چۆن ئێران جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەباتەوە
میهرەبان مەلا رەئوف
2020-01-10   689
پێش ئەوەی بپرسین ئەگەر ئەمەریکاو ئیران بکەونە شەڕەوە کێ ئەیباتەوە، ئەوا باشترە پبرسین ئەوان لەچ جۆرە شەڕێکدان؟ چونکە مەعلومە کە ئیرانو ئەمەریکا ڕاستەوخۆ ناکەونە جەنگی تەقلیدیەوە، بەڵکو ململانێکانیان لەڕێی وەکیلەکانیانەوە بەردەوامدەبێت.
ئەمەی خوارەوە بابەتێکی جۆن چیپمان John Chipman لەپەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی – لەدامەزراوەکانی مێژونوسی عەسکەری ماکیل هاوارد. لە ١٥/١١/٢٠١٩ لە World Economic forum بڵاوکراوەتەوە لەدیداری ئابوری جیهانی - پلاتفۆرمی جیۆستراتیجی.
وەرگێڕانی: میهرەبان مەلا رەئوف
لەمانگی حوزەیرانی ٢٠١٩دا، دۆنالد ترەمپ لەتویتێکدا وتی، "ئێران هەرگیز هیچ جەنگیکی نەبردۆتەوە بەلام هیچ دانوسانێکیشی نەدۆراندوە "، [سەرەتای ئەم مانگەش هەمان قسەی دووبارەکردەوە ]. شیکردنەوەو پێشنیازی پەیمانگای نیودەولەتی بۆ لێکۆلینەوەی ستراتیجی IISS) ) بۆ تۆڕی ئێران لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست بەمشێوەیەیە: ئێران لەدوابەدوای هەرەسهینانی گفتوگۆی بەرنامە ئەتۆمیەکەی سیقەی لەدەستداوە، بەڵام ڕێگەیەکی تری دۆزیوەتەوە بۆ بردنەوەی جەنگەکە.
هەتا ئێستاش هاوسەنگی عەسکەری تەقلیدی لەبەرژەوەندی ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانێتی، بەلام ئێران هاوسەنگی هێزە کاریگەرەکەی خۆی لەرۆژهەاتی ناوەراست لەبەرژەوەندی خۆی هەڵگێڕاوەتەوە لەرێگەی بالادەستی لایەنی سێهەمەوە. ئێران ململانێ ئەکاو جەنگ ئەباتەوە لەڕێگەی "جەنگ لەناو خەلکدا" لەجیاتی جەنگ لەنیوان دەولەتەکاندا لەگۆڕەپانی شەڕکردن. ئەم جۆرە ململانێێە خۆلادانە لەململانێی سیستماتیکی دەولەت - بەرامبەر- دەولەت. ئێران لێی مەعلومە کە توانای سەرکەوتنی هەیە لەو بوارەدا چونکە لەریگەی دۆستە نادەوڵەتیەکانیەوە بەدوی جەنگەکە کەوتوە.
بەهای ئەم باڵادەستیە ستراتیجیە بۆ تاران گەورەترە لەهێزی تەقلیدی و ساروخی بالستیکی و هەتا لەبەرنامە ناوکیەکەشی، چونکە ئەوە چەکێکی هەڵبژاردەیە کە بەنایابی دەگونجێت لەگەڵ ململانێکانی ئەمڕۆی ئەم هەرێمە.
ئەم پێشبڕکێیە بەجەنگی دەولەت - بەرامبەر- دەولەت پێناسە ناکرێت یان بەتێوەگلانی هێزی لێکچووی ملکەچی یاسا نیودەوڵەتیەکان، بەڵکو ئەم هێزانە جەنگاوەری بۆشایی تاریک و کۆمەڵگەی شێواونو ملکەچی یاسا وڕێساکان نابن و لێپرسراوێتی ناگرنە ئەستۆو دەرکەوتنیان ڕوون نیەو خاوەنی چەندین یاریچیین کە نوێنەرایەتی مۆزایکی بەرژەوەندیە ناوچەیی و هەرێمایەتیەکان دەکەن.
ئێران بۆ ململانێ و شەڕکردن و بردنەوەیی جەنگ گەشەی بەو توانایەی خۆیداوە، لەهەمانکاتدا بەشێوەیەک پارێزگاری لە دوژمنایەتیکردنی خۆی دەکات کە گریمانەی کەمترین توانای تۆڵەلێکرنەوەی هەیە. سوپای قودسی ئێرانی لهسوریا ئاراستەی هێزە میلیشیا ناوخۆیی و بێگانەکان دەکات بۆ هێشتنەوەی رژیمەکەی بەشار ئەسەد . ئیستاش ئیران خۆی خزانۆتە ناو پرۆسەی بوژانەوەی حکومی و پەیکەری ئاسایشی نافەرمی لەسوریا. ئێران لەڕووی داراییەوە دەرقەتی ئەم گەمە هەرزانە دێت و هەروەها یاریەکی حاشاهەڵگرە بۆ تاران و کاریگەرە بۆ بەکارهێنانی دژی بوونی ئەمەریکا لەناوچەکە، هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەرەشەی ئیران لەسەر ئیسرائیل و، بۆ دەورەدانی سیاسەتی روسیا لەسوریا، لەپێناوی ئەوەی خۆی ببێت بە بڕیاردەری سەرەکی لەسەر چارەنووسی رژێمی ئەسەد.
جەنگی نابەرابەر
هەتا ئێستاش جەنگی نابەرابەری ئێران ڕووبەڕووی پەرچدانەوەیەکی نێودەوڵەتی کاریگەر نەبۆتەوە چونکە نەیارەکانی ئێران بەسادەیی ناتوانن لەم ناوچەیە هاوسەنگیەکی کاریگەری خۆیان ڕاگرن لەڕێی بەکارهێنانی هێزی تەقلیدیەوە ، چونکە هێزە تەقلیدیە نەیارەکانی ئێران توانای ڕێلێگرتن وسنوردارکردنی ئەزموونی لەسەرخۆ و کارامەیی ٤٠ ساڵەی ئێرانیان نیە کە لەو جۆرە جەنگەدا لە ئێران بەرنەوە . ئامادەیی دەولەتانی تر بەشێوەیەکی یاسایی کارێکی زەحمەتە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئێران ببنەوە ، لەکاتێکدا ئێران ئامادەییەکی شەرعی هەمیشەیی هەیە لەناو دەوڵەتە دراوسێکانیدا . ئێران جۆرە ستراتیجیەتێکی تایبەتی پەیرەوکردوە بۆبنیاتنانی سیستمێکی پاڵپشتی بۆخۆی لەناو دەولەتە لاوازەکاندا. دۆکتراینی ئێران سەرچاوەی گرتوە لە شێرەزاییەکەیەوە لە شەڕو ململانێ و لە ئایدۆلۆجیە شۆڕشگێڕیەکەیەوە . ئێران زۆربەی کات کۆمەڵگە شیعەکان بەکاردێنێت و هەندێک جار ئەو کۆمەلگە ناشیعەکانەش کە ئامانجی هاوبەشیان هەیە تێوەدەگلێنێت .
رژێمی ئێران بەوریایی حساب لەسەر ئەو توانایەی خۆی دەکات بۆ سەرنجڕاکێشانی کەمینەکان و پەراوێزخراوەکان لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی و لەوەش ناچێت بەئاسانی واز لەو تۆڕە بهێنێت کە بینای کردوە لەپێناوی دەستکەوتی زیاتر لە گەمەی دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستەمی نێودەوڵەتیدا.
لەچاوی هاوبەشەکانیەوە: سەرچاوەی کاریزمای ئێران لەخۆدەربازکردن و خۆپاراستن لەدەرەوەی یاساو هەموو بەدیلێکی تروەیە . تۆڕە کاریگەرەکەی ئێران توانایەکی بالادەستی هەیە بەشێوەیەک ئیستا بەشێکە لە ستراتیجی کەسایەتیەکەی ، بۆیە وازهێنان لەو تۆڕە تەنها کاریگەریەکەی لەدەست نادات بەڵکو ناسنامەکەشی ووندەکات .
ئەگەر ئێران لەناو سیستەمی نیودەولەتیدا بێت سوودی ئابوری پێدەگات ، بەلام ئەو سوودە ئابوریە بەربەست و سنور دائەنێت بۆ ئەو جۆرە توانایەی ئێران لەجەنگی ڕیمۆتی کۆنترۆڵ بۆ سوپای قودس. ئیرانو سوپای قودس ناتوانن بەیەکەوە لەیەککاتدا شۆڕشگێڕیش بن و لەناو سیستەمی نیودەولەتیشدا بن.
ڕەنگە ئیران بچێتە ناو دانوسانەوە بۆ قسەکردن لەسەر تۆڕە کاریگەرەکەی، بەلام هەتا ئیستاش بەردەوام پێداگریکردوە لە بەرگریکردن لەهاوپەیمانەکانیو بەتوندی دەستی گرتوە بەدۆستەکانیەوە بەناوی چیرۆکی بەرگریەوە.
لەوانەیە ڕابەری باڵای ئیران ئەو ستراتیجە هەڵگەڕێنێتەوە وەک هەلبژاردەیەک، بەلام ئەبێ ئەوەش بزانرێت کە تۆڕی کاریگەری ئیران بەشێکە لە توانا بالادەستیەکەی و ئەم باڵادەستیەش بەشێکە لە کەسێتیە ستراتیجیەکەی، کە بوە بەسامانێکی سەرەکی ستراتیجی بۆ ئەو رژێمە.
گەمارۆی ئابوری بەتەنها لەوەناچێت پال بەرژێمی ئێرانەوە بنێت بۆ وازهینان لەتوانایەک کە هێزێکی خۆپاراستنی گرنگی پێبەخشیوە. دەولەتە لاوازەکانو کۆمەڵگە هەلوەشاوەکان نێچیری ئاسانو هەرزانن بۆ کاریگەری ئیران. لەسوریاو عیراقو یەمەن، ئیران دەرفەتی بۆ هەڵکەوتوە بۆ گرتنەبەری ڕێگەی گاڵتەجاری لەڕێی هاوبەشە ناحکومیەکانیەوە، بەلام کاریگەری ئیران لەسەر ئەو وولاتانەی کە توانیویانە گەشە بەحکومەتەکانیان بدەن کەمیکردوە و توانای سنوردارکراوە بۆ دامەزراندنی حیزباللە ی نوێ. دراوسێی لاواز و گەندەڵ بۆ ئەو جۆرە شەڕەی ئێران بەسوودە، بەلام دامەزراوەی بەهیز کە خزمەتی ئامانجی نیشتیمانی بکات هەرجەندە کەموکوڕیشی هەبێت، بەلام دەبێتە هێڵی یەکەمی بەرگری دژی کاریگەری ئیران.
میهرەبان مەلا رەئوف
خوێندکاری دکتۆرا - زانکۆی ئێکزیتەر - لەبواری مێژوی عەسکەری - بەریتانیا