"تەوتین"ى مووچەى هەرێم، هەژمارى من‌و تى بى ئاى عێراق دەیکەن
  2024-05-08       814       

ئا: ئاوێنە

 

مووچەى مانگی ٥  ئەگەر هەرێمى کوردستان دەستنەکات بەپڕۆسەى بەبانیکردنى مووچەى فەرمانبەران پێناچێت عێراق بەئاسانى پارە بنێرێت، ئەوە لەکاتێکدایە هەژمارى من کارەکانى بەخاوى دەڕوات، بەشێک لەفەرمانبەران متمانەیان پێى نەماوە.

 

بەگوێرەى دوا کۆبونەوەى ڕۆژى ٥ى نیسانى ٢٠٢٤ى سەرۆکوەزیرانى عێراق، محمەد شیاع سودانى لەگەڵ سێ فراکسیۆنى کوردى لەپەرلەمانى عێراق سودانى جەختى لەسەر ئەوە کردووە، دوو مەرجیان لەبەردەم هەرێمى کوردستان داناوە بۆ مووچەى مانگى نیسان، مەرجى یەکەم: تەوتین لەڕێگەى بانکى تى باى ئاى. مەرجى دووەمیش: ڕادەستکردنى داهاتى ناوخۆى هەرێمى کوردستانە.

 

سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابورى پەرلەمانى عێراق‌و یەکێک لەبەشداربووانى کۆبونەوەکە لەگفتوگۆیەکى لەگەڵ ئاوێنە چەند وردەکارییەک باس دەکات، ئەو وتی "بانکى بازرگانى عێراقى "تى بى ئاى" تیمى ناردووە بۆ هەرێمى کوردستان تاوەکو ڕێوشوێنەکانى "بەنیشتمانیکردنى مووچە لەڕێگەى بانکەکەوە" هەڵسەنگاندنى بۆ بکەن".

 

وتىشی "هەرێمى کوردستان ڕازیبووەو سەرۆکى حکومەت بەفەرمى نوسراوی ناردووە بۆ بەغدا سەبارەت بەوەى ئامادەن "بەنیشتمانیکردنى مووچەى فەرمانبەران" لەلایەن ئەو بانکەوە بکرێت".

 

ئەو پەرلەمانتارەى عێراق زیاتر وردەکارى باسکردو جەختى لەسەر ئەوە کردەوە ئەوان ٩٠٠ هەزار مووچەخۆرى هەرێمى کوردستان لەلایەن بانکى "تى بى ئاى"یەوە مووچەکانیان وەردەگرن، سۆران وتی "عێراق‌و هەرێم هاوڕان لەسەر ئەوەى ئەوانەى تا ئەم ساتە کە ژمارەیان ٣١٠ هەزار کەسە خاوەنى "هەژمارى من"ن هەر لەڕێگەى هەژمارەکەوە مووچە وەربگرن تاوەکو دوایى گونجانیان بۆ دروست بکرێت لەناو پڕۆسەکەدا".

بانکی بازرگانی عێراق - TBI

بانکی بازرگانی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوەو بەیەکەمین بانکی عێراقى دادەنرێت، بانکێکى کەرتی هاوبەشە واتە هاوپشکە لەنێوان حکومەت‌و کەرتى تایبەت (٨٠% ئاڵوگۆڕى دارایى عێراق پێکدەهێنێت)، لەڕووى سیاسیەوە بانکەکە نورى مالکى سەرۆکوەزیرانى پێشووترى عێراق‌و سەرۆکى حیزبى دەعوە پاڵپشتى دەکات.

 

ئاوێنە لەبەغداد پەیوەندى بەئۆفیسى سەرەکى بانکى بازرگاى عێراقى کرد، خۆیان بەدوورگرت لەوەى لێدوانى فەرمى بدەن جەختیان لەوە کردەوە، ئیدارەى بانکەکەیان چوونەتە ناو پڕۆسەى بەنیشتمانیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە.

 

سەرچاوەیەک لەبانکەکە بەئاوێنەی وت "ئەوەى هەیە بەشى یاسایى بانکەکە لەگەڵ فەرمانگەکانى حکومەتى هەرێم چونەتە ناو پڕۆسەى گرێبەستەوەو چاوەڕوانین تاوەکو پڕۆسەکە دەستپێبکەین، بەڵام هێشتا فەرمان نەدراوە بەدەستپێکردن".

هەژماری من

لەهەرێمى کوردستان هاوارەکان ڕوو لەبەغدایە، بەغداش هاوارى لێهەستاوەو دەڵێت "هەرێم پابەندى هیچ ڕێکەوتنێک نابێت".

 

ڕۆژى ٧ى نیسان سەدان خاوەن پێداویستى تایبەت لەبەردەرکى سەراى سلێمانى لەچەقى شارەکە کۆبونەوەو داوایانکرد، چۆن بەغدا هاوکاى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەتى  بۆ ٢٥٠ هەزار دینار بەرزکردووەتەوە لێرەش هەرێمى کوردستان مووچەى تۆڕى کۆمەڵایەتى بکاتە هەمان بڕ.

 

سامان حسێن، سەرۆکى یەکێتى کەمئەندامانى کوردستان، لەنێو هاوڕێکانى وەستابوو هاوارى دەکرد "بەم پارەیە ناژین‌و ئێمەش دەمانەوێت مووچەکانمان وەکو عێراقى لێبێت".

 

پەیامنێرى ئاوێنە پرسیارى لێکرد بۆچى لەئێستادا ئەو هاوارە ڕووبەڕى عێراق‌و هەرێمى کوردستان دەکەنەوە؟ بەسادەیى وتى "ئاخر ناژین".

 

سەرۆکى ڕێکخراوە کەمئەندامیەکە، ئەوەندەى زیادکردنى مووچەکەى بەلاوە گرنگ بوو ئەوەندە هەژمارى من‌و تەوتینى بەلاوە گرنگ نەبوو، ئەو وتى "بەهەژمارى من بێت یان تەوتین، تکایە فەوتاین موچەکانمان زیاد بکەن، ژیان ناڕوات بەم پارەیە".

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق

یەک هەفتەى دیکە عێراق مووچەى مانگى ٥ی فەرمانبەران دابەش دەکات، بەڵام لەهەرێمى کوردستان مووچەى مانگى ٤ وەرنەگیراوە، دەنگۆ هەیە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو ئەو مووچەیە دابەش بکرێت، تەیف سامیش بەزمانى حاڵ وتویەتى "بەدەست حکومەتی هەرێمەوە زوخاوەسک بووم".

 

دڵشاد میرانى، نوێنەرى مامۆستایانى ناڕازى هەفتەى ڕابردوو لەگەڵ چەند مامۆستایەکى دیکە چاوى بەتەیف سامى وەزیرى دارایى عێراق کەوت، بەگێڕانەوەى ئەو نوێنەرە تەیف سامى زوخاوى زۆرى پابەندنەبوونى هەرێمى کوردستان بۆ هەڵڕشتوون، ئەو بەئاوێنەى وت "وەزیرى دارایى‌و سەرۆکوەزیران سودانى‌و دادگاى فیدراڵى گەشتوونەتە ئەو بڕوایەی خودى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕێگرى لەپرسى بەنیشتمانیکردنى مووچەى فەرمانبەران دەکات‌و نایەوێت ئەو پرسە بەرەوپێشچوون ببینێت، کێشەى بەئەنقسەت بۆ لیستى مووچە دروست دەکات تاوەکو مووچە دوابکەوێت‌و خەڵک پێىوابێت عێراق ڕێگرى دەکات".

مەسرور بارزانی پێداگری لەسەر هەژماری من دەکات

دڵشاد میرانى لەزارى تەیف سامیەوە نمونەیەکى گێڕایەوە ئاماژەى بۆ زانیارییەک کرد، کە بۆ مانگى نیسان حکومەتى هەرێمى کوردستان ١٩ هەزار فەرمانبەرى ئیزافى کە مووچەیان ٣٠ ملیار دینار بووە نوسیوە، ئەوەش کێشەى بۆ مووچەى مانگى نیسان دروستکردووە، کێشەى هاوشێوەش بۆ "تەوتین" دروست دەکات، ئەو وتى "وەزارەتى دارایى‌و دادگاى فیدراڵى‌و فەرمانبەران بەکۆى دەنگ، هەژمارى من-یان ڕەتکردووەتەوە، بۆیە ئێمە قبوڵى ئەو حساب بانکیە ناکەین، ئەوانەشى فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە فۆڕمەکانیان ڕاکێشاوەتەوە چاوەڕیى بەنیشتمانیکردنى مووچەکانیان لەعێراقەوە دەکەن".

 

ئاماژەکان بۆ ئەوەن مانگى نیسان عێراق مووچە بنێریت، بەڵام بۆ مانگى ٥، بەنیشتمانیکردنى مووچەو ڕادەستکردنى داهاتى ناوخۆ مەرجى تۆکمە دەبن، ئەگەر حکومەتى هەرێم خەم نەخوات، ڕەنگە مووچەکەش نەخوات.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×