عێراق غازی کۆرومۆر لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت
  2024-03-28       318       

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای عێراق خواستی كڕینی غازی كێڵگه‌ی كۆرومۆری له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند، لەگەڵ چوونە ناو وەرزی هاوین سوود لە غازی ئەم کێڵگەیە وەردەگیرێت.

ئەحمەد موسا عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "حکومەتی عێراق دەیەوێت سوود لە غازی کێڵگەی کۆرومۆر وەربگرێت، پشتیوان بە خودا لەگەڵ چوونە نێو وەرزی هاوین سوود لە گازی ئەم کێڵگەیە وەردەگیرێت، یاخود گازی ئەو کێڵگەیە دەکڕن بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ناوچەی باکوور."
 
باسی له‌وه‌شكرد: "کاری یەکەم ئەوەیە؛ ئەو غازە پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە، ئەگەر غاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت و زیاد بێت، بێگومان وەزارەتی کارەبا سوورە لەسەر کڕینی ئەو غازە".
 
راشیگەیاند: "ئاراستەی حکومەت ئەوەیە، غازی کێڵگەی کۆرومۆر بکڕێت، بەو پێیەی کواڵێتیی غازەکە باشە و پێداویستی وێستگەکانی ناوچەی باکوور دابین دەکات".   

کێڵگەی کۆرومۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تیادا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت غاز.
 
پڕۆژەی غازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەغاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرومۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرومۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×