كورد لەنێوان بەرداشی وڵاتانی داگیركەری كوردستاندا

ئەحمەد هەورامی
  2023-09-10     206

گەلێك مێژووی لێڵ بێت
بێگومان ئایندەی پەنهانە
لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی جیهاندا لەوانە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵەی هێزە ناكۆكەكان لە ئێستادا زۆر ئاڵۆزو مەترسیدار دیارە. بە پێی ئاماژەكان لە ژێر پاساوی ڕێكخستنەوەی بارودۆخی سیاسی و كۆنترۆڵ كردنەوەی كێشەكانی ناوچەكە لەپێناو هەژموونی دەسەڵات و سامان و نفوز و پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان خەریكە بۆ دەورەیەكی تر ناوچەكە ڕووبەڕووی شەڕو ململانەی مەترسیدار دەبێتەوە.
هەر لەسەرەتای هاتنی ئەمەیكا بۆ عێراق پرۆژەی بونیاتنانەوەی دەوڵەتی بۆ عێراق دەست نیشان كرد. لەسەر بنەمای بەهاكانی دیموكراس و لیبرالیزم و ئابووری ئازاد.
بەڵام هەوڵەكانی ئەمەریكا نەیتوانی بێتە هۆی دامەزراندنی سستمێكی دیموكراسی كە عێراقیەكان كۆبكاتەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوەبووە هۆی دامەزراندنی سستمێكی سیاسی لەسەر بنەمای مەزهەبی و تایڤەگەری و پشك پشكێنە كە خولقاندنی ململانێی خوێناوی و ناكۆكی توندوتیژی لێكەوتەوە ، ئەمەش بووە هۆی ڕێگە خۆشكەر بۆ پەرەسەندنی ڕۆڵی ئێران لە عێراق وڵاتانی شیعە نشینی ناوچەكە و دەركەوتنی وەكو هێزێكی كاریگەری نەیاری ئەمەریكا و تەشنەكردنی ململانێكان لەناوچەكەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەورەترین نیگەرانی ئەمەریكاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جموجۆڵی میلشیاكانی نزیك لە ئێرانە.
ئەو تەنگەژەو ململانێ‌ سیاسیەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی دەكرێت ، ئاماژە بۆ سەرهەڵدانی قەیران و شەرێكی ترسناك بەشێوازێكی نوێ‌ سەرهەڵبدا، بە سەرهەڵدانیش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئایندەی سیاسی كوردو ئەو بارودۆخەی كە هاتووەتە پێش بۆ پاراستنی قەوارەكە.
هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران بەوە ناسراون بە پشتیوانی لە بریكارە دژە بەرەكان لەو وڵاتانەی كە ململانێی و شەڕی ناوخۆیان تیایە نفوزی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەكەن.
ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی لەڕاپۆرتێكیدا بڵاوی كردەوە لەئێستادا لەسەرسنوری عێراق و سوریا ژمارەیەكی زۆر سەربازی ئەمەریكاجێگیر كراون بە مەبەستی بڕینی پەیوەندی وشكانی نێوان ئێران و سوریا و لوبنان و عێراق . هێزەكانی ئەمەریكا لەبنكەی (عین ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبار ژمارەیەكی زۆر چەكی قورس مام ناوەندی هێرشبەری جێگیر كردوە.
سەرچاوەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەمەریكا بەنیازە هێرش بكاتە سەر گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق و لوبنان و سوریا، بەشێكی زۆری ئەو هێزانەی ئەمەریكا لەم بنكەیە جێگیر كراون هێزی شەركەرن.
دوای بڵاوبونەوەی هێزی نوێی ئەمەریكا لەسنورەكانی عێراق و سوریا و بوونی هەوڵی ئەمەریكا بۆ كۆنترۆڵ كردنی نێوان سنورەكانی ئەم دوو وڵاتە گرژی لە دێرەزوری سوریا سەریان هەڵداو بەشێك لە هێزەكانی ناوچەكەو چەكدارانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور لە هەسەدەو هاوپەیمانانیان یاخیبون.
واشنتۆن نیگەرانە لە هەنگاوەكانی ئێران لەم ماوەی دواییدا، سەرچاوەی ڕۆژئاوایی و كوردەكان دەڵێن، ملیشیا ئێرانیەكان دۆخەكەیان قۆستۆتەوە بۆ فراوان كردنی كاریگەری خۆیان لەناوچە دەوڵەمەندە بە نەوتی دێرەزور، ئێران هەنگاوەكانی بۆ فراوان بوونی لە ناوچەكانی نفوزی ئەمەریكا و كورد خێراتر دەكات، هەروەها بەرنامەی دامەزراندنی بنكەی سەربازی بۆ خێڵە عەرەبیەكانی ناوچەكە هەیە دژی هێزی دیموكراتی سوریا (هەسەدە).
هاوكات سەرچاوە خۆجێیەكان دووپاتی دەكەنەوە توركیاش ڕۆڵی هەیە لەو ناوچەیە بە ئامانجی خۆشكردنی ئاگری شەڕ بەكردنەوەی ڕێگەیەك بۆ گەیشتنی چەكدارانی خێڵەكان.
مەزلوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت ، توركیا و هاوپەیمانەكانی هێرش دەكەنە سەر (تەل تەمرو مینبەج) بە مەبەستی تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە.
لەبەرەی باكوری سوریاش لەناوچەی مینبەج لایەنگرانی توركیا و چەكدارە ئیسلامیەكان (بەرەی نوسرە) هێرشیان كردە سەر گوندەكانی ئەو ناوچەیە ، بەڵام هێزەكانی هەسەدە بەربەرچی ئەو هێرشەیان دایەوە و ژمارەیەك سەربازی تورك لەمینبەج كوژران.
لەهەمان كاتدا ڕژێمی سوریا پلانی هەیە بۆ بەدەست بەسەراگرتنی ناوچەكانمان.
گۆڤارێكی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكییدا لەسەر ڕەوشی كوردستان ڕایگەیاند، هەر لە سەرەتاوە كوردستانی عێراق لەڕووی سیاسیەوە دابەشبووە لەنێوان دووحیزبی دەسەڵاتداری ركابەری یەكدا (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی)لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیان. بەتایبەتیلە جەنگی ناوخۆی ساڵی (1994-1998) پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەنقەرەو لەبەرامبەریشدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبەرەی ئێران ڕاوەستاوە (ئێران و توركیا بەدرێژایی چەندین ساڵ كوردیان وەك پۆلی شەترەنج لە ناكۆكی خۆیان بەكار هێناوە).
لەگەڵ ئەوەی توركیا و ئێران نەیاری یەكن ، بەڵام هەرگیز كێبڕكێ‌ نێوانیان نەگەیشتووەتە ململانێی ڕاستەوخۆی لەبری ئەوە هەردوووڵات لەڕێی هێزی بەكرێگرتەوە شەڕی یەكیان كردوە، یەك شت هەیە كە وڵاتەكانی ناوچەكە لەسەر كۆكن ئەویش كوردستانی سەربەخۆ بیرۆكەیەكی خراپە.
ئێستا ئەنقەرەو تاران گەیشتونەتە ئەو بڕوایە دروستكردنی هەر ناوچەیەكی خۆبەڕێوەبەری كورد لە هەرناوچەیەكدا بێت بە تایبەتی لەناوچەیەكی وەك عێراق دەبێتە هۆی هاندانی جوڵانەوە كوردیەكان لەهەموو ناوچەكاندا، بۆیە ئەم دوو وڵاتە پێیان وایە لێكەوتەكانی دەوڵەتێكی كوردی لە عێراق قابیلی قبوڵكردن نیە.
گۆڤارەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە توركیا و ئێران لە ئێستاوە ڕووبەڕووی بزوتنەوەی كوردە ناسیۆنالیستەكانی خۆیان دەبنەوە.
لەمێژەوە توركیا بەردەوام هێرش بە فرۆكەی بێفرۆكەوان (درۆن) لەسنوری كوردستانی عێراق دەست پێكردوە گوایە بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی ئەندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە، بە ڕادەیەك ئەو هێرشانەی فراوان كردووە ، لە برادۆست تا چەمچەماڵ و زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە ، بەبیانوی گەرێلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەوناوچەنانە، كە زۆربەی زیانەكانی خەڵكی سڤیل و سەروەت و سامانیانی گرتووەتەوە .
ڕۆژنامەی (العرب) ئاشكرای كردووە كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەربارەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك لە پەیوەندیەكی تەولەفونی لەگەڵ مەسعودبارزانی هۆشداری داوەتێ‌ كە كرانەوەی توركیا بەڕووی پارتیدا، مانای ئەوە نییە بێدەنگ بن لە ئاست هەوڵەكانی كورد بۆ دەست بەسەرداگرتنی كەركوك ، هەڕەشەی ئەوەش دەكات ئەگەر شارەكە بدرێتە دەست كوردەكان ئەوا دەست تێوەردانی ڕاستەوخۆ دەكات .
سەرۆكی توركیا لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، كەركوك نیشتمانی توركەكانە و ناهێڵن ئاشتی و سەقامگیری ئەم جوگرافیایە تێك بچێت و دەست درێژی بگرێتەسەر.
دكتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری كورد لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا سەبارەت بە لێدوانەكانی سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، دەستێوەردانێكی (ئاشكراو زەقە) بەهۆی بێدەنگی لایەنەكانی كوردی و عێراقی، توركیا بەدڵی خۆی چی دەوێت دەیكات، دەبێت لایەنی كوردی و عێراق وەڵام بدەنەوە، هەروڵاتێك سەروەری هەبێت قبوڵ ناكات ئەوەی بەرامبەر بكرێت. 
لە ئەنجامی ناكۆكی پارتی و یەكێتی دۆخی هەرێم بەرەوخرابتر دەڕوات ، ئەگەر وابڕوات ئایندەی هەرێم باش نابینم.
ڕۆژنامەی عەرەب " بڵاویكردەوە ئێران سیناریوكەی توركیا لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ دەكات بە دەستێوەردانی سەربازی ئێران بۆ سەر خاكی عێراق سەبارەت بە دژایەتی چەكدارە كوردەكانی ئێران كە لەسەر خاكی عێراق چالاكی دەكەن، ئەمەش هەمان سیناریوییە كە توركیا دژی پەكەكە لەناوچەكە دەیكات".
ڕۆژنامەكە باس لەوە دەكات ماوەیەكە هێزەكانی ئێران هێرشی تۆبخانەو ئاسمانیان ئاڕاستەی پێگەی ئەو ناوچە شاخاوییەكانی باكوری عێراق كردوە ، بۆردومانی بنكەو بارەگاكانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردوە لە پارێزگاكانی هەولێر و سولەیمانی ژمارەیەك كوژراو برینداری لێكەوتەوە.
سەرۆكی ئەركانی هێزەچەكدارەكانی ئێران (موحەمەد باقری) هەڕەشەی ئەوەی كرد كە هێرش بۆ سەر چەكدارە كوردەكان بەردەوام دەبێت ئەگەر عێراق و هەرێم بەڵێنەكانیان سەبارەت بەلایەنە دوژمنكارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ‌ نەكەن ( بەچەك داماڵینی چەكدارەكانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات و بردنیان بۆ ئوردوگا و یان ناردنیان بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەگەر هیچ هەنگاوێك نەگرنە بەهێرشی سەربازی دەست پێدەكەین .
لە هەمان كاتدا عەمید عەباس ئیلفرۆشان جێگری ئۆپراسۆنە گشتییەكانی سوپای پاسداران لە بارەی ڕێكەوتنی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا ، ڕایگەیاند ( 19 / ئەیلول ) دواین مۆڵەتە بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتنەكە.
لە پۆستێكدا لە سەكۆئیكس (قاسم ئەعرەجی) ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لایەنی ئێرانی دڵنیا كردەوەتەوە لەوەی حكومەتی بەغداد هەوڵی گەورەو تەواو دەدات بۆ جێبەجێ‌ كردنی ئەو ڕێكەوتنە ئەمنیەی كە پێشتر لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژوو كراوە.
بەپێی میدیاكانی عێراق یەكێك لە خاڵە هەرەسەرەكیەكانی ڕێكەوتنە ئەمنیەكەی نێوان بەغداد و تاران بۆ چارەسەركردنی كێشەی هێزە ئۆپۆزوسیونە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانە كە لە هەرێمی كوردستان بارەگایان هەیە.
دەنگی ئەمەریكا لەزاری سەرچاوەیەك بڵاویكردەوە كە ئێران بە فەرمی لیستی بەشێك لە سەركردە سیاسیەكانی حزبە كوردیەكانی ئێرانی داوە بە حكومەتی عێراق داوای تەسلیم كردنەوەیان بەئێران كردوە.
لەبەرامبەر هەرەشەكانی ئێران حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ڕاگەیەنداوێكی بڵاو كردەوە كە ڕژێمی ئێران لە ئامادەكارییەكانی بۆ سنور بەزاندن و هێرشێكی دیكە بۆ سەر نەیارانی سیاسی كوردی دانیشتوو لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا بەردەوامە. داوا لە وڵاتان و كۆمەڵگای جیهانی ڕێكخراوە نەتەوەیەكگرتوەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤــ و بەتایبەت حكومەتی عراقی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم دەكەین ،بە هەموو توانای دیبلۆماسی و ڕێكارەكانی دیكەی بەردەوامیان هەوڵەكانیان بۆ پێشگرتن لە هەرجۆرە هێرشێكی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر پەنابەرانی كوردی ئێران لە خاكی هەرێمی كوردستان بخەنە گەڕ.
بەبۆنەی ساڵیادی گیان لەدەستدانی (ژینا ئەمینی) كاربەدەستانی ئێران دەستیان كردوە بەدەستگیركردنی كەسوكاری شەهیدانی خۆپیشاندانەكانی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ، بە بۆنەی ساڵیادەكەوە شەش حیزبی كوردی ڕۆژهەڵات داوای مانگرتن و خۆپیشاندانی سەرتاسەری یان كردوە لە هەموو شارەكاندا.
لە مانگی ڕابردوودا ئێران (264) هاوڵاتی دەستگیركردوە كە (44%) یان كوردن.
دەرئەنجامی ئەم كارساتانە بەسەر گەلی كوردا هاتووە ، ئەوەی گرنگە كورد پەندو وانە وەربگرێت و با لەهیچ سەردەمێكدا لەو تراژیدیاو كارەساتانە بەسەر گەلی هاتوون دووبارە نەكرێنەوە، سوود لە هەموو ئەو ناكۆكی و دووبەرەكی و شەڕی ناوخۆ و نۆكەرایەتی بۆ داگیركەرانی كوردستان وەربگرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×