هۆكاری دابەشنەكردنی بەشەخۆراكی هاوڵاتییان ئاشكرابوو
  2024-03-26       358       


به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى بازرگانى‌و پیشه‌سازیى حكومه‌تى هه‌رێم ورده‌كاریى‌و هۆكارى دواكه‌وتنى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ى هاوڵاتیان ڕونده‌كاته‌وه‌و ئاشكرایده‌كات، "بەهۆی كێشەیەكەوە، دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەو بەشەخۆراكی ڕەمەزان لەسلێمانی دواكەوت، ئێستاش كێشەكە چارەسەربوەو دابەشكردنی بەشەخۆراك لەسلێمانی زۆر خێرا كراوە".

نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازیی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "ماوەیەكە دەست بەدابەشکردنی بەشەخۆراکی دوەم‌و خۆراكی تایبەتی مانگی ڕەمەزان کراوە، بەڵام لەسلێمانی کەمێک دواکەوت، ئێستا دابەشکردن لەسلێمانییش هاوشێوەی ناوچەكانی دیكە زۆر بەخێرایی دەستیپێکردوە".

ئه‌وه‌شى وت:"به‌گوێره‌ى بڕیارێكی وەزارەتی بازرگانی، دەبێت بریكارەكانی خۆراك بۆ گەڕاندنەوەی پارەی هاوڵاتییان ئەژماری بانكییان هەبێت، زیاتر لەمانگێکە ئاگادارکراون بۆ تەواوكردنی ئەو بابەتە، زۆربەیان كارت‌و هەژماری بانكییان هەیەو كەمێكیان ماون‌و ئەوانیش تەواودەكرێن".

بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی جەختیكردەوە، "هەموو مادەکان لەکۆگاکان هەن‌و كێشەی نییە، بەشەخۆراكەکە لەشەكر، زەیت، دۆشاوی تەماتە، برنج، نیسك‌و ئاردی نۆک پێکهاتوە، بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزانیش هەریەكە لەنیشاستە، مەعکەرۆنی، ئاردی سفرو شەعریەی لەگەڵدا دابەشدەکرێت، وێڕای ئەوەی بەشەئاردیش دەستیپێکردوە".

لای خۆیەوە کامەران فەتاح بەڕێوەبەری خۆراکی سلێمانی وتى، "مانگەکانی پێشوو بریکارەکان ئەو پارەیەیان لەهاوڵاتیانیان بەکاش وەردەگرت‌و دەیانگەڕاندەوە، بەڵام ئێستا سیستەمەکە گۆڕاوەو دەبێت ئەوکارە لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە بكرێت، بەشێكی بریکارەکانی خۆراک خۆیان لەدروستکردنی هەژمارەکانیان کەمتەرخەمبونە، بۆیە کێشەی دواکەوتنی دابەشكردنی بەشەخۆراك ڕویداوە، ئەگەرنا بەشەخۆراك بەتەواوی لەكۆگاكانمان هەیە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×