نەوەی نوێ خۆی ھەلی سازان بۆ نەیارانی

بەهادین نوری
  2019-05-11     1303
لەبارودۆخە سەختەکەی ڕیفراندۆمی ئەیلولی ٢٠١٧ دا نەوەی نوێ وەکو یاریچیەکی تازە ھاتە گۆڕەپانی سیاسی ھەرێم، ناتوانم بڵێم بە شێوەیەکی تەواو ئاسایی لەدایک بو، بەڵام ئەوە ڕوونە کە دروستبوونی ئەم ڕێخراوە کاردانەوەیەکی ئەو ھەڵە کوشندەیەبوو کە پارتی و یەکێتی تێکەوتن. لەو ڕۆژانەدا کە بانگەشەی گەرم و بەربڵاو بۆ ڕیفراندۆم دەکرا ، وەک بڵییت چرکەیەکی ماوە بۆ لەدایکبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی کورد ، دۆخی ھەرێم زۆر پێویستی بە رێخراوێکی وەکو نەوەی نوێ بوو کە ھەڵوێستێکی ڕوون و رەوانی ھەبوو دژ بەو ھەڵە ستراتیجیەی پارتی و یەکێتی + دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بەتوانای ھەبوو . واتە بابەتیانە سەیری بکەین دۆخەکە لەباربوو بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ .

لەماوەیەکی کورتدا ن.ن ( نەوەی نوێ ) بەچوار کورسیەوە چووە  پەرلەمانی عێراق  و بە ھەشت کورسیشەوە چووە پەرلەمانی ھەرێم . ئەمە ئەنجامی خەباتێکی چڕ و پڕی بوێرانەی ئەم بزووتنەوە تازە پەیدابووە بوو . توێژێکی بەربڵاو ، بەتایبەتی لەنێوان لاوانی ھەرێمدا ، ھیوایان بەم ڕێخراوە بوو ، ن.ن شانسێکی باشی ھەبوو کەگەشە بکات و ببێتە بزووتنەوەیەکی گەورە و کارامە ئەگەر بەدەستی خۆی ئاگری لەماڵی خۆی بەرنەدایە ، ئەوانە بەھەڵەداچوون کە دەڵێن ئەم لەتبوون و کێشەی ن.ن . دەستکردی پارتی و یەکێتیە.

گومان لەوەدانیە کە پارتی و یەکێتی ئەم لەتبوون و شەڕە قسەی نێوان ن.ن یان زۆر پێخۆشە  و ھەوڵدەدەن کەڵکی زۆری لێوەرگرن بۆ لەناوبردنی ن.ن .

  بەڵام برادەرانی ن.ن خۆیان بەرپرسیارن لە دروستکردنی کێشەکە ، ھەر خۆیشیان دەتوانن چارەی بکەن . قسەی شاسوار ڕاستە کەدەڵێ کەم ئەزموون بووە بۆیە توشی ئەم کێشەبووە ، باشە ئەوەش بزانێ کە گومڕاش بووە ، ئێستە باجی کەم ئەزموونی و گومڕایی خۆی دەدات.

ئەو پێیوابوو ، مادام سەرچاوەی دارایی ن.ن بێ دەتوانێ سەرچاوەی ھەموو بڕیارێکی سیاسی و ڕێخراوەیش بێ ، ھەرچی بوێ مافی خۆیەتی بیکات . 

 بەڵام شاسوار بەتەنھا بەرپرسیارنیە . ئەوانەش کە لەشاسوار جیابوونەوەتەوە بەشێک لە بەرپرسیارێتی ئەم تێشکانە دەکەوێتە ئەستۆیان . دەبوو ئەوەیان بزانیایە کەبەم جیابوونەوەیە رەنجی خۆیشیان دەدەن بەبادا ، دەبوو بیانزانیایە کە ھەلێکی زێرن دەرەخسێ بۆ نەیارانی ن.ن ، بەتایبەتی بۆ دەسەڵاتداران ، بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی ن.ن . و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن کە ئەمڕۆ لە خراپترین حاڵیدایە لەم ھەرێمەدا . ئەمەش وەکو جەژن وایە بۆ پارتی و یەکێتی .

دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئەم لەتبوونەیان بەھەل قۆستەوە بۆ سازدانی ھێرشی پۆلیسی بەگیانی تۆڵەسەندن لە ن.ن . لەسەر ئەوە کە قسەیان کردووە دژ بە پۆخڵەواتی پارتی و یەکێتی . بە پێی ڕاگەیاندنی ن.ن . ئەومەفرەزانەی ھەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای ن.ن . بۆ گرتنی ئەوانەی ویستویانە ، گەنجانی دەمامکپۆش بوون ، ڕێگەی ھیچ گیراوێک نەدراوە چاوی بەکەس و کاری بکەوێت و پارێزەر بۆخۆی بگرێت . کە ئاسایش بە دەمامکەوە . بچێتە سەر ماڵێک یان بارەگایەک ئەمە ھیچ مانایەک نابەخشێ جگە لە چەتەگەری ،  دور لەیاسا و دیموکراسی .دەبێ ھەموو مرۆڤێکی مرۆدۆست نارەزایی خۆی دژ بەمە نیشانبدات و داوای لێکۆڵینەوە و سزای تاوانباران بکات . دەبێ حکومەتی بەغدادیش بێتە دەنگ . 

ئەو کەسانەش ھەن کەدەوڵەمەندێکی سەرمایەداری وەکو شاسوار حیزبی لەوە باشتری پێدروستناکرێ ، یان بزنس یان حیزبایەتی . ئەمە لە جیھانی ئەمڕۆدا قسەیەکەی نەگونجاو و دوورە لە واقع ، خۆزگە ئێمە رژێمێکی سەرمایەداری وەکو ھۆڵندا ، سوید ، کەنەدامان ھەبوایە لەباتی ئەم رژێمە خێڵەکیە نەتیدیموکراتیە پڕ لە گەندەڵکاریەی ٢٨ ساڵە .    

  لەکۆتاییدا بەبرایانی نەوەی نوێ دەڵیم : زەرەر لەنیوە بگەڕێتەوە باشترە . باشەری راگەیاندن بە فەوری بوەستێنن و بیگۆڕن بە موناقەشەی دوستانە . بارێگە نەدەن زیانی گەورە تریشیان بەر بکەوێ ، باپێوەندی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە و بەوردی بیر لەبەرژەوەندی حیزب و گەل و نیشتیمان بکەنەوە . باکەشێکی وەھا دروستبکەن کە بتوانن لێکتر نزیک بێتەوە و یەکبگرنەوە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی باشتر کە  ئەزموونی ھەموو ھەڵەکانی لەمەو پێشی تێدا ڕەچاوبکرێ . 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×