سەنتەری میترۆ: تائێستا ژمارەیەك لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی سلێمانی لە ئاسایش دەستبەسەرن
  2024-03-25       214       

رێكخەری سەنتەری میترۆ، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، تا ئێستا ژمارەیەك لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی سلێمانی لە ئاسایش دەستبەسەرن و لێدوانی سەرچاوەكەی دەزگای ئاسایش كە وتی، هیچ مامۆستایان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرنەكراوە دەچێتە خانەی چەواشەكاری.

ئاوێنە: رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ، كەمێك لەمەوبەر وتی"تا ئێستا هەندێ لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆی بەردەم باخچەی مەلیك مەحمود (لە سلێمانی) هەر لە ئاسایش دەستبەسەرن."

رێكخەری سەنتەری میترۆ وتویەتی"لێدوانی سەرچاوەكەی  دەزگای ئاسایشی هەرێم كه وتی 'هیچ مامۆستایەک لەلایەن ئاسایش دەستگیرنەکراوە'، دەچێتە خانەی چەواشەكردنی رای گشتی و بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێوارەی ئەمڕۆ میدیای رەسمی یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە بڵاویكردەوە"هیچ مامۆستایەک لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرنەکراوە و هەمو هەوڵێكیان لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامی و سەقامگیری زیاترە."

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی خۆپیشاندانیان دەستپێكردەوەو دەیانویست بەرەو دەباشان بارەگای سەرەكی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕۆن بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگرییان لێكراو ژمارەیەكیان لێدەستگیركرا لەگەڵ دەستگیركردنی چەند راگەیاندنكارو  دەستگرتن بەسەر كەرەستە میدیاییەكانی رۆژنامەنوساندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×