هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئیدانەی دەستدرێژییەكانی وڵاتان بۆ سەر خاكی عێراق دەكات
  2024-01-24       340       

ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كۆبوەوەو دەڵێت، ئیدانەی دەستدرێژییەكان بۆ سەر خاكی عێراق دەكەن كە لەلایەن زیاتر لە لایەنێكی دەرەكییەوە دوبارە دەبنەوە. داواش لە سەرجەم وڵاتان دەكات رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكە نەخەنە مەترسییەوە.

ئاوێنە: هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوپەیمانییەكە كۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە كۆشكی حكومەت لە بەغدا ئەنجامداوە بۆ تاوتوێكردنی سەرجەم پێشهاتەكان لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەشدارانی كۆبونەوەكە ئیدانەی ئەو دەستدرێژییانەیان كرد كە لەلایەن زیاتر لە لایەنێكی دەرەكییەوە دەكرێنە سەر خاكی عێراق.

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت داواشی لەسەرجەم وڵاتان كردوە رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەكە نەخەنە مەترسییەوەو لەوڕوشەوە پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی حكومەت دوپاتكردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی دوقۆڵی لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەپێناو داڕشتنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵی لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەركی تایبەتی كە هاوكاریكردنی عێراقە لە شەڕی دژبە داعش.

هەروەك بەشدارانی كۆبونەوەكە جەختیان لە پشتیوانی خۆیان بۆ سەرجەم رێكارەكانی حكومەت لە بواری پەرەپێدان و چاكسازی ئابوری و پڕۆژەو پلانەكانی دوپاتكردەوە.

هەروەك هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەختی لە پێویستی یەكلاییكردنەوەی جێگرەوەی سەرۆكی پەرلەمان كرد لە نزیكترین كاتدا لەپێناو پابەندبون بە ئیستحقاقاتە دەستورییەكانەوە لەپێش هەموشیانەوە پەسەندكردنی خشەكانی بودجەی 2024و هەروەها جەختیشی لە گرنگی یەكلاكردنەوەی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پارێزگارەكان كردۆتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×