ئاژانسى ڕۆیته‌رز: فەرماندەی فەیلەقی قودس گروپە چەکدارەکانی عێراقی ڕازیکردوە ھێرشە نەکەنەسەر ھێزەکانی ئەمریکا
  2024-02-18       350       

به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى ئاژانسى ڕۆیته‌رز، مانگى ڕابردوو ئیسماعیل قائانى سه‌ردانێكى به‌په‌له‌ى له‌سه‌ر داواى عێراق ئه‌نجامداوه‌و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌و به‌رپرسى یه‌كه‌مى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق كۆبۆته‌وه‌، باس له‌وه‌شده‌كرێت، عێراق داواى له‌ئێران كردوه‌ هاوكاریى بكات له‌كۆنترۆڵكردنى گروپه‌ چه‌كداره‌كان‌و ڕێگریكردن له‌فراوانبونی نائارامیه‌كان.

ڕۆیتەرز له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، سەردانی عێراقى کردوەو گروپە چەکدارییە عێراقییەکانی نزیک لەئێرانی ڕازیکردوە هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریا بوەستێنن.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر عێراق چه‌ندینجار داواى له‌گروپه‌كان كردبوو هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر هێزه‌كانى ئه‌مریكا بوه‌ستێنن، به‌ڵام داواكاریه‌كانى حكومه‌تى عێراق له‌به‌رچاو نه‌گیراو هێرشه‌كانیش به‌رده‌وامبون.

سه‌ردانه‌كه‌ى قائانى بۆ عێراق له‌كاتێكدایه‌، لەڕۆژى 4ی 2ى ئه‌مساڵه‌وه‌ هیچ هێرشێک بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا له‌عێراق ئەنجامنەدراوە.

سەرچاوەکان دەڵێن، قائانی لە 29ی 1ى 2024 لەفڕۆکەخانەی بەغدا چاوی بەچەند گروپێکی چەکداری کەوتوە، ئەمەش کەمتر لە 48 کاتژمێر دوای ئەوەی واشنتۆن ئەو گروپانەی بەهۆکاری کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی لەبنکەی تاوەر 22 لەئوردن تاوانبارکرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×