هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
  2024-03-18       410       

هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، "بڕیاره‌كه‌ی پارتی بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێڕه‌وه‌ هه‌ڵه‌ ده‌ستورییه‌یه‌ كه‌ عێراقی له‌ فره‌ پێكهاته‌وه‌ بۆ تاك پێكهاته‌ بردوه‌." دەشڵێت، بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عێراق، پارتی 44 كورسی و یه‌كێتی 21 كورسی و نه‌وه‌ی نوێ 18 كورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان به‌ده‌ستده‌هێنن.

ئاوێنە: هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای حزبەكە لەبارەی راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی پارتی وتی"ئێمە لە بەیاننامەكەمان باسی بایكۆتمان نەكردوە، ئێمە بەشداری لەم جۆرە هەڵبژاردنە ناكەین كە بە سیستەمێكی سەپێندراو لەلایەن دامەزراوەیەكی نادەستوری و بە بڕیارێكی نادەستوری و دور لە ئیرادەی گەلی كوردستان بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپێندراوە. ئەگەر نا پارتی پێشڕەوی داهێنان و بەشداریكردن بوە لە هەڵبژاردنەكاندا."

وتیشی"ئێمە لەساڵی 1992ەوە تا ئێستا لە هەمو هەڵبژاردنەكاندا هێزی یەكەمی كوردستان بوین."

هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە بەشدار نابین لە دانپێدانان بە بڕیارێكی نادەستوری لەلایەن دامەزراوەیەكی نادەستورییەوە كە ناوی دادگای باڵای فیدرالییە."

هێمن هه‌ورامی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، پارتی بۆیه‌ هه‌ڵوێستی وه‌رگرتوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا كه‌ رێككه‌وتنێكی سیاسی و ئیداریمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌، یاسای دادگای باڵای فیدراڵی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ به‌پێی مادده‌ی 92ـی ده‌ستور دادگای باڵای فیدراڵی دروست ببێت.

ئەوەشی خستەڕو"بڕیاره‌كه‌ی پارتی بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێڕه‌وه‌ هه‌ڵه‌ ده‌ستورییه‌یه‌ كه‌ عێراقی له‌ فره‌ پێكهاته‌وه‌ بۆ تاك پێكهاته‌ بردوه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی وتیشی، "ئه‌گه‌ر پارتی له‌ هه‌ڵبژاردن بترسابایه‌، ده‌بوایه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوی خراپ بوایه‌، پارتی له‌هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان و عێراق هێزی یه‌كه‌می بێ ركابه‌ر بوه‌."

بەقسەی هێمن هەورامی، به‌ گوێره‌ی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق 2021، پارتی 44 كورسی و یه‌كێتی نیشتمانی 21 كورسی و نه‌وه‌ی نوێش 18 كورسی لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان به‌ده‌ست ده‌هێنن.

هەروەها وتیشی"كه‌س ناتوانێت زه‌ڕبه‌ له‌ پارتی بدات، پارتی ئه‌گه‌ر بشكه‌وێت، باش هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌، 77 ساڵه‌ به‌ پێوه‌ین، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت پارتی بشكێنێت با ئه‌و پرسه‌ له‌ خه‌یاڵی خۆی ده‌ربهێنێت."

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا هێمن هه‌ورامی وتی: "یه‌كێتی هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی كرد، كه‌ كه‌یسی هه‌ڵبژاردنی برده‌ دادگای فیدراڵی، كه‌ خۆی باش ده‌زانێت دادگایه‌كی ناده‌ستورییه‌".

دوپاتیشیكرده‌وه‌، "خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و سكاڵایه‌ی یه‌كێتی بردییه‌ به‌غدا، كاتێك به‌غدا بۆ شكاندنی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ نازانێت ئه‌وه‌ پارتییه‌ یاخود یه‌كێتییه‌، بینرا له‌میانه‌ی تانه‌كه‌ داوا نه‌كراوه‌ كورسی كۆتاكان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، له‌ به‌غدا به‌ فرسه‌تییان زانی و بۆ لێدانی پێكه‌وه‌ ژیان ئه‌وه‌شیان بۆ زیادكرد."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×