جەبار یاوەر: عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە موچەی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بدات
  2024-03-25       503       

ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە ژمارە و ناسنامەی کارمەندە ئەمنییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بزانێت و گومانی بۆ دروستکراوە کە هاوڵاتی ئێرانی و سوری و تورکی لە نێو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمدا هەبن.

ئاوێنە: جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ دوشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرێم هەفتەی ڕابردو کۆدی دامودەزگا ئەمنییەکانی ناردوەو عێراق موچەی نەناردوە؛ عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە موچە بدات و دواتر پەنجەمۆرەکان لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرانە بەراورد بکات کە لە دامودەزگا عێراقییەکانی وەکو ڕەگەزنامە تۆمارکراون."

وتیشی"عێراق لەسەر بنەمای هەندێک قسە کە پێیگەیشتوە گومانی هەیە گوایە دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم خەڵکانی ئێرانی و سوری و تورکی تێیاندا هەبێت و بەدوای ئەمەدا دەگەڕێت."

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردو کۆدی بایۆمەتری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و دەزگا سەربازییەکانمان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد، کۆدەکە پلە و موچە و بڕوانامە و هەمو زانیارییەکی تێدایە جگە لە ناو."

سەرچاوەکە وتیشی، "حکومەتی عێراق داوای ناوی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی کردو هەرێمیش ڕەتیکردەوە، وەکو چارەسەرێکی ناوەندی لەسەر کۆد ڕێککەوتین."

لەسەر ئەم پرسە جەبار یاوەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرێم دەڵێت بۆچی وەزارەتی دارایی عێراق بە کۆد نەمبەر مامەڵە لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەکات، کەچی داوای ناوی چواری کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم دەکات؟"

وتیشی، "کارمەندانی دامودەزگا ئەمنییەکانی عێراق ناوی تەواو و دۆسیەی تایبەتیان لە دامودەزگاکانی خۆیان هەیە، بەڵام بۆ وەرگرتنی موچەکانیان بەکۆد نەمبەر مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن."

سەبارەت بەوەی تا چەند عێراق دەتوانێت لە ڕێگەی کۆدەوە ناسنامەی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ئاشکرا بکات، جەبار یاوەر وتی، "من جەبار یاوەرم و پلەکەم فەریقە لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە بری ناوەکەم لە کۆد نەمبەردا ژمارە 4891 دەڕوات بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام زانیاری لەبارەی پلە و بڕی موچە و هەمو ئەوانە لەگەڵ کۆد نەمبەرەکەدا دەنێردرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×