كام ڕیفراندۆم: ڕیفراندۆمی گەل یان ریفراندۆمی حیزب؟

ئەحمەد هەورامی
  2023-10-02     252

لەبیستەكانی سەدەی پێشوو لەگەمەی دانوسانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا غەدرێكی گەورەو زوڵمێكی لەبەرچاو لەگەلی كوردستان كرا، لەبری ڕێگەدان بەدیاری كردنی چارەنووسی خۆی وەك هەموو گەلانی جیهان، بەبێ‌ هیچ پرسێك بە زۆری زۆرداری باشوری كوردستان لكێنرا بە دەوڵەتی عێراقەوە.

لەوكاتەوە گەلی كوردستان بە هەمووشێوەیەك دەچەوسێنرێتەوە لەنا و دەبرێت و وڵاتەكەی كاول دەكرێت و سیمای تایبەتی دەشوێنرێت.

بەپێی بەندی (21)ی جاڕنامەی گشتی مافی مرۆڤــ و مادەی (55)ی پەیمانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەربارەی پێدانی سەربەخۆیی بۆ وڵاتان و گەلانی داگیركراو ، كە هەموو نەتەوەیەك مافی ئەوەی هەیە لەڕێگەی دیموكراسی و هەڵبژاردنی ئازاد و ریفراندۆمەوە چارەنووسی خۆی دیاری بكات.

مێژوی تێكۆشانی گەلی كورد، كەواهیدی سەلمێنەری هەوڵەكانیەتی بۆ ئەنجام گەیاندنی خەباتی ڕەوای لەپێناو هێنانەدی هیواو ئاواتەكانی كە خەونی دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە.

دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام لە (9/نیسانی/2003) دا دەرفەتێكی لەبارهاتە پێشەوە بۆ ئەوەی حكومەتی نوێی عێراق و هاوپەیمانەكان و كۆمەڵی نێودەوڵەتی ئەو هەڵە مێژووییە دەرهەق بەگەلی كوردستان كرا ڕاست بكەنەوە ، بەرپرسێتی نێودەوڵەتی ئەركی خۆیان بگرنە ئەستۆ بۆ هێنانەدی زمینەیەكی لەبار بۆ دیاری كردنی چارەنووسی گەلی كوردستان وەك هەرنەتەوەیەكی تری ئەم دونیایە.

بەڵام بەداخەوە ئەو خەونانە نەك هەر وەك پێویست نەهاتنەدی، بەڵكو بەردەوام هەڕەشەش لەو گەلە دەكرێن، لەئەنجامی ئەو نیگەرانی و ترسە بەرامبەر بەداهاتووی گەلی كورد بوو.

ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆمەڵێك لە ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی ئەم گەلە لە باشووری كوردستاندا هەنگاویان نا بۆ كارێكی دیموكراتی هاوچەرخ بۆ دروست كردنی بزوتنەوەیەكی بەرفراوان لە كوردستانی باشور بۆچەسپاندنی مافی چارەنووسی گەلی كوردستان.

لە ڕۆژی (17/10/2023) لە هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی شاروشارۆچكەكانی كوردستان كۆبونەوەیەكی فراوان سازكرا و بزوتنەوەی ڕاپرسی (ڕیفراندۆم) لە كوردستان ڕاگەێنرا.

لە ڕۆژی (25/12/2023) دا كۆنفرانسی گشتی بزوتنەوەیڕاپرسی كوردستان بەسترا ، لەژێردروشمی (ئێمە خەونمان هەیە) كە پرس كردن بە خەڵكی كوردستان بۆ دیاری كردنی چارەنووسی خۆی مافێكی ڕەوایە ، كۆنفرانس ڕایگەیاند كە :-

بەبێ‌ هاوكاری پەرلەمان و هەموولایەنەسیاسی و ڕێكخراوە دیموكراسی و پیشەییەكان و كەسانی شارەزا كارێكی سەختە، بۆیە پێویستە كاری جدی و پردی پەیوەندی لەگەڵ ئەوان بكرێت.

پەیوەندی بكرێن بەدەزگانێودەوڵەتیەكان و زلهێزەكان بۆ پشتگیری لە ڕاپرسیەكە.

دانانی بەرنامەویەكی گشتگیر بۆ مەسەلە هەستیارەكان كە كاریگەریان لەسەر ڕەوت و چارەنووسی بزوتنەوەی ڕاپرسیەوە هەبێت.

لە (كانوونی دووەمی /2004) دا چەند لیژنەو بنكە دروست كرا بۆ كۆكردنەوەی "واژوو" بۆ دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان . لە زۆربەی شاروشارۆچكەكانی كوردستان و ناوچە جێناكۆكاندا. لەماوەیەكی دیاریكراودا لیژنەكان ئەركی خۆیان بەجێ‌ هێناو (دووملیۆن) واژۆ كۆ كرایەوەبە لیژنەی تایبەت سپێران.

بۆ پشتگیری واژۆكان چەند خۆپیشاندانێك لەشارەكانی كوردستان و دەرەوەی وڵاتداسازدرا.

لەڕۆژی (22/4/2004) دا وێنەیەك لە داخوازیەكانی بزوتنەوەی ڕیفراندۆم و واژۆكانی ڕاپرسی پێشكەش بە نوێنەرانی نەتەوەیەكگرتووەكان لەنیویۆرك كراو لە (5/1/2005) دا وێنەیەكی تریش پێشكەش بە نووسینگەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە جنیف لەسویسرا كرا، ئەمەش بۆ ئاگاداری ئۆرگانە نێو دەوڵەتیەكان بوو بە داوا ڕەواكانی گەلی كورد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×