ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەپەیامێکدا لەسەر خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ بەیەکێتی دەڵێن "ئەمڕۆ سەلماندتان ئەو ئازادییەی لە سەرەتای جیابوونەوەتان لە پارتیی؛ خۆتانی پێوە هەڵئەکێشن، هیچ نییە جگە لە سەرابێکی هەڵخەڵەتێنەرە".
ئاوێنە: دەقی پەیامەکە:
پەیامێک لەسەر خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ بۆ یەکێتی
بەناوی خودای باڵادەست
ئازادی و دیموکراسیتان باش حیزبە بەناو سۆشیاڵدیموکراتەکە؛ ئەمڕۆ سەلماندتان ئەو ئازادییەی لە سەرەتای جیابوونەوەتان لە پارتیی؛ خۆتانی پێوە هەڵئەکێشن، هیچ نییە جگە لە سەرابێکی هەڵخەڵەتێنەر.
ئێوە ئەمڕۆ لە ڕێی چەکدارەکانتان و ئەو هێزەتان کە زۆرێکیان #مێردمنداڵ بوون (دیاربوو باش ڕاتانهێنابوون لەسەر گرتن و شەقوەشاندن و سووکایەتیپێکردن)، سەلماندتان هیچی دیکە نین، جگەلە #ڕووە_بێزراوەکەی تری دراوی پارتی.
ئێمە هاتین پێتان بڵێین مووچە_بەبارمتەگیراوەکانمان ئازادبکەن؛ ئێوەش لە وەڵامدا هاوڕێ جوامێرانەکانیشتان بە بارمتە گرتین.
هاتین و وتمان: بۆ یەکجاریش بێت لە پارتی مەچن و "هەژماری_من"ی تاڵانکاریی ڕابگرن؛ ئێوە بەو ڕەفتارە عەسکەرتارییەت و دوور لە بەها و مۆراڵەتان، پێتان وتین: ئەگەر مووچەی ئێوە لە کاتی خۆیدا بدەین و بخرێنە سەر بەغداد؛ چۆن مەسرەفی شەقوەشێنەکانمان دابین بکەین.
ئەمڕۆ بەو ڕەشبگیرییەی مامۆستایان و ڕێگەنەدانەتان بە ڕووماڵکردنی ڕۆژنامەنووسان، بۆ هەمووانتان سەلماند، #ئازادییەکەی_دەباشان، هەمان ئەو ئازادییەیە، کە لەسەری ڕەشەوە ڕەشەبا ئەیهێنێت بۆتان؛ هاوکات ئەمڕۆ لە هەرکاتێکی تر زەقتر، ڕووی_پارتیتان سپی کردەوە.
بۆ هەمووانیش سەلما، خەڵکی ئەم سنوورە خۆیان سرک و یاخین و بە ستەمکاران ڕامناکرێن، نەک ئەوەی قەرزاری ئازادیخوازیی ئێوە بن.
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان، لێرەوە سووربوونی خۆمان لەسەر خەباتی مەدەنی و شۆڕشی سپی دووپاتدەکەینەوە و کۆڵنادەین تا تەواوی ئەو دەستانە ئاشکرا ئەکەین، کە هاوشانی پارتی دەستیان هەیە لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و بە سیاسەتی دووفاقییان خەڵکی ئەم زۆنەیان چەواشەکردووە.
هاوکات، بێدەنگی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و لیست و قەوارە نوێیەکان و بەشدارینەکردنیان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئەمڕۆ، شەرمەزار ئەکەین.
ئێمە پشوومان درێژە و خۆڕاگر ئەبین، تا گەیشتن بە مافەکانمان بەردەوامین لە خەباتی مەدەنیی.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی
25/03/2024