سەرۆك كۆمار بۆ وەزیری دارایی عێراق: پەلەبكرێت لە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم
  2024-03-28       424       

د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق جەختی لە پێویستی پەلەکردن لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی كردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار، لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق.

لە دیدارەکەدا ژمارەیەك دۆسیەی ئابوری و دارایی تاوتوێ کران و سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە "گرنگی گرتنەبەری پلانی ستراتیژی مۆدێرن کرد، کە ئاستی ئابوریی عێراق گەشەپێبدات و کار بۆ دەستەبەرکردنی لایەنی دارایی حکومەت و هاووڵاتیان بکات."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی پەلەکردن لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.

سەرۆك كۆمار وتوشیەتی"دواکەوتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەو چین و توێژانە، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیان و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە هەرێمدا هەبوە."

هەروەها سەرۆك کۆمار "پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانانی دوپاتکردەوە بۆ پەسەندکردنی بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024 و پاڵپشتیکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی حکومەت، سەرەڕای ئاسانکاری بۆ رێکارەکانی وەبەرھێنان و ھەوڵدان بۆ ئامادەکردن و دەرکردنی یاسا، کە لە بەرژەوەندیی باشترکردنی ژیانی عێراقییەکانە لە سەرتاسەری وڵاتدا."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لەلایەن خۆیەوە وەزیری دارایی ئاماژەی بە پەرۆشی وەزارەت کرد بۆ جێبەجێکردنی پلانی وەزاری بەمەبەستی پەرەپێدانی لایەنی ئابوری، بەشێوەیەك کە دەرفەت بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە بڕەخسێنێت لەپێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×