامەی خوودی مرۆڤ خۆیەتی، ئامێرێک و کاڵایەک نیە، تاکو بازرگانی پێوە بکرێت، شتێک نییە بە دیاری بە مرۆڤەکان درابێت تاکو هەرکات ویسترا لێی وەربگیرێتەوە، بەڵکو به پێچەوانەوە تەنها تایبەتە بە خوودی کەسەکان خۆیانەوە، ئەم پرسەش هەر لەگەڵ درووستبوونی مرۆڤدا لە دایک دەبێت، بەڵام بە مردنی خاوەنەکەشی هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە،  دەبێتە ناسنامە و شوناسی خودانەکەی، هەڵبەت شکۆداری مرۆڤ جیاواز لە دیاردەکانی تر پرسێکە دوای مردنیش لە خاوەنەکەی نابێتەوە، لە دوای مردنیش لەگەڵیدا دەژێت. پێچەوانەی ئەو دیاردانەی وەک نەخۆشی و نەداری و دڵخۆشی و لەشساخی و هەبوویی و ئاسوودەیی و تەواوی بابەتە دەرەکی و ناوەکیەکانی تری ئینسان تەنها ئەو کاتە ئامادەگیان هەیە کە مرۆڤەکە لە ژیاندان، بەڵام دوای مردن هەموو ئەو تاڵی و سوێری و خۆشیانەی کە کەسەکە لەگەڵیدا ژیاوە دوای مردن هەمووی نامێنێت و کاڵ دەبێتەوە، بەڵام بۆ شکۆ شتێکی جیاوازترە. لەڕاستیشدا بە هۆی ئەوەی کە وەزیفەی فیکر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لە پێشوودا بیرمەندان و کۆڵەرانی بواری فەلسەفە، تەنها سەرقاڵی میتافیزیکا و خودا و ڕووح و بیرکاری و ئەستێرەناسی و ڕووداوە سروشتیەکان بوون، خۆیان لە پرسە ڕۆژانەیەکانی جڤاک نە دەدا و تێکەڵی ژیانی خەڵکە گشتیەکە نە دەبوون، دیاردە و ڕووداوە ڕۆژانەییەکانیان بە وەزیفە و کاری فیکر و فەلسەفە نەدەزانی ئیتر ئەوە بووە هۆی ئەوەی ڕووبە ڕووی ڕەخنە و توانجێکی زۆر بوونەوە، بووە هۆی ئەوەی فیکر و فەلسەفە پێداچوونەوە بە ئەرک وەزیفەی خۆیدا بکات، ئیتر لەوە تێگەیشتن مادامەکێ فیکر بۆ مرۆڤە و ئەرکی ڕێکخستنی ژیانی خەڵکیە، ئیدی بووە هۆی ئەوەی فیکر بەشێوەیەکی مەیدانی خۆی پەخش و بەیان بکات،تێکەڵ بەژیانە ڕۆژانەیەکانی خەڵک و کێشەو گرفتەکانیان بێتەوە،  بۆیە لەو پێودانگەوە ئیدی هزریش خۆی خزاندە نێو دیاردە و پرسە هەنوکەیی و ڕۆژانەیەکانەوە، هەر بۆیە توێژەرانی بواری فیکر، بڕیاریاندا فەلسەفە لە بورجە عاجیەکەی بهێننە خوارەوە، بیکەن بە  بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی، لەم سەروبەندەشدا پرسی شکۆ وەک یەکێک لە پرسە گرنگەکانی ڕۆژ بوو بە پرسێکی بۆ تاوتوێکردنی فەلسەفیانە. لێرەو لەوێ لە پەراوێزەکاندا هەندێک لە بیرمەندانی بواری ئاکارناسی ئاکت و دیدی خۆیان لە مەڕ پرسەکە خستووەتە ڕوو، بۆیە شیانی خۆیەتی  بۆچوونی بیرمەندی گەورەی ئەڵمانی "ئیمانوێل کانت" لە مەڕ پرسێکی گرنگی  وەک "شکۆ" بخەینە ڕوو، ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت:  (هەرکردەیەکی وەک ئەشەکەنجەدان و هەوڵدان بۆ بە کۆیلەکردن و مامەڵەی نەشیاو و نا درووست، دژبەر و پێچەوانەن لەگەڵ شکۆ و کەرامەتی مرۆڤدا)چونکە چەمکی شکۆ بەپێی فەلسەفەی ئیمانوێل کانت ئەوەیە کە دەبێت هەموو مرۆڤێک وەها مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، کە خۆی ئامانج و ستراتیژە، نەک ئامراز.۱

ئیدی بە یاریدەی ئەم ئاکتەی کانت دەتوانین لەوە تێبگەین کە شکۆ چییە و چۆن بیناسینەوە، دوای ئەو تێگەیشتنەی کە "کانت" سەبارەت بە چەمکی شکۆ خستیە ڕوو، لەوە دڵنیامان دەکاتەوە کە مرۆڤ  بێ هیچ  مەرج و سانسۆرێک پێویستە خودی خۆی ستراتیژ و ئامانج بێت، نەک وەکو وەسیلە و ئامرازێک بەکار بهێنرێت بۆ مەبەست و ئامانجی تایبەتی کەسانی تر، لەو پێودانگەوە لەوە تێدەگەین کە مرۆڤ تاکە بوونەوەری عاقڵمەند و خودان هۆشەکی و  جیاوازە، هەر بۆیە مرۆڤ پێوەری هەموو شتێکە، هەرخۆشی چەق و سەنتەرە، دەبێت هەموو دیاردەکان و  ماتڕیاڵەکان و تەواوی بوونەوەرەکانی دەورووبەر و دەرەوەی مرۆڤ بخرێتە خزمەتی ئینسانەوە، هەرگیز ناکرێت مرۆڤ ئامرازێک بێت  لە گەڵ کەل و پەل و بونەوەرەکانی تردا  بگونجێنرێت،  بەڵکو بە پێچەوانەوە هەموو ئەوانەی چوار دەورمان دەبێت توانای خۆ گونجاندنیان هەبێت لەگەڵ مرۆڤدا، بەهۆی ئەوەی مرۆڤ تاکە بوونەوەری سەر ڕووی زەویە کە خاوەن ئاگایی و بیرە، خۆی بڕیاردەر و خودان بیرکردنەوەیەکی ئازادانە و سەربەستانەی  خۆیەتی هەر بۆیە هەمیشە جێگەیەکی تایبەتی هەبووە لە ناو بوونەوەرانی تردا، ئەمەش وایکردووە بەها و نرخەکەی لە سەروووی هەموو نرخێکەوە بێت، کاتێک ئەوەمان بۆ بەیان دەبێت کە بەهای مرۆڤ لەسەرووی هەموو نرخێکەوەیە، ئەمەش تەنها داوەریکردنی بابەتیانەیە دەربارەی بەهاو گرنگی مرۆڤ، ئەم بۆچونەش پشتئەشتوورە بۆچونێکی کانت، کە لەبەر دوو هۆ شکۆداری مرۆڤ دەخاتە سەرووی بوونەوەرانی ترەوە:

یەکەم: مرۆڤ پرۆژە و ئامانج و ستراتیژی هەیە، شتەکانیش کاتێک بەها وەردەگرن لە پەیوەندی کردن بە بەدیهێنانی پڕۆژەکانی مرۆڤەوە، شتەکانیش جگە لەمرۆڤ دەگرێتەوە، چونکە ئەوان ئامانج ومەیلی تایبەت بەخۆیان نییە

دووەم: مرۆڤ خاوەن بەهایەکی ناوەکیە کە شکۆ و کەرامەتیەتی، چونکە کاراکتەرێکی ئازاد و عاقڵمەندن خۆیان دەتوانن بڕیار بدەن.٢

زیادەڕۆیی نییە گەر بوترێت کانت وەکو باوکی دامەزرێنەری چەمکی نوێی شکۆی مرۆڤە لە ناو فیکردا، ئەوە خودی کانتە کە دەڵێت: (شکۆ پێویستی بەوە دەبێت وەها مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکان بکرێت کە ئامانجە) ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو شکۆی مرۆڤی گرێداوە بە ئازادی و سەربەستی مرۆڤەوە،  بیرۆکەی شکۆی مرۆڤ لە دیدی کانتەوە بەستراوەتەوە بە سەربەخۆیی و سەربەستی تاکەوە، هەرکاتێک کە مامەڵە لەگەڵ خەڵکیدا دەکەین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شکۆیان بکەین، پێویستە وەک تاکێکی سەربەخۆ  و ئازاد لێیان بڕوانین. ئەمەش دەرخەر و دووپاتکەرەوەی ئەو ڕاستیەیە کە مرۆڤ  بوونەوەرێکی جیاواز و سەربەخۆ و سەربەستە.  پێچەوانەی شمەک و کەرەستەکانی دەوروبەرمان، ئەوان بۆ ئەوە ئامادەگیان هەیە و بەوەش دەناسرێنەوە کە کاتێک دەکرێنە خزمەتی مرۆڤەوە، هەربۆیە هەموو  شتەکانی دیکەی دەورووبەرمان تەنها ئەو کاتە بەهاو نرخیان بۆ دەگێڕرێتەوە، کە کۆنتاک و پەیوەست دەکرێن بە مرۆڤەوە، واتا ئەگەر گریمانەی  ئەوە بکەین مرۆڤ لە ژینگە سرووشتیەکەی بکەینە دەرەوە ئەوا هەموو کەل و پەل و ماتڕیاڵ و دیاردە هەستپێکراو و ئەزموونکراوەکانی ناو سروشت و دەوروبەرمان هیچ سەمەر و سوودێک ناگەیەنن، ناساندنیان بەهۆی بەریەککەوتن و دەستکاریکردنی مرۆڤەوەیە، هەموو ماتڕیاڵەکانی نزیکمان ئامرازێکن مرۆڤ دەیانخاتە خزمەتی خۆیەوە، چوون مرۆڤ ئامانج و ستراتیژە هەربۆیە ئەوە مرۆڤە کە ڕۆح دەخاتە بەر کەلوپەلە فڕێدرواو و لەکارکەوتووەکانی دەورووبەرمان، کاتێک ئێمە دێین لە کەل و پەلە خراپبووەکانی چوار دەورمان تابلۆیەک دەکێشین ئەوە مرۆڤە دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو کەرەستە ماتڕیاڵانەوە باس لە مێژوو یان ڕووداوێکی مێژووی یان شارستانێتیەک بکات، هەربۆیه شارستانیەتە دێرینەکان، هەوڵیانداوە  سەرکەوتنەکانی خۆیان و مێژوو و جەنگ و لێهاتووەکانیان، لە ڕێگەی هەڵکۆڵین و داتاشینی بەردو تاوێرەکانەوە  بۆ ئێمە بەیان بکەن و  ڕووداوەکانمان بۆ بگێڕێنەوە. ئەوە مرۆڤە توانیویەتی بەهاو نرخ بۆ ئەو بەردە بگەڕێتەوە ئەگەر مرۆڤ نەبووایە ئەو بەردە جگە لەتەنێکی بێجوڵە و وەستاو  هیچ بەها و نرخێکی تری نەدەبوو. کەواتە شتەکانی تر ئەو کات نرخیان بۆ پەیدا دەبێت کە مرۆڤ دێت دەستی تێدەخات بۆ کارێکی هونەری  یان بە مەبەستی گێڕانەوە و بەسەرهاتێکی مێژووی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و بە مەبەستی خزمەت و زانیاری و پەند بەکاری دێنێت، بۆ نموونە ئەو پەڕەگراڤەی بەردەستمان، کە مەبەست لێی  دەرهێنانی خەلکە لە خورافات و جەهل، پەخشکردنی زانست و زانیاری و داهێنانەکان و مەعریفە، هەموو ئەو شۆڕشە زانستی و فکریەی کە خراوەتە خزمەتی مرۆڤایەتیەوە هەمووی دەرئەنجامی بڕینی دارێکی بێ شوماری دارستانەکانە، کەوایە دارستانەکان بەهایان کاتێک بۆ دروووست دەبێت کە مرۆڤ بە مەبەستی دروووستکردنی پەڕەگراڤ ۆ کورسی و مێز و پێداویستیەکانی تری مرۆڤ بەکاریان دەهێنێت،
لێرەوە تێدەگەین کە ئازادی بەشێکی گەورەو پایەیەکی وەستاوی شکۆی مرۆڤە، چونکە مرۆڤ گەر نەتواێت داکۆکی لە ئازادی و سەربەخۆبونی خۆی بکات ئەوا ناتوانێت پارێزگاری لە شکۆ و کەرامەتی خۆی بکات چونکە بە لە دەستدانی ئازادی تەواوی پایەکانی ڕاگرتنی شکۆی مرۆڤیش هەرەس دێنێت و دادەتەپێت، ئازادی بۆ خاوەنەکەی وادەکات خۆیان بڕیار لەسەرخۆیان بدەن  و ئیدی لەوێوە هەرخودی خۆیانن دەتوانن وەک ئامانج مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ڕەفتار و جوڵەکانیان لەڕێگەی عەقڵی ئازادانەی خۆیانەوە ڕێنوێنی دەکەن، تاکە ڕێگاش بۆ ئەوەی باشەی ئاکاری بوونی هەبێت دەبێت وەک بوونەوەرێکی عاقڵمەند و خاوەن هۆش ڕەفتار بکەین، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بوونەوەری عاقڵمەند بوونی نەبێت ڕەهەندی ئاکاری بەتەواوەتی لە جیهاندا دادەماڵرێت، هەربۆشە دەکرێت بڵێین بەهاو نرخی مرۆڤ بێ ئەندازە بێ سنوورە نابێت و ناکرێت بەهاکەی بەراورد بکەین بە بەهای شتەکانی تر.

بۆ تێگەیشنی زیاتر سەبارەت بە پرسی شکۆ وەک وابەستەیەک بە ئازادیەوە بە پێویستی دەزانین سەرنجی خۆمان بخەینە سەر بیرمەندێکی سەردەمی ڕۆشنگەری ئەویش "چیوڤانی پیکا دێللا میراندۆلا" کە لە نێوان ساڵانی  (١٤٦٣-١٤٩٤زاینی )ژیاوە و لەو بارەیەوە گوتویەتی: (ئازادی و شکۆ  دووانەیەکی لێکچوو و دانەبڕاون لە یەکتری و پەیوەستن بە یەکتریەوە و ئاوێتەی یەکترن.)٣ بە یارمەتی ئەم ئاکت و بۆچوونەی میراندێللا بە تەواوی لەوە تێدەگەین، بۆ پارێزگاری کردن لە شکۆ و شوناسی تاک دەبێت ئازاد بین،
هەموو بۆچوونەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە مرۆڤی ئازاد لە سادەترین پێناسەیدا ئەو کەسەیە کە خۆی خاوەندارێتی لە خۆی دەکات، لێرەشەوە دەتوانین ئەوە بەیان بکەین ئەگەر مرۆڤی ئازاد بە شکۆ و سەربەخۆی بێت کەواتە ئەوانەی وانین دەربار و کۆیلەی کەسانێکن کە سەربەخەڵکانی تر و دەورو بەرو کۆمەڵن. واتا لەڕێگەی باسکردن لە مرۆڤی ئازادەوە ئیدی بەجوانی لە مرۆڤی کۆیلەش تێدەگەین.

مرۆڤی ئازاد کەسێکە سەربەخودی خۆیەتی، خۆی خاوەندارێتی لەکاروکردەوەکانی خۆی دەکات، هەرگیز شکست و کەوتنەکانی ناخاتە ئەستۆ دەوروبەر و کۆمەڵەوە خۆی بەرپرسیارێتی هەڵەو کەم وکورتیەکانی خۆی هەڵدەگرێت، بیردەکاتەوە خاوەن هۆشەکی و ویستی ئیرادەی سەربەخۆیانەی خۆیەتی، خۆی خوێندنەوە و شیکردنەوە بۆ کۆی دیاردە و پرسەکان دەکات و لێکیان دەداتەوە دەیخاتە بەردەم دادگای بیرکردنەوە و توێژینەوە  عەقڵیەکانی خۆی بەتەواوی لەژێر کاریگەری تێهزرین و ئاکتەکانی خۆیدایەتی، هەرخۆشی دادوەرە بەسەرخودی خۆیەوە، خاوەن بۆچوون و  شڕۆڤەی ئازادانەی خۆیەتی، ئیدی لێرەشەوە دەتوانین بە باشی لەوەش تێبگەین ئەگەر مرۆڤی سەربەست سەربەخۆی بێت ئەوا مرۆڤی کۆیلە سەر بەڕەوت و  تەوژم و بیروباوەڕ و کەسانی ترە، کەسانێک خاوەنی هیچ ئامادەگیەک نین، کەسانێکی نا واقیعی عاتفین  کەسانێکن سەربەخۆیان داگیرکراوە، کە ئاوێتەی ژینگە و داب و نەرێت ئەفسانە و تێگەیشتنی دەرەکین، لە نێو خەڵکان و ڕەوتی تردا تواونەتەوە، مرڤگەلێکی تاکڕەهەندین بڕوایان بەیەک ئایدوڵۆژیا و یەک پرنسیپ و یەک چیرۆک یەک ئەفسانە هەیە، مرۆگەلێکن ئۆتۆنۆمیان داگیرکراوە، داماڵراون لە هەموو بەهایەکی تاکەکەسی و لە نێو کەلتوور و نەریتی دەرەکیدا تواونەتەوە، کەسانی دی ڕێنوێنی و خاوەندارێتیان دەکەن.
  کەوایە مرۆڤ بێ ئازادی ناتوانێت شکۆی خۆی بەدەست بهێنێت، ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت خاوەندارێتی لەویستی ئازادانەی خۆی بکات، ئەگەر خاوەنی بیرو باوەڕی سەربەخۆی خۆی نەبێت ئیدی ئەوکات ناتوانێت پارێزبەندی لە سەرشکۆ و شوناسی خۆی بکات، بۆیە هەرگیز نەبووە نابێت ئەگەر مرۆڤێک لە ژێر کاریگەری تەوژم و ڕەوت و دەوربەردا بوبێت، کە چی نەمرو شکۆداریش بێت، هەربۆشە دەتوانین ئەوە بەدەستبخەین  ئەگەر بمانەوێت بەتەواوی پارێزگاری لەشکۆمەندی خۆمان بکەین ئەوا دەبێت بەتەواوی لەو ژینگە و دابونەریت و نۆڕمە کۆمەڵایەتیە باوەکان و ئەو خڵتەو خاشاکانەی کە بەو نۆڕم و ڕێسایانە ڕووپۆشکراون، دەبێت خۆمانی لێداماڵین، بۆیە بۆ پاراستنی شکۆمەندی مرۆڤ پێویستی بە پچڕاندنی ئەو زنجیرو قوفڵە ئاسنینانە هەیە کە لە ڕێگەی ئەو یاساو ڕێسانەوە لە گەردنی تاکەکان ئاڵێنراون ئیتر ئەو ڕێسایانە لە ژێر ناوی هەربیانوویەک یان هەر پیرۆزیەک بێت، پێوستە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خودان هۆشەکی خودان بیر عەقڵی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ڕامانکردن و وردکردنەوەی کۆی پرس و دیاردە و قوتابخانەو بیرەکردنەوەکان،  هەڵیانسەنگێنێت و شەن وکەویان بکات، بەڵام بە پێچەوانەی ئەمەوە، ئیتر ئەوە کۆیلەکانن کە ئامرازن بۆ سوودگەیاندن بۆ ئامانجی کەسانی تر ئەمەش پێچەوانەی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤە و بەهاو نرخ لە دەست دەدات و دەبێتە ئامێرێکی درووستکراوی وەک ڕۆبۆتئاسا  ئەمەش پێچەوانەی ئاکاری گەردوونی خودشکۆییە، بۆیە لەم جۆرە ژینگەیەدا مرۆڤ بەتەواوی لە ژێر هەژموون و نەریتێکدایە کە ئامانج خوودی مرۆڤ نییە وەک کائینێکی بیرکەرەوە یان وەک مرۆڤێک بەڵکو بە ئامێرکردن و بەکارهێنانییەتی بۆ بەدەستخستنی مەرام و ئامانجێکی تایبەتی، بۆ نموونە خاوەنکارێک وەها مەمەڵە لەگەڵ کارمەندو کرێکارەکانی ژێردەستیدا ناکات وەک ئینسانێکی خاوەن شکۆ و بەهادار، بەڵکوو وەک  بەردەبازێک بەکاردەهێنرێت بۆ پەڕینەوە و  بەدەستخستنی خواستەکانی خۆی و زیاتر کەڵەکەکردنی سەرمایە لە سەر حسابی ژێردەستەو کارمەندەکانی، کە ئەمەش پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤ و  یاسا ئاکاری و گەردونیەکانە، بۆیە بەتەواوی هاوڕاین ئەگەر بمانەوێت بەتەواوی شکۆی خۆمان و کۆمەڵیش بەدەست بێنین دەبێت بەتەواوی سەربەخۆمان بین و نابێت سەر بەخەڵک و هیچ ڕێسا و ڕەوت نۆڕمێک بین، بەدەستهێنانی ئازادی خۆمان وابەستەیە بە بەدەستهێنانی شکۆی خۆمان، بەدەستهێنانی شکۆی خۆشمان گرێدراوە بە بەدەستهێنانی شکۆی کۆمەڵ دەوروبەرمانەوە ئەمەش لەڕێگەی عەقڵێکی  کامڵ و ئازاددەوە، لەڕێی دابینکردنی ژێدەرێکی دارایی سەربەخۆوە بەدەست دێت، چونکە دوای ئازادبوون و ئیشکردن لە ناخی ئینسان بزاڤکردن  ئیتر کارەکەمان نەک کۆتای نەهاتووە بەڵکو سەرەتا و دەستپێکە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ پشتیوانی پاڵپشتی لە هەمووان، ئەوە خۆی وەزیفەی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقیە، بۆیە داکۆکیکردن لە دەوروبەر و کۆمەڵ  ئیدی بیرکردنەوەی  ناوچەیی تووڕبدەین گوزەر بکەین بۆ تاکێکی خودان  ئاکاری گەردوونی و جیهانی.

دوای ئەو هەموو ڕاستیانەی کە سەبارەت  ئازادی و کۆشش لە پێناویدا  خرانە ڕوو،نابێت ڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت لە بەرچاو نەگیرێت هەڵبەت لە هەردووبارەکەدا کاریگەری خۆی دادەنێت چ ڕۆڵ لە شکۆداری یا خود بێشکۆیی تاکەکاندا. بۆ ئەوەی ئێمە وەزیفەی دەوڵەت بزانین لە هەمبەر ژێردەستەکانیدا بە پێویستی دەزانین ئاوڕ لە بۆچونێکی بیرمەندو دەوڵتناسێکی وەک "تۆماس هۆبز"  بدەینەوە، کە دید و تێڕوانینی خۆی لە مەڕ دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەت خستووەتە ڕوو، سەبارەت بە پاسەوانیکردنی شکۆی تاکەکان وەک بەرپرسیار کاری وەزیفی دەوڵەت، تۆماس هۆبز (١٥٨٨-١٦٧٩ز) دەڵێت: ( کەرامەت وابەستەیە بە مەسەلەی بوونی هێزو دەسەڵاتەوە، چارەنووسی مرۆڤ و بەهاکەیشی، وەک بەهای هەر شتێکی تر بریتیە لە نرخی مرۆڤەکە.) ٤

ئێمە دەتوانین لەم ئاکتەی تۆماس هۆبزەوە ئەوە هەڵبهێنجێنین، کە بۆ ئەوەی  کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و شارستانی دابمەزرێنین، بوونی هێزێک و دەسەڵاتێک پێویستیەکی حەتمی دەبێت، بۆ ئاوا کردنی ئەو کۆمەڵگا مەدەنییە، ئەوەش تاکە ڕێگەیە بۆ دەربازبوون لە هەڵچوون  و پشێوی و نا ئارامیەکان، هەڵبەت لە چوارچێوەی واقیعێکی کۆمەڵایەتیدا، بەو پێیەی کە مرۆ بە سرووشتی خۆی خاوەندارێتی لە هەندێک ڕەگەز و  مەیلی شەڕەنگێزانە و خۆ ویستانە دەکات، ئارەزوو و خولیای  هێزو دەسەڵاتی زیادەی هەیە، بە مەبەستی خۆ سەپاندن ، ئەم جۆرە لە ئارەزوو مەگەر بە مردن کۆتای پێبێت،ژ بەرکو  پێداویستی بە دڵنیایی یەکسانە بە پێداویستی لە پێناو دەسەڵات و هێزدا، بەهەموو جۆرەکانیەوە، ئیتر چ لە پێناو پاراستنی شکۆ و ئابڕو بێت یان لەپێناو خۆسەپاندن و دەوڵەمەندی یان هەرئارەزوویەکی خودپەسەندی بێت. بۆیە لەو کەشە نا ئارامەدا  ئیدی مرۆ درک بە جۆرێک لە "ترس و دڵەڕاوکێ" دەکات، واتا کاتێک هەست به غیابی چاودێرێک  دەکرێت لە بەرانبەر هەمووان،  ئەوا جڤات هەست بە مەترسی  مەرگ و لە نێوچوون دەکەن، ئەمەش  وا دەکات هەرکەسێک بیەوێت، بە هۆی هێزێکی لە ڕادەبەدەری خۆیەوە ئازارمان پێبگەیەنێت، ڕەنگە ڕوووبەبەڕووی مەرگیش ببینەوە، چونکە توانای کەسێک لە سڕینەوە و لەکەدارکردنی شکۆ و هەوڵدان بۆ تیرۆری کەسایەتی و ناوزڕاندنی کەسێکی دی دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەمووان سڵی لێبکەنەوه، ئەمەش وادەکات ئێمە پێش ئەوەی بکوژرێن دەبێت بکوژین، ئیتر کوشتنەکە دەکرێت مەعنەوی بێت یاخود فیزیکی، جا بۆیەش
وادەکات هەمووان بەچاوی گومان هەڕەشە لەیەکتری بڕوانن، باشترین چارەش لای ئەوان ئەوەیە هەوڵبدەن بەرانبەرەکەیان تێکبشکێنن، بەرلەوەی بەرانبەرەکەم دەستبکاتەوە و هەوڵی سڕینەوەم بدات، ئەمەش جەنگی هەمووانە دژی هەمووان، بۆئەمەش دەست دەکەن بە گەڕان بە مەبەستی بەدەستهێنانی سەرچاوە بنچینەییەکانی هێز، کە بۆخۆی ئەمەش گوزارشت لە ترس و دڵە ڕاوکێ دەکات.
سرووشتی تاکەکانیش وسایە کە شەیتانێک لە ناخیاندا خۆی مەڵاس داوە، تەنها کاتێک سڕ و  خەفە دەکرێت ئەگەر هەست بە زیندوێتی ئەو جۆرە چاودێرە بکرێت، کە زیاتر خۆی لە بوونی هێزێکی دەرەکی وەک دەسەڵات دەبینێتەوە، ئەمەش تا ڕادەیەک هەوێن و دڵنیاییە بۆ پاراستن و پارێزگاریکردنی لە شکۆ و شوناسی مرۆڤەکان.
بۆیە زۆرکات ئەو ڕەگەزگەلە شەڕنگێزانەی نێو ناخی مرۆڤ، ئارەزوو  لەوە دەکات پێش هەمووان بکەوێت لە هەمووان زیاتر پێش بکەوێت، پێشی کەسانی دی بداتەوە، سەرکەوتنەکانی خۆی بەراورد بەسەرکەوتنی ئەوانی دی دەکات و خۆی بە مافخوراو دەزانێت، چونکی مرۆڤ هەر بە تەنها مەیلی مانەوەی نییە، بەڵکو دەیەوێت مانەوەی خۆی باشتر و چاکتر بکات بە بەراورد بە کەسانی دی. بۆیە لەم دۆخە پشێویەدا مرۆڤ لەڕووی فیزیکی فرتوفێڵ و تەڵەکەبازیدا یەکسانن، هەمووان لە یەکتری نا دڵنیان، لەم حاڵەتەدا بۆ ئەوەی مرۆڤ لەم دۆخە سرووشتیە دەربازی بێت ئەوا دەبێت هەنگاو بەرەو کۆمەڵگایەکی مەدەنی بنێت، تاوەکو کاروبارو ژیانیان بەرەو ڕێکخستن بچێت لە سڕینەوە دووربکەونەوە.

سرووشتی مرۆڤ لە دیدی هۆبزەوە لە دوو ڕەگەز پێک دێت ئەوانیش: غەریزە و هۆشەکین، یەکەمیان هانی مرۆڤ دەدات بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئەوشتانەی کە هەست دەکات پێویستی پێییەتی بێ گوێدانە بەرانبەر خواست و ئارەزووی کەسانی دی، ئەمەش نەگونجاندن و پێکدادان دەگرێتەوە، دووەمیان ڕۆڵی ڕێنوێنیکەر دەبینێت و ڕێگە لە شەڕانگێزەکانی مرۆڤ دەگرێت، وا لە مرۆڤیش دەکات گیرگرفتەکانیان بەڕێگەی ئاشتیانە چارەسەربکەن، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ پێکدادان و توندوتێژی و یەکتر سڕینەوە ببرێت.5 ئەوە ڕوونە تۆماس هۆبز بۆ گواستنەوەی کۆمەڵگا لە جڤاکێکی سرووشتیەوە بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی، جیاوازی دەکات لە نێوان مرۆڤەکاندا، بۆ هەر مرۆڤێک دوو ڕەگەز دەستنیشان دەکات، دۆخی سروشتی و دۆخی عەقڵی، لە دۆخی یەکەمدا گەرچی بۆ ماوەیی و ژینگەییە، بۆ ئەوەی دەوڵەت دەستکاری و گۆڕانکاری لەو دۆخە سروشتیەدا بکات، پێتڤی بەوەیە دۆخی عەقڵی ببێتە بەدیلی دۆخە سروشتیەکە، ئەوەش بەوە دەبێت کە دەوڵەت هەستێت بە فەراهەمکردنی فەزایەکی ئازاد، تاکو تاکەکان بتوانن پراکتیزەی ماف و ئازادیە کەسیەکانی خۆیان بکەن لە هەموو ڕەهەندەکانەوە جۆرێک لە دڵنیایی بۆ هاونشتیمانیەکانی بێنێتە ئاراوە، ئەو دەوڵەتەش دەبێت بە مانای وشە دەوڵەت بێت، خاوەنی ئیدارەدانێکی کامڵ و عەقڵێکی گەورە لە پشت بەڕێوەبردنیەوە هەبێت، گرنگ و پێویستە دەوڵەتێکی دامەزراویی و دەسەڵاتێکی دادگەریانە و شەفاف بێت، تەیار کرابێت بە دیسپلین  ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی جەماوەر، چونکی لە ئەگەری بوونی  دەسەڵات و هێزێکی مڵهوڕ و گەندەڵ، ئەوا جۆرێک لە ئەنارشیەت و سادیزم پەیڕەوی لێدەکرێت و شکۆ و کەرامەتی مرۆیش لە پێش هەرەسێکی گەورەدایە، لەو جۆرە ڕژێم و سیستەمەدا، هەر خودی دەوڵەت خۆی پاڵنەر و فاکتەرە بۆ لێکهەڵوەشاندنەوەی جڤاک، چونکی هەرکەسە و بە ئارەزوو و ویستی خۆی مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵ و دەوروبەر دەکات لە دەرئەنجامی ئەم شێوازەش جۆرێک لە پاشا گەردانی و شکۆ شکاندن و نا ئارامی  و تێکچوونی ئاسایشی گشتی  و یەکتر سڕینەوەو شەڕی هەمووان دروست دەبێت، ئەمەش کۆمەڵگایەکی سروشتی و جەنگەڵییە، بۆیە هەبوونی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی ئامانج لێی پاراستنی شکۆ و شوناسی تاکە کەسە، چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانە بە ڕێگای ئاشتیانە، ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئامانج و وەزیفەی دەوڵەتە گەر سیستەماتیک و دامەزراوەیی و عادیلانە بێت، توانای بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی ئارێشە و گیروگرفتەکانی هەبێت. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ووڵاتە مردووەکاندا ڕوودەدات، دەسەڵاتێکی داپڵوسێنەرو پۆپۆلیست و شەق وەشێنن، هیچ مەرجێکی دەوڵەتداری تێاندا بەدی ناکرێت، لەو جۆرە حکومڕانیانەدا مافی تاک و شکۆکەشیان لەبەردەم لەناوچوون و مەترسی و هەڵوەشاندنەوەدایە، واتا جیاوازە لەو دەوڵەتە دامەزراوەییەی کە پێویستە بۆ گوزەرکردنی کۆمەڵگا بۆ جڤاکێکی مەدەنی،  ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات و  هەموو ئەوانەی دادو بێدادیانە بە دەست فەرمانڕەواکانی وڵاتەوە، کاتێک هاوڵاتیان بەو پەڕی حەماسەت و قوڕگی پڕ گریانەوە هاوار بۆ  کار و نان و  نەمانی شکۆیان دەکەن، ناڵەیان دەگاتە کەشکەڵانی فەلەک، ئیتر لەوە تێدەگەن ئەوەی ڕوودەدات، دوورە لە هەموو بەهایەکی ئینسانی و ئەخلاقی کاری بەڕێوەبردن ، بۆ نموونە ئەوەی لێرە ڕوودەدات و  بە درێژایی سێ دەیە دەست خراوەتە بیناقاقای گەل و بڕستی لێ بڕیوون، بە هەموو شێوەیەک برسیان دەکەن و دەیانچەوسێننەوە، سامانەکەشیان دەدۆشن و دەست بەسەر هەموو ژێدەرەکانی ئابویدا دەگرن، ئەم بە مێگەلکردنە، ئەم قۆرخکردنی ئابورییە بۆ ئەوەیە وا لەو خەڵکە بکەن تەنها هانا بۆ ئەوان ببەن، ڕۆحێتی ئیرادە و نەمری و بەرخودان لە ناخیاندا بکوژن و دایان ماڵن لە بەها ناوەکیەکان،
بۆیە دەرئەنجامی ئەو زوڵم ستەم و جەورەی کە بەرانبەر هاونیشتیمانیان پیادەی دەکەن، وادەکات ئەو خەڵکە وا هەست بکەن ئەمە هاوتەریبە لەگەڵ داماڵینی شکۆ و بەها و پیرۆزیە کۆمەڵایەتیەکانیان و ئەمەش وادەکات کاتێک تایپێک لەو خەڵکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن نیگەرانیەکان و نەمانی شکۆ و کەرامەتیان ئاوێتەی یەکتری دەکەن و بەیەکچاو و وەک یەک هێڵ لێی دەڕوانن.

ئەم جۆرە لەفەرمانڕایکردن، ئەم سیاسەتی شکۆشکاندنە، ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئەو تاقمەی ئێرە بەڕێوە دەبەن، جگە لە کۆمەڵێک چەتە و ڕێگر و تاڵانچی هیچی تر نین، ئەمەش وادەکات زیاد لە چەندینجار لە نێو کلتووری عەوامدا گوێمان لێبێت خەڵکی بە تەنزەوە بڵێن گەر حکومڕانی وەها بێت ئەوا ئامادەین زیاد لە چەند حکومەتێکی وا ببەین بە ڕێوە، ئاخر ئەوەی ڕوودەدات هیچی بەسەرهیچەوە نیێە، هەمووی داڕووخاوە و کەسی شیاو لە شوێنی شیاو نییە، هەموو ئەم کردەیەش کە ئەنجامی دەدەن هەروا لە خۆڕا و بە هەڕەمەکی ئەنجام نادرێ، بەڵکو ئەمە خوێندنەوە و  ڕامانێکی دووروو درێژە، ئامانجیش تەنها شکاندنی شکۆ و ئابڕووی کۆمەڵ و جەماوەرەکەیە، چون لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، کە شکۆ وەک هێزێکی گەورەیی ناوەکی یەکێک لەو بەها گرنگانەی کۆمەڵە، بە تایبەت لە کۆمەڵگایەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوین کە خاوەن فەرهەنگ و خوو و ژینگەیەکی تایبەتە، بۆیە پرسی شکۆش لەو جۆرە کۆمەڵگایەنەدا جێگەی مشت و مڕ و قسە لەسەرکردن نیە، شیانی تەنازولکردن نیە و هەمیشە مرۆڤەکان بۆ پارێزگای کردن لە شکۆ و کەرامەتیان کە وێنەدانەوەی شوناسی مانەوە و مێژوو و داهاتووشیان بووە، بە هەموو پێودانگێک بەرگریان لە پێناویدا کردووە، بوونی مرۆڤەکان بەستراوەتەوە بە بوونی شکۆ یانەوە، تاکە ماهیەتە کە جێگەی شانازی کۆمەڵ بووە و گیان لە پێناویدا خەرجکراوە، لە نێو ئەو جۆرە ژینگەیەدا ئەوەی ڕۆڵ دەگێڕێت کۆمەڵگایە، شکۆش بەلای کۆمەڵگاوە هێڵی سوورە، بۆیە مانەوەی مرۆڤێک لەناو کۆمەڵگادا بە شکۆدارییەوە پەیوەستە بە مانەوەو پاراستنی شکۆی مرۆڤەکە، بۆیە دەسەڵاتیش بەهۆی خوێندنەوەی سایکۆلۆجیای کۆمەڵ هەڵدەستێت لە ڕێگەی کەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەندەوە هەوڵدەدات ئەو قیەمە نەهێڵێت، ئەویش لە ڕێگەی سیاسەتی برسیکردن و پەکخستنی ژیانەوە، ئەمەش تاکە ڕێگەیە کە بتوانرێت ئەو بەهایە خامۆش بکرێت، چونکی نان پەیوەستە بە ژیان و مانەوەی مرۆڤەوە، بۆیە کاتێک دەسەڵاتێکی تۆتالیتار دەست بۆ برسیکردنی خەڵکەکەی دەبات، ئەو کات کۆمەڵگا ناچار بە کڕوزانەوە و خۆ چەمینەوە دەکات، کە ئەمەش پێچەوانەی شکۆداری و کەرامەتی کۆمەڵە، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەو جۆرە دەسەڵاتەوە، وای لێدەخوێنێتەوە تەنها ڕێگە بۆ کوشتنی بەهای ناوەکی تاکەکان بریتیە لە برسیکردن و خراپ ئیدارەدانیان، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی گەوەرەترین و پیرۆزترین بەها و نرخ کە شکۆ و کەرامەتی خوودە بکەیتە ژێر ڕەحم و هەیمەنەی ئەو تاقمەی حکومڕانان.  ئیدی ڕووحیەتی کۆشش و بەرخودانی و سەربەخۆیی و ئازادی لە ناخیاندا دەکوژێت دەستەمۆیان دەکات، لە بری کۆمەڵگایەکی یاخی و بوێر دەیانکاتە بە جڤاکێکی لەرزۆک و سڕکەر،  ئەمەش ئامانج و ستراتیژی هەموو ئەو دەسەڵاتێکی ستەمکارو نا دادگەرە، کە کۆمەڵگایەکی بێهۆش و ترسنۆک و داتەپیو درووست دەکات.
ئەوانەی کە خرانە ڕوو کۆمەڵێک ڕاستی بووون، سەبارەت بە ئیدارەدانی جۆرێک لە عەقڵیەتی حکومڕانی بێ مۆڕاڵ، ناحاڵی و نا هۆشیار و نەخوێنەوار، نەخوێنەوار لە سیاسەتی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی خەڵق و ووڵات، نا ئاگا  لە پرنسپ و مافەکانی مرۆڤ، بۆیه ڕوونە بۆ ئەوەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی عەقڵانی خودان هۆش، دەبێت جیاواز لە درووستکراوەکانی تری سەر زەمین بە پێی پێوەرە ئەخڵاقیەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا و ڕێساکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێت مرۆ وەک کائینێکی بەهادار و خاوەنشکۆ مەمەڵەی لەگەڵدا بکرێت و دەبێت ڕێزلێگیراو بێت و بەهای بۆ بگێڕرێتەوە نابێت بە هیچ بیانوویەک نرخی لێبسەنرێتەوە چونکی نرخی مرۆ لە شکۆ و پاراستنی شوناسەکەیەتی وەک گەورەترین بەهای ناوەکی هەرمرۆڤێک، بۆیە دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە مرۆڤەکان شکۆیان هەیە، هەر بەهۆی ئەو شکۆیەوە دەبێت ڕێزلێگیراو بن، نەک نرخ، چونکی شکۆی تاکەکان نرخی بۆ دانانرێت و بە هیچ نرخێک ناپێورێت.

پێچەوانەی شتەکانی تری دەرەوەی مرۆڤ کە نرخی بۆ دادەنرێت، بۆ ئەوەی مرۆڤ وەک ئامانجێک ڵێی بڕوانرێت دەبێت داماڵراو و خاڵی بێت لەهەر نرخێک، ئەوەی ڕاستیە دەبێت هەموو مرۆڤێک هەست بە ڕاستی و هێزی بوونی شکۆی خۆی بکات، چونکە پرسەکە پرسێکی جەوهەریە پەیوەستە بە تاک بە تاکی کۆمەڵگاوە، لای هەمووان ئەو هەسته بەرجەستەیە ناکرێت وەک چۆن مەمەڵە لە گەڵ شمەکێکدا دەکرێت وە ئامرازێک ئاوهاش هەمان مامەڵە لەگەڵ مرۆکاندا بکرێت، چونکە مرۆڤ ئامانج و ستراتیژە چەق و سەنتەرە و پێوەری هەموو شتێکە، مرۆڤ ئەو بوونەوەرە جیاواز و داهێنەرەیە کە شتەکانی چوار دەوری کاتێک بەها و نرخ وەردەگرن بەهۆی کۆنتاک پەیوەندی گرتنیەتی لەگەڵ مرۆڤەکاندا، بۆیە ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ ڕێسایەکی جیهانی و گەردوونی وەرگرتووە لە یاسا جیهانیەکاندا بە دروووستی جێگەی بۆ کراوەتەوە پێویست کراوە لەسەر هەمووان پێداگری لەو یاسا و ڕێسانە بکەن کە دەبێتە مایەی پارێزگاری کردن و ڕێز لە شکۆی تاکەکان.
ئێمە دەتوانین بەشێک لە ڕێزی مرۆڤەکان وەها ببینین کە ڕێگە نەدەیەن پێشێلکاری و کاری نا مرۆیانە ئەنجام بدرێت کە سیفەتی مرۆیی بوون لە کەسانی دی وەربگرێتەوە  کە لە بەرانبەر شکۆ و ڕێزماندا بکرێت، لە لایەن هەر کەس و تەوژمێکەوە بێت.

ئیتر ئێمە لەوە گەیشتووین کە شکۆی مرۆڤ تەنها بەوە نەبەستراوەتەوە کە ڕەهەندێکی یاسایی هەبێت، بەڵکو ڕەهەندێکی سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابوریشی لە خۆ گرتووە، بۆ نمونە کاتێک  دەسەڵاتێکی شمولی و پۆلیسی کە بە ئاگرو ئاسن و کەرەستەی داپڵۆسین ئیدارەی کۆمەڵگاکەی دەکات، تێیدا ڕێگە نادات خەڵکەکەی پراکتیزەی ئازادییە کەسیەکانی خۆیان بکەن یا خود کاتێک ئابوری وڵات بەرەو نابووت بوون و داڕمان چووە و خەڵکەکەی نان و کاریان دەستناکەوێت، یان لە ڕێگەی سیاسیەوە بە دەیان مەلەف و تۆمەتی نا ئاکاری بۆ نەیارەکانیان دەبەخشنەوە هەموو ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی شکاندنی شکۆوە لە ڕێگەی هەرسێ فاکتەری ڕۆشنبیری و ئابوری و سیاسیەوە. بۆیە پێتڤیە تاکەکان خودانی ئازادی بڕیاردان بن و خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووس و داهاتوو ئایندەی خۆیان بدەن و ئازادبن لە دیاریکردنی هێڵی ژیان کردنیان، هەمان ئەو ناسنامەیە کە ئازادیە و موڵکی مرۆیە هەمان ئەم ناسنامەیەش ئاوێتەیە لەگەڵ شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ، ئەگەر مرۆڤ خاوەن شکۆ و ناسنامەی خۆی بوو، ئەوا بە ئاسانی خۆی لە بیر ناکات و خواستی کەسانی دی جێبەجێ ناکات. هەروەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، بە پێی دیدو بۆچونەکانی ئیمانوێل کانت مرۆڤ ئامانجە و نابێت وەکو ئامراز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە خاوەنی عەقڵن، ئەمەش واتا نابێت مرۆڤەکان هەڵبخەڵەتێنین لە بەرانبەر گەیشتن به ئامانجێک، ئەگەر چی ئامانجەکەش چەند باش و گرنگ بێت، "کانت" نمونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت: (وای دابنێ پێوستیت بە مشتێک پارەی قەرز هەیە، بەڵام دەزانیت ناتوانیت قەرزەکە بدەیتەوە، ناچار درۆ لەگەڵ هاوڕێکەت دەکەیت، پەیمانی گەڕانەوەی پارەکەی پێدەیت، بەڵام ئەمە درۆیە و دەچێتە چوارچێوەی فریودان و هەڵخەڵەتاندنەوە)٦
واتا پارەکە چەند بۆ پرۆژەیەکی باشیش بێت بەڵام بە درۆ هەژمار دەکرێت لەگەڵ هاوڕێکەیدا وەک هەڵخەڵەتاندن مامەڵەی لەگەڵ دا دەکرێت، چونکە هاوڕێکەی وەک ئامرازێک بەکارهێناوە بۆ ئامانجێکی دیاری کراو، بەڵکو دەبێت ڕاستیەکەی بڵێیت و ئەگەرچی توانای دانەوەی قەرزەکەشی نەبێت ئەوکات ئەو هاوڕێیەت یان بەرانبەرەکەمان خۆیان سەرپشک دەبن لە پێدانی قەرز یان ڕەتدانەوەی قەرز، بۆیە هەمیشە دەبێت وەک ئامانج مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکاندا بکرێت، واتا ڕەفتارێک لەگەڵ مرۆڤێکدا جیاناکرێتەوە لەگەڵ شکۆی مرۆڤەکە.



لیستی  پەراوێزەکان:

١ - ئیمانوێل کانت، بناغەدانانی میتافیزیکی ئەخڵاق، و:سۆران عومەر حمە، ٢٠١٥-کوردوستان .

٢ - جەیمس ڕەیچڵ، بنەماکانی فەلسەفەی ئەخڵاق، و: هەرێم هادی، چاپی یەکەم-٢٠٢١-تاران .

٣ - گۆڤاری ئایدیا، ئا: کامیل محمد قەرەداغی، ژمارە ٨٠-٨١، سلێمانی ٢٠٢٢.

٤ - تۆماس هۆبز، لیڤیاسان، و:ئەسعەد عەلی، هەولێر-٢٠١٦ .

٥ - سەرەتاکانی سۆسێۆڵۆژیا، و: شوان ئەحمد، چاپی دووەم-سلێمانی-٢٠٠٩ .

٦-جەیمس ڕەیچڵ، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕەی ۱٨۲.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×