قەڵەم و ئەقڵی دەسەڵات

ئارام سەعید
  2020-01-27     633
کاتێک لەم بیدەنگیە ترسناکەی کۆمەلگەی ئێمە دەروانین چەند هۆکاریک هەن کە بونەتە هۆی بێ ئومیدی و بیدەنگیی لەئاست کارەسات و کێشەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵکدا، دیارترینیان: تەسلیمبونیی ئۆپۆزیسیۆنی رابردوو، تەسلیم بونیی نوخبەی رۆشنبیریی بە دەسەلات و ئیمتیازاتەکانی، پاشان سەرهەڵدانی گوتارێکی نیمچە ئەدەبیی تازە کە بەردەوام دژ بە سیاسەت قسەدەکات و بانگەشەی ئەوە دەکەن سیاسەت خراپە و ئیشی ڕۆشنبیر ئەوە نییە خۆی بە مەسەلە سیاسییاکانەوە خەریک بکات.
لەباتی ئەمە ئەبێت خۆی بە بەرھەمێنانی ”مەعریفە“ و ”فیکری جدیی“ەوە خەریکبکات. یاخود بەرگریی لەوەدەکەن کە نایانەوێت داهێنانەکانی خۆیان لەگەڵ سیاسەتدا تێکەل بکەن، وەک بیانویەک بۆ دورکەوتنەوەیان لە مەسەلە سەرەکییەکانی ناو ژیان و خەمی گشتی لە کۆمەڵگادا. ئەمانە لەشکرێکیش لە خوێنەری سەرلێشێواو وقەڵەمی کەم سەودایان دروستکردوە کە ئەم جۆرە قسانە وەک توتی دەڵێنەوە و خۆیان بە ھەڵگری ئەو ”فیکرە جدییە“ دەزانن کە گوایە تەنھا لای ئەوان دەستدەکەوێت.
ئەوکاتەی نوخبەی رۆشنبیر هەڵئەخزێ و تەسلیمی ئیرادەی ھیچ نەکردن و ھیچ نەوتن دەبێت، ھەر یەکە و بە بیانویەک، ئیتر ناتوانیت رۆڵە سەرەکیەکەی خۆی ببینیت و ئەویش وەک زۆرێک لە سیاسیەکان متمانە لەدەست دەدەن. ئەمە جگە لەوەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەو نوسینانە تێروانینی هاولاتیان دەشیوێنیت و دەیانگۆڕێت بۆ بوونەوەر و کەسایەتی ناسیاسیی و دووریاندەخاتەوە لە مەسەلە سەرەکیی و گەورەکانی ناو ژیانی گشتی.
هاولاتی بۆ رۆشنبونەوەی رێگاکان پیویستی بە هزر و نوسینی نوخبەی رۆشنبیرە و بۆ ئەوەی نوخبەی رۆشنبیریش بتوانیت ئەو رۆلە ببینێت دەبیت ڕۆشنبیرێک بێت لەناو خەمی گشتیی و مەسەلە سەرەکییەکانی ژیانی گشتیدا ئامادەبێت، نەک بەناوی بەرھەمێنانی فیکر و مەعریفەی جدیەوە خۆی لە ھەموو بەشداربوونێکی ڕاستەقینە لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا بدزێتەوە
. بەتەسلیم بونیی بەدەسەلاتداران، ڕۆشنبیر متمانەی نامێنیت و ناتوانێت بەرگریکار بیت لە هاولاتیەک کە دەسەڵات زوڵمی لێدەکات. بەداخەوە ژمارەیەکی گەورە لە ڕۆشنبیران لەمڕۆدا بە ئەقلی دەسەلات دەنوسن و بیرکردنەوە و رای گشتی دەشێوینن. چۆن لەهەموو کۆمەلگایەک سوپایەک هەیە سنورەکان دەپاریزیت ئاواش دەبێت نوخبەی رۆشنبیر هاولاتیان و ژیانی گشتیی بپارێزێت لە رووی فیکری و ڕۆشنبیرییەوە..
لەکۆتاییدا بەشیک لەنوخبەی رۆشنبیران ئەوانەن کە بە بیر وهزر بەشدار نین و دابراون، بەشیکی تریان ئەوانەن بیدەنگیی تەواویان هەلبژاردوە و ناچنە پال هیچ داواکاریەکی کۆمەلگەوە . بەشی سیهەم ئەوانەن بە تیکستەکانیان دەسەڵات و کارەکانی پیرۆز دەکەن. ژمارەیەکی کەم لە ڕۆشنبیران ھەن کە لەو خەمە گشتییانەوە ئاڵاون و بەرگریی لەو رۆحی بەرگرییە دەکەن کە لە کۆمەڵگادا ماوە کەچی لەلایەن رۆشنبیرانی تەسلیمبوو بێدەنگ و ئەوانەی گوایە سەرقاڵی فیکری جیدی و رۆشنگەرین پەلامار دەدرێن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×