لەپێناوی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزدا، لەپێناوی گۆڕانکاری نەوعیدا

بەهادین نوری
  2019-07-08     1109
                  

      بە ئەدرەسی ( لێیگەڕێن لە کەناڵی ئێن ناڕتی ، لە خاوەنەکەی مەگەڕێن ) وتارێکی بەڕێز نیاز سعید عەلی لەسایتی ئاوێنەدا سەرنجی ڕاکێشام و بڕیاڕم دا شتێکی لەسەر بنووسم . من بەرگری لە شاسوارناکەم . من لەفەیسبووکدا چەندین جار ڕەخنەم لەم پیاوە گرتووە و ئەگەر سبەینێش هەڵەی سیاسی بکات هەر ڕەخنەی لێدەگرم . چونکە سیاسیەکی کەم ئەزموونە و هێندێکیش گومڕایە ، ئەگەر چی ئازا و بوێریشە.  ئەمەش بە هەڵوێستێکی ئاسایی دەبینم . بەڵام وتارەکەی کاک نیاز لەم چەشنە نیە ، بەڵکو داپلۆسین و هاندانە دژ بە شاسوار لە ئەلفیەوە هەتا یی . ئەوی بیخوێنێتەوە ڕەنگە بگاتە ئەو ئەنجامە کە شاسوار هۆکاری دروستبوونی ئەم هەموو کێشە و نەهامەتیەیە لە هەرێمدا . 
      دەبێ پێشەکی ئەوە بڵێم کەمن هیچ جۆرە پێوەندییەکم لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید نەبووە . یەک جار لەژیاندا بینیومە کەبەر لە چەند مانگێ سەردانێکی کردم ، ئەویش سەردانی تەعاروف و موجامەلە بوو . بەتەلەفۆنیش قسەمان نەکردووە ، ئەگەر چی پێوەندی تەلەفۆنیشمان لەنێودابێ شتێکی ئاساییە . 
     ئەگەر عەیبی شاسوار ئەوەبێ کە سەرمایەدارە  ودەوڵەمەندە ئەوە عەیبی گەورە روو دەکاتە سەرانی هەردوو حیزبی حکومڕان کە ملیاردێری گەورەن لەسەر ئاستی جیهان و ئەو پارەیەشیان نەبە دروستکردنی خانووبەرەی تیجاری  و نەبە چاڤیلاند پەیداکردووە ، بەڵکو بە گەندەڵکاری لە بووجەی هەرێم  و سامانی ئەم میللەتە و ئەوە ٢٨ ساڵە لەسەر کورسی دەسەڵات دایانکوتاوە . ئەگەر عەیبی شاسوار ئەوەبێ کە یەکێکە لەسەرمایەدارە گەورەکانی هەرێم ، ئەی چی بەو هەموو سەرکردە و کادرە حیزبیانە دەڵێیت کەبەبێ بازرگانی ، تەنها لەبەر ئەوەی دەسەڵاتیان لەدەستدابوو ، هەموو ئێستە لەڕیزی سەرمایەدارانی هەرێمدان ؟ 
     من لە ١٩ ساڵی تەمەنمەوە چوومەتە ناو سیاسەت و حیزبایەتی وەکو چەپخوازێ ، خەوم بە سۆشیالیزمەوە دەبینی . ئێستەش ئەو خەونەم هەرماوە ، دڵنیام کە ئاییندەی کۆمەڵگەی ئادەمیزاد هەر سۆشیالیزمە . بەڵام ئەزموونی ژیان دەریخست کە سۆشیالیزم زۆر لەوە دوورترە کە ئێمە تەسەورمان دەکرد . ئێستە ، لەم قۆناخەدا ، من خەون بە رژێمێکی بۆرژوازی دیموکراتی و کۆمەڵگەیەکی مەدەنیەوە دەبینم لە وێنەی رژێمی سوید و هۆڵەندە  وکەنەدا . ئەم خەڵکە تینووی رژێمێکی وەک سەنگافورەن کە رزگاریانکات لە پۆخڵەواتی گەندەڵکاری  و قۆرخچێتی دەسەڵات و تەزویری هەڵبژاردن و شێوازی حوکمی خێلەکی و خزمخزمێنە و پاشەکەوتی موچە و نەبوونی کارەبا و بێکاری هەزاران لاوی دەرچووی زانکۆکان و هەزاران بێئیش  و هەژار و داماو ... هتد . 
    ئەمڕۆ ، کاک نیاز سەعید ! ، ئەوی ژیانی ئەم خەڵکەی تالکردووە کەپیتالیزم نیە ، بەڵکو شێوازی حوکمڕانی ٢٨ ساڵەی قەرەقوشی – ئیستیبدادی – دوو حیزبەکە وەکو دوو خێزانی سەرەک خێڵ یان نیمچە پاشایەتی وڵاتی ئێمە بەڕێوەدەبەن ، من نازانم جەنابت سەربەکام حیزبی یان کام ڕەوتی فکری - سیاسی . بەڵام ئەوە دەزانم کە وتارەکەت لەگەڵ هەست و خواستی ئەم میللەتەدا ناگونجێ ، بەڵکو پڕاوپڕ لە خزمەتی دەسەڵاتداراندایە کە تۆ بەیەک وشەش باسی خراپەکاریەکانیانت نەکردووە لەو وتارەتدا . ئاخر ئەمە بە چ پێوەرێ بە جێیە ؟ وەرە بابەراوردی هەرێم بکەین لەگەڵ بەغدا کە ١٤ ساڵە لەدوای سەدام حکومڕانانی ئیسلامی شیعەی تێدایە ، ئەوان لەگەڵ هەموو خراپەکاریەکانیان هێشتا  باشتربوون لەهەرێم ، شتێ لەدەستاودەستی دەسەڵات هەر لەئارادابووە . لەم ١٤ ساڵەدا بەغدا پێنج سەرەکوەزیری بەخۆیەوە بینی کە بریتین لە ئەیاد عەلاوی + ایبراهیم جەعفەری + نوری مالیکی + حەیدەر عەبادی + عادل عەبدولمەهدی ! بۆ ئاگاداری ٨ ساڵی ئەم ١٤ ساڵە مالیکی بردی و هەوڵیشیدا کە ٤ سالیتریش درێژەی پێبدات ، بەڵام عێراقی خستە ژێر مەترسیەکی گەورە کە داعش بەشێکی گەورەی ئەم وڵاتەی داگیرکرد . بەرەی نیشتیمانی شیعەکان دووریان خستەوە و حەیدەر عەبادیان خستە جێگەکەی . حکومڕانانی هەرێمیش ئەوە دوای ٢٨ ساڵ هەر خۆیانن و سروشتی خێڵەکیانەی تێدا تۆختر دەکەنەوە !! وانیە کاک نیاز ؟ 
  پاش راپەڕینی ١٩٩١ بۆ ماوەی ١٥-٢٠ ساڵ حکومەتی پارتی و یەکێتی هەبوو بەڵام هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی پەرلەمانی نەبوو ، هەتا بەسەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا ، بۆیەکەم جار ، ئۆپۆزسیۆنێکی پەرلەمانی بەهێز لەهەرێمدا لەدایکبوو . دڵی خەڵکی خۆشکرد . بەڵام بەداخەوە پاش چەند ساڵێ ئەویش هەربەرەو پووکانەوە رۆیشت . ئێستە تەنها شاسوار و رێخراوی نەوەی نوێ و یەگرتووی ئیسلامی وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ڕوون و ئاشکرا لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمدا ماون . بەڵام کەرەستەی خاو لەهەرێمدا هەیە بۆ بەهێزکردنی ئۆپۆزسیۆن . بەبۆچوونی من ئەمڕۆ دۆخێکی لەبارە بۆ دروستکردنی رێخراوێکی سیاسی نیشتیمانی دیموکراتی کەئامانجی ستراتیجی گۆڕینی ئەم رژێمە پڕ لەگەندەڵکاری و خراپەبێ ، لەرێگەیەکی ئاشتیانەی دیموکراسیانەوە ، بەرژێمێکی وەکو رژێمی سەنگافورە یان سوید کەدەسەڵاتی یاسای تێدایە و لێپێچینەوە لەسەر گەندەڵکاری  و پێشێلکردنی یاسا هەیە و هاوڵاتی ڕێز و نرخی خۆی هەیە . ئەم ڕیخراوە نیمچە بەرەییە دەبێ تاک و گروپ و هێندێ رێخراویش لە ڕیزەکانی خۆیدا کۆبکاتەوە  بێ گوێدانە ئەوە کە هەڵگری چ ئایدۆلۆژیەکن ، ئەوی کۆیاندەکاتەوە ئامانجی گۆڕانکاری رژێمی شکستخواردووی ٢٨ ساڵەیە . ئەم رێخراوە توانای دەبێ بزافێکی جەماوەری گەورە دروستکات و خۆی ئامادەبکات بۆ هەڵبژاردنی ئاییندەی هەرێم . ئەگەر لەهەڵبژاردنی یەکەمدا سەرنەکەوێ بۆ وەرگرتنی دەسەڵات ئەوە لانی کەم ئۆپۆزسیۆنێکی پەرلەمانی بەهێز پێکدێنێ .  

                                            
زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×