کەوتنی بەهاکان و داڕمانی ئەخلاقی

دارا محه‌مه‌د
  2020-02-26     802
لە بەرامبەر تاوانی ئازاردان و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی ٧ ساڵانە لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردستاندا جگە لە لوتکەی کەوتنی بەها ئەخلاقیەکانی ئەم تاوانکارانە و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسیەی ئەم مرۆڤە نەخۆش و بێویژدان و بەربەریانەی دروستکردووە هیچی دیکە نیە. ئەم کەوتن و داڕمانە لە سایەی دەسەڵاتێکی سیاسیدا دروستدەبێت کە خۆی سەرچاوەیەتی و هۆکارەکانی هاتنەکایەی ئەم جۆرە تاوانانەن. بە تەنها لە سایەی دەسەڵاتێکی وەکو دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا ئەم تاوانانە بە سانایی و بێلێپرسینەوە تێپەڕدەبن. لە سایەی حکومەتێکدا روودەدات کە نوخبە دەسەڵاتدارەکەی جگە لە ململانێی حیزبی و کەڵەکەکردنی گیرفانی بەرپرسەکانی لە رێگەی بە تاڵانبردنی سامانی سروشتی و دروستکردنی تۆڕێک لەو پیاوانەی کە ئەرکیان پاراستنی ئەم نوخبەیەیە و پاراستنی ئەمانیش لەلایەن ئەم نوخبەیەوە هیچی دیکە بەرهەم ناهێنن.

بەرپرسیارێتی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و پۆلیس و گەندەڵی ئەم دەزگایانە لەوەدایە کە تاوانێکی شۆکئامێزی لەم جۆرە بەر لە ساڵێک روویداوە، بەڵام بەهۆی پیاوانی دەستڕۆیشتووی حیزبەوە هیچ دەزگایەکی حکومەت لێپێچینەوەی لەم تاوانە نەکردووە هەتا ئەو کاتەی دەخرێتە بەردەم میدیاکان و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا. ئەم دۆخە دەرئەنجامی ئەو دەسەڵاتە سیاسیەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا فەرمانڕەوایە. ئەم دەسەڵاتە لە ماوەی حوکمڕانی خۆیدا کاری لەسەر دروستکردنی ئەو مرۆڤانە کردووە کە خاوەنی هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و مرۆیی نین؛ کە دەتوانن بە ئاسانی تاوان ئەنجام بدەن چونکە ئەمانە بەشێکن لەو تۆڕە تایبەتەی نوخبەی دەسەڵاتدار و پارێزەری بەرژوەندیە ئابوریەکانی ئەو بەرپرسە حیزبیانەی کە هەر یەکە خاوەنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی و سیاسیە. بە هەمان شێوە، ئەم کۆمپانیا حیزبی و نوخبە دەسەڵاتدارە پێویستیان بەم مرۆڤانە هەیە لە کاتی دەنگدان و هەروەها بۆ پاراستنیان.

رەنگە هەندێک ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاوانانە لە سایکۆلۆژیای کەسەکاندا بخوێننەوە بەوەی کە ئەم جۆرە کەسانە کۆمەڵێک کەسانی نەخۆش و هەڵگری رۆحێکی تاوانکارانە بن، بەڵام گرنگە دیاردەی لەمجۆرە لەم خوێندنەوەیەدا کورتنەکرێتەوەو بەو ریشە قوڵانەدا بچینە خوارەوە کە زەمینەکانی ئەم جۆرە تاوانە و ئەم جۆرە لە کەسایەتی و سایکۆلۆژیای مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەیەکدا دروستدەکات. واتە بەشێکی گەورەی پشت ئەم تاوانانە ئەو تێڕوانینەیە کە ئەم جۆرە لە مێنتاڵیتی بە گشتی بۆ ئافرەت هەیەتی کە بەکاردەهێنرێت بۆ لێدانێکی دیکە. دەستدرێژیکردنە سەریان و لێسەندنەوەی مافەکانیان و کردنیان بە قوربانی یەکێکن لە دیاردەکانی سیستمێکی پیاوسالاریی. لێرەوە دەبینین منداڵانی کچ رووبەڕووی لێدان و دەستدرێژیکردن دەبنەوە و دەبنە قوربانی ئەم سیستمە. لە راستیدا پێشتر چەندین تاوانی نزیک لەمە لە کوردستاندا بەرامبەر بە منداڵان ئەنجامدراوە.

ئەوەی کە وادەکات ئەم تاوانانە تێپەڕببن، بوونی ئەو دەسەڵاتە سیاسیەی کوردستانە کە بە سەر چەندین ناوەندی دەسەڵاتدا دابەشبووە. واتە بەسەر دەسەڵاتی حیزب و کەسانی دەستڕۆیشتوو چەندین بەرپرس و دەیان تۆڕی بەرژەوەندی سیاسی و بازرگانی کە لە دەرەوەی هەموو لێپرسینەوەیەکن. ئەمەش بێگومان سەرجەمی دەسەڵاتی دادوەریی دابەشکردووە و لە زۆربەی بارەکاندا ئەم دەسەڵاتە لە ژێر فەرمانی ئەم حیزب و کەسە دەستڕۆیشتووانەدا دەجوڵێتەوە. لێرەوە تاوان و پێشێلکردنی ئازادیەکان، نە دەبنە تاوان و نە دەبنە پێشێلکردن ئەگەر لەم ناوەندی دەسەڵاتانەوە سەرچاوە بگرێت. پەرتبوونی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، پەرتبوونی تەواوی سیستمی مافەکانە کە لە سایەیدا ئەنجامدەرانی تاوانەکان و دەستدرێژیکاران بە پێی ناوەندەکانی دەسەڵاتی حیزب و رۆڵیان لەناو ئەو تۆڕی بەرژەوەندیەدا کە بەستراوەتەوە بە سەرانی دەستڕۆیشتووەوە کاری پێدەکرێت. بە مانایەکی دیکە، شتێک نیە بەناوی دامەزراوەیەکی دادوەریی سەربەخۆ هەروەکو چۆن هیچکام لە دامەزراوەکانی حکومەت سەربەخۆ نین و بگرە نەبوونەتە دامەزراوە بە مانای بوونیان وەک دامەزراوەی سیاسی و یاسایی کە میکانیزمەکانی بەردەوامی خۆی لە دەرەوەی بەرژەوەندی حیزب و دەست تێوەردانی حیزبیەوە بەدەست بهێنێت.

پێویستە بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانە و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی ٧ ساڵانە نەکرێت و فشاری کۆمەڵگەو هاوڵاتیان بە ئاراستەی خستنە ژێر پرسیاری سەرجەم دەسەڵاتی دادوەریی کوردستان بێت کە تەنها لە سایەی ئەم دەسەڵاتە نوخبەگەریەی کوردستاندا دروستدەبێت. پێویستە فشار دروست بکرێت کە ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە و ئەوانەی دەستیان لە شاردنەوەو پاڵپشتیکردنیدا هەبووە بە سەرانی حیزبەوە بهێنرێنە بەردەم دادگایەکی سەربەخۆ کە لانی کەم بە پێوەرەکانی بەها مۆراڵیەکان و یاسایەکی دادپەروەرانە بەڕێوە دەچن.              
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×