سەندیکای رۆژنامەنووسان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە کاتی روماڵی خۆپیشاندان لە شاری سلێمان، هێزە ئەمنییەکان بە شێوازێکی توند و بە بەکارهێنانی هێز مامەڵەیان لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس و تیمەکانی هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو کارە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسای ڕۆژنامەگەرییە و مەترسییە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان. بۆیە لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان، لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی ئەو کارانە و هەموو مامەڵەیەکی نایاسایی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین.
راشیگەیاند، داواکارین هەرچی زووترە ڕاگیراوان ئازاد بکرێن و کەلوپەلە دەستبەسەردا گیراوەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان. دووبارە داوا دەکەین ژینگەیەکی ئارام بۆ ڕۆژنامەنووسان و کاری ڕۆژنامەگەری فەراهەم بکرێت.