یەکێتیەکان ماون؟ یان...

مەلا فەرمان
  2023-06-29     534

مێژوی ٤٨ ساڵەی یەکێتی پڕە لە شکست و هەڵسانەوە، لە هەموو سەردەمەکاندا گروپێکی بە ئاگا و گوێ قوتی تێدا بوە بۆ ئەوەی زۆرینەکەی دی لە گوێچکەی گادا بە ئاگا بێننەوە. بە ئاگا لە پلانەکانی دۆست و رکابەر و نەیار و دوژمن. بە ئاگا لە بەرنامە رونە نیشتمانیەکەیی و هەڵە لە پیادەکردن و تاکتیکە زیانبەخشەکانی، هەڵە لە حوکمڕانی و بازرگانی بە یەکێتیەوە. 

کاتێ بەشێ لەو بە ئاگایانە ج بە تاک و چ بە کۆ لە یەکێتی دور دەکەونەوە، یان دوردەخرێنەوە، بەشێ لەو زۆرینەیەی تێیدا ماون توشی چەندین نەخۆشی کوشندە دەبن، لەوانە:

١-کینە و کاردانەوە بە رق و لەسەر توڕەیی. ئەم جۆرە کاردانەوەیە دەبێت بە باو لای ئەو یەکێتیانە. کاتێ رەحمەتی مام جەلال کاک نەوشیروان و گۆڕانی تەخوین کرد، دواتریش رکابەرە دێرینە سەرسەختەکەی بە سەرۆکی ئێستا و داهاتو پێناسە کرد. ئەم دو هەنگاوە کاریگەری گەورەی نەرێنی کردە سەر کەلتوری سیاسی زۆربەی یەکێتیەکان.

٢-بێئاگایی لە پلانی بەرامبەرەکان، وەک ئەوەی توشی بیرچونە وە بوبن و لە خەوی قوڵی دوای مەستبوندابن.

٣- مام فەرمویەتی "پارتی لە گەڵ چیندا بچێتە هەڵبژاردن دەیباتەوە" دوای ئەوەی ئەم وتەیە بوە وێردی سەر زوبانی یەکێتیەکان دو مانا و دو کاریگەری نەرینی چاند. یەکەمیان وا لەخەڵک دەگەیەنێ کە هەڵبژاردن ساختەکاری گەورەی تێدەکرێ، بۆیە چونی خەڵک بۆ دەنگدان کاریگەری ئەوتۆی نابێت. لە لایەکی ترەوە بە جەماوەر دەڵێت پارتی براوە و دەسەڵاتی یەکەمە لەم هەرێمە. لێرەوە یەکێتیەکان دەبن بەو راگرەی کە دێوارە چەوت و کۆنەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە داڕمان بپارێزێ. ئەم کارەش پێچەوانەی ئەو توڕەبونەی دەڤەری سلێمانی و کەرکوک بو کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشبەتاڵ..   

دوای کۆچی دوایی مام و دوای دوا کۆنگرە، بارودۆخی یەکێتی و رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حوکمڕانی تاکڕەوانەی هەرێم، پەیوەندیەکان لە گەڵ دەرەوە و بەغدا. راستی نەخۆشی سیاسی و حیزبی یەکێتیەکان پشت راست دەکەنەوە.

دەرهاویشتەیەکی خراپی تری ئەو نەخۆشیانە لاوازی دیاری پێگەی یەکێتیە لە کەرکوک، لە شەش ٦ کورسی پەرلەمانیەوە بۆ ٣. نەبونی کاریگەری مەیدانیان لەسەر روداوەکانی کەرکوک بە تایبەتی لە پرسی زەوی و زاری جوتیارانی کورد و پرۆسەی تەعریب. 

لەم دواییەنەشدا یەکێتیەکان بێ ئاگا و تێنەگەیشتن لە کردەوەی بەرامبەر و  کورتبینی سیاسی،  بۆ ماوەیەکی زۆر هەنگاوی هەڵەیان ناوە و دواجار توشی شۆک کراون. لەدوا هەنگاوەکانیان:

یەکەم: درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حکومەت . پاشان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن فراکسیۆنی پارتیەوە.

دوەم : درێژکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن تاکلایەنانە لەلایەن پارتیەوە.

سێهەم: ئێستاش دوای راگەیاندنی لستێکی دی لەدەرەوەی یەکێتی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و دانیشتنی زۆرێک لە یەکێتیەکان لە سەر سفرەی رازاوە لەگەڵ پارتی پێدەچی هەمان سیناریۆی رابرد و دوبارەبێتەوە.

بەکورتی بەردەوامبون لە سەر ئەم سیاسەتە حیزبیە و مانەوە لە گوێچکەی گادا چاوەڕوان دەکرێ یەکێتیەکان بیانەوێ سەفین لەبن بێنن و بەبێ یەکێتی بمێننەوە، ئەم جۆرە لێکەوتەیەش لەم قۆناغەدا زۆرێک بە ئاواتی ناخوازن لە زیانی هەموانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×