ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرمایە و سیستم

دارا محه‌مه‌د
  2020-04-22     653
جەنگی ئەمڕۆی جیهان کە سیستمە جیاجیاکانی دونیا لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە نوێیە و پەتا گەردونیەدا دەستەویەخەی بوونەتەوە وێرانکارانەتر نیە لە جەنگە خوێناویەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. بەڵام کاریگەریەکانی ئەو دۆخە ناهەموار و ترسناکەی ئەم پەتا گەردونیە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی دروستیکردووە بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لە جەنگەکان و بە کۆمەڵێک رەهەندی نادیار و نامۆی کۆمەڵایەتی دەکەوێتەوە. واتە ئەوەی ئەم پەتا ڤایرۆسیە بۆ دنیای ئەمڕۆ دروستیدەکات دەرخستنی کۆمەڵێک کەلێن و گرفتی گەورەیە لە سیستمە سیاسی و ئابوریەکانی جیهاندا، ئەو کەلێنانەی کە ساڵانێکی درێژە لە ئابوریی سیاسی سیستمەکانی دنیادا هاتۆتەکایەوە و سەرەڕای ئەوەی بە چەندین قەیرانی گەورەدا تێپەڕیوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم سیستمانە خۆیان رێکخستۆتەوە و شێوازێکی دیکەیان لە ژێرخانی ئابوریی و دنیایەکی دیکەیان بۆ پەرەپێدانی خۆیان هێناوەتەکایەوە. پرسیارێکی گرنگ کە لێرەدا دێتەپێشەوە و رەنگە گەلێک ئاخافتنی دروستکردبێت لەسەروبەندی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئەوەیە کە ئایا دەشێ ئەو گورزە گەورەیەی ئەمڕۆ بە هۆی ئەم پەتا ڤایرۆسیەوە بەر ئابوریی جیهان کەوتووەو سەرمایەی لە سوڕی گەوەرەبوونی خۆی وەستاندووە ببێتەهۆی شکستپێهێنانی ئابوریی سیاسی سەرمایەداریی و دواجار لەناوچوونی تەواوی سەرمایەداریی؟ وەڵامێکی خێرای ئەم پرسیارە یان پرسیارانە رەنگە بە نەرێنی بێت ئەویش لەبەرئەوەی کە ئەگەر تەنانەت سیستمی سەرمایەداریی توشی شکستی گەورەش ببێ، بەڵام دواجار توانای هەستانەوەو بەردەوامیبوونی بەو میکانیزمانە هەیە کە بنەمای سیستمە ئابوریی سیاسیەکەی پێکدەهێنن. بەڵام ئەو وەڵامانەش کەمنین کە بە ئەرێنی دەدرێنەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەم پەتا گەردونیە زەنگی دەستپێکی مردنی سیستمی سەرمایەداریی دەبێت. هەریەک لەم دوو وەڵامە هەڵگری کۆمەڵێک راستین و لە هەمانکاتیشدا کۆمەڵێک بەرنامەی فیکری و ئایدۆلۆژین.

بێگومان قسەکردن لەسەر سیستمی سەرمایەداریی وەک سیستمێکی ئابوریی سیاسی بریتیە لە دروستکردنی سەرمایە و گەورەکردن و بەگەڕخستنی لە پێناو زیادکردن و گۆڕینی بەها و قەبارەکەیەتی، کە بۆ ئەمەش پشت بە میکانیزمەکانی بازاڕ و کار و کۆمپانیا تایبەتەکان و موڵکدارێتی تایبەتی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەگەڕخستنەوەی سەرمایە لەسەر ئاستی لۆکاڵ و گەردونیدا دەبەستێ. لێرەدا هەموو سیستمە سەرمایەداریەکان وەکو یەک نین و ئاستی دەستێورەدانی دەوڵەت لە بازاڕدا و لە دانانی مەرج و رێکارەکانی سەر بزنس و بازاڕ جیاوازیان هەیە. لێرەوە دەکرێت لەپاڵ ئەم سیستمە ئابوریە سیاسیەدا باس لە دەوڵەتی خۆشگوزەرانی بکرێت، بەو مانایەی کە هەرچەندە سەرمایە بناغەی سیستمە ئابوریی سیاسیەکە بێت، کۆمەڵێک زامنکاریی کۆمەڵایەتی و ئابوریی دابیندەکرێت لە رێگەی بیمەی بێکاریی و فەراهەمکردنی خانووبەرەو دانانی رێساکاریەکانی کارکردن و مەرج و خاڵبەندیی یاسایی بۆ خاوەنکارەکان و فەراهەمکردنی خوێندن و بیمەی تەندروستی و لە هەندێک باردا خزمەتگوزاریی تەندروستی خۆڕایی. لە راستیدا ئەم سیستمە ئابوریە سیاسیەی سەرمایەداریی بناغەی سیستمەکانی دیکەش پێکدەهێنێ وەک سیستمی سۆشیال دێمۆکرات، کە هەرچەندە دەستێوەردانی دەوڵەت لەناو بازاڕدا و فەراهەمکردنی روبەرێکی فراوانی مافە ئابوریی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە گەلێک گەورەتر دەردەکەون. بەڵام دواجار سەرمایە ئەو یەکە ئابوریی و ماتریاڵیەیە کە پرۆسەی ئابوریی بەڕێوەدەبات و دەبێتە ئامانجی سەرەکی سەرجەم کایەی ئابوریی بە هەموو کەرتە دەوڵەتی و تایبەتیەکانیەوە.

دیارە ئەم دەوڵەتی خۆشگوزەرانیە لەمڕۆی ئەوروپادا رووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار و گرفتی گەورە بووەتەوە بەوەی کە سەرمایەو قازانجی بێسنور وەک تاکە ئامانجی ئەم سیستمە بەشێکی گەورەی ئەم بیمەو مافە ئابوریی و خوێندنگەیی و تەندروستیانەی بە بازرگانی کردووە و لە هەندێک باردا کەوتۆتە دەست کۆمپانیا تایبەتەکانەوە. بێگومان بەشێکی گەورەی مسۆگەرکردنی ئەم مافە ئابوریی و کۆمەڵایەتی و سیاسیانە لە ئەنجامی خەباتی مەدەنی کۆمەڵگەو پێداگریی سەندیکا پیشەییە جیاوازەکانەوە هاتۆتەدی و بەشێکی گەورەی ئەم مافانە لە رێگەی ئەم دەوڵەتی خۆشگوزەرانیەوە بووەتە بەهایەکی گشتی کە لەلایەن کەرتی گشتی و دەوڵەتەوە پارێزراوە. بە تایبەتی مافی تەندروستیەکی باش و یەکسان لەناو کۆمەڵگەدا و دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و لە هەندێک باردا بێبەرامبەر، مافی خوێندن بۆ هەمووان و بێبەرامبەر، هەروەها دابینکردنی ئەو ماف و بیمانەی پەیوەندن بە یاسای کارەوە بۆ کرێکارو فەرمانبەرو کارمەندە جۆراوجۆرەکانی کەرتی گشتی و تایبەتی. ئەمانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی خۆشگوزەرانیدا لە ئەوروپادا بە تایبەتی لە پاش دووەم جەنگی جیهانیەوە گەڵاڵەبووە. لەهەمانکاتدا ئەم دەوڵەتە لە چوارچێوەی کەڵەکەکردنی سەرمایە و ئابوریی سیاسی سەرمایەدا بە سیستمە جۆراوجۆرەکانیەوە هاتۆتەکایەوە.

خاڵێکی زۆر گرنگ کە دەبێت لێرەدا ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە لە کاتێکدا ئەم دەوڵەتی خۆشگوزەرانیە لە ئەوروپادا دروستدەکرا، لە دەرەوەی خۆیاندا کۆڵۆنیالیزەکردنی وڵاتانێکی زۆر لە ئاسیا و ئەفریکاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەواوی ئەم مافە مەدەنی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی لەناوبردبوو کە کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی لە جەنگێکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی جیهانی دەرەوەی خۆیدا لەم مێژووە نوێیەی خۆیدا و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا سەدان جەنگ و برسێتی و نەهامەتی دروستکردووە. لەم وتارەدا ناتوانین بە درێژی لەسەر ئەم خاڵە بدوێین.

ئەوەی لێرەدا گرنگە لەسەری بدوێین لە پەیوەندیدا بە ماف و بەهاکانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی، ئەو کەلێن و گرفتە گەورانەیە کە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەم سیستمە جیهانیەی دروستکردووە. بەشێکی گەورەی ئابوریە سیاسیەکانی دنیا لەسەر سیستمی نیۆلیبراڵیزم و سەرمایەداریی بنیاتنراوە کە پشت بە بازاڕ دەبەستێ و ئابوری لەسەر بنەمای میکانیزمەکانی بازاڕێکی ئازاد دادەنێت و دەستی دەوڵەت کورتدەکاتەوەو رۆڵی بە شێوەیەکی نێگەتیڤانە دەکێشێت. کاتێکیش سیاسەتی ئابوریی ئەو وڵاتانەی پەیڕەویان لە ئایدۆلۆژیای نیۆلیبراڵیزم کردووە تووشی شکست و هەرەس دەبن، رەخنەی سەرەکی ئاراستەی دەوڵەت دەکرێت. لە کاتێکدا ئەوە بازاڕ و کەرتی تایبەت و کۆمپانیا و بزنسە گەورەکانە کە ئابوری توشی ئەم شۆک و هەرەسانە دەکەن و نایەکسانیەکی گەورە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

ئەوەی ئەم کۆرۆنا-ڤایرۆسە بۆ ئەم سیستمە نیۆلیبڕاڵیەی هێنایە پێشەوە ئەوەیە کە چەند هەڵە و مەترسیدارە کاتێک دەستگەیشتنی تاکەکانی کۆمەڵگە بە خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی لە بەها و چاکەیەکی گشتیەوە (public good) بگوێزرێتەوە بۆ بەهایەکی ناو کەرتی تایبەت و، بازاڕی کۆمپانیا گەورەکان بازرگانی بە بیمەی تەندروستی هاوڵاتیانەوە بکەن. بەشێکی زۆری ئەم ئابوریە دەوڵەمەندانەی وڵاتانی پیشەسازی و ئەو وڵاتانەی بە ئابوری نیۆلیبراڵیزم بەڕێوەدەچن لە وڵاتانی دیکەی دنیا بە کوردستانیشەوە کەوتنە بەردەم نائامادەیەکی گەورەی کەمی خەستەخانە و ئامێر و کەلوپەلی تەندروستی کە توانای لەخۆگرتنی ئەم لێشاوە گەورەیەی تووشبوانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبێت. لە کاتێکدا بەهۆی سیاسەتی راستڕەوانەو کەمکردنەوەی بودجەی گشتی بۆ کەرتی تەندروستی و دروستبوونی خەستەخانەی تایبەت و بیمەی تەندروستی تایبەت ئەم حاڵەتانە روویاندا. ئەگەر لێرەدا زۆر بە کورتی باس لە کوردستان بکەین، لە راستیدا کارەساتی گەورەی سیستمی تەندروستی کوردستان لەناوچوونی دەستپێڕاگەیشتنی تاکەکەسەکانە بە تەندروستی وەک بەهایەکی گشتی و هەڵئاوسانی خەستەخانە تایبەتەکانە کە لەبەرامبەر پەتایەکی لەمجۆرەدا دەشێ هەرەس بهێنن.

هەروەها لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکادا کە دەوڵەمەندترین ئابوری دنیایە لە ئێستادا نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس بێبەریە لە بیمەی تەندروستی. هەروەها بەهۆی ئەو ئاستە گەورەیەی نایەکسانی کە لەو وڵاتەدا هەیە، زۆرینەی ئەوانەی بەم ڤایرۆسە دەمرن ئەمریکاییە ئەفریکیەکانن. بۆ نمونە لە شیکاگۆ لە سەدا ٧٠ ی ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مردوون ئەمریکاییە ئەفریکیەکانن. ئەمەش کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ لەسەر پرسی رەگەزپەرستی و مێژووی کۆیلایەتی لەم کیشوەرانەدا دەهێنێتەکایەوە.

چارەنوسی سیستمی سەرمایەداریی

بێگومان ئەو ئاماژانەی لەسەرەوە لێیاندواین سەبارەت بەوەی کە ئابوریی سیاسی سەرمایەداریی هەڵگری کۆمەڵێک گرفتی گەورەیە لەسەر ئاستی هێنانەکایەی نایەکسانی و هەژاریی، تەنانەت لە وڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتووەکاندا بووەتەهۆی ئەوەی کە کۆمەڵێک نوسەر و بیریار قسە لەسەر کۆتایی سەرمایەداریی دەکەن. بێگومان ئەم راوبۆچونانە مێژویەکی کۆنتری هەیە و زادەی تێزە فەلسەفی و ئابوریەکانی مارکس و سەرهەڵدانی تەوژمی مارکسیزمە، کە لەزۆربەی بارەکاندا راڤەکردنێکی خراپی ئەم تێزانە بەرهەمهاتووە. بەڵام هەندێک لەم راوبۆچونانەی ئێستا لە روانگەیەکی تا رادەیەک جیاوازەوە ئەم رووداوانە دەخوێننەوە. بیریارێکی وەکو سلاڤۆی ژیژێک پێیوایە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو گورزە کوشندەیەیە لە سیستمی سەرمایەداریی جیهانی کە بە هێواشی و پاش ماوەیەک دڵی ئەم سیستمە دەوەستێنێت. ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کە چیتر جیهان ناتوانێت بەم شێوەیەی ئێستای بەڕێوە بچێت و پێویستی بە گۆڕانکاریەکی رادیکاڵ هەیە. لەسەرەتای دروستبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە چین، کۆمەڵێک نوسەر پێیانوابوو کە ئەم پەتا ڤایرۆسیە دەبێتە گورزێکی کوشندە لە حیزبی کۆمۆنیستی چینی و سیستمەکەی و بە هێواشی لەناویدەبات هاوشێوەی کارەساتی چێرنۆبیل کە بووە دەسپێکی هەرەسی یەکێتی سۆڤیەت. ژیژێک دەڵێ ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستە وامانلێبکات قسە لەسەر بنیاتنانی کۆمۆنیزمێکی جیاواز لە فۆرمە کلاسیکیەکەی بکەین، ئەویش لەسەر بنەمای متمانەکردن بە هاوڵاتیان و دروستکردنی دامەزراوەو هاوکاریەکی گەردونی بۆ رێکخستنی ئابوریی و سنوردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی نەتەوە. ئەم پەتا ڤایرۆسیەش بە پێچەوانەوە دەبێتەهۆی لەناوچوونێکی هێواش و لەناکاوی سیستمی سەرمایەداریی جیهانی.

ئەم رایەی ژیژێک -لە پاڵ رای ئەو نوسەرانەی پێیانوایە ئەم ڤایرۆسە کۆتایی سەرمایەداری بە دوای خۆیدا دەهێنێت- رەنگە پێشبینی ئەو دۆخە دژوارە ئابوریەی سیستمی سەرمایەداریی جیهانی بکات کە ئەمڕۆ ئابوری وڵاتە پێشکەوتووە پیشەسازیەکان دووچاری بوون. بە پێی نوێترین راپۆرتی کۆمەکی دراوی نێودەوڵەتی لە ئێستادا ئابوری جیهان لە پاشەکشەیەکی ئابوری (recession) گەورەدا دەژی و پێشهاتەکان بۆ قۆناغی پاش-کۆرۆنا ئەوە نیشاندەدەن کە لە ٩٠ ساڵی رابردوودا ئەم ئاستە قوڵەی قەیرانی ئابوری لە پاش پاشەکشە ئابوریە گەورەکەی ١٩٢٩- ١٩٣٩ دروستنەبووە. بە پێی ئەم راپۆرتە، لە ئەنجامی ئەم قەیرانە ئابوریەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کۆی بەرهەمی ناوخۆی (GDP) جیهان لە سەدا ٣ دادەبەزێت؛ لە ١٧٠ وڵاتدا داهاتی هاوڵاتیان کەمدەکات؛ نزیکەی ١٩٥ ملیۆن کارمەند کە لەسەر کاتی تەواو کاردەکەن کارەکانیان لەدەست دەدەن؛ هەروەها رەنگە نزیکەی نیو ملیار کەس بکەوێتە دۆخی هەژاریەوە.

ئەم ژمارەو ئامارانە و چەندین فاکتەری دیکە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا سەبارەت بە پارادۆکس و پرۆسە دژ بەیەکەکانی ناو سیستمی سەرمایەداریی و بەڕێوەبردنی سیستمی ئابوریی جیهانی بە پێی ئایدۆلۆژیای نیۆلیبراڵیزم وا لەم نوسەرو بیریارانە دەکات کە قسە لەسەر کۆتاییهاتنی ئەم سیستمە ئابوریی و سیاسیەی جیهان ئاراستە دەکات بکەن و ئارگیومێنتەکانیان تا رادەیەک بەشێک لەم راستیانە دەپێکن. بەڵام ئەوەی ژیژێک باسیدەکات سەبارەت بە دامەزراندن و کاراکردنی دامەزراوە گڵۆبالیەکان و پێدانی سەروەی و دەسەڵات بەمانە، زیاتر ئایدیایەکی لیبراڵی یەکسانیخوازە کە لەسەر بنەمای دادپەروەریی گەردوونی دامەزراوە، نەک ئەو کۆمۆنیزمەی ئەو باسیدەکات. لە کاتێکدا ئەم دامەزراوە گەردونیانە گرنگن کە لەلایەن کۆمەڵگەو هاوڵاتیانەوە خۆیان بەڕێوەببرێن، بەڵام ئاڵنگاری و پرسیارە گەورەکەش ئەوەیە کە ئەو شێوازو رێکارانە کامانەن کە لە رێگەیەوە دەتوانرێت ئەم دامەزراوانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەکاندا دابمەزرێنرێن.

رەخنەیەکی گرنگ کە لە ژیژێک و ئەو نوسەرانە بگیردرێت ئەوەیە کە ئارگیومێنتی کۆتاییهاتنی سیستمی سەرمایەداریی جیهانی جۆرێک لە خۆشخەیاڵی ئایدۆلۆژی بەرهەمدەهێنێت، چونکە گرفتێکی گەورەی ئەم ئارگیومێنتە ئەوەیە کە هەرچەندە ئەم پێشهاتە ئابوریە رەشانە بەڕێوەن بۆ جیهانی سەرمایەو بازاڕ و کۆمپانیا گەورەکان، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەو وەبەرهێنان لە شێوازی جیاوازی سەرمایەدا بە بەهای جۆراوجۆر بە تەواوەتی رادەوەستێت و سیستمی سەرمایەداریی توانای بەردەوامی بە خۆی نامێنێت. ئەم نوسەرانە بۆ خۆیان تیۆرێکی داڕێژراو و گەورەیان دانەناوە بۆ سیستمێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەم سیستمەی ئەمڕۆ لە ئارادایە سەبارەت بەوەی چۆن دەتوانرێت رۆڵی دامەزراوە گڵۆبالیەکان گەورە بکرێت لە رێگەی سنوردارکردنی سەروەریی و دەسەڵاتی دەوڵەتی نەتەوەوە. لە راستیدا، لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەموو جیهاندا، پێچەوانەی ئەمە روویدا بەوەی کە هاوکاریی و هاریکاریکردنی نێوان دەوڵەتان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و عەقڵیەتێکی لۆکاڵی و نەتەوەیی لە رووبەڕووبونەوەی ئەم پەتا ڤایرۆسیەدا زاڵە و نمونەی هاوکارینەکردنی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا لەنێوان خۆیاندا و رۆڵی هەژمونکارانەی ئەمریکا لەم بوارەدا رەنگە نمونە دیارەکان بن.

لە راستیدا ئەوەی وا دەکات رۆڵی دەوڵەت و دامەزراوە زۆردار و سەرکوتکارەکانی گەورەتر بوون و بەهێزتر درەکەوتوون لەم پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەدا، پێماندەڵێت کە ئەو ڕایە لەمڕۆدا لە هەموو کاتێک لاوازترە بۆ وێناکردنی دامەزراوە گەردوونیەکان و هاوکاریکردنی نێوانیان. رەنگە خاڵێکی گرنگ، بە پێچەوانەی ئەمەوە ئەوە بێت کە کۆمەڵگەکان و هاوڵاتیان توانای دروستکردنی فشاری گەورەیان هەبێت بۆ دروستکردنی ئەم جۆرە لە ڕایەڵەیەکی بان-نەتەوەیی کە هەڵگری جیهانبینیەکی گەردوونیە بۆ دروستبوونی هاوکاریەکی لەم شێوەیە لەسەر ئاستێکی گەردوونی.

کۆمەڵگەی دیجیتاڵ و سەرمایەداریی چاودێریکردن و جیهانی پاش-کۆرۆنا

لە جەنگی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنادا کۆمەڵێک پرۆسەی جیاواز لەلایەن دەوڵەتەکان و دامەزراوەکانیانەوە پەیڕەویکران، وەکو نیمچە رێگری و رێگری تەواو و کوارانتین و داخستنی بازاڕ و کۆبوونەوە گشتیەکان کە بە شێوەیەک لە شێوەکان هێز و کاریگەری دامەزروەکانی دەوڵەت و پرۆسە دراکۆنیەکانی بەسەر کۆمەڵگە و تاکەکەسەکاندا هێنایەوە پێشەوە و بووە جێگەی دیبەیت لە هەندێک کایەدا، کە بێگومان لێرەدا تەندروستی تاکەکەسەکان و کۆمەڵگە دەبێت بە گرنگتر سەیربکرێت. جۆرجیۆ ئاگامبین، فەیلەسوفی ئیتاڵی، پێیوایە کە ئەم دۆخە ئاوارتەیە یان نائاساییە کە لە رێگەیەوە دەوڵەت و دامەزراوەکانی کۆمەڵێک رێساو کۆت و بەند دادەنێن، رەنگە لە داهاتوودا وەربگێڕدرێن بۆ دەزگە سەرکوتکارەکانی دەوڵەت و لە رێگەیەوە دەسەڵاتێکی فرەلایەنتر و تۆتالیتاری بهێنرێتەکایەوە. ئەم ترسەی ئاگامبین رەنگە لە جێی خۆیدا بێت بە تایبەتی ئەم دۆخە ئاوارتەیە لە سیستمە دیموکراسیەکاندا گرفتێکی گەورەیە بۆ سەر ئازادی و دامەزراندنی سیستمی کۆنترۆڵ، لە هەمانکاتیشدا لە سیستمە دیکتاتۆری و ستەمکاریی و تۆتالیتاریەکانیشدا دەبێتەهۆی دروستکردنی سیستمێکی چاودێری بەهێزتر لە دژی تاکەکەس  و گروپە نەیارەکان. بەڵام گرفتی ئاگامبین ئەوەیە کە ئەو ترسە نابینێت کە ئەم پەتا ڤایرۆسیە بۆ سەر خودی تاکەکەسەکان و سەرجەم کۆمەڵگەی دروستدەکات و بە هەند وەرنەگرتنی دەبێتەهۆی مردنی دەیان و سەدان هەزار کەس. هەڵەی گەورەی ئاگامبین ئەوەیە کاتێک ئەم پەتا ڤایرۆسیە و ئەو دۆخە نائاساییە بە تەواوی سیاسی دەکات و دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو ڕایەی کە ئەم پەتا ڤایرۆسیە دروستکراوەو لە پێناوی هێنانەکایەی دۆخێکی ئاوارتە و نائاسایی کاردەکات.

بێگومان ئەوە راستە کە هەندێک دەوڵەت لە رێگەی دەزگەکانی چاودێریەوە هێزو دەسەڵاتێکی هەمەلایەنتر بەدەست دەهێنن. بۆ نمونە چین خەریکی دروستکردن و دامەزراندنی ئەو بەرنامە دیجیتاڵیەیە کە دەتوانێت لەسەر مۆبایلی هەموو کەسێک دایبەزێنێت بۆ چاودێریکردنی توشبووانی ڤایرۆسەکە و لەڕێگەی ئەم سیستمی چاودێریەوە دەتوانێت بە دوای ژیانی رۆژانەی هەر کەسێکدا بڕوات و بزانێت چۆن هەڵسوکەوت دەکات و بۆ کوێ دەڕوات، هەموو ئەمانەش لە ژێر ناوی تەندروستی گشتی و کۆمەڵگەدا. هەمان بەرنامەی دیجیتاڵی سەر مۆبایل لە ئیسرائیل تاقیدەکرێتەوە و بە مەبەستی دیاریکردنی توشبووانی کۆرۆنا-ڤایرۆس بەکاردەهێنرێت، بەڵام لەهەمانکاتیشدا مەبەستی دیکەش دەپێکێت.

هەروەها ئەوەی لێرەدا گرنگە سەرنجی بدەین ئەم پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی سیاسەت و هێنانی عەقڵی دەستکرد بۆ ناو ژیانی کۆمەڵگە و دانانی بەرنامەی سەر مۆبایل بە مەبەستی چاودێریکردن و پەیوەندی هەموو ئەمانە بە دروستکردنی سەرمایەیەکی گەورە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی بەرنامەی کۆمپیوتەری و داتا و عەقڵی دەستکرد. ئەمەش بەو مانایەی کە چۆن ئەم پرۆسەیە سەرمایەیەکی گەورە دەهێنێتەکایەوە. لێرەوە سەرمایەداریی چاودێریکردن (surveillance capitalism) وەک زاراوەیەک و چەمکێکی نوێ لەم بوارەدا دێتەکایەوە. ئەم چەمکە لەسەر دەستی (شۆشانا زوبۆف) لە کتێبێکدا بە هەمان ناونیشانەوە باسدەکرێت. ئەو باس لەو کۆمپانیا گەورانەی کۆکردنەوەی زانیاری و داتاکان دەکات وەکو گوگڵ و فەیسبوک کە چۆن ئەم سایتانە دەتوانن لە رێگەی ماشێنی گەڕانەوە کە بەکارهێنەرەکانی بە دوای زانیاری جیاوازدا گەڕاون و لەم رێگەیەوە گوگڵ توانای کۆکردنەوەی زانیاریەکی زۆری هەبووە لەسەر هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی ئێمە و کراوین بە ئامانجی ریکلامی هەموو ئەو کۆمپانیایانەی بە بەردەوامی لەسەر ئەم سایتانەوە پێمانگەیشتووە. ئەم نوسەرە دەڵێ سەرکەوتنی گوگڵ لەوێوە دێت کە توانای پێشبینیکردنی ئایندەی هەیە، واتە توانای پێشبینیکردنی ئایندەی هەڵسوکەوتی مرۆڤی هەیە. کۆکردنەوەی ئەم زانیاری و داتایانە لەلایەن گوگڵەوەو بوونی ریکلامی کۆمپانیاکان لەسەر ماڵپەڕەکانی، پاشان وادەکات کە بتوانن ئەو زانیاریانەی لەسەر هەڵسوکەوت و چۆنێتی گەڕان و بیرکردنەوەی کەسەکان هەیانە لە کاتی گەڕانیاندا هاوجوت بکەن لەگەڵ ریکلامی کۆمپانیاکان کە ئەمە سەرمایەیەکی بێشوماری بۆ گوگڵ دروستکرد. واتە ئەو سەرمایەدارییەی لە ئەنجامی چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی مرۆڤەوە گوگڵ و فەیسبوک دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت، بریتینیە لە بەرهەمهێنانی کاڵایەکی بەرجەستە کە لەئەنجامی کار و کرێ یان سامان و زەویەوە دروست بووبێت. بەڵکو ئەنجامی چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی مرۆڤە و پێشبینیکردنی ئایندەی هەڵبژاردنەکانێتی لە کاتی بەریەککەوتن و پەیوەندیگرتنی لەگەڵ عەقڵێکی دەستکردا.

هەروەها یەکێک لە مەترسیە گەورەکانی ئایندەی مرۆڤایەتی لە سەدەی ٢١ دا ، هەروەک (یوڤاڵ نوح هەراری) دەڵێ بریتیە لە باڵادەستبوونی عەقڵی دەستکرد بەسەر مرۆڤدا لە هەموو کایەکانی کارکردندا، ئەمەش لەبەر دوو هۆی گرنگ، کە ئەوانیش بریتین لەوەی کە ئەم عەقڵە دەستکردانە توانای گەیاندنیان بە یەکترەوە زۆر ئاسانترە وەک لە مرۆڤ لەسەر ئاستی گەردوونی کە سودی ئەمەش لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ڤایرۆسێکی وەک کۆرۆنادا دەردەکەوێت. دووەم، لەبەرئەوەی زانیاریەکانی ئەم عەقڵە دەستکردانە دەتوانرێت بە ئاسانی نوێ بکرێنەوە، لە کاتێکدا ئەم نوێبونەوەی زانیاری و مەعریفەیە بۆ مرۆڤ پێویستی بە راهێنان و کاتێکی درێژە. کەواتە هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، سیستمە دیکتاتۆری و ستەمکارەکان دەتوانن سودێکی گەورە لە عەقڵی دەستکرد و کۆمەڵگەیەکی بە دیجیتاڵکراو وەربگرن بۆ ئاسانتر کۆنترۆڵکردنی تاکەکەسەکان و کۆمەڵگە بە گشتی.

لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر سیستمی ئەمڕۆی سەرمایەداریی لە جیهاندا رووبەڕووی قەیران و تەنگژە و پاشەکشەیەکی رەشی ئابوری بووەتەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەوا جیهانی پاش-کۆرۆنا توانای بەرهەمهێنانی سەرمایەیەکی گەورەی هەیە لە رێگەی جیهانێکی دیجیتاڵکراو کە سەرجەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان لە رێگەی کۆمپیوتەرو ئاخافتن و پەیوەندیکردنی سەر نێتەوە ئەنجام دەدرێت. لەم نێوەدا کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵ ئێستا لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی ئەو بەرنامانەی سەر مۆبایل و کۆمپیوتەرن کە دەتوانن کارئاسانی بۆ بەیەکتر گەیشتنی نێوان مرۆڤەکان بکەن. لە ئێستادا ئەم کۆمپانیایانە قازانجێکی خەیاڵی دروستدەکەن. کەواتە سەرمایە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و گەورەبوونی خۆی ناوەستێت، بەڵام بە فۆرمی جیاواز دەردەکەوێت. جیهانی پاش-کۆرۆنا بریتیدەبێت لە جیهانێکی سەروو-ریاڵ کە لەسەر نێت و لە رێگەی پەیوەندی ئەلکترۆنیەوە پەیوەندیەکانمان و کارەکانمان ئەنجامدەدەین. لە ئێستادا کۆنسێرتەکان لە رێگەی ئۆنلایەنەوە ئەنجامدەدرێت کە مۆزیکژەنەکان هەریەکە و لە ماڵی خۆیەوە و لەسەر ئەم بەرنامە دیجیتاڵیانەوە هەماهەنگی دەکەن و کۆنسێڕت سازدەکەن. رەنگە ئەمە لە داهاتوودا سرووتە ئاینیەکانیش بگرێتەوە وەکو حەج و نوێژی هەینی و هەر بەهەمانشێوە و بە ئۆنلاین ئەنجامبدرێت.          



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×