هونەرمەندی گەورەی رۆژهەڵاتی کوردستان عەلی زەندی بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەیەکى کەنەدا کۆچی دوایی کرد.
درەنگانی شەوی رابردوو ئەکتەر دیمەن زەندی، کچی عەلی زەندی، لە هەژماری فەیسبووکی خۆیەوە هەواڵی کۆچی دوایی باوکی عەلی زەندی راگەیاند.
عەلی زەندی هونەرمەندی خەڵکی شاری سنە لە دوای تووشبوونی بە نەخۆشیی شێرپەنجە و مانەوەی بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەیەکى شاری تۆرینتۆى کەنەدا لە تەمەنی 68 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
عەلی زەندی لە شاری سنە لە ساڵی 1956 لە دایک بووە، زیاتر لە 20 ساڵ کاری موزیک و ئاواز و گۆرانی وتنی کردووە، لای گرووپی کامکارەکان فێری ئەلف و بێی موزیک بووە، یەکەم هونەرمەندە گۆرانیی ئەرمەنی لە کاسێت تۆمار کردووە. خاوەنی گۆرانیی بەناوبانگی بۆ “دواجارە بە جێت دەهێڵم. سا ماڵاوا ئازیزەکەم “ـە کە خەڵکی کوردستان زۆر یادگارییان لەگەڵ ئەو گۆرانییەدا هەیە.