عێراق دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی سێی ده‌ستپێكرد
  2024-03-19       206       

وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند، له‌ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌وه‌ ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (ئازار/3)ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن، داواش له‌ یه‌كه‌كانی خه‌رجكردنی وه‌زاره‌ت و پارێزگاكان ده‌كه‌ن، سه‌ردانی به‌شی ژمێریاری بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنی رێكاره‌كان.

وه‌زاره‌تی دارایی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ژمێریاری ده‌ستیكردوه‌ به‌ ڕێكاره‌كانی دابینكردنی دارایی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت و ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ مانگی (ئازار/3)ی 2023، داواش له‌ یه‌كه‌كانی خه‌رجكردنی وه‌زاره‌ته‌كان، پارێزگاكان ده‌كه‌ن، سه‌ردانی به‌شی ژمێریاری بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنی رێكاره‌كان.
 
 وه‌زاره‌تی دارایی عێراق باسی له‌وه‌شكردوه‌، یه‌كه‌كانی خه‌رجكردن ده‌بێت پابه‌ندبن به‌و خشته‌یه‌ی بۆ موچەی مانگانه‌ په‌سه‌ندكراوه‌ و مه‌رجه‌ داراییه‌ پێویسته‌كان له‌به‌رچاو بگرن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ تا ئێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (شوبات/2)ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم دیارینه‌كراوه‌، وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عێراقیش بڕی 561 ملیار دیناری بۆ موچه‌ی مانگی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵ خستۆته‌سه‌ر هه‌ژماری دارایی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام تائێستا دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌و مانگه‌ ده‌ستیپێنه‌كردوه‌.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا رایگه‌یاند، "مامەڵەكردنی وەزارەتی دارایی عێراق بەرامبەر بە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە، بڕیارەكەی دادگا باسی لە ئەوە كردوە سەرجەم موچەخۆرانی عێراق بەهەرێمی كوردستانەوە بەیەك جۆر مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

ئەوەشی خستەڕو، "بۆ دابەشكردنی موچە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێویستمان بەبڕی زیاتر لە (940) ملیار دینارە، بەڵام بەغداد 560 ملیار دیناری رەوانەی هەرێمی كوردستان كردوە، بەڵام  موچەی شەهیدان و دامەزراوە ئەمنییەکان و موچەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و (307) هەزار ئەندامی دەزگا ئەمنییەكان نەنێردراوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×