هێڵی ئاسنینی عێراق لە فاوەوە بە كوردستاندا دەگاتە توركیا
  2024-03-27       460       

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشكرای كرد، حكوومەت ڕەزامەندیی پێشان داوە بۆ كڕینی 50 شەمەندەفەری نوێ بۆ هێڵی ئاسنینی ناسراو بە پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدان كە ئێستە لە قۆناغی دروستكردندایە.

مەیسەم سافی بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، 66%ی كارەكانی دیزاینی پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدان تەواو بووە و ڕێڕەوی هێڵە ئاسنینەكەش دیاری كراوە.

ڕێی گەشەپێدان ئەو ناوەیە كە حكوومەتی عێراق لەو ڕێڕەوەی ناوە، كە بەندەری فاو لە باشووری عێراق دەبەستێتەوە بە توركیاوە لە ڕێی تۆڕێكی شەمەندەفەر و ڕێگەوبانەكانەوە. ڕێی گەشەپێدان هێڵی ئاسنین لەخۆ دەگرێت كە شەمەندەفەرەكان بە 10 پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕن.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشتر ڕای گەیاندبوو كە ڕێی گەشەپێدان، نوێنەرایەتیی ڕێڕەوێكی جیهانی دەكات بۆ گواستنەوەی كاڵا و وزە. "پڕۆژەكە هێڵی ئاسنین بۆ گواستنەوەی كاڵا لەخۆ دەگرێت، توانای گواستنەوەی سێ ملیۆن و 500 هەزار تۆن شتومەكی دەبێت لە قۆناغی یەكەمیدا، لە قۆناغی دووەمدا تواناكەی بۆ حەوت ملیۆن و 500 هەزار تۆن زیاد دەكرێت.

ئەم پڕۆژەیە بە بەهای 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و پێشبینی دەكرێت ئەم پڕۆژەیە، وڵاتەكە بكاتە ناوەندێكی ترانزێت، بە كورتكردنەوەی ماوەی گەشتەكانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە هەوڵێكدا بۆ ڕكابەریكردن لەگەڵ كەناڵی سوێسی میسری.

هێڵی ئاسنینی فاو تا پێشخابوور دروست دەكرێ و لە ڕێی هەرێمی كوردستانەوە كەلوپەل دەگەیەننە توركیا، بۆ ئەوەی لەوێشەوە بگەنە ئەوروپا.
 
تالیب جەواد بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق رای گەیاند، "ئێمە دەمانەوێ هێڵی ئاسنینی فاو تا پێشخابوور دروست بكەین، ئەوەیشی هەیە نۆژەنی بكەینەوە، بۆیە لەڕێی هەرێمی كوردستانەوە هێڵەكە دەگەیەنینە توركیا. ئێستە كارەكان بۆ دیاریكردنی خاڵی پێكەوەبەستن بەردەوامن. بۆ ئەو مەبەستەیش گفتوگۆكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و توركیا بەردەوامن تا دواتر بە كردەیی دەست بە كارەكان بكرێت".
 
لە شەڕی داعشدا بەشێكی زۆری هێڵی ئاسنینی شارەكان تێكچوون كە دیارترینیان هێڵی بەغدا و مووسڵ، بەغدا بۆ فەلووجە و رومادی لە پارێزگای ئەنبار بوون. هێڵی ئاسنینی عێراق ساڵی 1912 بەردی بناغەی دانراوە و ساڵی 1930 دەستی بە كار كردووە. لە زیاتر لە نۆ پارێزگادا 30 كیلۆمەتر هێڵی ئاسنین و زیاتر لە چوار هەزار كارمەندی هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×