ملهوڕی سیاسی و لێکەوتەکانی؟

مەلا فەرمان
  2022-01-23     370

پێدارگرتن لەسەر داوایەک یان هەڵوێستێ لە سیاسەتدا، یان لە پرسێکی عەشایەری یان ئایینی یان لە هەر بوارێکی تر، هەم مافە هەم رێگەیەکی باشە بۆ سەلماندنی بونی کەسێتی، زۆرجاریش ئەگەری هەڵەکردن کەمدەکاتەوە هەم سودبەخشیشە بۆ پرسی گشتی و لە قازانجی دەوروبەردایە. پێداگرتن واباشە لە ماوەیەکی کورتدا ئەنجامی هەبێت و کۆتایی پێبێت. بە پێچەوانەوە پێداگرتن زۆر زیانبەخش دەبێت کاتێ دەگاتە پێچەقاندن لە شوێنێک کە هەمو جوڵەیەک لێیدا دەوەستێت، دواجار ئەم پێچەقاندنە عینادی و ملهوڕی لێ دەکەوێتەوە. لێکەوتەکانی عینادیش زۆر زیانبەخشن، کەسی مڵهور لە هەموکەس زیاتر زیانی بەر دەکەوێت، زیانێک رەنگە ماندوبونی چەندین ساڵی بوێ بۆ راستکردنەوەی ئەو بارەی بەهۆی ملهوڕیەوە خواربوە یان کەوتوە، هەندێ لە زیانە دیارەکانی ملهوڕی بریتین لە :

1 – دورکەوتنەوەی زیاتری رکابەرەکان و خۆشکردنی زیاتری زەمینەی بێمتمانەیی.

٢- چڕبونەوەی تەواوی هەوڵەکان لەسەر یەک خاڵ و لە بیرکردنی تەواوی جومگەکانی تر.

٣- بەبنبەست گەیشتنی دانوستاندن و بیرکردنەوە لە بەکارهێنانی هێز بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکە، زۆر جاریش پەنابردنە بەر لەشکری بێگانە، بە نمونە، " لوتژەنینی عیراق ٣١ ئاب ، ئێران و تورکیا" لە هەرێمی کوردستان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ.

٤- زیان گەیاندن بە پرسی گشتی " ملهوڕی ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لە ٢٠١٧ " ، پرسێک بە جۆرێ شێواوە چاوەڕوانی راستکردنەوەی زۆر قورس بوە.

٥- هەڵەنێم ئەگەر بڵێم تەواوی ئەو شکستانەی لە ٦٠ ساڵی رابردودا توشی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان بوە، بە هۆکاری ملهوڕی سیاسی سەرۆکە حیزبیەکانی کورد بوە، موخابن ئێستاس نەوەکانیان درێژە بەهەمان ئەو دەردە کوشندەیە دەدەن.

٦- کۆتا، ملهوڕی سیاسی دەستکەوتی هەمو هەوڵەکان وەک بەرهەمی ئاسنی سارد کوتان لێدەکات.

پێرێ شەڕی ناوخۆ و ٣١ ئاب، دوێنێ ریفڕاندۆم و ١٦ ئوکتۆبەر ئەمڕۆش پۆست و پلەی سەرۆک کۆمار و ئەوانی تر. دەرئەنجام لەم دۆڕاندنانە و دەیانی تر،  پشکی شێر و گەورەترین زیان بەر ئەو هێزە کەوتوە کە تروسکاییەک رۆشنایی تێدا بوە. ئەم هێزە دەبێت بە ئاگابێتەوە کە ئەم تروسکاییە پاشماوەی ئەو روناکیە گەورەیەیە کە هێزی نەیار شان بەشانی هیسە پیسەکەی ناوخۆ دەیان ساڵە کار لەسەر کزبونی دەکات. بۆیە دەبێت بەر لەهەموکەس لە ملهوڕی سیاسی ناوخۆیی دورکەوێتەوە و باوەش بۆ ژیانی نوێ بکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×