وەزارەتی نەوت: چارەسەركردنی كێشەی نەوتی هەرێم لە ئەولەویەتەكانی حكومەتی عێراقە
  2024-03-26       293       

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، چارەسەركردنی یاسایی و دەستورییانەی كێشەی نەوتی هەرێم یەكێكە لە ئەولەویەتەكانی حكومەتی ئێستای عێراق و چەند لیژنەیەكی تەكنیكی و یاسایی هاوبەش لەگەڵ هەرێم پێكهێنراون بۆ خێراكردنی گەیشتن بە چارەسەر.

ئاوێنە: عاسم جیهاد، ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئاژانسی رەسمی عێراقی وتوە، بەهۆی هەڵەكانی رابردوەوە، دۆسیەی رادەستكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە حكومەتی عێراقی، دۆسیەیەكی ئاڵۆزە، ئەو ئاڵەنگارییانەی روبەڕوی حكومەت و دەوڵەت بونەوە وایانكرد كە هەرێمی كوردستان دەستبكات بە هەناردەكردنی نەوت و ئەنجامدانی گرێبەستی نەوتی بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ.

وتیشی، حكومەتی ئێستای عێراق چارەسەركردنی ئەم كێشەیەی بەڕێگە یاسایی و دەستورییەكان كردۆتە یەكێك لە ئەولەویاتەكانی خۆی بەشێوەیەك كە چارەسەرەكە لەگەڵ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیدا بگونجێت.

ئەوەشی خستەڕو، وەزارەتی نەوت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان چەند لیژنەیەكی تەكنیكی و یاسایی هاوبەشیان پێكهێناون بۆ دیراسەكردنی ئەو كێشانەو پەلەكردن لە چارەسەركردنیان.

عاسم جیهاد هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بەپێی یاسای بودجە دەبێت ئەو نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت رادەستی بەغدا بكرێت و حكومەتی فیدراڵیش شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستان بدات.

ئەوەشی وتوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەم شتە نەكراوە، ئەوەش بەهۆی سروشتی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان.

هەروەها وتوشیەتی، لەگەڵ توركیا گەیشتوینەتە رێككەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام كێشەكە پێویستی بەوەیە كە لەناوخۆ چارەسەربكرێت بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ئەو كۆمپانیا بیانیانەی كە لە هەرێم كاردەكەن.

عاسم جیهاد هێمای بۆ ئەوەش كردوە، سروشتی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم وایە كە گرێبەستی هاوبەشیكردنن، كە جیاوازن لە گرێبەستەكانی عێراق، لە گرێبەستەكانی حكومەتی عێراقدا كۆمپانیاكان نابنە خاوەنی پشك لە نەوتی عێراق، لەكاتێكدا بەپێی گرێبەستەكانی هەرێم كۆمپانیاكان رێژەو پشكیان لە نەوتی عێراقدا دەبێت، ئەمەش "پێشێلكارییەكی دەستوری و یاساییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە وەزارەتی نەوت هەوڵی گۆڕینی ئەو گرێبەستانەی هەرێمی كوردستانی داوە بەڵام تاوەكو ئێستا نەگەیشتونەتە چارەسەرێك و هیواداران لەڕێگەی گفتوگۆوە بگەنە چارەسەرێك كە لەگەڵ دەستورو یاسادا بێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×