خوێندنکارانی زانکۆی هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند
  2024-03-27       226       


ئەمڕۆ لەبەردەم زانكۆی هەڵەبجە، دەستەی نوێنەرایەتی خوێندنكارانی زانكۆی هەڵەبجە، لەسەر چەندین كێشەو گرفتی خوێندنكاران كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

هەڤار عیرفان نوێنەری خوێندنكارانی زانكۆی هەڵەبجە لەسەر ناوی خوێندکاران ڕایگەیاند: بەهۆی خراپی بارودۆخی داراییەوە ماوەی هەفتەیەكە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنمان كردووە، هەروەها دەست بەسەر داگرتنی مووچە لەلایەن لایەنێكی سیاسیەوە، وایكردووە شیرازەی تەواوی خێزانەكان تێكبچێت.

وتیشی: كەسوكاری خوێندنكارەكان پارەیان پێنەبێت تا منداڵەكانیان بگەڕێننەوە بۆ زانكۆ، ئەو بارودۆخەش بووە بەگرفت بۆ تەواوی خوێندنكارانی ناو شار و دەرەوەی شار.

نوێنەری خوێندنكاران لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن كێشەی دەرماڵەی خوێندنكاران چارەسەر بكەن بۆ ئەوەی خوێندنكاران بەدەرونێكی ئارام و گیرفانی پڕەوە بگەڕێنەوە ناوەندەكانی خوێندن.

هەر لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا نوێنەری خوێندکاران باسی لەوەشكرد، نەدانی دەرماڵە ستەمێكی زۆر گەورەیە دەكرێت، بەرامبەر خوێندنكارانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، خوێندنكارانی ناوچەكانی دیكە دەرماڵەكانی ساڵی ڕابردوویان وەردەگرن، بەڵام ئێمە لەم سنوورەدا هیچ دەرماڵەیەكمان پێنادەن.

 هەروەها ئەوەشی ڕوونکردەوە، لەکاتێکدا ئەوان بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەربڕیووە، بەڵام خوێندنكارانی سنووری هەولێر و دهۆک خێروبێرەكەی دەخۆن، ئەوەش زوڵمێكی زۆر گەورەیە لێمان دەكرێت، داوا دەكەن لەسەرۆكی یەنەكە ئەو زوڵمە قبوڵنەكات، چونكە قابیلی قبوڵكردن نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×