دەربارەی ئینشقاق، هۆکارو دەرئەنجامەکانی

ئارام سەعید
  2019-08-07     1092

"رۆژێک لە رۆژان ئەبێت شەربکەن لەگەڵ ئەوەی ئێستا ئاهەنگ بۆ دامەزراندنی دەگێڕن" راستیان وتوە، واتە هەمیشە بەدڵخۆشیەوە و هەست بە کامەرانیەکی زۆر دەچنە ناو هێزێکی تازەوەو دواتر دەبێت بکەونە خەبات بۆ لەناوبردنی هەمان هێز کە بەشداربون لە دروستکردنیدا، ئەم نمونانە لە مێژویی کوردستاندا زۆرە، سەیری مێژوو بکەین دەبینین مام جەلال چەند کادرێکی بەتوانای پارتی بوو بەڵام دواتر چۆن خەباتی دەکرد بە دژی ئەو حزبەی کە لە ئاست خەونەکانیدا نەبوو، ئیبراهیم ئەحمەدیش هەروا، نەوشیروان موستەفا بە هەمان شێوە کارەکتەری گرنگی مێژویی خەباتی یەکێتی، بەڵام دواترخەباتگێرێکی سەرسەخت دەرچوو لە دژی یەکێتی و سیاسەتەکانی. رەنگە دەیان نمونەی تر هەبن کە ئێستا دەرفەتی ناوهێنانی هەموی نیە. 

لە شەستەکانی سەدەی رابردوەوە و تەنانەت پێشتریش لەناو حزبی کوردیدا ململانێی سیاسی و جیابونەوەو لێکترازانی ناوخۆیی حزب هەبوە، لەسەردەمی مەلامستەفای بارزانی (پارتی دیموکراتی کوردستان) و دواتر دروستبونی باڵی جەلالی و پاشان جیابونەوەی بچوکتر و وازهێنان و بەجێهێشتن رویداوە، هیچ حزبێک بەدەر نەبوە لەو کێشانە، لەناو ئیسلامیەکاندا و حزبی شیوعیش بەهەمان شێوە. هەر جیابونەوەکانی ناو یەکێتی حسک و زەحمەتکێشان و دواترینیان کە کاک نەوشیروان بریاریدا بە دروستکردنی هێزێکی تازە، پاشان دامەزراندنی هاوپەیمانی لەلایەن د.بەرهەم ساڵحەوە.گەر سەرنجی وڵاتانی تریش بدەین هەر لە ئاسیا و ئەوروپا و کیشوەرەکانی تر بە هەمان شیوە چەندین ئینشقاقی سیاسی دەبینین. تەنها لە ئەوروپا دوای جەنگی جیهانی دووەم زیاتر لە ٤٠٠ حاڵەتی ئینشیقاق لە حزبەکاندا هەبوون. 
هۆکارەکان: 
" مێژوو پێمان دەڵێت کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لای یەک کەس یان گروپیک مانای ئەوەیە ئەوانی تر دەسەڵاتیان لێوەرگیراوەتەوەو دەسەلاتیان کەمی کردوە لەوەی پێویستە هەیان بێت، هەربۆیە لە سیستمی دیموکراسیدا بەردەوام تەئکید لە جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان دەکرێت لەگەل ریگرتن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەلاتەکان و پاراستنی ئازادی هەموان"
ئەوکاتانەی ئەندامانی حزبێک بیر لە جیابونەوەو وازهێنان دەکەنەوە بریتین لە: 
1. ئەندامان داواکاری سیاسیان هەیە وهەست دەکەن دەسەلاتی پێویستیان نیە،یان وەڵامی داواکاریەکانیان نیە. ئەوکات دەرفەتی تەواو دروست دەبێت بۆ دروستبونی هێزێکی نوێ لەناو حزبەکەدا.
2. کاتێک گروپێک یان کەسیک لەناو هەیکەلی حزبدا نوسینگەو شوینە گرنگەکانی ، دارایی ،رێکخستن، کۆنترۆل دەکەن و بەمەش سەرکردەکانی تر هەست بە مەترسی دەکەن. لەوکاتەدا لەناو خودی حزبەکە ئەو ئەندامانەی کە ناڕازین بۆ سەرکردەیەک دەگەرێن کە لەدەوری کۆببنەوە کە توانای سەرکردایەتی کردنی ئەو نارەزایەتیەی هەیە و پاشان بەجێهێشتنی حزب دەستپێدەکات.
3. هەندی جار فاکتەری ناوخۆیی حزبە کە هەڵوێستی بەرامبەر هاوپەیمانیەک یان روداویکی سیاسی جیاوازی دروست دەکات. 
4. هەندێ جار فاکتەری ترە وەک هەڵبژاردن کاتێک حزب لە هەڵبژاردن دەنگ ناهێنێت، کە ئەویش کاردەکاتە سەر پێگەی حزب و هەندی لە ئەندامان بێئومید دەبن و دەڕۆن.
5. لادانی سەرکردەکان لە دروشمی سەرەکی کە ئەوەش وێران بونە و سەرلەنوێ هەلسەنگاندنەوەی دەوێت کە لەسەر چ بنەمایەک دامەزراویت و ئێستا بەچی گەیشتویت واتە ناکۆکی ستراتیژی دروست دەبێت.
6. رەنگە لە سوچێکدا غروری سەرکردەیەک تێرنەکرابێت، نەرجسیەتەکەی تەواو تێر نەبوە و هەست دەکات ئەو گرنگیەی پێ نادرێت، بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە کە بەرەیەکی نارازی بۆ خۆی دروستبکات، یان سەرکردەیەک بەرژەوەندیە داراییەکانی دەکەوێتە مەترسیەوە بەهەمان شیوە دەبیتە نارازی. یان تەماحی بەرزی سەرکردەیەک بەوەی گرنگیەکی سیاسی ئەوتۆی پێ نادرێت و بۆیە حزبەکەی بەجێدەهێڵێت بۆ تەماحێکی گەورەتر و دەستکەوتی زیاتر دەڕوات.

کەواتە سەرەتا نارەزایی، دواتر بێ ئومیدبون لە بەدیهاتنی داواکاریەکان و دواتر جیابونەوە.
دەرئەنجام: 
نارازیەکان چەند بژاردەیەکیان دێتە بەردەم:
1. بەجێهێشتنی حزب و گفتوگۆ لەگەل حزبێکی تر بۆ ئەو داواکاریانەی هەیانە.
2. چاوەروانیی تا ئەو کاتەی کە خوازیارن حزبە ئەسلیەکەیان بە دەنگ داواکاریەکانیانەوە بێت.
3. بێلایەن بوون و دورکەوتنەوە لە سیاسەت. 
4. دەستگرتن بەسەر حزبەکەدا کە دەکرێت بە کودەتا ناوی بەرین. 
5. خۆسەرقاڵکردن بە دروستکردنی حزبێکی نوێوە. 
دروستکردنی حزبی نوێ ئەرکێکی ئاسان نیە و دۆزینەوەو کارکردن لەسەر ئەو دەرفەتە پێویستی بە وردبینی و خوێندنەوەی واقیعیی هەیە، چونکە خەلک ئارەزو و حەزی بۆ هیچ هێزێکی تازە نابێت و دەنگی بۆ نادات تا پێی نەڵێت لەجیاتی ئەمەی ئێستا چی دادەمەزرێنیت، واتە بەدیلی ئێستای دەبێت بگوترێت و شیبکرێتەوە.بەومانایەی کە باسی خەباتی مەدەنی و گۆڕینی سیستمی سیاسی و بەریوەبردن دەکات دەبێت لە جیاتی ئەو سیستمیک هەبێت کە هاوڵاتی بروای پێبکات، لەسەروو هەمو ئەمانەشەوە بودجەو میدیای دەوێت، کەواتە پێویستە هەمو ئەو لایەنانە رەچاوبکرێت.
کاک نەوشیروان سەرەرای هەبونی بەرنامە و خەونی گۆڕین بۆ ئەوەی حزبێکی نوێ دروستبکات پێویستی بە پارە بوو بۆیە دوای دابینکردنی ١٠ ملێۆن دۆلاروژمارەیەک مولک لە مام جەلال لەگەڵ هاوڕێکانی بریاری دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانیدا. دیارە بۆ نەوەی نوێش بەهەمان شێوە کە بریاردرا بە دامەزراندنی، پارەو میدیای شاسوار عەبدولواحید هانیدا ئەو حزبە دابمەزرینێت لەگەل هاورێکانی، دواتریش د.بەرهەم ساڵح بەهەمان شیوە سەرەرای بەرنامەو ستراتیژی نوێ ، توانای دارایی و میدیایی هەبوو کە بڕیاری دامەزراندنی حزبی نوێی دا لەگەڵ ئەندامانی تر. بەڵام هەردوو حزب کە سۆسیالیست و زەحمەتکێشانە بەهۆی نەبونی ئەو فاکتەرە گرنگانە کە لە حاڵەتەکانی تردا هەن بە لاوازی مانەوە. 
دیارە هەموو ئەو پاساوانە مانای ئەوە نیە حزبی دایک باشە و ئەوانەی لایان داوە خراپن،یان بە پێچەوانەوە، بەڵکوو سیاسەتکردن و ململانێی سیاسی هەندێک جار دەگاتە ئەو ئەنجامەی جیابووەکان دەچنەوە سەرهەمان سیاسەتکردنی حزبی دایک چونکە لەئەنجامی ململانێی زۆر و بەکارهێنانەوەی هەمان ئامرازەکانی حزبی دایک ولە ئەنجامی ئەو لاسایکردنەوەیە دەبنەوە بە هەمان بیرکردنەوەو بەرنامە لە جەوهەردا. بەڵام ئەگەر جیابوەکانیش بە بەرنامە ستراتیژی نوێ کاربکەن ئەوا ململانێکان بەرهەمدار دەبن و دەبنە هێزی کاریگەر لە کۆمەڵگادا، سەرەتای بزوتنەوەی گۆڕان بە نمونە، هەروەها لێرەدا دەتوانین سەرەتاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە نمونە بهێنینەوە کە تا ئەوکاتەی ناسنامەی خۆی هەبوو لە ئاستی کۆمەڵگادا هێزێکی کاریگەر بوو لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×